په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٧\٢٠١٨

دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو قوربانى دەستى تیرۆرە.

عەبدولڕەحمان رەسول  


کاتێک سیستەمێک و دەوڵەتێک و حکومەتێک و دەسەڵاتێک بەرامبەر بە مرۆڤە کان جۆرە سیستەمێک و یاساگەلێک پیادە نەکات کە هاندەربێت بۆ ئەوەى مرۆڤەکانى کۆمەڵگا باوەڕیان بە چەسپاندنى ئازادى هەبێت هەرگیز بەبیانوى بیروبڕواى جیاواز وسیاسى جیاواز و فکرى و بیرکردنەوەى جیاواز و فەرهەنگى جیاواز و کەلتوورى جیاواز و هونەرى جیاواز و ئایینى جیاواز و نەتەوەى جیاواز و ڕەنگى جیاواز و ڕەگەزى جیاواز لە ژێربیانوى سەرجەم بیانوە جیاوازەکانى تر هیچ مرۆڤێک لە ژن لە پیاو لە مناڵ و لە مرۆڤى بە تەمەن فشار نە خرێتە سەر هیچ مرۆڤێک لە سەرهەبوونى جیاوازەکان و لەسەر خستنە ڕوویی جیاوازی یەکان و لەسەر داوا کردنى مافە جیاوازەکان و لە سەر داواکردنى ئازادى بێ مەرج نەخرێتە زیندانەوە و ئازار و ئەشکەنجە نەدرێ و لە زینداندا نەکوژرێ و لە سێدارە نەدرێ ,ئەوا لەو قۆناغ و کاتەدا مرۆڤەکانى کۆمەڵگا هەموویان ئاسوودە و دڵخۆش دەبن بەڵام ئەگەر سیستەمێک هەموو ئازادى یەکان ڕەدبکاتەوە ,بە توندترین جۆر و شێواز دژایەتى خۆیی بەرامبەر ماف و ئازادى یەکان ڕابگەیەنێت وبە ئاشکرا سەرجەم جیاوازى یە نەوتەوەیی و ئایینى و فەرەهەنگى و کەلتوورى و سیاسى و فکرى یەکان و سەرجەم جیاوازی یەکانى تر بەپیلانگێڕى بەردەوام زیندەبەچاڵ بکات و لەناویان بەرێت و بە ئاشکرا و لە بەرچاوى مرۆڤایەتى تیرۆربکات و لەسێدارەیان بدات تەنها لەپێناوى هێشتنەوەى خۆی و تاڵانکردنى سەروەتى سامانى زۆرى کۆمەڵگا,جگە لە سیستەمێکى مافیایی و فاشیزم هیچ ناوێکى تر هەڵناگرێت.

ئەمە سیستەمى کۆنەپەرستى ئیسلامی ئێرانە کە ئاخوندەکان بەدرێژایی ٤٠ چل ساڵە هەروەک بەڵا خۆیان بە زۆرى بەزەبرى کوشتن و تیرۆر و تۆقاندن و سێدارە و برسى کردنى خەڵکى ئێران و کوردستان سەپاندووە.هەر بیروباوەڕێک و فکرێکى پێشکەوتن خواز و ئازادیخواز و سیکۆلار هەبووبێت لەکۆمەڵگا دا سەر کوتیان کردووە و خامۆشیان کردووە بە جۆروشێوازێکى دڕندانە و نامرۆڤانە.لە چەسپاندنى هیچ یاسا و دەستورێک ڕەچاوى پاراستنى و ماف و شکۆیی مرۆڤایەتیان نەکردووە ,کۆمارى ئیسلامیی ئێران کۆمارى سێدارە و بەرهەمهێنانى تیرۆر و بیروباوەڕى توندڕەوى یە لە ئێران و وڵاتانى ڕۆژ هەڵاتى ناوەڕاست و بگرە جیهانیش,هەر بۆیە بەدرێژایی ئەو چل ساڵەى تەمەنى گەورەترین خزمەتى بە بزوتنەوەى تیرۆریستى و ڕێکخراو وگرووپ و حیزبە توندڕەوە ئیسلامیی یەکانى کردووە کە بە بەردەوامى ئاسائیش و ئارامى خەڵکیان تێکداوە لە وڵاتانى ڕۆژ هەڵاتى ناوەڕاستى وەک سووریا و عێراق و یەمەن و لیبیا و بگرە زۆر جار ئاسائیش و ئارامى خەڵگى ئەو روپا و کەنەدا و بەریتانیان تێکداوە و خەڵکیان بە تەقینەوە و کارە خۆکوژى یەکانیان کردۆتە قوربانى و بۆ ماوەیەک ترس و دڵەڕاوکێ یان لە ناو خەڵکدا بڵاو کردۆتەوە.

ڕاستى یەک هەیە پێویستە سەرجەم مرۆڤایەتى بزانێت ئەویش ئەوەیە کە سیستەمى ئیسلامیی ئێران گەورەترین کارگەى بەرهەمهێنانى تیرۆر و بیروباوەڕوفکرى توندڕەوی یە .بۆیە ئەگەروڵاتانى پێشکەووتوو شارەستانى و مرۆڤە ئازادیخوازو ئینسان دۆست ویەکسانیخوازەکان دژایەتى تیرۆر دەکەن پێویستە هاوکاربن بۆ گۆڕانکارى لەسیستەمى ئیسلامیی لەئێراندا.پشتیوانى ماددى و مەعنەوى لە حیزبەکان و کەسایەتى یە سیاسى و ڕوناکبیرى یەکانى ئۆپۆزیسیۆنى کوردى ڕۆژ هەڵاتى کوردستان و ئێران بکەن.بەسەرکەوتنى ئەم هێزانە نەک هەر کۆمەڵگاى ئێران بەڵکو ڕۆژ هەڵاتى ناوەڕاست هەنگاوى گەورە دەنێت بەرەو بەدیهێنانى ماف و ئازادى یەکان و بە شارەستانى کردنى کۆمەڵگا کەیان .

یەکێک لە قوربانیانى دەستى تیرۆرى کاربە دەستانى باڵاى کۆمارى ئیسلامیی ئێران کە بەپیلانێکى داڕێژراوى کۆنەپەرستانە و دژە ئینسانیانە بە جۆرێکى وەحشیگەریانە ئەنجامدرا لە وڵاتێکى بەحیساب شارەستانى و مەدەنى و پێشکەوتوو , لە ژێر سیستەمى وڵاتێکى ئەوروپى دا مرۆڤێکى خاوەن فکروبیرکردنەوەیەکى سیکۆلار و ئازادیخواز و دیموکراتخواز کە ناخى پڕ لە بیرۆکەى جوان بوو بۆ بەرەوپێش بردنى نەک تەنها کۆمەڵگاى کوردستان و ئێران بەڵکو بۆ سەرجەم مرۆڤایەتى سوودى هەبوو بەڵام یەک زیانى بچووکیشى نەبوو,بە هەڵسوکەوت و بەهرەو بیرکردنەوەجوانەکانى نەک تەنها شایەستەبوو کە حیزبێک بەڕێوەبەرێت یان کۆمەڵگاى رۆژهەڵاتى کوردستان بەڕێوەبەرێت بەڵکو شایەستەبوو لە دەوڵەتدارى دا گەورەترین کۆمەڵگاى جیهانى پێ بسپێرى و بەڕێوەى بەرێت .ئەو سەرکردەیەش زۆربەڕێز دکتۆرعبدالرحمن قاسملووبوو کە هەرچى بنووسى لەئاستى دا هەر کەمە.وێڕاى هەبوونى جیاوازى فکرى و بیرکردنەوەکانى خۆیی و حیزبەکەى لەگەڵم بەڵام مرۆڤێک بوو ڕاستگۆ و بوێرو خاوەن فکرى سیکۆلار و ئازادیخواز بوو هەقى خۆیەتى سەرجەم خەڵکى کوردستان و ئازادیخوازان قەدری مێژوویی تێکۆشانى ئەو مرۆڤە بزانن و شانازى بە تیکۆشانێوە بکرێ , ناکرێت هەرگیز لە یاد بکرێت.

دکتۆر عبدالرحمن قاسملوو چەندین ساڵ لەمەوبەر درکى بەگەشەکردنى بیروباوەڕى توندڕەوى و تیرۆرى کردبوو کە لە لایەن کۆمارى ئیسلامیی ئێرانەوە گەشەى پێدەدرێ و هاوکارى و پشتیوانى دەکرێ.هەر بۆیە لەیەکێک لە لێدوانەکانى دا دەڵێت (هەر چەشنە تیرۆرى فکرى دەبێ لەناوبچێ , وە هیچ کەس نابێ لەبەر بیروباوەڕى خۆى بخرێتە ژێر فشارەوە.) هەروەها دەڵێت ( سیاسەتى ئێمە ئەوەنى یە هەر کەس دۆسمان نەبێت دوژمن مانە,سیاسەتى ئیمە ئەوەیە هەر کەس دوژمن مان نەبێ دۆستمانە.).

دکتۆر عبدالرحمن قاسملوو ئەو تێکۆشەرە ئازادیخوازبوو کە پێى وابوو دەبێت هەر چەشنە تیرۆرێک لەناوبچێ کەواتە خاوەنى فکر و بیرکردنەوەیەکى سوودبەخش بوو بۆ مرۆڤایەتى بە بیروباوەڕى خۆم مرۆڤێک لێوان لێوبوو لە مرۆڤ پەروەرى و مرۆڤ دۆستى و ئازادیخوازى و پیشکەوتنخوازى و ئاشتیخوازى دا بە ئاشکراو بەبێ سڵکردنەوە لە هیچ لەمپەرێک هەموو ئەمانەى بەکردار بەرجەستە کردووە.

لە دەستدانى ئەم تێکۆشەرە خەمێکى بچووک نەبوو لە سەرتاسەرى کوردستان و تەواوى ئەو کەسانەى کە بۆیەک جاربینویانە یاخود کتێب و نووسراوەکانى خوێندۆتەوە یان گوێ یان لە قسەکانى گرتووە بەپرۆشەوە بوون هەرگیزیش ناتواندرێت لە یاد بکرێت ئەم تێکۆشەرە سیکۆلار و پێشکەوتنخوازە نموونەیەکى نەوازە بوولەمێژوو تێکۆشانى کۆمەڵگاى کوردستاندا .

زۆر زۆر بە داخەوە دکتۆر عەبدولڕەحمان رەسول قاسملوو لە ٢٢ی پووشپەری ساڵی ‌١٣٦٨ بەرامبەر بە (١٣\٧\‌١٩٨٩) لە کاتێک دا بۆ دۆزینەوەی رێگە چارەی ئاشتیخوازانەی مەسەلەی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتبوو، شەھیدکرا.دوکتۆر عبدالرحمن قاسملوو سکرتێرى حیزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران بوو لەگەڵ چەند هاورێ یەکى تردا بە ناوەکانى (عەبدوڵا قادری ئازه‌ر، دكتۆر فازل رەسول به‌یه‌كه‌وه‌ تیرۆر كران.) لە کاتى دانوستاندن و وتووێژ بۆ چارەسەرى کێشە و پرسى سیاسى کورد لەگەڵ ئێران لەلایەن دیپلۆمات تیرۆریستەکانى کۆمارى ئیسلامیی تیرۆر کران . لە کاتێکدا گفتوگۆى ئاشتیانە له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌نجامداوه‌,بە چه‌سپاندنی مافه‌ سه‌ره‌تایه‌كانی مرۆڤ له‌ كوردستان ڕازیبوون، هه‌موو هه‌نگاوێكیان ناوه‌ بۆ چه‌سپاندنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئینسانییه‌كانى کورد لە ڕۆژ هەڵاتى کوردستان ، به‌ڵام حكومه‌تی كۆماری ئیسلامی به‌گشتی و خومێنی و رابه‌رانی تری کۆمارى ئیسلامی بەتایبەتى سه‌رجه‌م ئازادى و مافه‌كانی بۆ خه‌ڵكی كوردستانیان ڕه‌تكردۆته‌وه‌، زۆر بی ڕوحمانه‌ ده‌ستی بردووه‌ بۆ چه‌وسانه‌وه‌ و كۆیله‌ كردنی خه‌ڵكی كوردستان.

په‌یامی قاسملو ئه‌وه‌بوو كه‌ نابێت مرۆڤ كۆیله‌ بكرێت، ئینسان چ له‌ ڕووی جه‌سته‌وه‌، هێزی باسك بۆ به‌رهه‌مهێنان یان له‌ ڕووی هزری و توانه‌كانی مرۆڤ كۆیله‌ بكرێت، كۆیله‌بونی مرۆڤ له‌ ژێر هه‌ر بیانوێكه‌وه‌ بێت ناشایه‌سته‌ و نائینسانی و به‌ مه‌حكوم ده‌زانی.دكتۆر قاسملو خاوه‌ن و فكر و ئه‌ندێشه‌یه‌كی تایبه‌ت بوو، جوان له‌ تیۆره‌كان تێگه‌یشتبوو.له‌ ره‌فتار و كرداری سیاسی نیشانیدابوو كه‌ ره‌فتاری جیاوازبوو له‌وانی تر ره‌فتار و كرداری جیاوازبوو له‌و ره‌فتار و كرداره‌ی كه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا عاداتی پێكردبوو.وه‌كو ئه‌كته‌رێكی سیاسی خاوه‌ن كاریگه‌ری به‌هێزبوو چونكه‌ خاوه‌ن بیركردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوبوو.ئه‌م رابه‌ره‌ بڕوایه‌كی به‌هێزی هه‌بوو به‌ ره‌وتی تێكۆشانی ئاشتیخوازانه‌ هه‌ر بۆیه‌ هیچ هه‌نگاوێكی كفتوگۆی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی ره‌تنه‌ده‌كرده‌وه‌ به‌ڵكو به‌خۆشحالی وه‌ كفتوگۆی له‌ باره‌وه‌ ده‌كرد.

زۆر بەداخەوە لە دوایی تیرۆر کردنى دکتۆر عەبدولڕەحمان رەسول قاسملوو کەیسەکەى فیدایی بەرژەوەندى ئابوورى وبازرگانى نێوان ئێران و نەمسا کرا.هیچ دەوڵەتێکى ئەوروپى و یەکێتى ئەوروپا و بەریتانیا و کەنەدا و ئەمریکا ناوەندە ڕیکخراوەکانى تایبەت بە داکۆکى کردن لە مافەکانى مرۆڤ لە دەوڵەتە پێشکەووتووەکان هیچ جۆرە فشارێکیان نەخستە سەر کار بەدەستانى نەماسا بۆ دادگایی کردن و بەسزا گەیاندنى تاوان باران و پیلانگێڕانى ئەو ڕووداوە تیرۆریستى یە لەبەرئەوەى بەرنامەى پیلانگێڕێکە لەلایەن بەربەرسانى باڵاى کۆمارى ئیسلامیی ئێرانەوە داڕێژرابوو بەڵام لەبەر پاراستنى بەرژەوەندى ئابوورى و بازرگانى و سیاسی ئەو کێسەیە لە دادگا دیزە بە دەرخۆنە کرا .سێ (٣) ساڵ دواتر دیسان تیرۆریستانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران لە ١٧/٩/ ١٩٩٢ لە ولاتى ئەڵمان لە شارى بەرلین دکتۆر سادق شەرەفکەندی، هاورێکانى تیرۆر دەکەن ,و وە دواتریش چەندەها کەس لەتێکۆشەران وهەڵسوڕاوانى حیزبەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانى لە باشوورى کوردستان و وڵاتانى ئەوروپا تیرۆرکران لەلایەن تیرۆریستانى کۆمارى ئیسلامیی ئێرانەوە.

ڕژێمى کۆنەپەرستى ئیسلامیی ئێران لە دژى خەڵکى کوردستان و تێکۆشەرانى ئازادیخواز و سیکۆلارست و یەکسانیخواز بە دوو ڕێگاى زۆر وەحشیانە و دڕندانە ویستوویەتى بەر بە تێکۆشانى مەدەنى و ئازادیخوازى خەڵکى کوردستان و ئێران بگرێت ئەویش گەشەدان و بەردەوامى دان بە ئەنجامدانى لە سێدارەدانى گەنجان و لاوانى کوردى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە ڕۆژانە بەدرێژایی چل ساڵە بەردەوامە لەجێبەجێ کردنى و هەروەها نەخشەدانان بۆپیلانگێڕى کارى تیرۆریستى لە دژى هەڵسوڕاوانى سیاسى ئازادیخواز و سیکۆلاریست و دیموکراسخوازى کوردى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران.بەڵام ڕۆژ دوایی ڕۆژ بەهۆى ئەنجامدانى کارە دژە ئینسانى یەکانى و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ و گەشەدانى بە بێکارى و هەژارى و سەر کوت و ئیستبدادى و چەوسانەوە و زیندانى کردن و لەسێدارەدان وتیرۆر و کوشتنى کۆڵبرانى زەحمەتکێشەوە بەر نەفرەتى خەڵکى ئێران و ڕۆژهەڵاتى کوردستان و مرۆڤایەتى جیهان دەکەوێت ,هەنگاو بە هەنگاو و ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ ئەم ڕژێمە ئیسلامیی یە بەرەو ڕوخان ملدەنێ .

هه‌زاران سڵاو له‌ یادی ٢٩ساله‌ی تیرۆر كردنی ئەم تێکۆشەرە ئازادیخوازە ئەویش دكتۆر عەبدولڕەحمان رەسول قاسملوو و هاورێكانی , سڵاو لە یادى دکتۆر شەرفکەندى و هاوڕێ کانى ,سڵاو لەیادى سەرجەم ئەوانەى بوونە قوربانى دەستى تیرۆر و تیرۆریستان ,هەزران سڵاو لە خانەوادە و بنەماڵەى قوربانیانى دەستى تیرۆرو تیرۆریستان ,ڕیسوایش بۆ تیرۆرستان و بكوژانیان. هه‌رگیز به‌رخودان و تێكۆشانی ئه‌م ڕابه‌ره‌ له‌ یاد ناچێت وه‌كو سمبوڵێكی ئازادیخوازی و ئاشتیخوازی ناوی ده‌چێته‌ مێژووی تێكۆشانی مرۆڤایه‌تی یه‌وه‌.له‌ ناو خه‌ڵكی كوردستانیش نه‌وه‌دوای نه‌وه‌ داستان و خه‌بات و بیروباوه‌ڕی ئه‌م ڕابه‌ره‌ باس ده‌كری سوود له‌ فكر و بیروباوه‌ڕه‌ ئینسانییه‌كه‌ی وه‌ر ده‌گیرێت.
 

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڕه‌حمان رەسول

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک