په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠٢٦

    دڵنیام.


تاڤگە سابیر

دەتگوت دەشێ ژیان لەم كۆڵانەی ئێمە دەستیپێکردبێ
دەشێ ژیان هەرگیز لە ناو پەرتووکەکان تەواو نەبێ
ئەویندارانە سەیری قەڵایەكانت دەكرد
بۆنت بە گوڵەكانەوە دەكرد و دەتگوت ''دڵنیام...
پەپوولەیەك هەر دێتە ناو ئەم پەڕاوەی گومانەوە
نەورەسێك لە هەر دەریایەكەوە بێ
ئەڵماسێك دەخاتە ناو ئەم حەوشەیەوە
دەتگوت
دڵنیام ڕۆژێك مانگ لە تاریکییەکانی گیانی منەوە هەڵدێ و
بۆ تاتایێ ژیانم پڕدەكا لە دڵنیایی و
ئەم دڵە بەهەشتییەم ڕۆشن دەكاتەوە و
هەرگیز ئاوانابێ
شەوانە دەكەوتیتە شەقامەکان و بەدەم سروودێكی تازەوە
هاوات دەكرد دڵنیام ڕۆژێك دێ
خۆر بەم درەختە شەرابییەی منەوە دەنیشێتەوە و..
دەبمە بەخشندەترین ژن لە بەردەم میهرەبانیی تۆدا
دەبمە دواهەمین چۆپیکێشی زەماوەندی ئەو سەرخۆشانەی
باوەش بە شەقامەكاندا دەکەن و دەخەون
ئای چەند بە ئومێدەوە دەتگوت
تاریكیی ترسناك نییە
خۆرئاوابوونیش سادەیە وەك هەموو شتە سادەكان
مەرگ سادەیە.. وەك سادەیی ئاو
وەك سادەیی هەنگاوێك كاتێك لە نێوان قاچەكاندا جێدەمێنێ
ژیانیش هەروا سادەیە
وەك سادەیی ژنێك كاتێك قوفڵەكان لە جەستەی دەكرێنەوە
دەتگوت تاریكیی ترسناك نییە
من زۆر جار مانگم خۆشدەوێ تا چرای بێ خواستی بەردەم پەنجەرەكان
ئەستێرەم پتر خۆشدەوێ تا درەخشانەوەی ئەم خشڵە
هەمیشە وەك سروودێكی ئێواران پێتدەگوتین
ژیان بارانێكە
هەمیشە من تەڕدەكا و هەرگیز وشك نابمەوە
عەشق بەفرێكە
هەمیشە و هەمیشە لە بەرزاییەكانی گیانی مندا دەباڕێ
ئای.. لەم جەبری گەڵاڕێزانە
ئەمانە سروودێكی پڕ ئومێدی ئێواران بوون
بە تۆ تەواونەكران
تەنانەت فریای پیاسەیەكی درێژی باخی گشتیی نەكەوتی
فریای ئەوە نەكەوتی
قومێ ئاو بكەیتە ناو ئەو گوڵدانە وشكەوە كە دڵی بە تۆ دەكرایەوە و
سبەینێ لەگەڵ هێواشترین بای پایزدا
گوڵەكانی هەڵدەوەرن
ئەو گوڵدانە ڕەشەی ئێستا ئاوی هیچ دەریایەك تەڕی ناكا
بە هیچ بارانێك تینوێتی ناشكێ.

 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک