په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٤\٢٠١٢

دید و بۆچوونی هەندێک زانا و ناودار دەربارەی ئاین.

عەباس رۆستەم    

 

برتراند رسل:- [١٨٧٢-١٩٧٠زاینی] پرۆفیسۆر و زانای ماتماتیکو رەخنەگر و کۆمەڵناسی به‌ریتانی، کاتێک لێیانپرسی، باشە ئەگەر دەرکەوت خوداوەند بوونی هەیە، لە زیندووبوونەوەدا هەڵوێستت چۆن ئەبێت، لە وەڵامدا وتی: بە خوداوەند ئەڵێم تۆ خۆت ئەقڵێکت دامێ کە بیری پێبکەمەوە، بەڵام هەر خۆشت ئەوەندەت بەڵگە نەدامێ کە بوونت بسەلمێنێت، بۆیە ئەقڵم بروای بە بوونت نەکرد. وتوشیەتی، زوربەی هەرە زۆری کەسە زیرەک و ڕۆشنبیرەکان بروایان بە ئاینی مەسیحی نییه‌، بەڵام ئەوە لە کۆمەڵانی خەڵک ئەشارنەوە لە ترسی ئەوەی نەوەک نانبڕاوبن.

جەواهر لال نەهرۆ:- [١٨٨٩-١٩٦٤زاینی] یەکەم سەرەک وەزیرانی هندستان دوای رزگاربوون لەژیر دەستی کۆڵۆنیالی به‌ریتانی، وتویەتی {ئەوەی پێێدەڵین ئاین، مەبەستیشم هەر دیاردەییەکی ئاینی رێکخراوە، نەوەک هەر لە هندستان بەڵکو لە هەموو شوێنێکی جیهان، سەرتاپا ئەمتۆقێنێت و بە توندیی دژی ئەوەستمەوە و ئاواتەخوازم لەناوچێت، چونکە زوربەی کات بڕوایه‌کی کوێرانەیە و پەرچەکرداری بێمانایە و بروایە بە توندڕەویی و [غەیبیات] و هەمووشی بۆ هێنانەدی بەرژەوەندیی تاکەکەسییه‌}.

کارل مارکس:- [١٨١٨-١٨٨٣زاینی] فەیلەسوف و سیاسی سۆشیالست و شۆڕشگێڕ و رۆژنامه‌نووس و بیرمەندی کۆمەڵایەتی کە لە ئەڵمانیا لە باوک و دایکێکی جولەکە لە دایکبووە، وتویەتی [ئاین هەناسەی ساردی چەوساوانە،دڵی جیهانێکی دڵڕەقە، گیانی بارودۆخێکی مردووە، ئاین وەک تلیاک وایە بۆ گەلان ، وتوشیەتی ، رەخنەگرتن لە ئاین بەرزترین شیوەی رەخنەگرتنە و یەکەم پێویستیش بۆ کامەرانی گەلان پووچەڵکردنەوەی ئاینەکانە].

ئەنشتاین:- [١٨٧٩-١٩٥٥زاینی] زانای فیزیایی بەناوبانگ و خاوەنی بیردۆزی [النسبیە] کە لە باوک و دایکێکی جولەکە لە ئەڵمانیا لە دایکبووە، وتویەتی [هەوڵی ئەوە نادەم شێوە و سیمای خودی خوداوەند بێنمە بەرچاوم، ئەوەندەم بەسە کە تووشی سەرسوڕمان بێم لەو بیناسازییه‌ توندوتۆڵەی گەردوون و هەناسەم سوار بێت لە ئاستیدا تا ئەو رادەیەی هەستی پێدەکەم، بروابوونیش بە بوونی خودا ئەفسانەیە و، ئەوەش کە خوێندوتانەتەوە لە بارەی بڕوا ئاینییه‌کانمەوە بریتین لە درۆیه‌کی قەبە و گەورە ، من بروام بە هیچ خودایه‌ک لە شێوەی کەسایەتیەکدا نییه‌ و هەرگیز لەوەش بەولاوە هیچی دیکەم نەوتوە. ئەگەر شتێکیش لە مندا هەبێت ناوبنرێت بڕواداریی، ئەویش سەرسامییمه‌ لە ئاست ئەو رێوشوێن و رێکخستنەی کە لەم گەردوونەی دەوروبەرماندا هەیە و زانست بۆمان روون ئەکاتەوە. وشەی خوداش لە لای من، تەنها دەربرین و بەرهەمێکی لاوازی مرۆڤە، ئینجیلیش پێکهاتەیه‌کە لە ئەفسانە و کاری چاکەی نابەکام و سەرەتایی زۆر منداڵانە، هیچ لێکدانەوەێیەکیش نییه‌ بەشبەحاڵی من ئەم بروایەم بگۆڕێت. گاڵتەشی بەوەهاتوە کە جولەکەکان گەلێکی هەڵبژاردەی خودا بن وەک لە تەوراتدا هاتوەو ئەڵێت، هیچ شتێکی تایبەت لە جولەکەیه‌کدا نابینم کە لە مرۆڤەکانی دیکە جودایان بکاتەوە ]، لە کاتێکدا خۆشی بە رەگەز جولەکە بووە.

ئیبن راوەندی:- [٢١٠-٢٥٠کۆچی]، وتویەتی [پێغەمبەر دانی بەوەدا ناوە کە ئەقڵ بایەخ و شکۆی خۆی هەیە،ئەی باشە ئەگەر وایە، بۆ لە هەمان کاتدا بریاری لەسەر هەندێک کار و کردار داوە کە پێچەوانەی ئەقڵن وەک، نوێژ، خۆشتن دوای جووتبوون [سێکس]، بەردگرتنە شەیتان، خولانەوە بە دەوری هۆدەیه‌کدا کە نە ئەبیستی و نە ئەبینێت، راکردن لە نێوان دوو تاوێردا [ سەفا و مەروا ] کە نە سوودبەخشن و نە زەرەبەخش: ئەمانەش هەمووی ئەقڵ قبوڵیان ناکات، باشە چ جیاوازیەک هەیە لە نێوان سەفا و مەروا و ئەبی قەیس و حەرا و خولانەوەش بە دەوری ئەو هۆدەیەشدا وەک خولانەوە وایە بە دەوری هەر هۆدەیه‌کی دیکەدا.

گالیلۆ گالیلی:- [١٥٦٤-١٦٤٢زاینی] گەردوونناس و فەیلەسوف و فیزیایی ئیتالی، وتویەتی [ناتوانم بروا بکەم کە ئەو خوداوەندەی ئەم مێشک و ئەقڵەی داوە پێم، هەر ئەویش لیم قەدەغە بکات بەکاریان بهێنم] ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە پاپا و کەنیسە بە خودانەناس و کافریان دایە قەڵەم، کاتێک بڵاویکردەوە کە ئەرز خڕە و بە دەوری خۆی و رۆژدا دەسووڕێتەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە ئینجیلدا هاتوە.

د. جیمس واتسۆن:- [١٩٢٨-٢٠١١زاینی] بایۆلۆجستی ئەمریکی بەناوبانگ، ئەو زانا بەناوبانگەی گرێکوێرەی DNAی واڵا کردەوە، کاتێک کە لێیان پرسی کەسێک لە زاناکان ئەناسێت بڕوایان بە خوداوەند هەبێت، لە وەڵامدا وتی ، نەخێر.
 

 

 

 

 

د. فرانسیس کریک :- [١٩١٦-٢٠٠٤زاینی] بایۆلۆجستی به‌ریتانی، هاوەڵی د. واتسۆن لە کردنەوەی گرێکوێرەی DNA، دەستی لە کارکردن کێشایەوە لە زانکۆی کامبرج وەک ناڕازیبوونێک لەوەی بەرێوەبەرایەتی زانکۆکە بریاریان دابوو کەنیسەیه‌کی بچووک لە سنووری زانکۆکەدا بنیاتبنێن.

 

 

د. ریتشارد دوکینگز:- [لەدایکبووی ساڵی ١٩٤١]، فەیلەسوف و زانای بایۆلۆجی به‌ریتانی، لە لێکۆڵینەوەیەکدا لە بارەی ئەو زانایانەی کە خەڵاتی نۆبلیان پێبەخشراوە، بۆی دەرکەوتوە کە لەو سەدان زانایەی ئەو خەڵاتەیان وەرگرتوە تەنها شەشیان بڕوایان بە بوونی خودایه‌ک هەیە لە ئاسماندا.

 

 

 


١٩\٤\٢٠١٢
ماڵپەڕی عەباس رۆستەم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک