په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٧\٢٠٢٦

   دڵۆپەیەک لە دەریا.

ئەرسەلان مەحمود

خۆزگە دەمتوانی
        لەناو بێدەنگیی ئەم تەمە پاییزییەدا،
                لەپاڵ ئەو گەڵا ڕەنگپەڕیوە ڕووتانەی کۆڵانەکاندا،
                        لە ناو ئەو چرچولۆچییانەی تەمەنیان داپۆشیوە،
                                ببم بە هەڵم و لەناو
                                        تراژیدیای ئەم وەستاندا
                                                بتوێمەوە.

بیرم نایە ساتێکم بە وشە سپاردبێت و
        بەناو ئەندازەی ئازارەکەیدا ڕۆنەچووبم،

                کات، ڕووبارێکی هێمن و خامۆش نییە،

                        نا ─ دەریایەکە لە شووشەی وردبوو،
                                بەسەر هەموو بەردە لووسەکانی یادەوەریدا،
                                        بێدەنگ و کتوپڕ جەستە دەبڕێ و
                                                تێدەپەڕێت.

وەک دڵۆپە ئاوێکی یاخی،
        نامەوێ لەناو گێژاو و زریانی حەشاماتدا نغرۆبم،

                هەمیشە ئەو دڵۆپە ئاوەم
                        سێبەری درەختە پیرەکان،
                                لە چێوە و ڕێسا سەپێندراوەکانی
                                        دەرەوە دەیشارنەوە.

ئەو دڵۆپەیەم
        لەسەر پەنجەرەی ژوورێکی تاریک،
                چاوەڕێی ڕووناکیم.

دڵۆپەیەک لە وەهمی باران،
        لەناو باخچەیەک لە نێرگزی مەست،
                لەبەر گزنگی خۆردا خۆم دەدروشێنمەوە
                        تا خۆم بگۆڕم بە فرمێسکەکانی تۆ...

                                کاتێک بە نەرمی،
                                        بە لێژایی ڕوومەتتدا دێمە خوار.

وەک ئاوازێکی ونبوو
    لە ناو سییەکانی وشەکانتدا دەمچڕی،
        دەبمە دڵۆپەیەک لە مانا، لە بوون،
                لەناو زەریای بێبنی ڕۆحتدا.

میلی
   ئەو کاتژمێرە
       لەکار بخە،
            بڕوانە...
                ئەمەت بینیوە؟

                        ئەوە پاشماوەی
                                ئەو سەردەمەیە
                                        هێشتا ڕۆحەکان
                                              پەڵەیان هەڵنەگرتبوو.

پڕبوون لە نامەی نەنووسراو،
        تەژیبوون لە چرۆی ئومێد،
                ڕوونتر لە فەلسەفەی جێماوی ئاو.

تۆ ئاسمانت دانەپۆشی و
        ڕەنگی هەورەکانیشت لە خەیاڵدا نەگۆڕی،
                هیچ کام لە ئەستێرەکانی شەونخونیشت لێنەشاردمەوە،
                        تەنانەت ئەو باڵندانەشی بەرەو نەمان کۆچیان کرد،
                                لە قەفەسی نیگاکانتدا دیلت نەکردن.

ئەمە تەنها تابلۆیەک نییە لە ڕەنگ،
        ئەمە نەشتەرگەرییەکە بە ئاوێنەی تەمەن،
                وەک کۆنشێرتی وەرزی ساڵەکان،
                        هێمن و سەنگین.

بە ماچی تیشکی خۆر وەئاگا دێت،
        بە فرمێسکی نمەبارانێک سەوز دەپۆشێت و
                ڕۆحی وشکبوو دەبووژێنێتەوە.

                        چەندە جوانە...

با پێکەوە،
        لە قووڵایی تەنهاییەکانی سروشتدا،
                گوێ بۆ چرپە پەنهانەکانی شنەبای ناشاد شل بکەین.

ئاهـ، ئەم بارانە ساردەی
        لەگەڵ گەرمیی جەستەی خاکی وڵاتەکەم تێکەڵی دەکەم،

                مژدەیەکە بۆ زانینی ئەوەی...

                        دواجار ئارامی،
                                وەک سەرهەڵدانی
                                       شاەبەنگێکی ڕەنگین
                                              لە دوای وێرانەی زریان و
                                                     ڕەشەبا...


                                                                        هەر دەگاتە لامان.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک