١٧\١\٢٠١٢
دڵم
باڵندەیەکی سپی پۆشە.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
١
گوڵی دڵم دەنکە
ھەنارێکی سوورە
بۆ ھەمیشە پێدەکەنێ
باڵندەیەکی سپی پۆشی بەربەیانە
شعر لە باوەشیا ھەڵئەگرێ
گوڵی دڵم تریفەی
بای بارانی بەھاران و
قوڵپی خوێناوی ھاوین و
پرچی شەوانی پایز و
کلوەبەفری زستانێکە
چوار وەرزی ساڵ خۆشەویستی
تیا گەورە ئەبێ.
٢
ئاوێنەی ھەتاوی رووتم ھێنا و
وەکو گۆزەیەکی دەستی کیژۆڵەیەکی سەرکانی
لە بەردەمیدا راوەستام
رەنگ و روخساری خەیاڵی خۆمم
لە ژوورەکەمدا نەدیبوو
کراسێکی باخچەی دڵت پێدام
لەبەرم کرد
کراسی و گوڵ گوڵی جوانم
لە ژیانمدا نەپۆشی بوو
کاتێکیش ماچێکت دامێ
بووم بە تاسە و ھەناسەیەکی خەمڕەوێن
ھەرگیز شعرم نەنووسی بوو.
٣
گەر شعر حەرفی ووشەکانی
ماڵئاوایی لێ کردم و، بەجێی ھێشتم
گەر ستران باوەشی بۆ نەکردمەوە
باڵندەی رەزەکان ھەڵنەفڕین و
نۆتەی مۆسیقای مۆسیقارێک و
تابلۆ جوانەکانی دەستی نیگارکێشێک
سەراسیمەی نەکردم
ئەو رۆژە دڵم دەبێتە وێرانە و
منیش ئەمرم.
٤
پایز دێت و خەیاڵی وەرزی تەمەنی
گەڵاکانی دەنووسَتەوە
دڵم دەبێتە ھێلانە و
ئازارێک دەگێڕتەوە
ئەوە وەرزی نیشتمانە
باڵای لە ھەمووان جوانترە
بەردەوام نمەی باران
سەروقژی ئەشواتەوە
لقەکانی لە دەستی بەفر دەچێ
رەنگی زەردی لە نێو دڵماندایە و
تەمەنی ھەڵوەرینی لە من دەچێ.
٥
لە سوچێکی ئەم تەمەنە ناکامەدا
ھەر یەکەمان جیاواز دەژین
ھەندێ سەرکردە و، ھەندێ کۆیلە و
ھەندێ عاشق، ھەندێ ئازادیخواز
کە مردیشین
دادپەروەر و یەکسانیخواز.
٦
قەڵەمەکانم چوون یەک نین
ھەندێکیان بۆ باخچەی جوانی
ھەندێکیان بۆ شەوچەرەی شەوانی زستان
ھەندێکیشیان کورت ئەنووسن
بۆ بیرەوەری بەجێماو و
شەقەی باڵی چرکەی نائومێدی
ھەندێکیشیان ھێندە گەورەن
بە قەد گەورەیی سنگی ئاو
بە قەد وەرزی پڕ تەمومژ
ھەناسەی دەشت و رووباری خۆر و
تاریکی ھەتاو.
٧
ئەو کاتانەی شعرێکت بۆ ئەنووسم
ھەندێ جار شەو کۆتایی نایە و
ھەندێ جاریش رۆژی تەزیوو
کە باس لە عەشقت دەکەم
تیشکی خۆر جێم ناھێڵێ
کە باسی زیزبوونت دەکەم
مانگەشەو ئەبێ بە ھاودەم و جێ ناھێڵێ
جێم ناھێڵێ.
٨
وەرە بۆلام
ھەمیشە بە بەرچنەی ھەژارانەوە وەرە
وەک شەقامێکی راستەرێ
وەک پەیڤێکی سپێدەباش و بەجەرگ وەرە
وەرە وەک خوێندنی گمەی کۆتر
وەک شەونمی چرایەکی داگیرساو
وەک شەپۆلێکی ھێمن و
سنەوبەرێکی باڵابەرز و
شاسۆیەکی پێشەنگ
وەک شەونمی بەربەیان وەرە.
٩
ئەو کاتانەی ھاژەدێت و
ئەبی بە رووبارێکی سەرشێت
بە رێگا و بانی عەشقا وەرە و
روو بکەرە دەریایی چاوانم
بمدەرە بەر شەپۆلەکانت
قژم پرکە لە بێ گەردی بەرفراوانت
رقی دڵم پاکژپاکژ بشۆرەوە
تێکەڵی کە بە رووناکی ھەتاوت.
١٠
تیشکی تەڕی نیگاکانت
روخساری شەپۆلی دەریایە
خۆشەویستی لە ناو دڵ و لە دەستمایە
سحری شەوێکی دەیجورە و
دەبێتە لێزمە و رێژنەی باران
دەبێتە زناری تاڤگە و
سینەی شینایی زەوی و
وەرزی خۆشەویستی ئینسان.
١١
بەفر ناتوانێ
وەرزی جوانی خۆی بسپێرێت
بەئینجانەی پایزی خەم
بەفر ناتوانێ،دەست بەردا
لە رووتانەوەی چیا
عەشق دڵی پەپولەیەکی ناسکە
چرکەیەک لەخۆی داببڕێ
دەبێتە وەرزی تاریکستان.
١٢
نێرگز ماچم دەکات
بولبول کە دەمبینێ بۆم دەخوێنێ
کە شەو دادێ دەبمە ھاورێی باران
دەبمە ئەشکی کچانی شۆخ و شەنگ
دەبمە ئاواز و گۆرانی و چڵێ لاولا و
دەبمە ماچی سەر روومەتی
کیژۆڵەیەکی پەنجە ناسکی بەر ھەتاو.
١٣
ئەو کاتانەی کە دێت بۆ لام
دەبیتە گوڵێکی پەمەیی
دەبیتە شەونمێکی
بەربەیانی وەنەوشەیی
دەبیتە گوڵێکی ژاڵەی ھەمیشەیی.
١٤
ئێوارەیەک بێدەنگی ھاورێمە و
لەگەڵ تیشکی زەردپەڕدا
خۆت ئەکەی بە ماڵی دڵمدا
کراسێکی پەپولەیت لەبەردایە و
بۆنی مێخەک لەجەستەت دێ
توند توند دەتگرمە باوەشم
ھەناسەمان بۆنی شعرە و
تێکەڵاوی خەممان دەبێ.
١٥
تۆ ھەندێ جار
ووشەکانم دەخوێنیەوە خۆشت دەوێن
ھەندێ جاریش دەستەوەستان
لە بەردەمیان دائەنیشی
ھاواردەکەی و ھیچ تێ ناگەم
ئەبی بە ووشەیەکی پڕ لە خەیاڵ و
خۆت وون دەکەی.
١٦
ووشەی جوانیش
پڕن لە نیگای عەشق و
پرشنگی چرکەکانی تەمەن
ووشەی جوانیش پڕن
لە ئەستێرەی بەربەیان و
پرچی ژاکاوی زەمەن.
١٧
ھەندێک جار
بە دیار کزی چراێکەوە
روو لە ئاوێنەی وەرینی تەمەن دەکەم
مات و مەلوول دادەنیشم
دەبمە دەروێشی تەریقەت
ناچار دەبم
ئێوارەیەکی پڕ لە زامم بنوسمەوە و
پەراو و پێنووس فڕێدەم.
١٨
بە بیرت دێ
لە قەراغی شەقامێکدا
بە خۆت و گوڵێکی شپرزەوە
دەھاتی و دەچووی
چاوێکت لەسەر کاتژمێری دەستت و
ئەوی تریان لەسەر کۆڵانەکەی ماڵی ئێمە
نە سەعات ئەھات و ئەرۆشت
نەتۆش لە تەماشام بێزار ئەبوویت.
کانوونی دووهمی ٢٠١٢
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|