٢١\٣\٢٠١٥
دیکتاتۆریەتی
بنەماڵەیی لە نێو دیکتاتۆریەتی حیزبیی و
ناوچەیی.

هێمن عەباس
ئەوە پتر لە دوو دەیەیە لە هەرێمی کوردستان
ئەو ناوچە و شار و شارۆچکانەی لە ژێر دەسەڵاتی کوردی دان هەرچەندە بە
رواڵەت باس لە پەرلەمان و حکومەت و دیموکراسی دەکرێ و سەرزارەکییانە و
بە مەبەستی بەکاربردنی نێوخۆیی وەکو دەسەڵات و دامودەزگای بەڕێوەبردنی
(شەرعی و فەرمی) خەڵک دەخرێنە روو، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەمە تەنیا بۆ
رووکەش و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی کوردستانە، ئەوەی کە بە واقعیی دەیبینن و
لە کردەوەدا پەیڕەو دەکرێ هەمان دەسەڵاتی میلیشیایی حیزبیی رووتە. ئەم
جۆرە لە دەسەڵاتی میلیشیایی بۆتە هۆکارێک بۆ دابەشبوونی هەرێمی
کوردستان بەسەر دوو ناوچە و دوو دەسەڵات و دوو کارگێڕیی جیاوازدا.
سەرئەنجام دابەش بووە بەسەر دەڤەری زەرد و دەڤەری سەوزدا واتە دەسەڵاتی
پارتی و یەکێتی، دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی. ناوچەکانی هەولێر و دهۆک
و دەوروبەری بوونەتە مۆڵگەی دەسەڵاتی پارتی و بارزانی. هەروا ناوچەکانی
سلێمانی و گەرمیان و دەوروبەری (لەو دواییانە کەرکووکیش) بوونەتە
مۆڵگەی دەسەڵاتی یەکێتی و تاڵەبانی.
ئەم جۆرە لە دەسەڵاتی حیزبیی و میلیشیایی و ناوچەیی بۆتە هۆکارێک بۆ
سەپاندن و جێکەوتەکردنی دوو دیکتاتۆریەتی حیزبیی و ناوچەیی بێ پەردە لە
لایەن هەردوو دەسەڵاتی حیزبیی و سەرۆکەکانیانەوە. پارتی لە ناوچەکانی
ژێر دەسەڵاتی خۆیدا لە رێگای ترساندن و گرتن و فڕاندن و کوشتن و
سیخوڕییکردن بەسەر خەڵکەوە هەروا لە رێگەی گوشاری ئابوورییەوە
توانیویەتی کۆنترۆڵی تەواوی جومگەکانی کۆمەڵ بکا و دەسەڵات و یاسایەکی
دیکتاتۆریانەی بێ پەردە بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ. یەکێتیش بە هەمان شێوەی
پارتی لە کۆششی سەپاندنی ئەم دیکتاتۆریەتە بێ پەردەیەدا بووە لە
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا.
لە نێو ئەم دوو جۆرە دیکاتاتۆریەتە (حیزبیی و ناوچەییە)شدا
دیکتاتۆریەتێکی بنچینەیی و هەڵسوڕێنەر و کاریگەرتر لە کاردایە کە
جومگەی سەرەکیی و بەهێزی دەسەڵات بە دەستیەوەیەتی ئەویش دیکتاتۆریەتی
بنەماڵەیە. لە نێو پارتی و ناوچەی دەڤەری زەردا دیکتاتۆریەتی خێڵەکیی و
بنەماڵەیی بارزانی دەستیان بەسەر هەموو پۆست و ئۆرگانە گرنگ و
هەستیارەکانی حیزب و دەسەڵات داگرتوە، وەک سەرۆکی حیزب و پاراستن و
سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرجەم جومگە و بڕگە بەهێزەکانی
دەسەڵات. لە رووی ئابووریی و داراییشەوە بە هەمان شێوە تا ئەو کاتەی
بازرگانیی و باج و پارەی گومرگ کۆڵەکەی بنەڕەتیی سەچاوەی داهات بوو
سەرچاوە گومرگییەکان و بە تایبەتییش گومرگی برایم خەلیل و بازرگانییە
سەرەکییەکانی تیلیکۆم و بیناسازیی و جگەرە و بودجەی هاتوو لە بەغداوە
بە دەستی ئەندامانی بنەماڵەی بارزانییەوە بووە، ئێستاش کە دەرهێنان و
بازرگانیی نەوت سەرچاوەیەکی بێ ئەژمار و لە هزر بەدەری داهاتە راستەوخۆ
لە ژێر دەستی سەرۆکی حکومەت و ئەندامان و کەسە نزیکەکانی بنەماڵە و
خێڵەکەی بارزانی دایە.
لە ناوچەکانی دەڤەری سەوزیشدا لە نێو دیکتاتۆریەتی دەڤەری سەوز و
یەکێتیدا دیکتاتۆریەتی بنەماڵەی تاڵەبانی بە هەمان شێوەی بنەماڵەی
بارزانی لە کۆششی سەپاندنی دیکتاتۆریەتی ئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانین.
ئەمڕۆ هەموو بڕگە و پۆستە گرنگەکانی نێو یەکێتی و دەسەڵاتەکەی لە
ناوچەکانی خۆیان و نێو حکومەت بە دەست بنەماڵەی تاڵەبانیەوەن، سەرۆکی
یەکێتی و دەزگایەکانی زانیاریی و دژە تیرۆر و هێزی پێشمەرگە و سەرچاوە
دارایی و ئابوورییەکانی یەکێتی و کۆمپانیایە بازرگانیی و بەرهەمهێنەکان
و پەیوەندییەکان بە دەستی سەرانی ئەم بنەماڵەیەوەن جا چ بە ئاشکرا چ بە
نهێنیی.
لێرەوە دەردەکەوێ ئەوەی کە لە کوردستاندا دەسەڵاتی کردەیی بە دەستەوەیە
و جومگەکانی ئەو دەسەڵاتە و کایە سیاسییەکان و ئابورییەکان دەجوولێنێ و
بەڕێوەی دەبا بەرژەوەندیی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە بنەماڵەییەیە نەک
دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و دادوەریی کە بە رووکەش
هەڵبژێردرێن و دادمەزرێندرێن و بە شێوەی دەستووریی و یاسایی دەرخواردی
خەڵکی کوردستانی دەدرێن.
١٧\٣\٢٠١٥
aryan78@hotmail.co.uk
|