١١\٣\٢٠٢٥
دیمەشق و قامیشلۆ
- ڕەهەند و ئاسەوارەکان.

ئەرسەلان مەحمود
ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و قامیشلۆ، کە لەنێوان سەرۆکی کاتی سوریا
ئەحمەد ئەلشەرع و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک
واژۆ کرا، دەیان ڕەهەندی سیاسی، ستراتیژی و دەستووری لەخۆ دەگرێت.
بەڵام ئایا دەتوانێ کات و کەوتنە چاوەڕوان کراوەکان بگۆڕێ و درێژ
بکاتەوە... هێشتا دیار نییە.
• ڕەهەندە دەستوورییەکان و مافەکانی کورد.
لە بڕگەکانی یەکەم و دووەمدا، ڕێککەوتننامەکە مافی هەموو سورییەکان
بەبێ جیاوازی ئەتنی و ئایینی مسۆگەر دەکات. بۆ کورد، ئەمە خاڵێکی گرنگە
و دانپێدانانێکی فەرمی پێگەییە وەک "کۆمەڵگەیەکی ڕەسەن" لە سوریادا.
ڕاستە سەرنجی ئەوە دەدرێت کە زمانی ڕێککەوتننامەکە سەبارەت بە مافەکانی
کورد زۆر گشتییە، بەنموونە: باس لە "مافە دەستوورییەکان" دەکات بەبێ
دیاریکردنیان، ئایا ئەمە مافی زمانی، خوێندنی بە زمانی کوردی، یان
جۆرێک لە خوسەری ناوچەیی دەگرێتەوە یان چی... بەڵام گرنگە ئەمە بزاندرێ
کە خودی ڕێککەوتنە کارێکی هەروا سەرپێی و ڕاگوزەر نییە، هەم کورد تێیدا
بەهێزە و لە هێزمەندییەوە داخڵی ناو رێککەوتنەکە بووە، هەم ئەمریکا لە
بندێڕ و تەفاسیلیکەیدا بوونی هەیە. ئەمە وەک هێزنا، وەک ئاماژە بۆ
گۆڕانی هاوکێشەکە لە گۆرەپانەکەدا.
• یەکپارچەیی دەوڵەت و دەسەڵاتی ناوەندی.
بڕگەی چوارەم، کە پێداگری لەسەر تێکەڵکردنی دامەزراوە مەدەنی و
سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندییدا
دەکات، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق. تایبەت
لە مەسەلەی خاڵە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە و کێڵگەکانی نەوت و گاز، ئەمەش
بەهای تێگەکەی لە بندێڕەکانیدا هەیە، سیاسەتی یان هەموو یان هیچ قەڵب
دەکاتەوە و ڕێڕەوێکی سیاسی نوێی کوردی لەبەردەم کورددا دەکاتەوە.
ڕاستە بە ڕواڵەت وەک دەستکەوتێکی گەورە بۆ دیمەشق دەردەکەوێ، بەڵام
ئاڵۆزییەکانی جێبەجێکردنی ئەم بڕگەیە گەورەن و لە درێژ مەودادا
بەتایبەت سەبارەت بە چۆنیەتی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (SDF)
لەگەڵ سوپای سووریا، مانا و مەغزا و لێکەوتەکانی وەک ئەوەی بەشێک لە
میدیای عەرەبیدا بگۆ دەکرێ، هەرگیز هاوتا نابن بە تەصفییەی SDF و کەیسی
کورد لە واقیع و حکومەتی سووریدا.
• بەشی ئەمنی و سەربازی.
ڕێککەوتننامەکە لە بڕگەی شەشەمدا باسی "پشتگیری لە دەوڵەتی سووریا دژ
بە پاشماوەکانی "ئەسەد" دەکات. ئەمە ئاماژەیەکی گرنگە بۆ دەرو
دراوسێکانی سووریا و تێپەڕاندنی شەڕ و ململانێی تائیفی و مەزهەبی،
گۆڕەپانی سووری لەبری ناوچەیی، لێرەوە فۆڕم و بەرگێکی تری ئەمریکی
وەردەگرێت.
ئەم بڕگەیە نیشانی دەدات کە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەڕێوەیە، چ ئەوانەی
پشتگیری ڕژێمی پێشوو دەکەن و چ ئەوانەش لە دەوڵەتانی هەرێمی دەبێ ورد
لەمە تێبگەن کە نە سووریا و نە کورد لە سووریادا ئەو پارووە چەورە نین
بۆیان قوتبچێت، ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات بەشێکن لە هێزی فەرمی
دەوڵەت.
• بارودۆخی کۆچبەران و ئاوارەکان.
بڕگەی پێنجەم، کە پەیمانی گەڕانەوەی هەموو کۆچبەرانی سووری بۆ گوند و
شارەکانیان دەدات، دەرخەری ئەوەیە کە ئاوارەبوون هێشتا کێشەیەکی
گەورەیە لە سووریا. گرنگی ئەم بڕگەیە ڕەخساندنی ئەگەری گەڕانەوەی ئەو
کوردانەشە کە لە ناوچەکانی خۆیان ڕاونراون، بەتایبەت لە ناوچەکانی سەر
سنووری تورکیا.
هەروەها جێگەی سەرنجیشە کە ڕێککەوتننامەکە باس لە پاراستنی ئەوان
لەلایەن دەوڵەتی سوورییەوە دەکات و پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕژێمی نوێ
بەرپرسیارێتی ئەمنی لە ناوچە کوردنشینەکان وەردەگرێت.
• کات و چوارچێوەی جێبەجێکردن.
بڕگەی هەشتەم و کۆتایی جەخت دەکاتەوە کە کۆتایی ساڵ دوا مۆڵەتە بۆ
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە. ئەمە پێماندەڵێ گۆڕانکاری خێرا و گەورەتر لە
ئارادان، چونکە ئەمە کاتێکی زۆر کورتە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەیەکی
لەم جۆرە، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە هەردوولا پێویستیان بە خۆ
کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی خێرای ناکۆکییەکانیان هەیە و فشارە دەرەکی و
ناوخۆیی و هەرێمییەکان دەبیندرێن.
• هەڵسەنگاندنی گشتی.
ئەگەر کوردیانە سەیری ڕێککەوتننامەکە بکەین هەم دەرفەت و هەم
مەترسییەکانیش دەبیندرێن، فرسەتەکان دانپێدانانی فەرمی بە بوونی کورد
وەک "کۆمەڵگەیەکی ڕەسەن" لە سووریا، بەڵێنی پاراستنی مافەکانی
هاووڵاتیبوون و مافە دەستوورییەکان، گەڕانەوەی کۆچبەران بۆ ناوچەکانیان،
بەشداری لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراوەکانی دەوڵەت، لە هەموو ئەوانەش
گرنگتر دوور خستنەوەی شەڕو مەترسییە هەرێمییەکانە لەسەر کورد.
مەترسییەکان، نەبوونی وردەکاری دیاریکراو سەبارەت بە مافەکانی کورد،
لەدەستدانی کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکان بەسەر سەرچاوە ئابوورییەکان،
تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان کە هەندێک پێیانوایە ئەمە هێزی سەربازی
کورد لاواز بکات، یان ناڕوونی لەچییەتی چۆنیەتی کاریگەری ئەم
ڕێککەوتننامەیە لەسەر پەیوەندی هێزە کوردییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
وەک تورکیا و عیراق، بەڵام یەکگوتاری و هێزی هێزەکانی هەسەدە لە ئاستە
ناوخۆیی و دەولەکەیشدا بوونێکی بەرپێنەگراون، واقیعێکن نادیدەگرتنیان
هەروا سادە و ئاسان نییە.
• مێژوو و ئایندەی سووریا و ئەلشەرع.
دەگمەنە لە سەردەمی ئێمەدا گوێمان لە سیستەمێک بێت کە سەرکەوتنی بەدەست
هێنابێت و بە شێوەیەکی بەرز و لێبوردەیی مامەڵەی لەگەڵ واقیعەکە کردبێت،
لە عیراق، بەعسییەکان کۆمۆنیستەکانیان بە شەقامەکاندا ڕاکێشا و
کۆمۆنیستەکانیش پێش ئەوان بەشداری لەناوبردنی مەلیکییەکان بوون،
هەروەها ئەمریکییەکان پاشماوەکانی سەدامیان ڕاوناو و ملیۆنان کەس
هەڵوەدابوون. لە سوریا سەڵاح جەدید سێدارەی بۆ نەتەوەپەرستەکان هەڵواسی
و حافز ئەسەد هەڵگەڕایەوە و هەزاران کەسی لە خەڵکی حەمایان بە زیندوویی
ناشت، کوڕەکەی، بەشار، گۆڕی هەڵکەند، بەندیخانەکانی پڕکردو گەورەترین
دۆسیەی مێژووی کوشتن و ئەشکەنجەی تۆمار کرد. ئەحمەد الشەرعیش لە هەفتەی
ڕابردودا دەستیدایە هەمان ئەو ڕێگەیە، هەزارانی لە عەلەوییەکان
کۆمەڵکوژ کرد.
لە کاتێکدا ئەمڕۆ ئەو دەوڵەتە و نابێت ڕێ بە دژبەرەکانی بدات بۆ ئەوەی
بەرەو هەمان ئەو سەنگەرانە ڕایبکێشن، دیمەشق ڕێگەیەکی سەختی لەپێشە کە
لەوانەیە ساڵانێکی درێژ ئاستەنگەکانی بەردەمی درێژ ببنەوە. شەرع
ناتوانێت چەندین جەنگ لە هەمانکاتدا بەڕێوە ببات، هیچ دەوڵەتێک پێشتر
ئەمەی نەکردووە و سەرکەوتوو بووبێت. بۆیە حکومەتی شەرع دەبێت نیازەکان،
یان لانیکەم چاوەڕوانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تێبگات، بە نموونە لە
باوەشپێداکردنی دروزەکان و کوردەکان.
شەرع ناچارە یان لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل لێک تێبگات یان لەگەڵ ئێران و
ئەڵقە لەگوێی تورکیا بمێنێتەوە، بۆی ئەستەم دەبێت کە بەرەنگاری هەموو
ئەمانە ببێتەوە پێکەوە.
• پوختە.
ئەم ڕێککەوتننامەیە دەکرێت وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ کۆتاییهێنان بە
ناکۆکییەکان لە سووریا و دانپێدانان بە مافەکانی کورد ببینرێت،
جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە و وردەکارییەکانی کاریگەری ڕاستەقینەی
لەسەر ئایندەی کورد لە سووریا دیاری دەکەن.
شەرع لە جەنگی دژی ڕووخاندنی ئەسەد سەرکەوتن بەدەست دێنێت، بەڵام
دەتوانێت سوریا یەکبخاتەوە و کات و مەودای کەوتنەکەی دوور بخاتەوە؟
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|