٦\١\٢٠١٣
دڵێک لە قوڕقشم.

بێستوون
مینە
من شەوان خەون بە
دوو باڵەوە دەبینم
کاتێک خەبەرم دەبێتەوە قاچەکانم دزراون
من خەون بە کچێکەوە دەبینم
بەیانى سەرم لە لاشەم کراوەتەوە بردراوە فڕێدراوە
خەون بە کتێبەوە دەبینم کە خەبەرم دەبێتەوە
زمانم
بمبوورن ناتوانم
زمانم.
خەون بە کۆشکێکى ڕەنگین وە دەبینم
کە خەبەرم دەبێتەوە کەلاوەکەیان بەسەر
داڕووخاندووم.
خەون بە باخچەیەکەوە دەبینم،
دارەکەى پێش دەرکەمان شەقاڵ شەقاڵ.
خەونم بە خەونەوە بینى
کە خەبەرم بۆوە هیچ خەونم نەبینیبوو.
دکتۆر پێمدەڵێ پێویستە پشوو بدەى
پێویستە زۆر سەیرى رووناکى نەکەیت
چاوەکانت لە دەست دەدەى.
ئاى دکتۆر گیان تۆش
تۆش ئاراستەمان دەکەیت بۆ تاریکى!
دکتۆر دڵێکى قورقوشمم بۆ دانێ دڵێکى ئاسنم بۆ دانی
مس بێ گرنگ
گرنگ.. بتوانم عاشق بم
عاشقى ئۆتۆمبێل و ئاسن و
تەلى کارەباشبم.
دکتۆر پێمدەڵێت پێویستە چیتر خەون نەبینى
چیتر خەون بە بالڕ
بە کچ
بە کتێب
بە کۆشک
بە باغ.... نەبینى.
دکتۆر من لەوەتەى هەم
خەون بە دوو قاچمەوە دەبینم
خەون بە سەرى دزراوم دەبینم
خەون بە زمانمەوە دەبینم
خەون بە دارەکەى بەرماڵمانەوە دەبینم
خەون بە کەلاوە داڕووخاوەکەمەوە دەبینم
دکتۆر دڵێکى قوڕقشمم بۆ دانێ ئاسن خۆڵ بەردِ......
٢٠١٢
ماڵپهڕی بێستون
مینە
|