٣١\١٠\٢٠١٠
دڵۆپێک لە
شەونم و
هەڵوەرینێک لە پەڕەی گوڵ.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
1
لەخەونمدا بووم
بەئاشنای
دەریای خۆشەویستی فرمێسک و
شەیدای سێبەری ئاسمان و
کۆشکی گوڵێکی هەڵوەریوو،
بووم بەهاوڕێی نەمامێکی هێشوو گرتوو
بۆ دیواری باخچەیەکی چارەنووس و
رەنگینی پێشوازی، پەشۆکاوی
گەردەلوولی رۆحی ئەو.
2
لەخەونمدا بووم
بە سۆراخی یاقووتی گوڵێک
بووم بەشەونمی دڵۆپەی
شەوانی دڵێک
بوومە کەشتی پەڕینەوەی
هەڵکردنی رەشەباو
پەنجەرەی تاریکی سەفەرو
باخەوانی گەڵاکانی زەردی پایز
بەکڵۆی بەفری سپی و
هەواڵی دامێنی رۆژنامەو
وێنەی هەناسەیەکی سەوز.
3
لەخەونمدا
بووم بەئاسمانی باڵندەیەکی تەریووی
قەدەری کۆتایی تەمەن و
کەناری گوناهەکانی نیشتمان و
پاشماوەی شیوەنی پیرۆزی ئەو.
4
لەخەونمدا بووم
بە دڵداری ئەستێرەی
گالیسکەیەکی منداڵ و
پەپولەیەکی سەرما بردووی
تۆراو لەباوەشی باخچە و
تابلۆیەکی دەریای کەناری ئاوو،
چاوەکانم بوونە شەپۆلی ئاوازو
پەرەمووچی دەستی نووسین
بۆ ئاوێنەی پەڕەسێلکەیەکی گوناح و
خەیاڵی پەرتەوازەی حەرام.
5
لەخەونمدا
بووم بەتریفەی کۆراڵی سەماو
تیشکی دەروونی گەرمی تۆو
نمەنمەی تەلبەندی دڵ
لەخەونمدا
رەنگی دڵم ساباتێک بوو
پەشۆکاوبوو لەخوێنی خۆم
نیگای مەست بوو بۆدرەختێ
بووە سەهۆڵبەندانی عاتیفەی خۆر
بوو بە نەغمەی باڵندەیەکی تینوو
تۆراوی برینی رۆشنایی گۆڕ.
6
لەخەونمدا،
دەنگت ناخی قووڵی دەریایەکەو
ئاوازی مەلەوانی سەفەرێکی سەختە
پۆشاکی ژوانێکیان بەستووە،
بەرەو زەردەپەڕی هەور
هەنگاودەنێن.
7
لەخەونمدا
خودا ئەستێرەی کرد بەگوڵ
دای لەقژی کیژۆڵەیەکی پڕ خەیاڵ و
گوناهی تینویەتیی شکاند
ئاسمان خۆی کرد بەشەپۆل و
نەسیمی بەگزنگ سپارد .
8
لەخەونمدا
ماڵئاوایم لەتراویلکەی دڵ و
ئەفسانەی وەرزی خۆشنودی کرد
گەڕامەوە باوەشی تەنهایی و
پڕ لەوەهمی لەنجەی پرسیار
بوومە تابلۆی گۆڕستان و
کیژۆڵەیەکی چواردە ساڵ ،
دەتۆش بۆساتێکی وەرزی تەمەن
گەڵای حەسرەتێک بپۆشە
پاڵتۆی تەمەکان فڕێدەو
وەرە نێو ئەندێشەی دڵمەوە
تا رەنگی ساماڵ بێگەرد بێ و
ژیانیش بێتە درەختی مۆم
سۆزیش بێتە بۆنی گوڵ و
رەنگاڵەیی بارانی چاوت و
منیش ببمە کاتژمێری پەنجەت و
سەمفۆنیای سەوزی بەربەیان،
لەباوەشتدا ببمەوە پێکی منداڵی و
روبارە بێ نازەکەی جاران.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|