په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١٠\٢٠١٧

دیدێکی رەخنەیی بۆ پەرتووکی ''کورد لە دیدی سوێدییەکانەوە''.


سەدیق سەعید     


زۆرجار ڕێککەوتووە، ناونیشانی وتارێک یاخود پەرتووکێک، سەرنجمان ڕادەکێشێت و لەو ڕوانگەیەشەوە، دەچینە نێوکتێیەکەو دەیخوێنینەوە. لە ھەندێ کاتدا، ناونیشانەکان جوان و و اتادارن و لە ھەندێ کاتیشدا، ناونیشانێکی سادەو ئاسایین.بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، کە ناویشان، کلیلی کردنەوەی ھەر دەقێکەوسەرەتاو دەسپێکی گرنگ و سەرنج ڕاکێشە، بۆ ئەوەی خوێنەر پەرتووکەکە بخوێنێتەوە. زۆرجار ڕووبەڕووی ناونیشانی وادەبینەوە، کە خوێنەر سەرسام دەکات و حەزدەکات لە زووترین کات پەرتووکەکە بخوێنێتەوە. کاتێکیش دەست بە خوێنەوە دەکەین، دەبینین پەرتووکەکە لە ئاست ئەو ناونیشانە گەورەیە نییە کە بۆی دانراوە.

 

ناوەڕۆکێکی سادەو ساکاری ھەیە. کورد لە دیدی سوێدییەکانەوە، ناونیشانی پەرتووکێکە، کە کاوە ئەمین ئامادەی کردووەو ناوەندی توێژینەوەی مێژوویی جەمیل ڕۆژبەیانی لەوماوانەی ڕابردوودا،چاپی کردووە. خوێنەر کەئەوناونیشانە دەبینێت، بیری بۆ ئەوە دەچێت کە ئەو پەرتووکە، ڵێکۆڵینەوەیەکی سیاسی و سۆسیۆلۆژی و فەرھەنگییە، کە تیایدا سوێدییەکان لە بارەی کوردەوە نووسیویانە. یاخود دیدی فیکری و ڕەخنەیی و کلتووری سوێدییەکانە بۆ جالیەی کوردوئاوێتەبوونی تاکی کوردییە، وەک تاکێکی ڕۆژھەڵاتی لە گەڵ کلتووری وڵاتێکی خۆرئاوادا. کەچی کە پەرتووکەکە دەخوێنینەوە، دەبینین بە پێچەوانەوەیە. ناوەڕۆکی ئەو پەرتووکە، زنجیرە چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی سیاسی و ئەکادیمی و حزبی و ئایینی، کە دۆستی کوردن و نووسەر لە میانەی چاوپێکەوتنیاندا، لەو پەرتووکەدا کۆی کردوونەتەوە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە،بە شێکی زۆری وەڵامی ئەو کەسایەتییانەو ھەڵسەنگاندیان بۆ نەتەوەی کورد، وەک گەلێکی بێ دەوڵەت، ھیچ پەیوەندییان بە ئێستای ئەزموونی کوردی و دۆخی سیاسی و کارگێڕی و ئابووریانەی ھەرێمی کوردستانەوە نییە. بەڵکو زۆربەیان پەیوەندییان بە ڕووداوەکانی ساڵانی شەست و شۆڕشی ئەیلول و کارەساتەکانی گەلی کوردەوە ھەیە، لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا. نازانم ئەو وەڵام و پرسیارانە، چ پەیوەندییان بەخوێنەری کوردو تاکی کوردەوە ھەیە لە ئێستادا؟ ئەگەر خوێنەرێکی کورد مەبەستی بێت لە بارەی شۆڕشی ئەیلولەوە زانیاریی ھەبێت، پێویست بەوە ناکات لە دەمی بەساڵاچووێکی سوێدییەوە بیزانێت.چونکە ئەوەندە سەرچاوە ھەیە، لە بارەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە، کە خوێنەری کورد بە ئاسانی دەتوانێ لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکات. ھەر بۆنموونە:دووبەرگ لە پەرتووکەکەی مام جەلال، گێڕانەوەی مێژووی نزیکەی ھەفتا ساڵی سەدەی ڕابردووە. خۆشی وەک سیاسییەک لە نێو ڕووداوەکان دابووە.

 

لەلایەکی ترەوە، ئامادەکاری پەرتووکەکە، ھەندێک پرسیاری ئاراستەی ئەو کەسایەتییانە کردووە، کە ھیچ پەیوەندییان بەکوردو دیدی سوێدییەکانەوە بۆ کورد نییە.بۆنموونە پرسیاری ئەوەیان لێدەکات، ژنەکەت ناوی چی بوو؟ کەی یەکترتان ناسی؟ بە خۆشەویستی بوو ؟ زەماوەندەکەتان چۆن بوو؟ یاخود پرسیاری کێشەی فەلەستین و ئسرائیلیان لێدەکات. یاخود باسی قڕکردنی جووەکان دەکات لە سەر دەستی نازییەکانەوە.نازانم ئەو پرسیار و سادەو نابابەتییانە چ پەیوەندییان بە کوردو خوێنەری کوردەوە ھەیە؟ ئەو دیدەسادەو ساکارانە، ھیچ بایەخێکیان لە ڕووی سیاسی و کلتوورییەوە بۆ کورد نییە. وێرای ئەمەش ئەگەر لەناوەڕۆکی وەڵامەکانی ئەو کەسایەتییانە بڕوانین، دەبینین ھەندێکییان زانیارییەکی ئەو تۆیان لە بارەی کوردەوە نییە. بۆنموونە: لە ڵاپەڕە ١١٩دا، ئامادەکاری پەرتووکەکە دەربارەی ئۆلف پاڵمە پرسیار لە یەکێکییان دەکات، ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت:(من خۆم ھیچ کاتێک دەربارەی کوردەکان قسەم لەگەڵ پاڵمە نەکردووە).

 

بە ھەمان شێوە لەڵاپەڕە ١٧٤دا پرسیار لە بارەی ئۆجەلانەوە دەکات. ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت:(زۆرشت لەبارەی ئۆجەلانەوە نازانم!). دیسانەوە لە ڵاپەڕە ١٨٤دا پرسیار لە بارەی تۆمەت بارکردنی کورد لە کوشتنی ئۆلف پاڵمە دەکات،ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: (نازانم بۆچی کوردییان تۆمەتبارکرد).ئەگەر کەسێک ئاگاداری کێشەی کورد بێت، دەبێ بزانی بۆ ئەو تۆمەتەیان بۆداپاڵ کورد. لە شوێنێکی دیکەش پرسیار لە یە کێکییان دەکات، ئەویش دەڵێت:( تا ئێستا سەردانی کوردستانم نەکردووە). بێگومان ناونیشانی ئەو پەرتووکە، زۆر لە ناوەڕۆکەکەی گەورەترە. دیدی سوێدییەکان، مەبەست ھەموو گەلی سوێدە. بۆیە دەبوو ئامادەکاری پەرتووکەکە ناونیشانی( کورد لە دیدی چەند کەسایەتییەکی سوێدییەوە) بۆ پەرتووکەکەی دانابا. یاخود نووسەر لە بڕی پرسیارکردن لە بارەی ھەندێک بابەتی لاوەکی و سادە، دەیتوانی پرسیاری ئەزموونی حوکمرانیەتی کوردی و دیموکراسیەت و دیدی سوێدییەکان بۆ حوکمڕانی کورد بکات. دەیتوانی پرسیاری ئاوێتە بوونی مرۆڤی کورد لە گەڵ گەلی سوێدی بکات. پرسیار لە بارەی بەریەککەوتنی کلتوورەکان بکات. یاخود بۆبەشێکی زۆری مرۆڤی کورد کە دەچنەخۆر ئاوا، ناتوانن ئەو ئەقڵیەتە ڕۆژھەڵاتییە لە خۆیان دابماڵن، کەلە ڕۆژھەڵاتەوە پێی گۆشکراون.دەبوو لە بارەی کلتوور، زمان، ناسنامە،ئۆپۆزسیۆن و حوکمڕانیەتی کوردی و چەندین بابەتی دیکەی مێژوویی و کلتووری فەرھەنگی، دیدی سوێدییەکانی بۆ کورد شیبکردایەتەوە. نەک پرسیاری ڕووداوێکی ساڵانی شەستییان لێبکات. کە بۆ خوێنەری کورد لە ئێستادا کۆنبوون و بوونەتە بە شێک لە مێژوو، بایەخیان نەماوە.منی خوێنەر کارم بە ژیانی تایبەتی و کەسی ئەو کەسایەتییانە چییە.

 

وێرای ھەموو ئەو سەرنجانەش، پەرتووکەکە لە ڕووی زمانەوانی و ڕێنووس و ھەڵەی چاپ، چەندین کەم و کورتی و ھەڵەی تێدایە. وشە ھەیە بە چوار جۆری زمانەوانی جیاواز نووسراوە. وەک: (حکومڕانی - حوکومڕانی - حووکومڕانی - حوکوڕانی). ھاوکات چەندین ھەڵەی زمانەوانی دیکەش ھەن، کە ئاماژە بە ھەندێکییان دەدەین. لا٥٢ نووسراوە (مەسحین) ڕاستکردنەوە (مەسیحی) لا٥٥ نووسراوە (بوخوادی) ڕاستکردنەوە (بەخوای) لا٦٨ نووسراوە (شەقڵاوا) ڕاستکردنەوە (شەقڵاوە) لا٧٢ نووسراوە  (داکۆکۆی) ڕاستکردنەوە (داکۆکی) لا٧٨ نووسراوە (حەمدید) ڕاستکردنەوە (حەمید) لا٨٠ نووسراوە (وگت) ڕاستکردنەوە (گوت) لا١٢١ نوسراوە (بەکارلیۆس) ڕاستکردنەوە (بەکالۆریۆس) لا١٢٩ نووسراوە (سەفر) ڕاستکردنەوە (سەفەر) لا١٤٨ نووسراوە (تەماشای) ڕاستکردنەوە (تەماشای) لا١٨٩ نووسراوە (تەموز) ڕاستکردنەوە (تەمموز). کە ئەگەر خوێنەران پەرتووکەکە بخوێننەوە ڕەنگە درک بە زۆر ھەڵەی دیکەش بکەن.
___________________________

سەرچاوە:
کورد لە دیدی سوێدییەکانەوە، ئامادەکردنی کاوە ئەمین - بڵاوکراوەی ناوەندی توێژینەوەی مێژوویی جەمیل ڕۆژبەیانی، ساڵی ٢٠١٧.

 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک