دژبە
دەستدرێژیەکانی سوپاى تورکیا
بەیاننامەى بزوتنەوەى دیموکراسیخوازانى کوردستان .
جەماوەرى بەشەرەفى کوردستان..
هێز و لایەنە نیشتمانیەکان..
وەک دەبینین دەستدرێژیەکانی سوپاى داگیرکەرى تورک بۆسەرباشورى کوردستان
، ڕۆژ لەدواى ڕۆژ زیاتر پەرەئەسێنێـت و زیاترناوچە مەدەنیەکان و
ژێرخانی ئابورى کوردستان ئەکاتە ئامانجی هێرشەکانی ، لەبەرامبەریشدا
ئەمریکا کەبە شێوەیەکی یاسایى ئەرکی پاراستنی ناوچەکەى لەئەستۆدایە ،
نەک هەربەئەرکی خۆى هەڵناسێت بەڵکو هاوکارى ئەم دەستدرێژى
وکاولکاریانەیشە . هێزە عیراقیەکان و دەوڵەتە عەرەبیەکان کەهەمیشە باسى
یەکپارچەى خاکی عیراق ئەکەن دژ بە خواستەنیشتمانیەکانی کورد خۆیانیان
بێ دەنگ کردووە لەم دەستدرێژیانە و هەموویان وەک تەماشاکەر لەگەڵ
قەیرانەکەدا مامەڵە ئەکەن ، لە کاتێکدا ئەوەى تورکیا ئەیکات
پێشێلکردنێکی ئاشکراى سەروەرى خاکی عێراقە . بۆیە ئەوەى لەئارادایە
پیلان وهەڕەشەیەکە بۆسەرهەموو گەلى کورد ، نەک هەرقەندیل .
بەرێزان : قڵاى قەندیل هەرگیزلەبەردەم هیچ داگیرکەرێکی کوردستاندا
نەبەزیوە ، بەدڵنیایەوە ئەمجارەیش هەر وائەبێت ، ئەم هەوڵانەى سوپاى
تورکیا سەکەوتوتر نابێت لەهەوڵەکانى پێشتریان ، بەڵام لەم هێرشانەدا
هاوڵاتیانی کوردستان وگوندەکانی سەرسنورى هەرێم زیانی گەورەى مرۆیى و
ماڵیان بەرکەوتووە ، دڕندەى ئەم سوپا خەریکە کارەساتێکی ترى مرۆیى بە
سەرخەڵکی کوردستاندا دێنێت . ئێمەدەستخۆشى لە خەڵکی قارەمان و جوامێرى
ئامێدی ئەکەین کەتوانیان لەلاى خۆیانەوە بەرپەرچى سەربازەکانی
تورکبدەنەوە ، هیوادارین ئەم جوامێریەى خەڵکی ئامێدی نمونەیەک بێت
بۆهەموو شار وشارۆچکەکانی ترى کوردستان . دەستخۆشى لە هەڵوێستەکانی
سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانیش ئەکەین کە تائێستا توانیویانە حەکیمانە
مامەڵە لەگەڵ ڕەوشەکەدابکەن . هاوکات داوا لەهەمووخەڵکی کوردستان و
هێزو لایەنە سیاسیەکان ئەکەین پێکەوە هاودەنگى وهاو سەنگەرى دروستبکەین
دژى ئەم دەستدرێژیانەو . بەپێویستى ئەزانین کوردستانیانی ناوەو دەرەوەى
وڵات سازو مۆبیلیزە بکرێت دژى ئەم دەستدرێژیانەو لەوەزیاتر ستەمی سوپاى
تورک قبوڵ نەکرێت .
مەکتەبی سیاسی
بزوتنەوەى دیموکراسیخوازانی کوردستان
23/2/2008 هەولێر
|