٢٦\٢\٢٠١٣
دڵێک لە
تەنهایی و
شەوێک لە باخچەی ھەنار.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
١
بریارم داوە
چی وردە ماسی دەریا ھەیە
بیانگوازمەوە بۆ رووباری
چاوەکانت
چی چۆلەکەی سەر درەخت و گوێسەبانە ھەیە
لە باوەشی مناڵیما بشارمەوە
ئەگەر رۆژێ دڵم نەما
عیشقم لە کوێ
دەشاریەوە.
٢
دڵی تۆ ئاسمانێکی تەنھایە و
لەوەتەی خوڵقاوە
چاوەکانی فرمێسکیان لێ دەبارێ
کەچی نەیتوانی بۆ جارێ
ھەورێک بیکات بە ماڵی خۆی.
٣
دڵی تۆ حوزنێکە
لەوەتەی پڕبووە،لەتریفەی عەشق
فرمێسکی شادی دەبارێنێ
کەچی تەنھا جارێک سەرمەست نابێ
بە شەرابی لێوەکانم
ھەندێ جاریش دڵت ئەستێرەیەکی غەمگینە
عەشقی بۆ زەوی نامێنێ
ھەندێ جاریش دەبێت
بە درەختێکی قەترانی
گوڵی جوانی دەوەرێنێ.
٤
بەو پەڕ و باڵە ھیلاکەتەوە
بۆ کوێ دەفڕی
وەرە لای من، با چرایەکت بۆ
داگیرسینم
شەوق بە دڵت بداتەوە
من دەمەوێ لەگەڵ مندا پێ بکەنی و
نامەوێ بۆ سپَیدەکانی رابردوو بگری.
٥
من ھەمیشە حەزدەکەم
باخەکەی من ھەموو رۆژێ
گوڵێکی نوێ بۆ پەرچەمت بگرێ
تا نیشتمانەکەم
ھەمیشە بە لاویی
بمێنێتەوە
بای عەشقیکی فێنک
ھەڵکا بە رووی تۆدا
ئەوسا منیش
باوەشیک گەڵای رەنجاو
بۆ دڵی خۆم
دەھێنمەوە.
٦
تۆ بەردەرگای شیعرم پێ مەگرە
من دەمەوێ گوڵی شیعرێکت بۆ
بگرم
چاوەرێم ئێوارەیەکی تر
خۆشەویستی لە سپێدەیەکی تردا سەر ھەڵبدا
تا گۆرانیەکان خامۆشتربن و
دەروونمان گۆرانی ئەڤین بڵێنەوە.
٧
تا خۆشەویستی تۆ ھەبێ
مەحاڵە لەسەر بانێژەی ماڵێکەوە
بچمە ناو زەمەنێک خاڵی بێ
لە عەشقی تۆ.
٨
مەھێڵە بێ دەنگیی دامگرێ
من لە ئەھلی ئەو فریشتانەم
بە چرپە بە یەک دەگەن
بۆ ھەژار و بێ
نەوایان
چادرگەی ئێوارە ھەڵدەدەن
تا لە بارانێکی ئەسمەردا
خۆیان نقوم دەکەن.
٩
من دەمەوێ
ھەموو سنگی ھەورەکان بگەرێیت
تاکو گمەی کۆتریک بدۆزیەوە
بەھارێک چاوەرێت دەکات
تا زستان چاوەکانی خۆی
لە پەنجەرەی بەفرا بنوێنێ.
١٠
بەفریش فێرکردی تاڵە سپیەکانی
بە مۆسیقا و
گۆرانیەوە
پەنجەرەی دڵی بۆ عەشق بکاتەوە
گۆرانی ئەڤین و گریان
بۆ رابردوو بڵێتەوە.
١١
دەستت دەخەمە نێودەستی ھەورەکان و
سەفەرێک بە ئاسماندا دەکەم
نزا دەکەم
لە مناڵی و
خۆشەویستیت دام نەبڕێ
ھەمیشە بەدەم خەیاڵێکەوە بژیم
تێکەڵ بە دنیای تۆبێ
تا دنیای جوانیم کاڵ نەبێتەوە
لە باخی گۆرانیەکانی عشقتدا
شیعرەکانم میوەی وشەی نوێ
بگرێ.
١٢
من نامەوی بەفری باخچەکان
لە ئێوارەی دڵی تۆدا ھەڵوەرن
ئەو شەوەی لە نێو
گوڵ و بەفردا
سەمایان دەکرد
بە یەکەوە چووینەوە
بۆ لەزەتی ژیان
دڵۆپ دڵۆپ بەفرەکان ئەبوونەوە
بە فرمێسکی زیوانێک لە گریانی
شیعردا.
١٣
لەوێ کە ھەوارم ھەڵدەدەم
ھەر کاتێک ویستم
دەبم بە گوڵ لە
نێو تۆدا
خۆم دەروێنم
ئەوسا دەبمە نەمامی حەوشەکەی تۆ
تۆش بەیانیان وەرە پَیم بڵێ
کوانی مێخەکی سەر سنگت
کوانی شیعری چاوە خەواڵوەکانت
کوانێ رژانی دڵێک
لە باخی عشقدا
ئەوسا منیش
دڵم بۆ ھەتاوی روخسارت رادەخەم.
١٤
دەمەوێت پارچەکانی ھەتاو کۆبکەمەوە
تاکو ئێوارانی تەنھایی
خۆیم بۆ بکات بە
رووناکی و
دڵۆپ دڵۆپ
نور برژێتە سەر روخسارم
تا ببمە ھاورێی ژنێتی باخچەکان
تا سارای رۆحی پاک و
بێگەردم
باخچەی دڵم بکێڵن
فێرم بکەن لەزەتی شەراب و ماچ
چۆن لە یەکدی جیابکەمەوە.
١٥
زەمەن زەمەنی عەشقی پەپوولە
و
پەرەسێلکە و شیعر
بوو
چاومان بۆ ئاسمانێکی فڕین
ئەگەڕا نەبوو
چاومان بۆ ھیلانەیەکی داڵدە
ئەگەڕا نەبوو.
١٦
ھەمیشە کۆڵانەکانی خۆشبەختی
لە لای تۆوە دەھاتنەوە
لای کۆڵانەکانی مناڵی
نزاکانم لە نوێژی تۆوە ئەچوونە
بەر قاپی خوا
مەھێڵە بە بێ نازی لە
بێ عەشقیی تۆدا
بژیم
من ھەمیشە رووبارەکانت بۆ
پڕ دەکەم لە وەفا
من ھەمیشە باخەوانێکی بە وەفا
و
قەڵەمێکی بوێری
نووسینەوەی عەشقی تۆم
ھەمیشە شیعرم بۆ
کردووی
بە گۆرانی و
بە گوێی بادا بۆم ناردووی
ھەمیشە ھەورم کردووە بە بارانم بۆم ناردووی
کردوومە بە پەڕەسێلکەی
شیعر و بۆم
ناردووی.
١٧
ھەمیشە چەتری سۆزت بووم
تا گەڕاومەتەوە
ماڵی شیعر
نەتھێشتووە تەنھاییەکەم
چەشنی گریانی چیایەک
لە توانەوەی بەفردا
بە ئازار بێ
نەتھێشتووە رۆژێک
بە خەیالمَا بێ نیشتمان
لە خۆم زویر بکەم
تۆ بووی نەتھێشت سیمای وشەم بشێوێ
خەونی شیعرم کاڵ بێتەوە
ئاشنام کەوە بە کۆڵانە
رەش و سپی و پڕ سێبەرەکانی
جێ ژوان
ببمەوە بۆ لای بارانە بە
لێزمەکەی
بەھاران.
١٨
تێکەڵم کە بەو بەفرەی سپیە پاکەی
لە ساڵیادی شیعرمدا
بردمیە سەردەرخت
کارێک بکە گەڵاکانی دڵم
لەسەر دەشتی چاوەڕوانی شین بچنەوە
منیش بەڵێنت پی دەدەم
ھەرگیز دڵت لە تەنھاییدا جێ ناھێڵم.
١٩
لە بەردەمتا خۆمت بۆ
دادەگیرسێنم
بە دیار ھەڵوەرینی ئەو ھەموو ماچەوە
بە دیار بارینی ئەو ھەموو سۆزەوە
بە دیار کوشتنی ئەو ھەموو
پشکۆگەشانەوە
مەبەرەوە بۆ ناو تابووتێکی
خۆڵەمێشیی.
٢٠
من بۆ باخێک دەگەڕێم
لە نزیک ماڵی دڵتەوە بێ
پر بێ لە
گوڵەکانی خۆشەویستی
لە گەڵای ماچێک ناسکتربێ
بۆ ئەوەی پێت بڵێم
فەرموو وەرە و میوانم بە.
٢١
بە رۆحێکی باراناوییەوە پێشوازیت لێ دەکەم
لەبەردەمتا خۆمت بۆ دادەگیرسێنم
بۆنی بخوردەکان بە سەر
و قژتەوە دەکەم
پەنجەرەی ژوورەکەت بۆ دەکەمەوە
تا رووت لە
خواوەند دەبارێ.
٢٢
پەنجەکانم
لە دەفتەری یادگارییەکاندا
جێ دێڵم
لەگەڵ قەڵەمەکەم دا
دەستی یاری بگرە و سەما بکە
بە یەکەوە دەشت بە
دەشت
رووبار بە رووبار
بۆ ماڵی عەشق دەگەڕێن
تا لەوێوە شیعرێک دەڵێن.
٢٣
ئەو کاتە شەو دێ
و
لە دەرگای میحنەتی ئێمە دەدا
منیش دەست دەخەمە دەستی شیعرێکمەوە
باخێکت لە بەھەشت
بۆ دروست دەکەم
تا بە دیار برینەکانی
نیشتمانەوە ئازار نەچێژی
تاکو گۆنا سوورەکانی نیشتمان
بە جوانیی دەبینی.
٢٤
لە کازیوەی ئەو بەیانیەی بەردەماندا
باخەوانێک دێت و
گوڵی فرمێسکەکان دەچێنێ
تا ئەو ئازارە غەریبیە بچێژین
کە دەمانباتەوە لای برینێکی سەخت
تۆش وەرەوە
بمدەرەوە دەست سەفەری خۆت
تا بە یەکەوە
لەسەر باڵی
کۆترێک بە ئاسمانی ئەویندا بفڕین.
٢٥
لە پەنجەرەی چاوتەوە
تەماشام کە،
کاتی باوەش بە بارانێکی شەرمنا دەکەم
لە ژێر ساباتی
ھەتاوێکی عەشقەوە
لە ژێر گەڵای
ئازارێکدا بۆم بگەرێ
کە مردیشم لە ژێر
رەگەکاندا بم شارەوە.
٢٦
تاڵە پرشنگدارەکانی شیعر
روومەتی ھەردووکمانی ئاوێزان دەکرد
لە بەردەم غەریبیی
ئاوێنەی
پڕ لە ناسکی رووی
عەشقی تۆدا
سێبەری گۆرانیەک دەڵێنەوە
کە خۆی لە
رۆشنایی رووبار بچێت و
باخچەی پڕ لە گوڵی ئاوەدانیمان بدەینەوە
تا باخێکت بکاتە بەر
پڕ بێ لە
پرتەقاڵی ماچ و
پڕ بێ لە تریفەی
شەوانی ھەتاو و
تا داوەتی شەپۆلەکانی
شیعر بکەم
پڕ بێ لە چرای
رەنگ زەرد و
شەقامی چۆڵ و شەوی عاشقان.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|