په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

خوليا حسيَن  :  

* شيعر  زماني ويذدان و خةيالَ و خؤشةويستية ..

* زماني ويذداني من داكؤكي دةكا لة مافةكاني ذنان و هةست  و سؤزيشم بة ئازارةكانيان ديَتة دوان.

* من دةمةويَ ذنان لة جياتي ئةوةي خةون بة مةرط و خؤكوشتن ببينن خةون بة شتي جوانةوة ببينن.

* حةزدةكةم وةك شاعيريَكي ذن , ستايل و شيَوةي دةربرِين و زماني تايبةت بة خؤمم هةبيَ.

      

ئامادةكردني : زانا طةلاَلَي

 

خولیا ... خولیای شیعرو ئه‌ده‌ب و قه‌ڵه‌مه‌ ، ئه‌و وه‌ک ئافره‌تێکی ڕوناکبیر ده‌یه‌وێ له‌ ڕێگه‌ی شیعره‌وه‌ ژیان جوان و جوانتر بکات ، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌یه‌وێ به‌ فۆرمێکی تایبه‌ت و ستایلێکی دوور له‌ ته‌قلید مه‌به‌سته‌ ئه‌ده‌بیکانی بپێکێ ،له‌ هه‌مانکاتدا به‌ نه‌فه‌سێکی شیعری کراوه‌و زمانێکی ئه‌ده‌بی پربایه‌خ حاله‌تی ده‌رونی خۆیمان وه‌ک ژنێک ده‌خاته‌ ڕوو،  بۆیه‌ خولیا وه‌ک شاعیرێک توانی زووبوونی خۆی بسه‌لمێنێ و بڵێت منیش هه‌م، جا به‌مه‌به‌ستی قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌زمونی شیعری و چه‌ند  بابه‌تێکی ئه‌ده‌بی گفتوگۆیه‌کی کراوه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌م شاعیره‌ سازدا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ که‌وتینه‌ گفتوگۆ :

             

زانا گەڵاڵی: خولیا کێیە ؟
خولیا حسێن: کەسێکە حەزدەکا هەمیشە بخوێنێتەوە و جارجارەش بنووسێ. خەون و خەمەکانی ژنان لە نێو بیرکردنەوە و خەیاڵەکانی وەک بەرەبەیانێکی پرشنگدار دەبریسکێتەوە . ئێستاش لە وڵاتی کەنەدا دەژیێ و خەریکی خوێندنەو قوتابییە لە ( Sheridan College ) لە بەشی Social service worker.

زانا گەڵاڵی: شیعر بۆ تۆ چییە و چی دەگەیەنێ .. ؟
خولیا حسێن: ڕەنگە منیش وەک زۆرێک لە شاعیرانی تر ئەوە بڵێم ، کەوا پێناسەکردنی شیعر کارێکی ئاسان نییە .دەکرێ ڕوانینەکانمان بۆ شیعر بخەینە ڕوو .یاخود هەروەک ئەدۆنیس دەڵێ ( وەسف کردنی ئەو چرکەساتە شیعرییانەی لەگەڵ شیعردا دەژیێین ) دەکرێ ئەم حالەت و چرکەساتانە وەسف بکەین ،من شیعر وا دەبینم : زمانی ویژدان و خەیاڵ و خۆشەویستیە .. هەست و سۆزی مرۆڤ دەردەبڕێ و زمانی ڕەنگە جوانەکانی سروشتە .شیعر بۆ من بە مانای ژیان بە مانای ئایندە بەمانای خەون ، بەلای منەوە شیعر مانای هەموو شتێک دەبەخشێ .

زانا گەڵاڵی: ئایا نزیک بوونەوە لە نێوان شیعر و چیرۆک هەیە ... ؟
خولیا حسێن: ئەگەر نزیک بوونەوەیەک لە نێوان شیعر و چیرۆک دا ببینم ، ئەویش لە ڕێگەی زمانەوەیە ، زمان ئەم دوو ژانرە ئەدەبییە زۆر لە یەکتری نزیک دەکاتەوە. چونکە زۆرجاران چیرۆکنووسان بە زمانی شیعری چیرۆک و ڕۆمانەکانیان دەنووسنەوە . یاخود وێنە لە کورتە چیرۆکیشدا وەکو شیعر وێنە ڕەگەزێکی دیار و بەرچاوە . یان زمانی خەیاڵ و فەنتازیا بە ئەندازەیەکی زۆر لە هەردووکیان دەبیندرێ .

زانا گەڵاڵی: لە نووسینەکانتدا زیاتر داکۆکی لە مافی ژن دەکەیت بۆچی .. ؟
خولیا حسێن: من دەمەوێ ژیان جوانتر و ڕازاوەتر بێ، بۆیە هەتا بۆشاییەکانی نێوان ژن و ئازادی، ژن و یەکسانی، ژن و خۆشبەختی بمێنێ من وەک هەڵسووڕاوێکی ئەو نێوەندە ناتوانم هۆکارەکانی توند و تیژی سەر ژنان نەخەمە ڕوو. هەر وەک لە پێناسەی شیعر ووتمان:" شیعر زمانی ویژدانە و هەست و سۆزی مرۆڤە ئیتر بۆیە زمانی ویژدانی من داکۆکی دەکا لە مافەکانی ژنان و هەست و سۆزیشم بە ئازارەکانیان دێتە دوان چونکە بە بڕوای من ئازادی ژنان واتە ئازادبوونی ژیان . من دەمەوێ ژنان لە جیاتی ئەوەی خەون بە مەرگ و خۆکوشتن ببینن خەون بە شتی جوانەوە ببینن . وەک پەپوولە و باڵندەکان ئازاد بن لە نێو باخ و گوڵزارەکانی بەهار . وە بەهرەمەندبن لە مافە سروشتیەکانی خۆیان . لە نێو وەرزەکانی ئەڤینی و خۆشەوستی دا سەما بکەن و دڵفراز بن .

زانا گەڵاڵی: هەست دەکرێ فۆرمێکی تایبەت دروست دەکەی لە نێو دنیا و فەزای شیعردا . وەک خۆت دەزانی فەزای شیعر فەزایەکی فراوانە لەم ڕوانگەیەوە تۆ هەوڵت داوە کەوا فۆرمێکی تایبەت بە دیالیکتێکی تایبەت ئەو فۆرمە کۆمەڵایەتیەی کە بەڕێزت لە چوارچێوەی زمانی شیعردا دەری دەبڕی ، ئایا پێتوایە ئەمە دەبێتە ڕێچکەیەکی هەمیشەییت ؟
خولیا حسێن: بەڵێ ڕاست دەکەیت ، شێوە و زمانێکی تایبەت لە نێو شیعرەکانی من بەدی دەکرێ . خۆشم هەست بەوە دەکەم ..! دیارە وەک تۆ باست کرد دنیای شیعر و داهێنان هێندە فراوانە دەکرێ مرۆڤی نووسەر هەمیشە لە نوێبوونەوە و لە گۆڕان دا بێت . بەڵام من حەزدەکەم وەک شاعیرێکی ژن ، ستایل و شێوەی دەربڕین و زمانی تایبەت بە خۆمم هەبێ . لەوانەیە تا بۆم بکرێ ئەم شێوە و زمان و ستایلەی خۆم دەست پێوە بگرم .

زانا گەڵاڵی: تا چەند هەوڵت داوە ئاوێتە بوونێک لە نێو ئایدیۆلۆَژیا و شیعر دروست بکەی ، چونکە لە میانی خوێندنەوەی شیعرەکانتدا خوێنەری زیرەک درک بەوە دەکا کە بەڕێزت هەوڵدەدەی تێکەڵاوییەک لە نێوان ئایدیۆلۆژیا و شیعر دروست بکەی ... ؟
خولیا حسێن: من کاتێک شیعر دەنووسم بیر لە ئایدیۆلۆژیا ناکەمەوە . زیاتر لە کاتی نووسینی شیعر بیر لە خۆشەویستی و خەیاڵ و خەونە بەسۆیەکان دەکەمەوە . چۆن وابکەم زەردەخەنە بهێنمە سەر ڕوخسارە خەمناکەکان . جا لەم نێوەدا ئەگەر و بەریەک کەوتنێک لە نێوان ئایدیۆژیا و خەیاڵە شیعرییەکانم دروست ببێ . من ئەو بەریەک کەوتنە بە شتێکی سروشتی دەبینم . چونکە من دەمەوێ شیعر بنووسم بە زمانێکی ئەدەبی و ڕەوان . زۆر جاران کە خەمەکانی ژنان دەنووسمەوە هەست بەم حالەتانە دەکەم . بەڵام، هەندێ جاریش وا هەست دەکەم هەوڵدەدەم خەون وخەیاڵە شیعرییەکانم لە ئایدیۆلۆژیا نزیک بکەمەوە .چونکە بە بڕوای من کێشە و خۆزگە و خەونەکانی ژنان لە ئایدیۆلۆژیا جیا ناکرێتەوە .

زانا گەڵاڵی: وەزیفەی شیعر لەو سەردەمە چیە .. ؟
خولیا حسێن: من نازانم وەکو وەزیفە ، بەڵام هێندە هەیە من دەمەوێ لە ڕێگەی شیعرەوە دیوە جوانەکەی ژیان بخەمە ڕوو . یان بە مانایەکی دیکە من دەمەوێ لە نێو شەوەزەنگ و تاریکی ژیاندا تروسکەکانی خۆرەتاو بدرەوشێنمەوە و گەشتریان بکەم .

زانا گەڵاڵی: ئایا شاعیر بەردەوام پێویستی بە خوێندنەوە و خۆ ڕۆشنبیرکردن هەیە ؟
خولیا حسێن: بەڵێ بێگومان ، وەک چۆن ژیان پێویستی بە هەناسەدان و درەخت پێویستی بە باران هەیە ،من پێم وایە شاعیرانیش بەم شێوەیە پێویستیان بە خوێندنەوە و خۆ ڕۆشنبیرکردن هەیە .

زانا گەڵاڵی: هەروەک دەبینین ژمارەیەکی زۆر لە شیعری بیانی ئەمڕۆ وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی دەمانەوێ بپرسین : چۆن دەڕوانیتە وەرگێڕانی شیعری بیانی ، ئایا ئەم تام و چێژەی دەمینێ کە بەر لە وەرگێڕان شیعرەکە هەیبووە .. ؟
خولیا حسێن: بە بڕوای من کاری وەرگێڕان لە سەر توانای کەسەکە و چۆنییەتی وەرگێڕانەکە دەوەستێ . دەقی وا هەیە لەگەڵ وەرگێڕان دا ناوەڕۆک و زمانە شیعرییەکەی بە شێوەیەک دەشێوێندرێ هیچ تام و چێژێکت پێنابەخشێ و تەواو ڕۆحی خەیاڵ و وێنەی شیعری و ئیستاتیکای تیادا دەمرێ . لە هەمان کاتدا شیعری وەرگێڕدراویش هەیە دەڵێی بە کوردی نووسراوە و دەقێکی کوردی دەخوێنیتەوە . بە بڕوای من وەرگێڕی شیعر وا باشترە شاعیر بێت و شارەزاییەکی باشی لە هەردوو زمانەکە هەبێ چونکە زمانی شیعری و وەرگێڕانی شیعر کارێکی ئاسان نییە .

زانا گەڵاڵی: زۆرجار باس لەو تێکستانە دەکرێت کە لەلایەن هونەرمەندە ئافرەتەکانەوە کراوە بە گۆرانی ، ئەم تێکستانە بەشی زۆری لەلایەن پیاوانەوە نووسراوە . یا ڕۆشنتر بڵیێین وا لە قەڵەم دەدرێت بە زمانی نێرینە نووسراوە . بۆیە دەپرسین پێتوایە ئەدەبی نێرینە و مێینە هەیە ، ئەگەر هەیە جیاوازییەکەی لە چیدا دەبینی ... ؟
خولیا حسێن: من باوەڕم بە پۆلینکردنی ئەدەب نییە بە ناوی ئەدەبی ژنان و ئەدەبی پیاوان . ئەدەب بە زمان و ستایل و بە هەموو ڕەگەزەکانیەوە بۆ هەموو کەسەکان وەکو یەکە . جۆرە ستایل و زمانێکی تایبەت نییە بۆ ڕەگەزی کەسەکان . دەکرێ بڵێین زمان و دەربڕین و خەمەکانی ژنان لە نووسینی فلانە نووسەر ڕەنگدەداتەوە ، بەڵام هەرگیز ئەوە بە مانای پۆِڵینکردنی ئەدەب نییە بە سەر دوو ڕەگەزی جیاواز دا . گۆرانیبێژە ئافرەتە بەڕێزەکانیش وا پێویست دەکا هۆِشیارانە تێکستەکان هەڵبژێرن. دەکرێ ئاوڕێکیش لە ژنانی شاعیر بدەنەوە خۆ ژنانی شاعیریشمان گەڵێک زۆرن .

زانا گەڵاڵی: لە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان بابەتێکی زۆری ڕەخنەئامێز دەبینین . بەڵام ئەوەی من مەبەستمە زیاتر ئەو نووسینانەیە کە ڕەخنە ئاراستەی شاعیران دەکرێت نەک شیعرەکە . بە مانایەکی تر ، واتە بەبێ ئەوەی یەکێک لە شیعرەکانی شیکردبێتەوە بە لایەنە چاک و خراپەکانی هێڵێکی ڕاست و چەپ بە کۆی بەرهەمەکانی ئەو شاعیرەوە دادەهێنن . ئایا ئەمانە دەچنە قاڵبی ڕەخنەوە ؟ وە ئایا بۆچی ڕەخنەکان زیاتر یەخەی شاعیرە ژنەکان دەگرن ؟ ئایا دەکرێت ئەم ئافرەتانەی بەم دوواییانە لە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنیەکان شیعر بڵاو دەکەنەوە لە ئاستێکی نزمدا بن ؟
خولیا حسێن: بە بڕوای من ، ڕەخنەی کوردی بە شێوەیەکی گشتی گەشەیەکی ئەوتۆی نەکردووە . زۆرێک لە ڕەخنەکان مەبەستێکی سیاسی لە پشتیانەوە بووە . مەبەستم ئەوەیە بە تایبەت ڕەخنەی شیعری ، هێندەی ڕەخنە لە کەسایەتیە شاعیرەکان و لە بیروباوەڕەکانیان گیراوە هێندە ڕەخنە لە شیعر و تەکنیک و زمان لە شیعرەکەدا نەگیراوە . نموومەش لەم بارەیەوە گەڵێک زۆرن پێویست بە باسکردنیان ناکات . لەبارەی ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان و هەندێک لەو ڕەخنانەی لە ژنە شاعیرەکان گیراوە ، من هەرگیز ناتوانم بەو جۆرە نووسینە تەوهینئامێزانە بڵێم ڕەخنە ! بە ڕاستی دنیای ڕەخنە و هەڵسەنگاندن و لێکۆلینەوە زۆر لەوە فراوانتر و سەنگینترن کە بەم شێوەیە مامەلەی لەگەڵدا بکرێ . ئەوەش هەرگیز بە مانای ئەوە نییە مەبەستم ئەوە بێ ، کە نابێت ڕەخنە لە ژنانی شاعیر بگیرێ . من پێموایە هەر دەقێک شایستە بەوە بێ ڕەخنەی لێبگیرێ ئیتر دەبێ لێی بگیرێ جا ئەو دەقە نووسەرەکەی هەرکەسێک بێت ! لەبارەی ئەوەی ئاستی دەقە شیعرییەکانی ئافرەتە شاعیرە تازەکان ، لە ڕاستی دا من هەق بە خۆم نادەم دەقی ئەم خانمە شاعیرانە هەڵسەنگێنم . بە بڕوای من ئەوە کاری ڕەخنەگر و خوێنەرە بەڕێزەکانە .

زانا گەڵاڵی: بە نیاز نیت شیعرەکانت لە سەر سێدی بڵاو بکەیتەوە ؟
خولیا حسێن: ئەوەی ڕاستی بێ ، لە ناوەڕاستی ساڵی پار واتە لە 2007 سێدیەکی شیعریم بڵاوکردەوە بە ناوی ( چەرخی بەردین وخەونە پەلکەزێڕینەییەکانی دوعا ) بە دەنگی خانمی بەڕێز ( گەلاوێژ ڕەسوڵ ) کە بێژەری ڕادیۆی " پاڵە " یەو لە ماڵپەڕی" دەنگەکان "یشدا بڵاو کرایەوە .

زانا گەڵاڵی: دوا ووتەت بۆ گۆڤاری کاروان ؟
خولیا حسێن: زۆر سوپاس بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیە ، وە سوپاس و ڕێزی بێپایانم بۆ تۆو بۆ گۆڤاری ( کاروان ) ی ئازیز هەیە . بە هیوام هەمیشە لە پێشکەوتن و بەردەوامبوون دابن بۆ بردنەپێشەوەی کاروانی ئەدەب و هونەری کوردی وە پڕ بەدڵ ئومێدی سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.