١٤\٢\٢٠١٣
دھۆک: ژنێک کوژراو
و
بەڕێوبەرایەتی
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان ئاگای لێ نییە.
دھۆک:
لە درێژەی ئەو شەپۆلە ژن کوشتنەی لە ناوچە جیاجیکانی ھەرێمدا، رۆژانە
ژیان لە چەندین ژن دەستێنێتەوە و ھەڕەشەش لە چارەنووسی سەدان ژن دەکات،
ئێوارەی رابردوو، لە شاری دھۆک ژنێک کوژرا و بەڕێوبەرایەتی
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییش دەڵێت: "ئاگادار نین".
دەمژمێر (٥:٣٠)ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (٦ / شوبات - فێبرایەر / ٢٠١٣)
لە گوندی (کێڤەلا)ی ھەڵکەوتوو لە خۆرئاوای شاری دھۆک، ھاووڵاتیەک،
ھاوژین و ھاوسەرەکەی خۆی بە چەک کوشت.
بە گوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، دوای کوشتنی ھاوسەرەکەی، ئەو
ھاووڵاتیە، خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و دانی ناوە بە ئەنجامدانی تاوانی
کوشتنی ھاوسەرەکەی.
لە بارەی ھۆکاری کوژرانی ئەو ژنەوە کە تا ئێستا نازانرێت تەمەنی چەندە
و ناوی چیە، دەگوترێت: "ھۆکارەکە بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی بووە لەنێوان
ھەردوولادا".
دوای گەیشتنی پۆلیس، تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادوەری دھۆک کراوە و
لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، (وارڤین) پەیوەندیکرد، بە بەڕێوبەرایەتی
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە پارێزگای دھۆک، بەڵام ئەوان
رەتیانکردەوە ھیچ زانیارییەکان لەلا بێت و تەنیا بە رستەی "ئاگادر نین"
وەڵامیان دایەوە.
بێ ئاگایی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە
کەیسەکانی کوشتنی ژنان، لە کاتێکدایە حکومەت بە رەسمی بڕیاریداوە ئەو
بەڕێوبەرایەتیانە دەسەڵاتی لێکۆڵینەوەیان پێ بدرێت و ناوی
بەڕێوبەرایەتییەکەش لە (چاودێرییەوە) گۆڕاوە بۆ (بەرەنگاربوونەوە).
وارڤین / نینا
nina.ikkr@hotmail.com
|