په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ناڵە حەسەن :                               
شیعر لای من گەڕانە بە دوای حەقیقەتی جوانی.


سازدانی : ڕابەر فاریق و سۆران عەزیز

- بەشی دووەم و کۆتایی -


لە بەشی دووەمی ئەم دیمانەیە ، ناڵە حەسەن قسە لە سەر شیعر و ئەو ڕۆحە دەکات کە پەیوەستە بە شیعرەوە . دواجار باسی شیعریەت دەکات لەلای خۆی و دەیگەڕێنێتەوە بۆ دوو چەمکی (جوانی) و (حەقیقەت) و هەر لەم ڕوەوەش تیشک دەخاتە سەر دوورکەوتنەوەی لە دنیای سیاسەت .


- کوردستان ڕاپۆرت : لە شیعری تۆدا هەمیشە ڕووبەڕووی هێمنی و جوانی دونیا دەبینەوە . ئەو هێمنی و جوانیەش دەبێتە پەساپۆرت بۆ گەیشتن بە فەنتازیا . بۆچی نزیک نەکەوتیتەوە لە سیاسەت و ئاژاوەکان ( لە ناو شیعر ) دا ؟ ئایا دونیا بە دوور لە ئاژاوە و ناشیرینیەکان دونیایەتی خۆی لە دەست نادات ؟ ئایا واتای جوانی چیە ؟ .

- ناڵە حەسەن : شیعر لای من گەڕانە بە دوای حەقیقەتی جوانی ، ئەو حەقیقەتەش لە نێو ڕووبەرەکانی خەیاڵ و فەنتازیا دایە واتە لە نێو ڕووبەرە نادیارەکان دایە . کارەسات و تراژیدیا و ئافاتەکانی دونیاش بە هەموو دیوە دزێو و ناشیرنەکانیانەوە دیوێکی جوانیشیان هەیە من پێم وایە ئەوە وەزیفەی شیعرە کە بە دوای ئەم جوانیە بگەڕێت و بیاندۆزێتەوە . لە مێژووی تەمەنی مۆدێرنەدا زۆرێک لە قوتابخانە و تەوژمە ئەدەبی و هونەرییەکان لە نێو جەرگەی کارەسات و تراژیدیەکان پەیدا بوون . کار و وەزیفەیان لە نێو ڕِووبەرە ناشیرینەکاندا ئەوە بوو بە دوای جوانی دا بگەڕێن .. لە ئەنجامی گەڕانەکانیان بە حەقیقەتی جیاواز و بە پرسیاری جیاواز گەیشتن . دەربارەی سیاسەت و شیعریش : من لە سیاسەت نزیک بوومەتەوە وە زۆر جاران بە نێو تخوبی مەسەلە سیاسیەکانیش ڕەت دەبم . بەڵام شتێک کە بەلای منەوە زۆر گرنگە ئەویش ئەوەیە من بە زمانی سیاسەت نانووسم . من ناتوانم شیعر بکەن بە هۆکارێک بۆ سیاسەتێکی دیاری کراو چونکە بە بڕوای من : بە پاشکۆ کردنی شیعر بۆ سیاسەتێکی دیاری کراو بە مانای ڕاگەیاندنی مەرگی شاعیر بە دەستی خۆی . چونکە زمانی شیعر و سیاسەت زۆر لە یەکترییەوە جیاوازن . زمانی سیاسەت لە نێو شیعردا ، خەون و خەیاڵەکان دەکوژێ و جوانیەکانیش سەردەبڕێت . گوتمان لە هەموو ڕووداوێک تەنانەت لە کارەسات و تراژیدیەکانیش دیوێکی ناشیرینی و دیوێکی جوان هەیە . من پێموایە زمانی سیاسەت دیوە ناشیرنەکەیە و زمانی شیعریش دیوە جوانەکەیەتی . بۆیە ئەگەر لە نێو شیعرەکانم ڕووبەڕووی هێمنی و جوانی دونیا ببنەوە ئەوە هۆکارەکەی ئەوەیە کە من هەمیشە بە زمانی شیعر دەنووسم ، کە زمانی جوانی و هێمنی و زمانی بزە و زەردەخەنەکانی ڕۆحی مرۆڤ و سروشتە . وە چەمکی جوان یش بەلای منەوە بە دەر لە تێڕوانینەکانی " کانت " ، بونیادێکی مادیانەی هەیە کە پەیوەستە بە پەیوەندیەکانی " شوێن " و " کات " ەوە ، ئەویش لە نێو بەهاکانی ئازادی خۆی دەبینێتەوە. بە بڕوای من تەنانەت بوون و مەرگیش بە ئازادی یەوە جوانن وە هەموو شتە جوانەکان گەر ئازاد نەبن ئەوا جوانیەکانیان لە دەست دەدەن .

- کوردستان ڕاپۆرت : شاعیرانی دوای ڕاپەڕین بەردەوام گرنگیان بە ئامادەگی منداڵی داوە لە ئێستادا " تەنانەت تۆش " هەست ناکەیت ئەو گرنگی دانە بە نوستالیژیا ببێتە فاکتەرێک بۆ کوشتنی نوستالیژیایی گەورەی " لەڕووی فیزیکیەوە " ئێستاش بە هەمان شێوەی ڕابردوو شیاوی گواستنەوە نیە بۆ نێو پرۆسەی نووسین ؟

- ناڵە حەسەن :
شیعر وەک خەون وایە لە نێو پانتاییەکانی خەیاڵ و هەستە نەستیەکان " unconscious " دێتە بوون . هەستە نەستیەکانیش تا ئەندازەیەکی زۆر لە ژێر کاریگەرییەکانی یادەوەرییەکان واتە ڕابردوو دایە . مادام شیعر لە نێو خەیاڵ و حالەتە نەستیەکان دێتە بوون ناتوانێ ئاوڕ لەو ڕابردووە و لەو مێژووە نەداتەوە . خەیاڵەکان بەبێ ئەم یادەوەرییانە بە تایبەت یادەوەرییەکانی منداڵی ناگەنە ئاستەکانی ووڕێنە و فەنتازیا . لە نێو ئەم یادەوەری و مێژووەی دوێنێش تەنیا خود و حالەتە دەروونیەکانی من نابیندرێ بەڵکو لەگەڵ خۆیان دا ڕەهەندەکانی کەلتووری و زەمەنیشیان هەڵگرتووە . ئاوڕدانەوە لەم مێژووە بە مانای کوشتنی نوستولۆژیا نیە بەڵکو زیندوو ڕاگرتنیەتی یاخود گواستنەوەی ڕابردووە بۆ نێو جیهان و گەردوونیەتی ئێستا و ئایندە . شیعر لە نێو خەمەکانی ئێستا ئاوڕ لە ڕابردوو دەداتەوە . لە نێو شیعردا خەونەکانی ئێستاش کاریگەری خۆیان هەیە لە پرۆسەی جوانی و بە نەمرکردنی شیعر . لەگەڵ ئەمانەشدا هیچ شاعیرێک نیە لە دونیادا گرنگی بە یادەوەرییەکانی نەدات بە تایبەت یادەوەرییەکانی منداڵی ، چونکە یادەوەرییەکانی منداڵی ڕۆحێکی نەمرە لە نێو شیعردا .

- کوردستان ڕاپۆرت : جیاوازیگەلێک کە هەستیان پێ بکەین لە نێوان نیشتمان و تاراوگەدا خولقابن چین ؟ ئایا هەستت بەوە کردووە کە بەشێکی شوێن و زەمەنی نیشتیمان ئایا هەمیشە لە گەڵت دایە هەروەها بەشێکی غوربەت و تەنیایی تاراوگەش ؟

- ناڵە حەسەن : مرۆڤ لە تاراوگە وەک ڕەشەبا و گەردەلوول وایە ، جارجارە دەردەکەوێ و جارجارەش وون . ژیان لە تاراوگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەڵکشانە بەرەو هەورازەکانی یاخی بوون و مەرگ ، بەرەو نێو قوڵاییەکانی نائومێدی و وونبوون . لە نێو ئەو یاخی بوون و وونبوونەشدا گومان و پرسیارەکان زێتر دەبن . زۆرێک لە کۆچبەران هەمیشە لە نێو دڵەڕاوکێی تەنگژە و ململانێی نێوان مانەوە و گەڕانەوەدا دەژین . یان لە بەرامبەر ئەمە هەوڵ دەدەن دانبەخۆیان بگرن و لەگەڵ نیشتیمانی تاراوگە ڕابێن ، واتە نیشتیمانی تاراوگە شوێن نیشتیمانی دایک و نیشتیمانی یادەوەرییەکان بگرێتەوە . ئەم هاوکێشە و ململانێیە هەموو هۆش و هەست و خەون وخەیاڵ و باری نەستی و بیرکردنەوەکانت داگیر دەکات . بۆ منی شاعیریش هەروایە .. نیشتیمانی تاراوگە هەرگیز نەیتوانیوە شوێن نیشتیمانی دایک و شوێن نیشتیمانی یادەوەرییەکانم بگرێتەوە . بۆیە نیشتیمانی دایک بە هەموو بونیاد و پێکهاتە و ڕەنگ و ئاماژە و کۆدەکانیەوە هەمیشە لە گەڵم دایە . حالەتی وونبوون بۆ من گەڕانەوەیە بۆ نێو خەون و خەمەکانی نیشتیمان ، گەڕانەوەیە بۆ نێو هاوار و ئازارەکانی نیشتیمان . بۆیە ئێستا خەون وخەمەکان جیاوازن بیرکردنەوە و ڕوانینەکان جیاوازن . خەمەکان بەسۆزتر و خەونەکان ڕەنگاڵەتر و خەیاڵەکان قووڵتر و بەرینترن . بۆیە دەبینین لەگەڵ هەموو ئەو جوانی و ئارامی و ڕۆمانسیەتەی لە نێو شیعرەکانم دەبیندرێ لەپاڵ ئەمەش جەستەیەکی ڕۆح هەلاهەلا و شەقاربووی پڕ لە برینی نێو کیشوەرەکانی غوربەت و تەنیاییش دەبیندرێ . لە نێو نیشتیمانی تاراوگە زۆرێک لە دەرگاکانی دوێنێت بەڕوو دادەخرێت و دەرگای تازەت بۆ دەکرێتەوە ، خۆت لە نێو خەیاڵ و واقیع و دونیایەکی تر دەبینیەوە کە زۆرجاران تەواو نامۆیە بە پێکهاتەی بوون و بونیادی بیرکردنەوەکانی تۆ . بە مانایەکی تر تەواوی ئاماژە و کۆدەکانی هیزر و زمان و خەون و خەیاڵەکان دەگۆڕێن . تۆ لە نێو دونیایەکی تری تەواو جیاواز و هاوئامێز لەگەڵ یادەوەرییەکان و مێژووی دوێنێت ، مامەلە لەگەڵ خەون و خەیاڵ و وێنە و زمانی شیعری دا دەکەیت . بۆیە دەبینی چ لە زمان چ لە بونیاد و پێکهاتەی شیعرەکە واتە ستایل جیاوازی زۆر دەبیندرێ . لە نێو ئەم هەموو هەراو زەنایەی تاراوگە کە باسم کرد تۆ بە ئومێد و مەراقی جیاوازەوە گەڕان بەدوای خودی خۆتدا دەبێتە خولیایەکی هەمیشەیی .

- کوردستان ڕاپۆرت : بە تێڕوانینی تۆ خاڵە هاوبەشەکانی نێوان زمان و گوتن چین ؟ بۆ ئەوەی پردێک بدۆزینەوە بۆ تەئویلکردن لە نێوان زمان و دەق ، بۆ نێو دونیای واقیع و حەقیقەت . لەوێشەوە بۆ نێو دونیای خەیاڵ و فەنتازیا ، ئایا پێویستە چیبکەین ؟

- ناڵە حەسەن : لە نێوان زمانی دەق و زمانی گوتن ، زۆر خاڵی هاوبەش هەیە یەکێک لەوانە : ئیستاتیکای زمانە ، ئیستاتیکایەکی هاوبەش هەیە لە نێوانیاندا بەڵام بە ڕێژە و لە ئاستی جۆراوجۆر . چونکە زمانی گوتن زمانی واقیع و شتە بیندراوەکانە بەڵام زمانی دەق زمانی خەون و خەیاڵ و زمانی غەریزە و ئارەزووەکانی مرۆڤە لە یەک کاتدا زمانی شتە بیندراو و نەبیندراوەکانە . پەیوەندییەکان وا دەبیندرێ ، زمانی دەق بەر لەوەی بگاتە ئاستی ڕووبەرەکانی خەیاڵ و فەنتازیا دەبێت سنووری شتە بیندراوەکانیش ببڕێت . بە مانای گەیشتنە نێو قوڵاییەکانی فەنتازیا ڕۆیشتنە لە نێو ڕووبەری بیندراو بەرەو نەبیندراو . واتە دیار و نادیار . کاتێک زمان و بینین لە شیعردا وێنەی شتە نادیارەکان دەکێشن ئەوە خود و زمان لە ڕووبەرەکانی دەق گەیشتوونەتە نێو حالەتەکانی خەیاڵ و فەنتازیا بەمانای حالەتی ئیدراک و ئاگایییان تێپەڕاندووە گەیشتوونەتە نێو حالەتی بێئاگایی . چونکە زمان یان باشتر بڵێین هەر وشەیەک مانایەکی ڕووتی هەیە لە نێو باری نەستی جێگیر بووە . لە پشتی ئەم مانا ڕووتانەش چەندین مانای تری نادیار و شاراوە هەیە ، زمانی دەق هەوڵدەدا مانا شاراوەکانی وشە کە لە پشتەوەی مانا ڕووتەکان خۆیان حەشارداوە بیاندۆزێتەوە . دەتوانم بڵێم زمانی دەق لە ڕێگەی زمانی گوتن واتە واقیع خۆی بە جیهانێکی بەرینتر و گشتگیرتر ئاشنا دەکات . بۆیە وا پێویست دەکات هاوئاهەنگیەک لە نێوان زمانی دەق و گوتن پەیدا بکەین . من بۆخۆم لە پڕۆسەی نووسینی شیعریم هەمیشە وامکردووە و نەمتوانیوە دەسبەرداری زمانی گوتن بم . هەندێجار تا ئاستی ئیلهام سوودی پێگەیاندووم و کاریگەری بەسەرمەوە هەبووە . هەندێ جار جوانی زمان و ئاستەکانی خەیاڵ و فەنتازیا لە زمانی سادەی فۆلکلۆر دەبینمەوە بۆ نموونە ئەم دێرە فۆلکلۆریە ( ئارەقەی مەمکی یارێ .. شیرنە وەکو هەنارێ ) . زمان لەم دێرە شیعرییە هەڵگری خەیاڵ و فەنتازیایەکی ئیرۆسی زۆر بەرزە . کە وەتەرەکانی ڕۆحی مرۆڤ دێنێتە هەژان و پێدەشتە وشکەکانی تامەزرۆیی تەڕ دەکاتەوە . هەندێ جار زمانی دەق و گوتن تێکەڵاوی یەکتری دەبن لە نێو خەیاڵ و فەنتازیا دەتوێنەوە ، هەندێ جاریش لە ڕێگادا یەکتری بە جێدەهێڵن و لە یەکتری دادەبڕێن بەڵام تیلەی چاوێکیان هەر لە یەکترییە . بە مانای ناتوانن دەسبەرداری یەکتری ببن . چونکە پەیوەندییەکانی نێوان زمانی دەق و زمانی گوتن .. خۆی لە خۆیدا پەیوەندییەکانی نێوان واقیع و خەون و خەیاڵە بۆ گەیشتن بە ئاستە نادیارەکانی فەنتازیا . ئەم پەیوەندییەش پەیوەندییەکی داینەمیکی بەردەوامە .. بەبێ ئەم پەیوەندییە لە نێو پڕۆسەی نووسین دا نە خەون و خەیاڵ و فەنتازیا مانایەکیان هەیە وە نە جوانیە ئەبەدییەکانی شیعر .

- کوردستان ڕاپۆرت : شاعیری ڕاستەقینە بۆئەوەی زمانێکی مەزاجی تایبەت و جیاواز و بارگراوی کراو بە خەیاڵ و مەعریفە و میوزیکی یەکڕیتمی بخولقێنێت ، دەکرێت هاوڕەهەندی هیچ ئایدیۆلۆژیایەک بێت و بە کۆمەکی ئایدیۆلۆژیا و واقیعی ئەبستراکت بتوانن ( بەهەر کلۆجێک بێت ) تۆوی گۆڕانکاری لە تێڕوانینی شاعیردا بچێنێت ؟

- ناڵە حەسەن : بەر لە هەرشتێک دەمەوێت ئەوە بڵێم کەوا ئایدیۆلۆژیا ناتوانێت هەڵگری ئەو ئاماژە و ڕەهەندانە بێت کە شیعر هەڵگریەتی . ڕەنگە کاریگەری ئایدیۆلۆژیا بەسەر شاعیر هەر ئەوەندە بێت بیگەیەنێتە باری ( ووروژاندن ) بەڵام ئایدیۆلۆژیا ناتوانێت شاعیر بەرەو ڕۆچوون و قوڵبوونەوە بەرێت . چونکە لە نێوان ووروژاندن و ڕۆچوون جیاوازی زۆر هەیە . نووسینی شیعر : ڕۆچوونە بە نێو خەون و خەیاڵ و شوێن و زەمەنە نادیارەکان . نووسینەوەی ووڕێنە نەستیەکان و لیکی حەز و ئارەزووەکان و کۆی دەنگە کپکراوەکانی مرۆڤایەتیە . نووسینی شیعر : هێنانەگۆی دیوی ناوەوەی کەسە نادیارەکەی خودی شاعیر نیە بە تەنیا ، بەڵکو کۆی هەموو دەنگە کپکراوەکان و وەقسە هێنانی دیوی ناوەوەی مرۆڤایەتیە . گرتنەخۆی کۆی جوولە و هەناسە و ڕەنگەکانی سروشت و گەردوونە . کە زمانی شیعر قسەدەکا ، کەوێنە و ڕووبەری خەیاڵەکانی شیعر دەبینین ، کە گوێ لە میوزیکی شیعر دەگرین هەست بەچی دەکەین و چی دەبینین ؟ ئایا خەون و خەیاڵ و خەمەکانی شیعر ئاماژە نیە بۆ خەون و خەیاڵ و خەمەکانی سەرجەم مرۆڤایەتی ، ئایا ڕەنگەکانی شیعر ئاماژە نیە بۆ سەرجەم ڕەنگەکانی سروشت و گەردوون ؟ ئایا چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان میوزیکی شیعر و ( میوزیکی ئاو و باران و درەخت ؟ ) . ئایا ئایدیۆلۆژیا لەم ئاستە فراوان و بەرینیەدا لەم ئاستە گشتگیری و گەردوونیەدا دەتوانێ هەڵگری ئاماژە و کۆدەکان بێت ؟ بۆیە بە بڕوای من ، زمانی مەزاجی تایبەت و یان میوزیکی یەکڕیتمی یان بەرەو سەوزایی بردنی شیعر ئەمانە پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە ئایدیۆلۆژیا و تەنانەت بە واقیعی ئەبستراکتەوە نیە بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە خودی مەعریفەی شاعیر و توانا و ڕوانینەکان و بارە دەروونیەکانی شاعیرەوە هەیە . پەیوەندی بە چۆنیەتی تێگەیشتن لە شیعر و نووسین و داهێنانەوە هەیە . پەیوەندی بە چۆنیەتی مامەلەکردنی شاعیر لەگەڵ زمان و وشەو پەیوەندی خودی شاعیر لەگەڵ زمان و دەق ەوە هەیە . لەگەڵ هەموو ئەمانەش من ئایدیۆلۆژیا لە پێکهاتە گشتیەکەی ڕەتناکەمەوە بەڵام توانەوەی شیعر لە نێو ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ڕەت دەکەمەوە ، سەربڕینی پشکۆکانی خەون و خەیاڵە جوانیەکانی شیعر لە نێو ووروژاندن و هەڵچوونە ئیدراکیەکانی ئایدیۆلۆژیا ڕەت دەکەمەوە . چونکە من پێموایە : شیعر و زمان و ( ئەدەب بە گشتی ) مولکی خود و کەسایەتیەکی دیاریکراو نین ، بەڵکو مولکی سەرجەم هزر و بیرکردنەوە و مەعریفەی مرۆڤایەتین .