١٦\٥\٢٠٢١
(دژە جوو)ەکان،
کامانەن؟

عەبدوڵا ساڵح
ھەواڵی شەڕی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل وفەلەستینیەکان کە حەوت ڕۆژە
ھەڵگیرساوە، تا ئەمڕۆش بەگەرمی بەردەوامە، زوربەی ئەو شوێنانەشی
گرتۆتەوە کە فەلەستینیەکانی تێدا نیشتەجێن، بەتایبەت لە کەرتی غەززە،
باڵی کێشاوە بەسەر ھەموو ھەواڵەکانی ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا.
نووسەر وسیاسەتمەدارەکان، تەنانەت خەڵکانێکی کە بەدوور لەسیاسەتیش
خۆیان پێناسە دەکەن، ئەمڕۆ ھاتونەتە سەر خەت و قسەی خۆیان لەوبارەوە
ھەیە، ھەریەکەش لە گۆشەنیگای بیرکردنەوە و جیھانبینی خۆیەوە بۆ دونیا و
بۆ ڕوداوەکان ڕاو بۆچونی خۆی دەردەبڕێ، وەک دەڵێن: ( ھەرکەسەو
لەھەمبانەی خۆیەوە گوێز دەژمێرێ).
ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام کە دەست بدەمە نوسینی ئەو بابەتە دوو ھۆکار بوو:
یەکەم - دیمەنی ئەو کوشت و کوشتار و وێرانکاریەی لە ئەنجامی پەلاماری
سەربازی و ھێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە
بەدوای خۆیدا ھێنای و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، وەدڕندەیی ئەو سوپا چەنگ
بەخوێنە بەدژی خەڵکی سڤیلی فەلەستینی، ھەروەھا سیاسەتی داگیرکاری و
ملھوڕی وجیاکاری دەسەڵاتی ڕاستڕەوی ئیسرائیل لەبەرامبەر
فەلەستینیەکاندا بەگشتی و سیاسەتی گەمارۆدانی ئابوری دانیشتوی کەرتی
غەززە بەتایبەتی، جگە لە پەلامادردانی ئەو خەڵکە لەناوچەکانی تریش،
ئەمەلەلایەک، وە لەلایەکی ترەوە تاوانی کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیلی
دانیشتوی ئیسرائیل وموشەک بارانکردنیان لەلایەن گروپە ئیسلامیەکانی
فەرمانڕەوا لە کەرتی غەززە، لەکاتێکدا کە ئەم گروپانە، وەک ھەموو گروپە
ئیسلامیە ئیخوانیەکان، دەستیان ناوەتە بینەقاقای دانیشتوانی غەززە
ولەبری شیری منداڵ ((موشەکی قەسسامیان)) بۆ دەکڕن و بەزۆر دەسەڵاتی
خۆیان بەسەر ئەو خەڵکە سڤیلەی غەززەدا سەپاندوە و بەھۆی ئەم شەڕەشەوە
بەردەوامی دەدەن بەو دەسەڵاتە شومەیان کە دەیان ساڵە درێژەی ھەیە.
نامەوێ زۆر بچمە بنج و بناوانی وڕەگ وڕیشەی مێژوویی ئەو کێشەیە و دەست
تێوەردانی وڵاتانی زلھێز تیایدا، بەتایبەت ئەمریکا، و وڵاتانی ئیقلیمی
بەتایبەت ئێران وتورکیا، کە ھەریەکەیان لە بەرژەوەندی خۆیەوە
لەکێشەکەدا دەستی ھەیە، وە ھەڵوێستی شەرمێونانە و ڕیاکارانەی دەوڵەتانی
عەرەبیش لەھەمان ئەو کێشەیە، ھەروەھا تەنگژە وبارو دۆخی ناوخۆیی و
ململانێی سیاسی ھێزە ڕاستڕەوەکانی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نەتەنیاھو
لەگەڵ ڕکابەرەکانیاندا، ئەمە جگە لە ئاڵۆزی و فەشەل و گەندەڵی ھێزە
نەتەوەیی و ئیسلامیەکانی فەلەستین.
دووەم - بەکار ھێنانی دەستەواژەی ( دژە جوو )یە کە لەیەکێک لە
ھەواڵەکانی سایتی ڕووداو لەم ڕۆژانەدا بەر چاوم کەوت. ئەم دوو ووشەیە
ھەمان ئەو دەستەواژانەم دێنێتەوە یاد وەک ( دژە کورد، دژەعەرەب، دژە
ئەرمەن، دژە تورک .........) کە تا ئەمڕۆش بازاڕی بەکارھێنانیان گەرمە.
سەقامگیری وئاسایش و خۆشگوزەرانی و پێکەوە ژیانی ئاسودە ودوور لەشەڕ
وئاژاوە ، دوور لە کینەو بوغزو یەکتر کوشتن، ویست وئاواتی ھەموو
مرۆڤێکە لەم جیھانەدا و لەوانەش دانیشتوانی ئیسرائیل، بەو ئەندازەی
دەسەڵات، ھەر دەسەڵاتێک، ئەو ویست و ئاواتەت بۆ دابین دەکا، بەو
ئەندازەیە جێگای پشتیوانیە، ئەگەر ئەمڕۆ لە دانیشتویەکی ئیسرائیل،
بەتایبەت لەو شوێنانەی موشەکەکانی حەماس و جیھاد دەیانگاتێ، بپرسی ئاخۆ
دەسەڵاتدارانی ئەو ووڵاتە بەدرێژایی مێژوو توانیویانە، بەردەوام کەم تا
زۆر، ئەم ئاواتەی خەڵکی جوولەکە دابین بکەن، یا خود ھەمیشە لە دڵە
ڕاوکێدا ھێشتویاننەوە؟ دیمەنەکانی ئێستای دانیشتوانی شاری تەل ئەبیب و
عەسقەلان سەیربکەی دەتوانێ ئەم وەڵامەو لە سیمایاندا بەدی بکەی، ھەر
بۆیە ئەگەر بڕیار بێ ئەو خەڵکە بەدوای دەستنیشانکردنی ( دژە جوو)وەوە
بن، دەبێ سەرەتا لە دەسەڵاتدارانی خۆیانەوە دەست پێبکەن کە بەھەمان
زمان دەدوێن ھەمان بیر وڕای ئایینیان ھەیە، ئەمجا بێنە سەر دوژمنانی
دەرەکی.
ئەم فۆرمۆڵە سادەیەی سەرەوە، گشتگیرە وناکرێ بۆ گروپێک ڕەوا بێ وبۆ
یەکێکی تر نا! مێژوو سەلماندویەتی کە دەستنیشان کردنی ( دژ ) لەسەر
بنەمای {نەتەوە، ئایین، ڕەنگی پێست، ڕەگەز}، جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک
و فریودانیان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی بارو دۆخی ئابوری سیاسی
کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا لەلایەن کەمینەیەکی باڵا دەست بەسەر زۆرینەیەکی
ژێردەستدا، شتێکی تر نیە.
لەھەر گۆشەیەکی دونیا بیگری مرۆڤەکان لەباری جەستەییەوە چوون یەکن، کەس
سێ چاوی نیە، دوو دڵ و دوو سەری نیە...... خوێنی دانیشتویەکی ئوسترالیا،
بەگوێرەی گروپی خوێن، بۆنمونە، بۆیەکێکی دانیشتوی کوردستان دەبێ،
ھەڵکەوتەی جوگرافیایی ھاتنە دنیای مرۆڤ ناتوانی شوناسێکی جیا لە شوناسی
ئینسانیبوونی بۆ دەستنیشان بکا و لەسەر ئەو بنەمایە جیای کاتەوە لەوانی
تر، ئەوە ئەو شوناسە داتاشراوەیە کە بۆتە ( تەوقی عەزازیل) لە ئەستۆی
بەشەرەکاندا و جیای کردونەتەوە، ئەمەش خۆی مەبەستی سیاسی نەبێ ھیچی تری
بەدواوە نیە. دەکرێ لەپاڵ شوناسی ڕاستەقینەی مرۆڤ بووندا شوناسی
تریشمان ھەبێ بەڵام ئەم (شوناسی ترە) بۆ ( دژ ) بوون بەکار نەھێنرێ و
نەکرێتە بنەما.
ئەگەر ئەم ڕاستیە بۆ مرۆڤ بوون ڕەوا بێ ، ھەمان ڕاستی بۆ ئەو
سەرزەمینەی مرۆڤەکانیشی لەسەر دەژین ڕەواترە، وێنەی گۆی زەوی لە قوڵایی
ئاسمانەوە سەیر کەین ھیچ جۆرە سنورێکی تیادا بەدی ناکەین، ئەو سنورانە
ساختەن وەک شوناسەکان و دەستکردی مرۆڤەکان خۆیانن لەپێناو ھەمان
مەبەستی پێشتر ئاماژەم پێدا.
لە خۆڕا نیە زیندە یاد ھێمنی شاعیر ئەو بڕگەیەی لە شیعری ( ناڵەی
جوداییدا ) پێش بڕگەی دواتری خستوە کاتێک دەڵێ :
شیوەنی من شیوەنی ئینسانیە
بانگی ئازادی و گڕۆی یەکسانیە.
١٦\٥\٢٠٢١
a_salih11@hotmail.com
|