په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٦

    دڵێک لە پەڕەی گوڵ.

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

١
ناوێرم چاوی تۆ،نیشانی ھیچ عاشقێک بدەم
نەوەک ئاخێ ھەڵکێشی و
شعرێکت بۆبنوسێ
ناوێرم تۆ نیشانی ھیچ ژنێ بدەم
نەکا لەجیاتی تۆ،خۆی بخزێنێتە باوەشمەوە
بێ و لەنێو دڵما بنوێ
ناوێرم گەردنت نیشانی تاوسێ بدەم
دڵنیام لەخوا دەپاڕێتەوە،،دەڵێی خودایە
بامن بمرم ئەو نەمرێ.
٢
ھێندە بەناسکی دەدوێی
نازانم چۆن بتنوسمەوە
پەڕەی رۆحم گڕ دەگرن
ھەور دەبێتە نمەی باران
ھێندە جوان پێدەکەنیت
سەرم دەبێ بەدارستانی چڕو
بەدڵۆپێ ئاوی شەونمی بەربەیان لێوەکانم دەبن..
٣
لەتریفەی شنەی شەماڵی بەیانیان دەچی
پڕ دەبی لەزەر دەخەنە
کاتێ لێوت تەڕ دەبێ بەماچی من
رەنگی پایز زەرد دەبێ و
خونچە گوڵێک ھەڵدەوەرێ.
٤
لە ناخی قووڵایی زەویەوە ھاتووم
خۆر دەبەخشمە دەرونت
کانیاو پڕ دەکەم لەئاو
کاتێ گوڵی لێوت
پرشنگی خۆر دەنوێنێ
زەردەت بۆدەکەم بەھەتاو.
٥
تۆ ئەزانی
لەنێو دڵی پڕ لەپەژارەی شێت و وێڵما
ھەرچی رێگەی دژوار ھەیە پێدا گەڕام
ھەرچی سنوری ژیان ھەیە
چی ئازاری نیشتمانە
لە نێو رۆحما کۆمکردەوەو
نەمام نەمام بوومە سەرچاوەی کانی و
بوومە تریفەی مانگەشەو ،گوڵە ھەنارێک و، ڕوام.
٦
لەماڵە بچکۆلانەکەی رۆحتەوە ھاتووم
ھیچ دەنگێکت نایەتە گوێم
نە جریوەی باڵندەو ،نەشنەی بایە
بۆیە رەنگی پەری دڵم
بۆ ملوانەکەی دڵت ساوایە.
٧
ھەمیشە وەکوو شەستەباران دادەباریت
نمە نمە دێتە خوارێ
کورەی دڵت ئاگردانەو
شنەی رۆحت دەبێتە منداڵێکی ساواو
وەک سەرخۆشێک بۆ باوەشم دێیت و دەچیت.
٨
بەڵێنت دا
گوارەیەک لە چاوی مانگ بکەیتە گوێچکەم
روناکی لەگلێنەی چاوەکانت
شوێنی ووشەی ئازار شکێن بسڕنەوە
مەمکی درەختی شعرەکان پڕ کەن لەگوڵ
کۆرپەی ساوای حەزەکان ژیر کەنەوە.
٩
ببە بەپەپوولە
بەباڵە فڕەی باڵەکانت
لەنێو باخی ووشەکانم
نیگار کێش بەو رەنگم بکە
لەسەر چڵی درەختی دێڕەکانم
بەلێوی تاسەت
بە عیشوەوە ماچێک بنێرە،بۆ دێڕی ھۆنراوەکانم
"من دڵنیام ئاسۆی چاوی نەپشکتووم
لەنێو تریفەی خەیاڵما،،پێڵووی حەزم
بۆجریوەی ئەستێرەی عەشق ئەنێرم.
١٠
لەوانەیە دێڕ بەدێڕی گەڵای ووشەکانم
لە دەفتەری یادگاریما کاڵ ببنەوە
لەوانەیە رقی توڕەم
بەر رەشەبای شعرم کەوێ و
خەمەکانم بسڕنەوە
بەڵام ھەرگیز ھەرگیز
جریوەی ئەستێرەی چاوت
گریانی ھەوری ژوانەکانت
لەدیدەمدا ناسڕنەوە.
١١
نازانم بۆ خەونەکانم ھەرتۆن
لەگەڵ زەردەی بەیانیاگەش دەبنەوە
ئەبن بە گوڵە مێخەک و نێرگز
لەکەناری رۆحما دەڕوێن
ھەستەکانم بۆنی دەکەن
پەنجەکانم دەینوسنەوە.
١٢
تۆ ھەرگیز تیونیەتیت بینیوە
روخسەت لەرووبار وەرگرێ
تۆ ھەرگیز گەرمات بینووە
خۆرەتاو لەخۆت زیز بکا
لەسەر رۆحی گەڵا بنوێ.
١٣
من دەمەوێ چوار وەرزی ساڵ خۆشم بوێی
تاباڵای شعرم وەک پەلکەزێڕینە رەنگاو رەنگ بێ
ئاسمانم لێ مەتۆرێنە
بادڵی ھەور گەرد نەگرێ
" من دەمەوێ
وەک بووکە بەفرینەیەک بمرم
نەوەک جەستەم گڕ بگرێ.
 

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک