٢٢\٨\٢٠١٠
دیمانه
لهگهڵ رێکار ئەحمەد" سەرۆکی حیزبی رزگاریی
کوردستان.

شێرزاد عومهر مهحمود
رێکار
ئەحمەد، لە ساڵی 1964 لە گوندێکی دەشتی هەولێری باشووری کوردستاندا
هاتۆتە ژیانەوە، سەرەتایی لە قوتابخانەی گوندی خەزنە خوێندوە، خوێندنی
ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەولێر تەواوکردوە، دوای تەواوکردنی
خوێندنی ئامادەیی ساڵی 1980 لە کۆلیژی ئەندازیاری بەشی کارەبای زانکۆی
سلێمانی وەرگیراوە، بەڵام دوای ساڵێک زانکۆی سلێمانی گوێزراوەتەوە بۆ
شاری هەولێرو ناوەکەیشی گۆڕدرا بۆ زانکۆی سەلاحەدین. دواتر بڕوانامەی
بەکالۆریۆسی لە بەشی ئەلەکترۆنیک لە کۆلیژی ئەندازیاری زانکۆی
سەلاحەدین وەرگرتووە، ساڵی 1977 لە رێکخستنەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی
کوردستاندا دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کردوە، دوای تەواوکردنی کۆلیژ وەک
پێشمەرگەیەکی کوردستان لە ریزەکانی حیزبی سۆسیالیستی کوردستاندا چەکی
کردۆتە شان، دواتر لە ساڵی 1987 چۆتە ناو پارتی گەلی دیموکراتی
کوردستان. چەندین پلەی بەرپرسیارێتی لەناو حیزبی سۆسیالیست و پارتی
گەلدا بینیوە، لەنێوان ساڵانی 1989 تا کۆتایی 1991 ئەندامی دەستەی
بەڕێوەبەری یەکێتیی نووسەرانی کوردستان بووە.
لە رۆژانی 20 تا 28ی ئابی 1992 لە شاری هەولێر هەرسێ لایەنی {(حیزبی
سۆسیالیستی کوردستان، پارتی گەلی دیموکراتی کورستان و پارتی سەربەخۆیی
کوردستان(پاسۆک)} کۆنگرەیەکی هاوبەشیا بەستاو حیزبی یەکگرتنی
کوردستانیان پێکهێنا، لەو کۆنگرەیەدا رێکار ئەحمەد وەک ئەندامی
سەرکردایەتی هەڵبژێردرا، لە 15-8-1993 لەگەڵ دەستەیەک کادری نوێنەری
دووەمین کۆنگرەی حیزبی یەکگرتنی کوردستاندا بڕیاریاندا کە بمێننەوەو
درێژە بە خەباتی سەربەخۆخوازی بدەن و حیزبی رزگاریی کوردستانیان
راگەیاند، لە یەکەمین کۆنگرەی حیزبی رزگاریی کوردستان کە لە رۆژانی 15
تا 18/11/1995 لە شاری هەولێر پێکهات بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرا،
هەروەها لە دووەمین کۆنگرەی حیزبی رزگاریی کوردستان کە لە رۆژانی
14و15ی/10/2004 لە شاری سلێمانی بەسترا بە سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە،
هەروەها لە سێهەمین کۆنگرەی حیزبی رزگاریی کوردستاندا کە رۆژی 1/1/2010
لە شاری هەولیر بەسترا جارێکی دیکە بۆ پۆستی سکرتێری گشتی
هەڵبژێردرایەوه، ساڵی 1999 تا 2002 ئەندامی
کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بووە، نووسەرو
رۆژنامەنووسە، تا ئێستا دوو رۆمانی چاپ کردوە، چەندین نامیلکەی کورتە
چیڕۆک و شیعری چاپ و بڵاوکردۆتەوە. هەروەها بەردەوام لە گۆڤارو
رۆژنامەکاندا بابەتی جۆراوجۆر بڵاو دەکاتەوە، رێکار ئەحمەد ژنی هێناوەو
پێنج کوڕی بەناوەکانی فلادیمێر، گیڤارا، کاسترۆ، شەنگەمێرو بەرزەمێر
هەیە، رێکار ئەحمەد تاقە کچێکی هەبوو بەناوی رۆزا، بەڵام مخابن رۆژی
22-2-2010 بە هۆی ئاگر کەوتنەوە لە ماڵەکەیاندا گیانی لەدەست دا.
بۆئەوەی را و بۆچوونی ئەو پارتە کوردیەش لەبارەی پرس و چەمکە
سیاسیەکانی ئێستای گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بزانین بە پێویستمان زانی
کە بەدوای ناونیشانی ئەو حیزبەوە بین، بەڵام زۆر بەداخەوە دیارە
کاریگەریەکانی شەڕی ناوەخۆ ئەم حیزبەشی کردووە بە دووان وەکو هەموو
شتەکانی تر و دەستەواژەکانی تر، ئەوەی سەرنجی راکێشاین کە بارەگایەکی
تر بە ناوی هەمان حیزب لە شاری هەولێر هەیە کە چەند جارێک چووین بۆ
ئەوەی لە نزیکەوە چاومان پێیان بکەوێ، بەڵام بەداخەوە هەمیشە داخراو
بوو بۆیە تەنها وێنەی دەرەوەی بارەگاکەمان گرت وەکو بەڵگەیەک کە هێشتا
تارماییەکانی دوولەت بوونی نێو ماڵی کورد بەهۆی شەڕی نەگریسی
براکوژیەوە هەرماوە و پێویستە ئێمەی کورد پێش هەر شتێ کار لەسەر
قوڵکردنەوە و تۆخکردنەوەی برایەتی و تەبایی نێوانمان بکەین ئینجا
هەنگاو بنێین بۆ ئامانجە گەورە و ستراتیژەکانمان، بارەگایەکی تری
سەرەکی ئەو حیزبە لە هەولێری پایتەختە و لە دەرفەتێکدا سەردانمان کردن
و بەڕێز(رێکار ئەحمەد) وەکو سەرۆکی حیزبی رزگاری بەو شێوەیە وەڵامی
پرسیارەکانمانی دایەوە:
* پێناسەیەکی کورتی حیزب..
رێکار ئەحمەد: حیزبی رزگاریی کوردستان، حیزبێکی نیشتمانی دیموکراتی
پێشکەوتنخوازە، خەباتی نەتەوایەتی و چینایەتی بەیەکەوە گرێدەدات و
لەژیر رۆشنایی فەلسەفەی سۆسیالیزم و یەکسانیخوازیدا هەنگاو
هەڵدەگرێتەوە، هاوکات پەیڕەوی لە دیموکراسی و سۆسیالیزم دەکات. لە رۆژی
15-8-1993 لەلایەن دەستەیەک تێکۆشەری دێرینەوە کە نوێنەری دووەمین
کۆنگرەی حیزبی یەکگرتنی کوردستان بوون، راگەیەندرا.
* کار و خەبات و چالاکی و سنوری چالاکیتان..
رێکار ئەحمەد: هەڵبەت کارو چالاکی حیزبەکانی باشوور بە گشتی بریتیە لە
کاری رێکخراوەیی و راگەیاندن و پەیوەندیەکان. حیزبی رزگاریی کوردستانیش
لە هەموو شوێنەکانی باشووری کوردستان رێکخستنی خۆی هەیە، لەبواری
راگەیاندنیشدا هەفتەنامەی رۆژی گەل دەردەکات، هەردوو ماڵپەڕی 'رزگاری'
و 'رۆژی گەل'یشی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتدا دەست بەکارن. لە بواری
پەیوەندیەکانیشەوە توانیویەتی گەشە بە پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ سەرجەم
حیزب و رێکخراوە سیاسیەکانی کوردستان بدات، تەنیا ئەو حیزبانەی کە
خۆیان حەزیان بەو پێوەندیە نەکردبێ.
* هەڵوێستتان بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم چییە..؟
رێکار ئەحمەد: حکومەتی هەرێم بەرهەمی خوێن و قوربانی و خەباتی تێکڕای
گەلی کوردستانە، ئێمەش بەگوێرەی توانای خۆمان لەپێناو گەیشتن بەو
دەستکەوتانە تێکۆشاوین، تەمەنی لاوی خۆمان پێشکەش بەگەل و نیشتمان کردو
چەکی پێشمەرگایەتیمان لە شان بووە، بۆیە بەهەموو هێزێکمانەوە پارێزگاری
و داکۆکی لێدەکەین، هەرچەندە پێمانوایە کە حکومەتی هەرێم هاوێرکاری
لەنێوان حیزبەکان و خەڵکدا دەکات. بۆ نموونە ئێمە وەک حیزبی رزگاریی
کوردستان هەم پێشینەی خەباتی چەکداری و رێکخستنمان هەیە، هەمیش
لێبڕاوانەو دڵسۆزانە لەپێناو ئەو دەستکەوتانە تێکۆشاوین بەڵام مخابن
تەنیا ئەرکمان هەبووەو هەیەو بێماف کراوین. بەوهۆیەوە رەخنە لە ئەدای
کارەکانی دەگرین، پێشمانوایە کە بەرەخنەی بەجێ دەتوانێ کێماسیەکانی خۆی
راست بکاتەوە.
* چۆن ئۆپۆزیسیۆن دەخوێننەوە..؟
رێکار ئەحمەد: ئۆپۆزیسیۆن بۆ هەموو حکومەتێک پێویستیێکی ژیارییە، بوونی
ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز ،حکومەتێکی بەهێز بەرجەستە دەکات. هەر حکومەتێک
ئۆپۆزیسیۆنی نەبێت، یان لاوازە یان دیکتاتۆرو ملهوڕە. حیزبی رزگاریی
کوردستان هەر لە سەرەتاوە باوەڕی وابووە کە دەبێ سەنگەری دەستەڵات و
ئۆپۆزیسیۆن لەیەکتری جیا بکرێنەوە، بەو مەرجەی کە ئۆپۆزیسیۆن لە پرسە
چارەنووسسازەکاندا هاوهەنگی لەگەڵ دەستەڵاتدا بکات، واتە لەبەرانبەر
دەرەوەدا هاودەنگ و هاو ئاهەنگی دەستەڵات بێت، لە ناوەخۆشدا چاودێری
بەسەر کارو چالاکیەکانی حکومەت بکات و کێبەرکێی لەگەڵدا بکات. سەندوقی
دەنگدان بکات بە مەکۆی یەکلایی کردنەوەی ململانێکانی خۆی لەگەڵ
حیزبەکانی دیکەدا.
* بە بۆچوونی ئێوە تا چەند ئۆپۆزۆسیۆن پێشێلی ئەمنی قەومی کردووە لە
تۆخ کردنەوەی پرسە لاوەکیەکان..؟
رێکار ئەحمەد: ئۆپۆزیسیۆنی باشوری کوردستان بە ئوسولی خۆی رێی نەگرتووە،
هەربۆیەش لەهەندی پرسدا دووچاری کێماسی و کەمبینی دەبێ. بەوهۆیەشەوە
هەندێکجار پرسی لاوەکی گەورە کردۆتەوە، لەوانەیە ئەوەش زیانی بە ئەمنی
قەومی گەیاندبێ، بەڵام بەومەرجەی کە لایەنەکانی دەستەڵاتیش خۆیان
لەپەنای ئەو پرسە لاوەکیانەوە نەشارنەوەو بەوهۆیەوە سنووری ئازادی
رادەربڕین بەرتەسک نەکەنەوە. دەکرێ بڵێین کە هەردوو لایەن کەمتەرخەم و
خەمساردن لە گەورەکردنەوەی پرسی لاوەکیدا، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە
ئەو پرسەش هاوێربکرێت و یەک پێوەری دەکار بکرێ.
* ئەو شەڕە جنێوەی نێوان سیاسیەکان و رۆشنبیران چۆن دەبینن..؟
رێکار ئەحمەد: شەڕە جنێو هەمیشە گوزارشت لە پرسە گرنگ و
چارەنووسسازەکان دەدات. رەوانیە کە سیاسیەکان و رۆشنبیرەکان پەرە بە
شەڕە جنێو بدەن، باشتر وایە کە کێبەرکێی و ململانێ لەسەر پڕۆژەی
خزمەتگوزاریدا بکەن، گلەیی و گازاندە لەیەکتر بکەن، رەخنە لەیەکتر بگرن
و راستیەکان وەک هەن بۆ خەڵک روون بکەنەوە. لەو روانگەیەوە من بە
تەواوی دژی شەڕە جنێوو ناوزڕاندن و سوکایەتی پێکردنم، هیواخوازم کە
ئێمەی کوردستانی بە لۆژیکی سەردەمیانە ململانێکانمان بەڕێوەببەین.
* لەکاتێکدا تورکیا و ئیسرائیل بەرەو لێک دوورکەوتنەوە دەچن و لەوێوەش
دۆستە دێرینەکانی جوو لەناوچەکە رۆژ لەدوای رۆژ کاڵ دەبنەوە، ئەوەی کە
هاو پرس و کێشەیە لەناوچەکە کورد و جووە ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە
سیاسەتمەدارەکانمان بە تایبەتی سەرکردایەتی سیاسی کوردی لەبری ئەوەی
روو لە تاران و ئەنکەرە و دیمەشق بکات روو لە تەلئەبیب بکات..؟
رێکار ئەحمەد: لەوانەیە بەرووکەش وا دەربکەوێ کە تورکیاو ئیسرائیل
بەرەو لێک دوورکەوتنەوە دەچن، بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە حکومەتی
دادوگەشەپێدان دەیەوێ سوود لەو بابەتە وەربگرێ و سەرنج و سۆزی عەرەب و
ئیسلام بەلای خۆیەوە رابکێشێ، دەنا دامەزراوەی سەربازی و هێزەکانی
دیکەی تورکیا زۆر کۆکن لەگەڵ ئیسرائیل، لە رابردووشدا لەپەنای ئەواندا
درێژەیان بە فەرمانڕەوایی داوەو خۆیان لەبەرانبەر ناحەزو دوژمنەکاندا
راگرتووە. تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کەزۆرترین کێشەی لەگەڵ
دراوسێکانیدا هەیە، بۆیە بەردەوام خاڵی ژیاری بۆ ئەو، بەهێز کردنی
پێوەندیەکانی و دۆستایەتی ئیسرائیل بووە.
بێگومان دەبێ هێزە سیاسیەکانی کوردستان و سەرکردایەتیەکەی درزو دەرفەت
بقۆزنەوە،بەوهۆیەوە گرەوەکە لە داگیرکەران و ناحەزانمان ببەینەوە.
کوردستانیان بەبێ پرس و راوێژو خواستی خۆیانەوە دابەش کراون و
نیشتمانەکەیان بە چوار دەوڵەت لکێندراوە، بۆیە دەتوانێ سوود لە ناکۆکی
و ململانێی نێوان داگیرکاران و دوژمنانی ئەوان وەربگرێ. کورد کێشەی
نەتەوەیی،نیشتمانی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئیسرائیلدا نیە، تەنیا
دووشت لێکیان جیا دەکاتەوە، یەکەمیان ئایین، دووەمیشیان پرسی
داگیرکاریی.
* ئێمەی کورد تا چەند دەتوانین لێکترازانی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا
و ئیسرائیل بقۆزینەوە و سوود لە دوژمنداریەکانی دوژمنەکانمان وەربگرین..؟
رێکار ئەحمەد: هەڵبەت دەبێ کورد لێکترازانی نێوان داگیرکاران و
دوژمنانی ئەوان بقۆزێتەوە، چونکە پێوەندیەکان زیاتر پێگەی ئابووریان
هەیە. پێوەندیش پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەشە، یان رێککەوتن لەسەر
پاراستنی پەیوەندیەکانە. ئەگەر هێزو حکومەت و دەوڵەتێک ناحەزی لەگەڵ
داگیرکارانی کوردستاندا هەبێ، باشتروایە لێی نزیک بێتەوە. وەک کورد
گوتەنی: 'دوژمنی دوژمنم، دۆستە'. ئێمە پێمانوایە دۆستایەتی و
پێوەندیکردن لەگەڵ هەموو وڵات و گەلێک رەوایە بەمەرجێک بەرژوەندەکانی
خۆمان نەدۆڕێنین.
* ئایا پارتەکەی ئێوە هیچ بودجەیەک لە حکومەت و
حیزبەکان وەردەگرێت بودجەکە چەندە و بەچی خەرج دەکرێت..؟
رێکار ئەحمەد: حیزبی رزگاریی کوردستان لە 24-6-1995دا مۆڵەتی کارکردنی
لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە، بەوهۆیەوە حکومەت بودجەێکی بیست ملیۆنی بۆ
تەرخان کردوە. پێموایە ئەمە کەمترین بودجەیە، چونکە حیزبی رزگاری
چەندین بارەگاو نووسینگەی لە شارەکانی کوردستاندا هەیە، هەفتەنامەی
رۆژی گەل چاپ و بڵاو دەکاتەوە. دوو ماڵپەڕی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتدا
هەیە،پێشمەرگەی پاسەوانی هەیە، بێجگە لە کادرو ئەندامانانی سەرکردایەتی.
بێگومان بیست ملیۆن بەشی کرێی بارەگاو مووچەی پێشمەرگەو تێچووی
راگەیاندنی ناکات. لەمێژووی خۆشیدا سێ کۆنگرەی بەستووە، دیارە هەموو
ئەوانەش پێویستیان بە بودجە هەیە. سێهەمین کۆنگرەی حیزبی رزگاری لە
1-1-2010 کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا، لەو کۆنگرەیەدا 5 ئەندامی
سەرکردایەتی پێشو کە نەهاتبوون بۆ ناو کۆنگرە دەرکران، کەچی وەزارەتی
ناوەخۆ بەبیانۆی ئەوەی هەندێک کەس لە دەرەوەی رزگاری ماونەتەوە ئەوە
هەشت مانگە بودجەی حیزبی رزگاری راگرتووە.
*بە بۆچوونی ئێوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان تا چەند سەرکەوتووبووە لە
کارەکانی..؟
رێکار ئەحمەد: سەرۆکی هەرێم لە ئەدای کارەکانی خۆیدا لە سەر ئاستی
دەرەکیدا سەرکەوتوو بوە، بەڵام لەسەر ئاستی ناوەخۆدا وەک پێویست نیە،
بەیەکچاو لە داخوازی خەڵک ناڕوانی، بۆ نموونە ئێمە وەک حیزبی رزگاریی
کوردستان دەیان نامەمان بۆی رەوان کردوەو ئەو کێشانەمان بۆ دیاریکردوە
کە لەبەردەم چالاکی حیزبی رزگاریدا قوت دەکرێنەوە، بەڵام تەنیا جارێکیش
وەڵامی ئێمەی بە ئەرێ و نەرێ نەداوەتەوە، جا نازانین ئەو نامانەی
لێدەشارنەوەو پێینادەن یان ئەوەتا بایەخ بە کێشەو گرفتی حیزبەکانی
دەرەوەی دەستەڵات نادات..؟!
* دوو حیزبی رزگاری هەبوو، یەک لەژێر باڵی پارتی و یەکێکیتریان لەژێر
باڵی یەکێتی کاتێ بودجەشیان بۆ بڕایەوە کامە حیزب بووە خاوەن ئەو
بودجەیە..؟
رێکار ئەحمەد: یەک حیزبی رزگاریی کوردستان هەبوو، شەڕی نێوەخۆ
سەریهەڵدا حیزبی رزگاری بێلایەنی خۆی راگەیاندو خۆی بەسەر سەنگەری شەڕی
نێوەخۆدا دابەش نەکرد، بەڵام کەسێک بە ناوی(زەید مەحمود عەلی) کە تەنیا
چەند مانگێک بوو هاتبوە ناو حیزبی رزگاری، ئەو شەڕەی بە دەرفەت زانی،
بۆ ئەوەی بەرژوەندیەکانی خۆی بپارێزێ کە رەوشێکی ئابووری یەکجار خراپی
هەبوو بارەگای حیزبی لە شاری هەولێر بەجێهێشت، چوو بۆ مەسیف سەلاحەدین
لەوێ کەوتە دژایەتیکردنی حیزبی رزگاری و بەوە تۆمەتباری کردین کە ئێمە
لایەنگیری لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین. راستیەکەی حیزبی
رزگاری تا کۆتاییش بەشداری لەشەڕی نێوەخۆدا نەکرد. دەبێ بڵێین کە
ئیدارەی سلێمانی حکومەتی هەرێم لە کۆتایی ساڵی 1998 بڕیاری دا کە
بودجەیەک بۆ حیزبی رزگاریی کوردستان تەرخان بکرێ، ئەو بوودجەیە تەنیا
20 هەزار دیناری چاپی سویسری بوو، ناوە ناوە وەرمان دەگرت، دوایی لە
سەرەتای ساڵی 2009 بودجەکە کرا بە بیست ملیۆن. واتە بودجەکە هی حیزبی
رزگاری راستەقینەیە نەک ئەو فۆتۆکۆپیەی کە بۆ بەرژەوەندی کەسێک
بانگەشەی بۆ دەکرێ. تا کۆتایی مانگی 12ی ساڵی 2009 ئێمە ئەو بودجەیەمان
وەرگرتوە، وەک پێشتر ئاماژەم بۆ کرد کە سێهەمین کۆنگرەی حیزب لە رۆژی
1-1-2010 پێنج ئەندامی سەرکردایەتی پێشووی لە ریزەکانی حیزب دەرکرد، سێ
لەوان چوونە لای کاک زەید مەحمود، ئیدی بەو هۆیەوە بودجەی حیزبی رزگاری
راگیراو دەستی بەسەردا گیرا. بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە وەزارەتی
ناوەخۆ هەردوولامانی بانگ کرد، داوایان لێکردنی کە ئاشت بینەوە، ئێمە
پێمان گوتن کە کۆنگرە بڕیاری دەکردنی سێ لەوانەی داوە کە ئێستا لەگەڵ
کاک زەید کار دەکەن، بۆیە ناتوانین وەریان بگرینەوە، ئەگەر کاک زەیدیش
خۆی دێتەوە با بفەرموێ! لەوێ لە وەزارەتی ناوەخۆ بە ئێمەیان گووت :'
بەڵی ئیجازەکە هی ئێوەیە، بوجەکەش هی ئێوەیە بەڵام کاک زەید بۆیە داوای
بودجە دەکات چونکە سێ کەس لەلای ئێوە چونەتە لای ئەو' دیارە ئەو پاساوە
زۆر لاوازە و کەسیش ناتوانێ بەو دوعایە بڵێ ئامین، چونکە ناکرێ هەر
چەند کەسێک لە حیزبێک دەرکران یان دابڕان ئیدی بودجەی ئەو حیزبە لەت
بکرێ یان رابگیرێ!
* ئێوە لەکامە بەرەدا خۆتان دەبیننەوە، ئۆپۆزۆسیۆن یان بێ لایەن..؟
رێکار ئەحمەد: حیزبی رزگاریی لەبەرەی ئۆپۆزیسیۆن دایە، بەڵام
ئۆپۆزیسیۆنێکی پۆزەتیڤ.
* قورسایی نەبوونی هەر گروپ و حیزبێک مانای نەبوونی ئەو حیزبە
دەگەیەنێت، بۆچی حیزبەکەی ئێوە ئەو قورساییە سیاسیەی نییە کە بتوانێ 2
کەس بهێنێتە سەر شەقام بۆ پرۆتستۆکردنی تۆپبارانەکانی ئێران و تورکیا
یاخود بۆ هەر مەترسیەک کە بێتە سەر ئەو هەرێمە..؟
رێکار ئەحمەد: حیزبی رزگاری قورسایی زۆری هەیە، دەشتوانی هەزاران کەس
بێنێتە سەرشەقام بەڵام رەوشی ناجێگیری کوردستان ئەو رێیەمان پێنادات،
نامانەوێ کارێک بکەین کە زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگات یان
لەبەرژەوەندی دوژمن و ناحەزان تەواو ببێ. خۆتان دەزانن کە دەوڵەتانی
دراوسێ و زۆرێک لە هێزە رەگەزپەرستەکانی عێراق سەنگەریان دژ بە حکومەتی
هەرێم گرتووە، دەیانەوێ یەکێتی ریزەکانی خەڵکی کوردستان بترازێنن، بۆ
دروستکردنی گرفت و کێشەی ناوەخۆ کاردەکەن، بۆیە حیزبی رزگاری کارێک
ناکات کە داگیرکاران و ناحەزانی کوردستان دڵیان پێی خۆش بێت.
ئێمە لەهەموو رووداوەکاندا هەڵوێستی خۆمان بەیان کردوە، دژی ئەو
تۆپباران کردنەیەن کە ئێران و تورکیا دژ بە گوندو ئاواییەکانی باشووری
کوردستان ئەنجامی دەدەن، لەهەموو مەترسیێکیش کە بێتە سەر هەرێمی
کوردستان ئێمە وەک پێشوو پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم دەبین و پارێزگاری
لێدەکەین.
* حیزبەکەی ئێوە لە ئەدەبیاتەکانیەوە دیارە کە حیزبێکی نەتەوەییە،
نەتەوەییترین حیزبیش ئەمڕۆ پێویستە هەموو گرانایی خۆی بخاتە سەر کەرکوک
و ناوچە دابڕواوەکان، ئێوە چیتان لە کەرکوک کردووە و دەتانەوێ چی بکەن..؟
رێکار ئەحمەد: حیزبی رزگاری لە راگەیاندن و بڵاوکراوەکانی خۆیدا
بەردەوام لەسەر کەرکوک و ناوچە دابراوەکانی دیکە قسەی خۆی هەبووەو
کردویەتی، زۆر شێلگیرانەش جەختمان لەسەر گێڕانەوەی ناوچە
دابڕێندراوەکاندا کردوە، خواستومانە کە هێزە کوردستانیەکان جێبەجێکردنی
ماددەی 140 بەکەن بە مەرجی هەر هاوپەیمانی و رێککەوتنێک لەگەڵ هێزەکانی
دیکەی عێڕاقیدا.حیزبی رزگاری کوردستان یەکەمین لایەنی سیاسی کوردستانی
بووە کە دروشمی بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی هێناوەتە رۆژەڤەوە. لە ساڵی
1993 لەگەڵ راگەیاندنی رزگاریدا ئەو دروشمە بەرزکراوەتەوەو کاری بۆ
کراوە، ئێستاش ئێمە پێمانوایە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کوردستان و بۆ
دیاریکردنی چارەنووسی باشووری کوردستان دەبێ ریفرندۆمێکی گشتی لەژێر
چاودێری نەتەوەیەکگرتوەکان بەڕیوەبچێ.
* ماوەی چەند ساڵ دەبێت سەرۆکی ئەو حیزبەی..؟
رێکار ئەحمەد: لەوەتەی حیزبی رزگاری هەیە، من سکرتێری گشتی ئەو حیزبەم،
هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە؛ من ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی یەکگرتنی
کوردستان بووم و لەگەڵ دەستەیەک کادری حیزبی یەکگرتن حیزبی رزگاریی
کوردستانمان راگەیاند، دواتر لەهەرسێ کۆنگرەکەدا من بە دەنگی زۆرینەی
نوێنەرانی کۆنگرە بۆ سکرتێری گشتی هەڵبژێردراوم، پێموایە ئەمەش یەکێکە
لە بنەما سەرەکیەکانی دیموکراتی. هەرچەندە لە دوەمین کۆنگرەی حیزب کە
14و15ی تشرینی 2004 پێکهات، من بڕیارم دا کە لە سێهەمین کۆنگرە خۆم
هەڵنابژێرمەوەو دەبێ کەسانێکی دیکە خۆیان کاندید بکەن، بەڵام بەهۆی
رەوشی پڕ گرفتی حیزبی رزگاری لە سێهەمین کۆنگرە هیچ کەسێک خۆی کاندید
نەکرد، هەروەها لەسەر پێداگری زۆرینەی رەهای نوێنەرانی کۆنگرە من پۆستی
سکرتێری گشتیم پەسند کردوەوە.
* بە بۆچوونی ئێوە کاتی ئەوە نەهاتووە کورد بایکۆتی بەشداریبوون بکات
لە حکومەتی عێراق و هەوڵەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ لێکجیابوونەوەی لە
عێراقی عارەبی..؟
رێکار ئەحمەد: دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە کە کورد بایکۆتی بەشداربوون لە
حکومەتی بەغداد دا بکات، بەڵام بەهۆی رەوشی ناجێگر و نالەباری عێراق و
ناوچەکە هەمیشە کورد رەگەزی خێر بووە و هەوڵی داوە دوژمنان سوود لە
ناکۆکیەکان وەرنەگرن، بەتایبەتیش ئەو دراوسێیانەی کە تەنیا ناحەزێتی و
دوژمنکاری لەگەڵ کورد دا دەکەن، دەنا ئێمە باوەڕمان بە سەربەخۆیی
کوردستان هەیە، پێشـمانوایە درەنگ یا زوو باشووری کوردستان سەربەخۆیی
خۆی وەردەگرێتەوەو لە عێراق جیا دەبێتەوە.
* بوونی کونسوڵخانەی ئێران لە هەموو شارەکانی
کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنی..؟
رێکار ئەحمەد: بوونی کۆنسوڵخانە شتێکی ئاساییە، چونکە هەرێمی کوردستان
دەیەوێ پێوەندی لەگەڵ دراوسێکاندا هەبێ، ئەگەر پێوەندی نەبێ، وەکو
پێویست کارەکان هەڵناسوڕێن، دواتر خۆ حکومەتی هەرێم خۆی نەکردۆتە
لایەنێک لە کێشەکانی نێوان کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان و دەوڵەتانی
دیکە؟! بۆیە بوونی کۆنسوڵخانە بەشتێکی ئاسایی و باش دەبینم.
* کاندیدکردنەوەی بەڕێز جەلال تاڵەبانی چ سوودێکی بۆ دۆزی رەوای کورد
دەبێت لە عێراق..؟ ئایا بەم پۆستە ئێمە زیاتر رووەو عێراقچێتی ناڕۆین..؟
رێکار ئەحمەد: مادام هێزە سیاسیەکانی باشووری کوردستان باوەڕیان بە
فیدراڵی هەیەو دەیانەوێ لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا بمێننەوە،
بوونی کورد لە پۆستە گەورەکانی حکومەتی ناوەندیدا کارێکی گرنگ و
پێویستە. لەو روانگەیەوە کاندیدکردنەوەی رێزدار مام جەلال بۆ پۆستی
سەرکۆماری عێراق سوودێکی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، هەر کاتێکیش
هەرێمی کوردستان بڕیاری سەربەخۆیی بدات ئەوە بوونی کەسانی ناسراوی وەک
رێزدار تاڵەبانی لەبەرژەوەندی کورد تەواو دەبێ.
* تا ئێستا لە رووی مومتەلەکاتەوە سوود مەندبوویتە..؟ هیچ کۆمپانیا و
کارگە و سوپەرمارکێت و شوێنی بازرگانیتان هەیە وەکو شەخس..؟
رێکار ئەحمەد: بە راشکاوی دەڵێم کە من نەک سوودمەند نەبوومە بەڵکو
زیانێکی زۆر گەورەشم کردوە، نەک هەر کۆمپانیا، کارگەو سۆپەرماکێت و
شوێنی بازرگانیم نیە، بەڵکو ئەوەی هەشم بووە لە سەر حیزبی رزگاریم
داناوە. بەر لەوەی حیزبی رزگاری دروست بکەین، من سێ خانوو، دوو سەیارەو
دوو پارچە زەویم هەبوو، بەڵام ئێستا تەنیا هەیکەلێکی خانووم ماوە،
وێڕای ئەوەی کە سولفەی عەقارم بۆ وەرگرتوە بەڵام بۆم تەواو نەکراوە،
هەروەها سەیارەیەکم هەیە ئەویشم بە قست دەرهێناوە. بۆیە زۆر بێباکانە
دەڵێم ئەگەر دەرکەوت لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایەدا من کۆمپانیا، کارگە،
سۆپەرمارکێت یان سەرمایەێکی دیکەم هەبێ ئەوە پێشکەش بەو کەسەی دەکەم کە
دەیدۆزێتەوەو دەیسەڵمێنێ کە هی منە. من نەک سوودمەند نەبوومە بەڵکو بۆ
حیزب خۆم دووچاری قەرزیش کردوە، من لە خۆڕاوە قسە ناکەم و بەڵگەم هەیە،
من تاکە سکرتێرم کە بۆ حیزب کرێکاریم کردبێ و پارەکەم بە ئەندامانی
حیزب دابێ، تاکە سکرتێرێکم کە پارەم قەرزکردوەو بۆ حیزبم سەرف کردوە،
هەروەها دووجاران حکومەتی هەرێم وەک شەخس هاوکاری کردووم، من
هەردووجارەکە پێشکەش بە حیزبم کردوە.
* دوا پەیام و گووتەی بەڕێزتان..؟
لەکۆتاییدا زۆر سوپاسی ئێوەی بەرێزو خوێنەرانی خۆشەویست دەکەم،
هیوادارام کە رۆژنامەوانان بەدوای راستیەکاندا بگەڕێن، رەش و سپی
لەیەکتر هاوێر بکەن و چاک و خراپ بەیەکەوە نەسووتێنن، چونکە پەتی درۆ و
بوختان کورتە درەنگ یا زوو راستیەکان ئاشکرا دەبن، سەربەرزی بۆ ئەوانە
دەمێنێتەوە کە نەکەوتوونەتە داوی درۆچن و چەواشەکاران.
ماڵپهڕی رێکار ئهحمهد
|