په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٧\٢٠١٠

دڵشاد خدر:*
حیزبی شیوعی کوردستان ژمارە نییه‌، لە هاوکێشە سیاسییه‌کاندا،

ئەوەندە لاواز بووە، زۆرینەی خەڵکی کوردستان هەست بە بوونی ناکا...

هەڤپه‌یڤین: رزگار کۆچەر
 

هەڤدە ساڵ پێش ئێستا بە هۆئ نارەزای و داوەکاریی شوعیەکان کوردستان حیزبی شوعی کوردستان دامەزرا ئەو کاتە شوعیە کوردەکان لەناو حیزبی شوعی عیراق خەبتیان دەکرد لەم پێناوەش شوعیەکانی کوردستان قوربانی زۆریان دا ، لە مێژوی خەباتی رزگاری کوردستان شوعیەکان رۆڵی بەرچاویان هەبووە لەم روەش بەسەدان وهەزاران شەهیدیان داوە ، ئێستا لە کوردستان حیزبی شوعی بە هۆی چەند هۆکارێک رووبەرووی چەند قەیرانێک بۆتەوە هەردوو هەڵبژاردنەکەی ئەم دواوەیەش رێژەی هیزی دەنگدەرانی حیزبی شوعی دەرخست بۆ تیشک خستنە سەر ئەم بارودۆخەی ئێستای حیزبی شوعی کوردستان هاورێ دلشاد خدر بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی دەرەوەی حیزبی شیوعی کوردستان وەڵامی چەند پرسیارێکی داینەوە .

 

رزگار کۆچەر: پاش ماوەیەکی تر حیزبی شیوعی کوردستان یادی حەڤدەمین سال رۆژی دامەزراندنی خۆی دەکاتەوە، جەنابت ئێستا چون وەزعی حیزب دەبینیت؟


دلشاد خدر: بەرێزم پێش وەلام دانەوەی پرسیارەکەت، پیروزبایی لە هەموو شیوعیەکانی کوردستان دەکەم لە یادی 17 مین سال رۆژی دامەزراندنی حیزبە تێکوشەرەکەیان. دەربارەی پرسیارەکەت، هەموو هاورێیان ئەو راستیە دەزانن، کە حیزب ئەمرۆ لە قەیرانێکی هەمە لایەنەدا دەژێت، بە هۆی درێژە کێشانیان، قەیرانەکانیش گەیشتۆنەتە ئاستی هەرەشە لە مانی حیزب، وەک حیزبێکی زیندو. ئێستا ئەگەر سەیری هاوکیشە سیاسییه‌کانی کوردستان بکەین، ئەوە دەبینین کە حیزبی شیوعی کوردستان ژمارە نییه‌، لە هاوکێشە سیاسییه‌کاندا، ئەوەندە لاواز بووە، زۆرینەی خەڵکی کوردستان هەست بە بوونی ناکا، ئەوەی ئەمرۆ حیزبی لە نەمانی یەکجاری پاراستوە، تەنیا ئەو مێژوە پر سەروەرییە کە تێکوشەرانی دێرین و شەهیدانی سەربەرزی حیزب لە رابردوو بۆ حیزبیان تومارکردوە، حەتمەن ئەم برە پارەیەی حکومەتی هەرێمیش، رۆلێک دەبێنیت بۆ مانەوەی حیزب، بەم شێوەیەی ئێستا.


هەندێک ئه‌م قەیرانانە ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ مێژووێکی درێژ بەر لە ئێستا، بەلام چونکە هەولنەدراو چارەسەربکرێت، قەیرانەکان هەم قولتر بوونەتەوە هەم ئالوزتر بوونە. ماوەیەکی درێژ سەرکردایەتی حیزب نکۆلی لەوەی دەکرد، کە حیزب دوچاری هەندێ قەیران بووە، هەموو تواناکان تەرخانکرابوو، کە ئەم قەیرانانەی حیزب، لە ئەنجامی میتودو گوتاری سیاسی دوچاری بووە بەشاردرێتەوەو، وا لە هاورێیان و دوستانی حیزب بگەینن، کە حیزب لە ژیانێکی ئاساییدا دەژێت، بەلام هەموو چاودێرانی سیاسی و پێش ئەوانیش سەرکردایەتی حیزب ئەم راستییەیان باش دەزانی، کە حیزب رۆژانە لە پوکانەوەدایە. رێزەکانی حیزب رۆژانە کالدەبێتەوە، هەم لە رووی چەندایەتی هەم لە رووی چونایەتی. بەلام دیسان سەرکردایەتی، یان باشتر بلێن دەست رویشتوانی نیو سەرکردایەتی، بەبێ گویدانە دواروژی حیزب درێژەیان بە هەمان میتود و گوتاری سیاسی دا، کە پێش هەموو کەس خۆیان دەیانزانی ئەم رێگایە، حیزب بەرەو کوێ دەبات. بەلام خواستی وان پاراستنی پەیوەندیەکانیان بوو لەگەل دەسەلات، پێش پاراستنی حیزب و پێگەی لە نیو جەماوەردا. ئێستاش پاش ئەم دووشکستەی حیزب لە هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و عیراقدا، هەموو ئەدەبیاتی حیزب خراونەتە خزمەت بەرگری لەم میتودو گوتارە سیاسیەی کە حیزبی گەیاندۆتە لێواری مەرگ. ئەوەش تەنیا ئەوە دەگەینێت، ئێستاش سەرکردایەتی حیزب نایەوێت رێگا چارەیەک بدۆزیتەوە، بۆ رزگارکردنی حیزب لە مەرگی راستەقینەی.

رزگار کۆچەر: بەرای جەنابت ئەم هۆکارانە چین کە حیزبی دوچاری ئەم قەیرانانە کردوە؟

دلشاد خدر: وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، هەندێ لەم قەیرانانە دەگەرێنەوە بۆ ماوەیکی دێژ بەر لەئێستا. دەبێت ئەوەش لەبەر چاوبگرین کە هەندێ لە هوکارەکان بابەتین، بەلام هوکارە خودییەکان کەم نین، کە پێش هەموویان ئەم میتودو گوتارە سیاسییە کە بۆ پاراستنی هاوپەیمانیمان لەگەل لایەنە دەسەلاتدارەکان پەیرەومان کردوە و درێژەی پێدەدەین، کە باش دەزانین هۆکاری سەرەکی دابرانمان لە جەماوەر ئەو هاوپەیمانیە نابەرانبەریە کە لەگەل پدک و ینک هەمانە، ئەوە چەندین سالە هەموو هەلویستەکانی حیزب خراوەتە خزمەت پاراستنی پەیوەندیمان لەگەل دەسەلات، ئەمەش بەدەر نیە لە پاراستنی بەرژەوەندی شەخسی هەندێ لە هاورێیانی سەرکردایەتی. هەر بۆ نمونە حیزب لە هەردوو لایەنی دەسەلات، زیاتر بەرگری لەو ئێیدارەیە دەکات کە تێدا پێش جەماوەر شیوعیەکان و بنەمالەی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکانی حیزب مافەکانیان پێشێلدەکرێت. پێش شیوعیەکان و بنەمالەی شەهیدانیش جەماوەر ئەوە دەبێنیت، کە دەسەلات بەرامبەر ئەم هەلویستانەی حیزب زۆر سەخییانە دەستکەوت و ئیمتیازات بە هەندێک لە سەرکردایەتی حیزب دەدات. هۆکاریکی تری ئەم قەیرانانە ناسنامەی فکری حیزبە، کە زۆر تەم و مژاوییە و زۆر دیارنیە ئێمە چ حیزبێکین، شیوعین یان سوسیالیزمین و یان سوسیالدیموکراتین. بێجگە لە نەبوونی ستراتیجێکی دیاریکراوی بۆ حیزب. هۆکارێکی تری ئەم قەیرانانە ئەوەیە، کە حیزب بە شێوەیکی زۆر دوور لە گیانی دیموکراتی مامەلە لەگەل ئەو دەنگانە دەکات کە رەخنەیان لە میتودو گوتاری سیاسی حیزب و هەلسوکەوتی هەندێ لە دەست رویشتوانی نیو سەرکردایەتی حیزب هەیە. هەرچەندە ئەم نەرێتە کونە لە نیو رێزەکانی حیزبدا، بەلام دەبێت ئێستا وەزعی حیزبمان لەبەر چاو بێت، کە حیزب لەم وەزعیەتەی ئێستا پێویستە بە شێوازێکی تر مامەلە لەگەل ئەم دەنگانە بکات. خۆمان لەوە بەدوور بگرێن، کە حیزب مولکی کۆمەلێکمانە و دەنگە نارازیەکان بخەینە خانەی تێکدەر و دژە حیزب. لە هەمانکاتدا ئەو هاورێیانەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان حیزب ناشیرن دەکەن، بەبێ لێپرسینەوە رەت دەبێت، ئەگەر هاورابیت لەگەل دەست رویشتوانی نیو حیزب. هۆکارێکی تری ئەم قەیرانانە ئەوەیە کەئەمرۆ حیزب لە ژێر دروشمی پاراستنی یەک رێزی و دەستکەوەتەکانی راپەرین، خۆی لە کاری راستەقینەی خۆی دزیوەتەوە، کە بەرگری کردنە لە پەرژەوەندی خەلکی زەحمەتکیش و کرێکارانی هزرو بازو و چونە سەنگەری دژ بە گەندەلی و ....هتد، لەکاتیکدا رۆژانە ژمارەی هەژارەکانی لە کوردستان زیاد دەکات، لە ئەنجامی گورینی هەموو کەرتەکانی گشتی بۆ کەرتی تایبەت، کار گەیشتۆتە ئەو رادەیەی خەلکانیک گورچیلەی خۆی بفرۆشیت لە پێناو پژێوی رۆژانەیدا، لە هەمان کاتدا رێزەکانی حیزبی شیوعی کوردستان لە پوکانەوە دابیت، ئەمرۆ حیزب نە میتودو نەگوتاری سیاسی بە حیزبێکی چینایەتی ناچیت. ماوەیەکی درێژە رۆژنامەی رێگای کوردستان ئەگەر وێنەی داس و چەکوچەکەی لەسەر لابەیت بە هیچ شیوەیەک بە بلاوکراوەی حیزبیێکی شیوعی ناچیت، هەر ئەوەش وای لێکردوە کە بێتە ئەو ئاستەی، رێژەی خوینەرانی بگاتە ئاستی 0،02 %.

رزگار کۆچەر: هەندێک لە هاورێیانی سەرکردایەتی هەلوەشاندنەوەی یەکێتی سوڤیەت وەک پاساو بۆ ئەم وەزعەی ئێستا حیزب دەهێننەوە ، ئایا بەرای جەنابت روخانی یەکێتی سوڤیت چەند کاریگەری هەیە لەسەر پوکانەوەی حیزب؟

دلشاد خدر: هەلوەشاندنەوەی یەکێتی سوڤیەت و ئاشکرا بوونی هەندی هەلسو کەوتی سەرکردەکانی حیزبی شیوعی سوڤیت کاریگەری سلبی لەسەر هەموو حیزبە شیوعیەکانی جیهان بە گشتی و ئەوانەی لە بازنەی سوڤیەت دەسورانەوە بە تایبەتی هەبووە، ئەم کاریگەریە سلبیەش ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت، بەلام دەبێت ئەوەشمان لەبەر چاوبێت لە کاتەکانی بوونیشی کاریگەری سلبی لەسەر تێکوشانی شیوعیەکان عیراق هەبوو. بە هۆی ئەم پەیوەندیە توندو تۆلەی لەگەل رژێمی بەعس هەیبوو، وەک هەمووشمان ئاگادارین بەعسی چون ئەم پەیوەندەی لەگەل سوڤیەت هەیبوو خستبویە خزمەت لاواز کردنی حیزبی شیوعی عیراق، لە دەزگا راگەیاندنەکەی سەرمایەگوزاری پێ دەکرد. نەبوونی هیچ هەلویستێکی سەرکردایەتی ئەو کاتی حیزبیش بەرامبەر هەلویستەکانی سوڤیت، لەمەر شیوعیەکانی عیراق زیاتر زیانی بە پێگەی حیزب لە نیو جەماوەر دا. حیزبی شیوعی سوڤیت زەمەنێکی درێژ پێش روخانی، هیچ هەلویستێکی مەبدەئی بەرامبەر تێکوشانی شیوعیەکان نەمابوو، بەلام حیزبی شیوعی عیراق بەهۆی ئەم ئیمتیازانەی سوڤیت دەیدا، نەیدەویست لەو بازنەیە دەرچێت و بۆ جاریکیش رەخنەیەک لە هەلویستە هەلەکانی سوڤیت بگرێت. پێویستە ئەوەش بزانین ئێستا ناتوانین روخانی یەکێتی سوڤیەت بکەینە بیانو بۆ ئەم پوکانەوەی ئێستای حیزبی شیوعی کوردستان، چونکە یەکێتی سوڤیەت لە 1991 دارما، پاش ئەم کاتەش حیزب خاوەنی جەماوەریکێ بەرچاو بوو لە نیو خەلکی کوردستان، لە راپەرین و پاش راپەرین حیزب خاوەنی جەماوەرێکی بەرفەرەوان بوو، لە هەلبژاردنی شارەوانیەکانی 2002 حیزب جەماوەرێکی زۆری مابوو. کە ئەوکاتی 11 سال بوو یەکێتی سوڤیت دارمابوو، خۆ ناتوانین بلێن تازە پاش 20 لە دارمانی، هەوالەکە ئیستا گەیشتۆتە کوردستان. پوکانەوەی حیزب لەم کاتەوە دەستی پێکرد، کە سەنگەری دەسەلاتمان هەلبژارد لە جیاتی سەنگەری کومەلانی خەلکی کوردستان، هەرچەند لە سەنگەری دەسەلات نزیک تر دەبینەوە پوکانەوەکەی حیزب زیاتر دەبێت.

رزگار کۆچەر: پێش ماوەیەک هەندی زانیاری لەلایەن سەرکردایەتی حیزب لەسەر ماموستا عەلی گەیاندرایە سەر سایتەکان، ئایا ئەمە چەند خزمەت بە حیزب دەکات لەم وەزعیەی ئێستا؟

دلشاد خدر: پێش هەموو شتێ ئەمە کارێکی نامۆ بوو لە مێژووی حیزب و زۆریش دووربوو لە نەرێتی هاورێیەتی، ئەم کارە پێش ئەوەی وێنەیەکی سلبی ماموستا عەلی بە جەماوەر نیشانبدات، وێنەیکی ناشیرنی حیزب بە جەماوەر نیشان دا، تەواو ئەو پەیامەی گەیاند، کە سەرکردایەتی حیزبی شیوعیش وەک هەردوو حیزبی دەسەلات گەندەلن!!! تا رادەیەکیش پاساوبوو بۆ ئەو رەخنانەی لە حیزبی دەسەلات دەگیری لەسەر گەندەلی!!! چونکە ئەم پەیامە دەلێت هەموو حیزبەکان بە حیزبی شیوعیشەوە گەندەلن بۆ تەنیا رەخنە لە حیزبی دەسەلات دەگرن!!! بە داخەوە ئەم شێوە هەلسو کەوتە تەنیا لە نیو گروپە مافیاکان هەیە، کە کاتیک کەسێک دەیەوێت لێیان جیابێتەوە، دەکەوێتە بەر هەرەشەی ناوزەند کردن و بلاو کردنەوەی کارە ناشیرنەکانی، نەوەک ئێمە هەموومان دەزانین ماموستا عەلی هەر لە دوای راپەرینەوە ئەم شێوە پەیوەندییەی لەگەل بەرێز مام جەلال هەبووە، هەموو سەرکردایەتی حیزب ئاگاداری بوونە، بەلام کەسێک رۆژیک نەهات سنوریک بۆ ئەم شێوە پەیوەندیانە دابنیت، بەلکو هاندەدرا بۆ ئەوەی لەم رێگایە دەست کەوتێک بۆ حیزب پەیدابکات، بەبێ لە بەرچاوگرتنی شێوازەکە. بەلام کاتیک ماموستا عەلی رەخنە لە ئەدای چەند هاورێیەک دەگرێت، دەبێت بەم شێوەیە، دوور لە نەریتی هاورێیانە ناشیرین بکرێت. بەداخەوە پاش بلاو بوونەوەی ئەم هەوالەش، سەرکردایەتی هیچ روونکردنەوەیەکی بلاو نەکردوە، کە ئەم قسانە لە سەرکردایەتی حیزب رانەگەیاندراوە. ئێستا دەیان پرسیار لەلایەن هاورێیان و جەماوەر هاتووتە پێش، ئایا ئەگەر ماموستا عەلی هەروەک جاران ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوایەو هیچ رەخنەیەکی لە ئەدای ئەم هاورێیانە نەبوایە، کەس باسی ئەم هەلسوکەوتانەی دەکرد!! بەداخەوە ئێستا زۆرینە چاودێرانی سیاسی، پێیان وایە ئەم بێدەنگییەی زۆریک لە ئەندامانی سەرکردایەتی حیزب لەسەر وەزعی حیزب، ترسانە لەم شێوازە فشارانە!!!

وەک هەموومان دەبینین سەرکردایەتی حیزب لە جیاتی گۆی گرتن لە راو بۆچونەکانی هاورێیان، رێگا سزادانی گرتۆتە بەر!! ئەمە چەند خزمەت بە حیزب دەکات؟
بەداخەوە کار گەیشتۆتە ئەم ئاستە!! وەک پێشتر باسم کرد ئەم نەرێتە تازەنییە لە نیو رێزەکانی حیزبی شیوعی، بەلکو مێژویێکی درێژی هەیە، ئەم نەرێتە هوکارێکی سەرەکی بووە، کە ئەوانەی موخالیفی بیر کردنەوەی سەرکردایەتی حیزب بوونە، بەداخەوە بێجگە لە چونە دەرەوە لە نیو رێزەکانی حیزب، هیچ رێگایەکی تریان بۆ نەماوەتەوە، ژمارەیەکی زۆریشیان کە چوینەتە درەوەی حیزبیش خۆیان پارستوەوە هەر وەفا داربوونە بۆ رێبازەکەی، هیچ کاریک بەقەد دەرکردن و دورخستنەوەی هاورێیان ئاسان نیە!!! بەلام ئەی پێگەی حیزب و دوارۆژی. تەنیا وەک نمونە، هاورێی کوچ کردو مەلا حەسەن چونکە دژی بەرەی حیزب و بەعس بوو، بە هەموو شێوەیک دژایەتی دەکرا. ئەو کات چەندین کەسی ناشیاو بۆ کۆمیتەی هەرێم بەرزکرایەوە، ئەویش هەر بە ئەندامی مەحەلی هەولێر مایەوە. ئەو کاتەی حیزب کەوتە بەر هێرشی بەعس، زۆرێک لەوانەی سەرکردایەتی گرنگی پێدەدان و بەرزکرابوونەوە، بەزین و هەندێکیان بوونە پیاوی بەعس. بەلام هاورێ مەلا حەسەن وەک دلسوزێکی رێبازی حیزب، بەبێ گویدانە هەموو شتێک سەنگەری پاراستنی حیزبی هەلبژارد، ئەم نمونانە زۆرن لە ژیانی حیزبدا، ئەو هەلسوکەوتەی ئێستای سەرکردایەتی، تەنیا بەرزکردنەوەی دروشمی هیچ هێزیک نیە ئێمە لەم میتودو گوتارە سیاسیە دروبخاتەوەو، ئەوەی رازی نیە دەتوانی حیزب بەجێبێلن (بەراشکاوی لە هەندێ شوین ئەم قسەیان کردوە). ئەم میتودە هەموو دەرگایەکان لەرووی حیزب دادەخات، کە بتوانرێت حیزب لەم قەیرانە هەمە لایەنە رزگار بکات.

رزگار کۆچەر: بەرای جەنابت چ رێگایەک هەیە بۆ ئەوەی حیزب لەم قەیرانە هەمە لایەنە رزگاری بێت و بتوانی بگەرێتەوە شوێنی راستە قینەی خۆی؟


دلشاد خدر: وەک پپشتر ئاماژەم پێدا، قەیرانەکان هەم هەمەلایەن و هەم زۆریش ئالوزبوونە، ماوەیەکی درێژیش کار بۆ گورینی پێکهاتەی حیزب کراوە، لە پێکهاتەیەکی شورشگێر بۆ پێکهاتەیەکی فەرمانبەری، بۆیە ئەگەر بە شێوەیکی هەمەلایەن سەیری حیزب و هەلویستی سەرکردایەتیەکەی بکەیت، ئەوە دەبینیت کە چارەسەری ئاسان نیە، بە تایبەتی هەلویستی سەرکردایەتی حیزب تا ئێستاش بەرگری لەم میتودە و گوتاری سیاسیە دەکات، کە حیزبی گەیاندە ئەم ئاستەی ئێستا، تا ئەم کاتەش هەلسەنگاندنێکی بابەتی نەکراوە بۆ شکستەکانی پرۆسەی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و عیراق، بە پێجەوانەوە لێرە و لەوێ هەولی جدی دەدەن، ئەم شکستە لە وێنەیەکی سەرکەوتن بە هاورێیان و بنکە حیزبیەکان نیشانبدەن، گوایە حیزب لە چونەوە پێشەوەدایە، لەپاریزگای دهۆک 1600 دەنگمان هێناوە، چونکە لە هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەنیا 900 دەنگمان هێنابوو!!!! سەیری ئەم خۆیندنەوە بکە!!! حیزب لە هەشتاکان بە هێزێکی بەرچاوی پێشمەرگەو کادیری حیزبی تێکوشانی چەکداری لەم ناوچەیە ئەنجامداوە خاوەنی زیاتر لەم ژمارەیە شەهیدمان لەم ناوچەیە هەیە!!! بزوتنەوەی گوران بۆیەک رۆژیش لەم ناوچەیە بوونی نەبووە، بەلام توانی زیاتر لە 22000 دەنگ لەم ناوچەیە بەدەستبێنیت!! ئێمە لە کۆمیتەی رێکخستنی دەرەوەی حیزبدا هەر لە دوای شکستەکەی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەیەکی تایبەتمان بۆ هەلسەنگاندنی شکستەکە کردو راگەیاندنێکمان بلاو کردەوە، کە تێیدا هەم هۆکاری شکستەمان دیاری کردبوو هەم رێگا چارەشمان بۆ دەست نیشان کردبوو. بەلام بەداخەوە دیسان کەس گۆی لە ئێمە نەگرت و بە هەمان میتود و گوتاری سیاسی چوینەوە نیو پرۆسەی هەلبژاردنی پەرلەمانی عیراق، حیزبیان دوچاری شکستێکی گەورەتر کرد. پێویست بوو هەر لە دوای شکستەکەی پەرلەمانی کوردستان، حیزب گرێدانی کونگرەیەکی نائاسایی، بکردبایە کاری یەکەمی، ئەمە کەمترین کاربوو بۆ ئەوەی بتوانرێت متمانەی هاورێیان و جەماوەر بۆ حیزب بگەرێتەوە، بەلام بەداخەوە ئەوان هەولدان بۆ بەشداربوون لە حکومەتی هەرێمیان کردە کاری یەکەمیان و ئەم کێشانەی لە ئەنجامی ئەم شکستیە هاتە کایەوە، بۆ قەدەریان بەجێهێشت و ئێستاش هیچ هەنگاوێک لە ئارادانیە لەلایەن سەرکردایەتی حیزب بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، تەنیا گرتنەبەری سزادانی ئەم هاورێیانەی رەخنەیان لە میتودو گوتاری سیاسی حیزب هەیە و نایانەوێت بەچاوی خۆیان مەرگی ئەو حیزبە ببینن، کە تەمەنێکی درێژ لە رێزەکانی تێکوشاون و قوربانیان داوە و هەندێکیان گیانی ئەزیزەکانیان لە رێگای سەربەرزی ئەم حیزبە بەختکراوە. تاکە رێگای رزگار کردنی حیزب گرێدانی کونگرەیەکی نائاساییە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانەی ماوەیەکی درپژە لەسەر یەک کەلەکە دەبن. راستە ماوەیەکی درێژ نیە حیزب کونگرەی سێ یەمی خۆی گرێداوە ، بەلام دەرئەنجامەکانی هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و عیراق، سەنگ و کاریگەری حیزبی بە شێوازیک نیشاندا کە هیچ پاساوێک بۆ ئەوە نەهێشتەوە بێ باکانە لێگەرێین حیزب لە گورەپانکە وونبێت و ئێمەش خۆمان بە ئیستحقاقی کونگرە ببەستینەوە!!! بۆیە جارێکی تریش دووپاتی دەکەمەوە، بێجگە لە گرێدانی کونگرەیەکی نائاسایی بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانەی لە ئەنجامی ئەم میتودو گوتارە سیاسیە هاتونەتە کایەوە. هەموو رێگایەکانی تر تەنیا خۆ دزینەوەیە لە چارەسەری راستەقینەوە خوازیاری بەردەوام بوونە لە لاواز کردنی حیزب. هاورێیانی سەرکردایەتیش بەرپرسیاری مێژوویان لەسەرە بۆ چارەسەرکردنی ئەم وەزعیەتەی حیزبی خراوەتە ناو.

رزگار کۆچەر: باشە ئەو هاورێیانەی سەرکردایەتی وەک ئێستا گوییان لەم رەخنانە نەگرتوو، بەردەوام بوون لەم میتودە، چ رێگایەک بۆ هاورێیانی نارازی دەمینێتەوە.

دلشاد خدر: ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و رۆژانە چەندین هاورێ دوبارەو سێ بارەی دەکاتەوە. لەسەرەتا پێویستە ئەوە بگوترێت، لە ئەنجامی پەیرەوکردنی ئەم میتودە کۆمەلێک ئەندامانی سەرکردایەتی سوود مەندن لە رووی وەرگرتنی دەستکەوت لە دەسەلات، ئەمانەش بە شێوازێکی توند دژی هەموو بوچونێک دەبنەوە کە داوای گورانکاری ئەم میتودە دەکات، بۆ لاوازکردنی ئەم سەنگەرەش هەموو رێگایەک دەگرنەبەر، ئەمرۆش زۆرێک لە جومگەکانی حیزبیان لەدەستدایە و لەوانەیە دەسەلاتیش خوازیاری ئەوە بێت حیزبی شیوعی کوردستان هەر بەم شێوەیەبێت. بەلام دیسان لەسەر هەمووان پێویستە هاورێیان بە شێوازێک تێبکوشن بۆ گورانکاری کە لە کوتایدا زیان بە حیزب نەگەینێت، چونکە حیزب ئەمرۆ لە وەزعێکی زۆر لاوازدایە، بەرگەی دووکەرت بوون و لێکجیابوونەوەی هاورێیان ناگرێت.پرۆسەی گورانکاری پرۆسەیەکی درێژ خایەنە و پێویستی بە سسنگێکی فەرەوان هەیە، هاورێیانی سەرکردایەتی هەر ئیجرائەتێک بکەن ناتوانی ئەم کێشانە کۆتایی پێبێنیت و لە کوتایدا هەر پێویست دەبێت گورانکاری بکرێت و حیزب بگرێتەوە شوێنی راستەقینەی خۆی کە بەرگری کردنە لە بەرژەوەندیەکانی خەلکی زەحمەتکیش. بەلام پێویستە لە رێگای نووسین و کورو کۆبونەوە زیاتر ترسناکیەکانی سەر حیزب بۆ هاورێیان روونکەنەوە. راستە زۆرینەی ئەو کەس و گروپانەی لە حیزب دابران، نەیانتوانی درێژە بە تێکوشانیان بدەن، ئەمەش لە ئەنجامی دلسوزی هاورێیان و بنکە حیزبیەکان بووە، بەلام کاتی حیزب لەم ئامانجانە دوور دەکەوێتەوە کە لە پێناوی دروست بووە، ئەوکات شتێکی تر دەبێت. دەبێت ئەوەش بزانین کە سەرکردایەتی حیزب ئەمرۆ ئەرکێکی مێژووی لەسەر شانە کە بتوانی بە شێوازیک مامەلە لەگەل ئەم وەزعیەتە بکات کە لەبەرژەوەندی حیزب کوتایی بێت!!! گرتنەبەری دەرکردن و محاسەبە کردنی هاورێیان، ئەوە تەنیا قەیرانەکانی حیزب قولتر دەکات و حیزب زیاتر دەپوکێنیێتەوە. ئێستاش حیزب خاوەن جەماوەرێکی زۆرە، لە ئەنجامی زەحمەت و ماندوبوونی تێکوشەرەانی دێرین و شەهیدانی حیزب، حیزب خاوەن سەرمایەکەی زۆر گەوەرەیە لە کوردستان، بەلام ژمارەیەکی زۆری لە بنەمالەی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکانی و تێکوشەرانی دێرینی حیزب بە هۆی ئەم میتودو گوتارە سیاسیە هەلویستیان لە حیزب وەرگرتوە و لە حیزب دوورکەوتۆنەتەوە، هەرچەندە ئەوە ئازارێکی گەورەیە. هەموو جەماوەری حیزب و بنەمالەی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و ...هتد، چاوەروانی ئەوەن حیزب بگەرێتەوە سەنگەری راستەقینەی خۆی، ئەو سەنگەرەی کە ئەوان تێیدا تێکوشان و قوربانیان تێداوە، تا ئەوانیش وەک جاران خۆیان لە نیو حیزبە بدۆزنەوە، کە هەم قوربانیان لە پێناو داوە هەم تەمەنێکی درێژیان لە پێناو ئەم حیزبە بەسەر بردوە.
_____________________________
* هاورێ دلشاد خدر: بەرپرسی کۆمیتەی رێکخستنی دەرەوەی حیزبی شیوعی کوردستان.

 

ماڵپه‌ڕی دڵشاد خدر