په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١٦

دژی پاگەندەیەک دوای بردنەوەی ترامپ.

حەمە غەفور     


بۆرژوازی ئەمەریکی بە هەموو بەشەکانییەوە، بۆرژوازی ئەوروپی و جیهانیش هەموو بەشوێنیدا، بە هاوکاری ماسمیدیای نۆکەر بە چڕوپڕی سەرقاڵی ئەوەن، بە بۆنەی بردنەوەی کایەی هەڵبژاردنی ئەمریکاوە، ئێمە رادەستی گەمژایەتی و سەرشێتییەکانی دۆناڵد ترامپ بکەن، تا لەم ڕێیەوە ڕوخساری دژە مرۆیی و دڕندەیی سەرمایەداری و گشت نوێنەرانی کاپیتاڵیستی ئەمڕۆ، هەر لە فاشیزمی نەتەوەپەرستییەوە تا شۆڤێنیزمی ئیسلامیی، ناسیونالیزم، لیبڕاڵیزم و دیموکراسیزم تا بە فڕوفیشاڵ و پاگەندەی دیکە داپۆشن و بیشارنەوە لێمان!

ڕاستە ترامپ سەرڕاستتر لە ئۆباما ڕەنگە جیهانی ئێمە پاڵ پێوەنێت بۆ نێو جەنگ و کێبەرکێیەکی توندتری دابەشکردنەوەی جیهان و برسێتی و هەژارییەکی زیاتر بکاتە نسیبی دەیان ملیۆن مرۆڤ، ئێستاو ئاییندەی مرۆڤایەتی نغرۆی قازانپەرستی و چاوچنۆکی سەرمایەو سەرمایەداران بکات زیاتر لە ڕابردوو، بەڵام نابێت ئەو راستییە لەیاد بکرێت کە هەموو ئەم تاوانکارییانەو ئەم فریوکرایانەی چینی بۆرژوازی ئەنجامیئەدات لە ترسی کۆمۆنیزم و چینی کرێکار ئەیکات، لەترسی هاتنەمەیدانی هیزی گەورەی شۆڕشی کرێکاری و سۆشیالیزم ئەیکەن.

چونکە چینی بۆرژوازی باشتر لە هەر کەسێک درکیان بە مەترسی چینی کرێکارو هێزی ژێروژوورکەری ئەو بۆ گۆڕینی ئەم جیهانە کردووە بە جیهانێکی باشترو شاییستەتر. ڕژێمی سەرمایەداری تەنهاو تەنها لەلایەن کۆمۆنیزم و هێزی پرۆلیاریاوە ئەتوانریت بگۆڕڕیت بە سیستەمێکی سۆشیالیستی کە مرۆڤ تیایدا مەبەست و سەرەکییە. بۆیە هەمیشەو هەموو ڕێگایەک دەگرنەپێش‌ و لە تێکۆشاندان بۆ بەرگرتن بە هاتنەمەیدانی ئەم هێزە شۆڕشگێڕو ئاڵوگۆڕ بەخشە، کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا یەکێک لەو ڕێگایانەیە. واتە ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی جیهان بۆ لای دیموکراسی و هەڵبژاردنی پارلەمانی و چی و چی کە نموونەکەی لە ئەمریکا هەر ٤ ساڵ جارێک نماییش دەکرێت!

مرۆڤایەتی نابێت چیتر فریوی ئەم گەمەیەی چینی بۆرژوازی ئەمەریکا بخۆن و خۆیان رادەستی چارەنووسێک بکەن کە ئەوان و هاوڕێکانیان لە ئاستی جیهاندا بۆ مرۆڤایەتیی ئێمەیان داڕشتووە. ئێستاو ئاییندەی ئێمەو جیهانی ئێمە بەندە بە خەباتی چینی کرێکارو بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە. ڕێگا خۆشکەن ئەم هێزە بێتەپێشەوەو هەموومان پێوەی پەیوەست ببین. سەقامگیریی و ئاشتی و ئاساییش لە سەدەی بیست و ئێستاشدا بۆرژوازی بە جەنگە جیهانییەکانی سەلماندوویەتی لە توانایدا نییە وەدستی بهێنێ. ئیتر سەردەمی کۆمۆنیزم و چینی کرێکارو ئازادیخوازانە جیهان بەدەستەوەبگرن.


١٠\١١\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی حه‌مه ‌غه‌فور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک