١٨\٧\٢٠١٣
دیموکراسیخوازیی
وردەبۆرجوازی، بانێک و دوو ھەوا.
ھەژێن
٣٠ی مانگی جون و ٠٣ی جولای ئەم ساڵ (٢٠١٣)، خۆرھەلاتی ناوین دوو
ڕووداوی دەسەڵاتگۆڕین و درێژکردنەوەی دەسەڵاتی بەخۆیەوە بینی؛ یەکێکیان
لە ھەرێمی کوردستان و ئەوی دیکەیان لە میسر؛ یەکێکیان بە زۆرینەی دەنگی
پارلەمانتاران وئەوی دیکەیان بە ھێرشی سوپایی، ھەرچەندە ڕواڵەتیان
جیاواز بوو، بەڵام نێوەڕۆکیان یەک و تایبەتمەندییان یەک؛ چونکە لە
ھەردوو بارەکەدا ناڕەزایەتی جەماوەر بەرامبەر میرایەتی (ینک) و (پدک) و
سەرۆکایەتی (مەسعود بارزانی) لە ھەرێمی کوردستان و ناڕەزایەتی جەماوەر
بەرامبەر میرایەتی ئیخوانەکان و سەرۆکایەتی مورسی لە میسر لە ھەڵکشان و
تەقینەوەدا بوو، لە ھەر دوو بارەکەدا ئامانج گۆڵکردن لە جەماوەر و
پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و سەرمایە بوو، بە دوو ڕێگە و شێوازی جیاوازی
گونجاو و لەبار بۆ سەروەریی چینایەتی. پەنابردنی دەسەڵات بۆ ئەو شێوازە
جیاوازانە لە ھەر دوو بارەکەدا، پەیوەندی بە ئاستی ھوشیاری و خرۆشان و
لێبڕاویی جەماوەریی ناڕازییەوە ھەیە. بۆ نموونە لە سەردەمی ڕوخانی
میرایەتی (موبارەک)دا پارتەکان و ڕامیاران و دەستەبژێرە
دەسەڵاتخوازەکان، دروشمی دێمۆکراتی و سەروەریی یاسا و میرایەتی
تێکنۆکرات بەرزدەکەنەوە، بەڵام لە سەردەمی ڕوخانی میرایەتی (مورسی)دا
خۆیان لەژێر ناو و چەتری (تمرد)دا کۆدەکەنەوە و دەناسێنن، واژەیەک (تمرد/یاخیبوون)،
کە لەسەردەمی ڕوخانی (موبارەک)دا دەمی دەسووتاندن!
پێش ئەوەی بچمە سەر شرۆڤەی ھەڵویستی دوو دیوی ڕامیاران و نووسەرانی
کورد، لەمەڕ ئەو دوو ڕووداوە، بۆ ئەوەی وەک پیشەی ھەمیشەیی
ڕامیارانەیان نەکەونە، بەلارێدابردن و شێواندنی بۆچوون و تێڕامانەکان،
بەپێویستی دەزانم، ئەوە ڕۆشنبکەمەوە، من نەک ھەر دژی سیناریۆی
درێژکردنەوەی ماوەی (سەرۆکایەتی)م، لەوەش واوەتر دژی خودی سەرۆکایەتیم،
شتێک کە تەنانەت زۆربەی ئەوانەش کە پاگەندەی سۆشیالیستبوون دەکەن،
ناوێرن خۆیان لە قەرەی بدەن و لە بەرامبەر ئەو سیناریۆیەدا تەنیا
خوازیاری سەروەریی یاسای خودی بۆرجوازی و وەک ھاتنی "محەمەدی مەھدی"،
چاوەڕێی ھاتنی سەرۆکی باشن و خۆشیان بە شیاوترین کاندیدی میگەلکردنی
خەڵک و شوانەیی خۆیان دەزانن! ھەروەھا لە بارەی کودەتای سەربازیی ٠٣ی
جولای ٢٠١٣ی وڵاتی (میسر)ەوە، لە سەردەمی حوسنی موبارەک و لە سەردەمی
مورسی و لە ئێستاشدا، تەنیا لایەنگری بەرەی جەماوەر بووم و خەباتی
کرێکاران و (جەماوەر)م بە تاکە سەنگەری شۆڕش و شۆڕشگێڕیی زانیوە و
دەبینم و دژی گاڵتەجاریی ھەڵبژرادن و بەدەسەڵاتگەییشتنی ئیخوانەکان
بووم، لە ئێستاشدا ھەروا دژی دەسەڵاتداری ھەموو کەسێکم بەسەر ئەوانی
دیکەدا؛ چ دەسەڵاتداریی خۆم بێت یا ھی تۆی دەسەڵاتخواز و ھی مەسعود
بارزانی و ھی ئیخوانەکان و ھی خودای ئەفسانەکانیش.
ھیوادارم ھەر کەسێک لە ھەلھەلەکەرانی کودەتای سەربازیی بەسەر
بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریی میسردا، ڕەخنەی لەم بۆچوونانە ھەیە،
ھیچ پەنا بۆ دێماگۆگیی نەبات و کایە بە واژە سۆزبزوێنەکان نەکات. بە
بۆچوونی من، لە دەمی شۆڕشی کۆمەڵایەتییدا دوو بەرە ھەیە؛ بەرەی
دەسەڵاتپاریزان (پارلەمان و ڕامیاران و سوپا و پۆلیس و پەرەستگە و بانک
و کۆمپانییەکان و پارتەکان و چەوساوانی خۆشباوەڕ بە بەھەشتی دێمۆکراسی
پارلەمانی، کە بەرەی دژەشۆڕشن) و بەرەی شۆرش، کە تێکۆشەران و چالاکانی
بزووتنەوەی سەربەخۆی جەماوەریی چین و توێژە بندەستەکانن. لەبەرئەوە دوو
ھەڵبژێر زیاتر بوونیان نییە؛ یا چینەی سەروەرییپارێزیی یا تێکۆشانی
دژە-سەروەریی! لە دەرەوەی خەباتی دژی سەروەریی چینایەتی و خاوەندارێتی
تایبەت و کاریکرێگرتە، ھەر ھەوڵ و کۆششێک، تەنیا بە میکیاجکردنەوەی
سەروەریی چینایەتی کۆتایی ھاتووە و دێت!
ڕووداوەی یەکەم، درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی ئێستای ھەرێمی
کوردستانە. لە ٢١ ساڵی ڕابوردوودا بەپێی بنەما و میکانیزمەکانی
دێمۆکراسی پارلەمانی، لە ھەرێمی کوردستاندا ھەم دەسەڵاتداران کایە بە
دەنگی خەڵک دەکەن و ھەم ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخواز، جەماوەری ناڕازی کەم
ھوشیار، بە ڕازاندنەوە و میکیاجکردنی دیمۆکراسی پارلەمانی،
خۆشباوەڕدەکەن، لەم نێوەشدا کەسانێک کە پاگەندەی سۆشیالیزمخوازیی و
سۆشیالیستبوون دەکەن، ھەردەم گلەییان لەوە ھەبووە، کە دەسەڵاتداران
نەیانتوانیوە دێمۆکراسی پارلەمانی پیادەبکەن و نەیانتوانیوە سەرۆکی باش
بن و خودی دێمۆکراسی پارلەمانیان کردووە بە بەڵێنی بەھەشتی ئایینەکان و
پاساوی کەموکوڕییەکانیشیان بە خراپبوونی تاکە کەسە دەسەڵاتدارەکان
داوەتەوە یا لە بەرامبەر سیستەمی پارلەمانییدا دیکتاتۆریی پارتەکەی
خۆیان پێشنیارکردووە و کردووەتە ئەڵتەرناتیڤ!
ئەوەی ڕۆژی٣٠ی جونی ٢٠١٣ لە پارلەمانی ھەرێمی کوردستاندا ڕوویدا،
ئاساییترین کار و بڕیاریی پارلمانی بوو، نەک لەبەرئەوەی کە
درێژکردنەوەی شوانەیی کەسێک بەسەر کۆمەڵگەدا ئاسایی بێت، نەخێر،
لەبەرئەوەی بەپێی میکانیزمەکانی دێمۆکراسی پارلەمانی و سیستەمی
چینایەتی، ئاسایین و ڕەوایەتییان ھەیە. ٢١ ساڵە ڕامیاران و پارتەکان و
نووسەرانی کورد، داوای گەڕانەوەی ھەموو بڕیارەکان بۆ پارلەمان دەکەن و
خوازیاریی سەروەریی میکانیزمی دێمۆکراسی پارلەمانی و پارلەمانتاران "نوێنەرانی
ھەڵبژێردراوی گەل" ھەرێمی کوردستانن، کەچی لەو ساتەدا کە پارلەمانتاران
بۆ تاکە جارێک بەپێی یاسای دەنگ لەسەردانی پارلەمانی و یەکلاکەرەوەیی
زۆرینە و کەمینەی دەنگدەر، بڕیارێک دەدەن، ھەموو لایەنگرانی دێمۆکراسی
پارلەمانی بە نیئۆلیبرال و خۆ بە سۆشیالیستزانەوە، دەکەونە ھات و ھاوار
و دەڵێن، ئەمە پێچەوانەی دێمۆکرسی پارلەمانییە و نابێت ئاوابێت. ئایا
بەڕاستی ئەوەی کە لە پارلەمانی ھەرێمی کوردستاندا ڕوویدا، دژی
بنەماکانی دێمۆکراسسی پارلەمانی و ئاساییشی سەروەریی چینایەتی بوو؟
بەپێچەوانەی پاگەندەچییانی دێمۆکراسی پارلەمانی و چاوەڕوانی خۆشباوەڕان
بەو سیستەمە، ڕووداوێکی ئاوا لەبەردەم چاوی کامێرا و تەواوی دەنگدەران
و دەوڵەتە دیێمۆکراتەکان و دەزگە جیھانییەکانی وەک سندوقی دراوی
نێودەوڵەتی و بانکی جیھانی درا، کە ساڵانە چەند ملیارد بۆ
خۆشباوەڕکردنی خەڵکی بەگشتی و لاوان بەتایبەتی لە وڵاتانی بەناو جیھانی
سیێەم بە دێمۆکراسی پارلەمانی، خەرجدەکەن، نقەیان لێوە نەھات،
خۆپیشاندانێکی جەماوەریی دەنگدەران بەرپانەبوو و ھیچ ئاگادارکردنەوە و
سزا و ئابلۆقەیەک بەرامبەر ئەو بڕیارە نەگیرایە بەر.
بۆ منی ڕەخنەگر لە دێمۆکرسی پارلەمانی و دێماگۆگیی نووسەران و
خۆشباوەڕیی دەنگدەران، ئەم پرسیارانە دێنەپێشەوە، ئەگەر دێمۆکراسی
پارلەمانی شتێکی دیکەی جیاوازە لەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، بۆچی
چەند ملیۆن دەنگدەری چوار ساڵی پێشوو نەڕژانە سەر شەقامەکان، بۆ
واژۆیان کۆنەکردەوە، بۆ مانگرتنی گشتییان نەکرد، بۆ نقەیان لێوەنەھات؟
بۆ سپانسۆرەکانی سیستەمی دێمۆکراسی پارلەمانی [دەوڵەتەکانی ئەوروپا و
ئەمەریکا و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیھانی و یوئێن] لە
ھەرێمی کوردستان و عیراقدا، ھیچ کاردانەوەیەکی دژیان بەو بڕیار و
پەسەندکردنە نیشاننەدا؟
بۆ چاودێڕ و خوێنەری وریا لەوە بەدەر نییە، کە دێمۆکراسی پارلەمانی ھەر
ئەوەیە، کە لەوێ ھەیە؛ ھەر ئەوەیە کە لە بریتانیا، پارلەمانتاران پارەی
دەسپەڕلێدانەکانیان لەسەر داھاتی کۆمەڵگە دابیندەکەن؛ ھەر ئەوەیە کە
پارلەمانتارانی ئەڵمانیا خزم و کەسوکاری خۆیان بە خزمخزمێنە لە
پۆستەکانی شالیارییدا دادەمەزرێنن؛ ھەر ئەوەیە کە ئەمەریکا سیخوڕیی
بەسەر تەواوی مرۆڤایەتی و تەنانەت دۆست و ئەڵقەلەگوێکانی خۆشیانەوە
دەکات، بۆیە دێمۆکراتە بۆرجواکانی جیھان کاردانەوە نیشاننادەن. لە
بەرامبەریشدا بێھەڵوێستی دەنگدەر، سەلمێنەری دوو شتە، یەکەم دێمۆکراسی
پارلەمانی ھەر ئەوەیە، کە ڕوویدا و دووەم، دەنگدەر ھیچ ڕۆڵ و کارایی و
ھەڵبژێرێکی بەرامبەر بڕیاری دەنگپێدراوان نییە و دەنگدەر بەھەمان شێوەی
سیستەمی تاکپارتیی و سەربازیی، تەنیا مافی گوێڕایەڵبوونی ھەیە و بەس!
ڕووداوی دووەم، وەلانانی مورسی و میرایەتی ئیخوانەکانە بە کودەتای
سەربازیی. ئەوەی کە لە وڵاتی میسر، ھەردەم ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتیی
بەرامبەر سیستەمی دیکتاتۆریی پارلەمانی ھەبووە و پاش ڕوخانی دیکتاتۆر (حوسنی
موبارەک) و ھاتنە سەرتەختی دیکتاتۆر (مورسی)یش ھەر بەردەەوام بووە و
لەمەولاش ھەر بەردەوام دەبێت، شتێکی بەڵگەنەویستە. بەڵام ئەوەی [لابردنی
مورسی و ئیخوانەکان لەلایەن سوپاوە] لە ٠٣ی جولای ٢٠١٣دا ڕوویدا درێژەی
ناڕەزایەتییەکان و بەرھەمی خەباتی ئازادیخوازان و داخوازیی پێش ٠٣ی
جولای ٢٠١٣ی جەماوەر نەبوو! ئەوەی ڕوویدا کودەتای سەربازیی بێپەردە و
نکۆڵیھەڵنەگر بوو، مەگەر تەنیا کەسانی دیماگۆگیباز بتوانن بە شۆڕشی
بناسێنن و بە درێژەی خەباتی جەماوەریی ناڕازییانی بزانن. ئەوەی ڕوویدا
ڕێکەوتنی کۆمەڵە پارت و کەسایەتییەکی دەسەڵاتخوازی دۆڕاوی
ھەڵبژاردنەکەی پارساڵ (٢٠١٢)ی وڵاتی میسر بوو لەتەک سوپا لە چوارچێوەی
پلان و ھاوپشتی سەربازیی ئەمەریکا بۆ سوپای میسر، کە ھەم سوپا وەک
گەورەترین سەرمایەداری ئەو وڵاتە باشتر دەتوانێت نەخشە و
بەرنامەڕێژییەکانی نیئۆلیبرالیزم پیادەبکات و ھەم دۆڕاوانی ھەڵبژاردنی
پارساڵ، بە کورسیەکەی (مورسی) شاددەبن.
ئەوەی کە لە تونس و میسری ڕاپەڕیودا پارتە ئیسلامییەکان وەک ئێران و
جەزائیر و فەلەستین توانییان لە ئاستی سەرتاسەری کۆمەڵگەدا بەدەسەڵات
بگەن و ببنە ئەڵتەرناتیڤ، بۆ میکانیزمەکانی دیمۆکراسی پارلەمانی
دەگەرێتەوە، ئەو میکانیزمانەی کە (ھیتلەر) و (موسۆلۆنی) و (پێنۆشێت) و
(خومەینی)یان کردە کەڵەگا بەسەر کۆمەڵگەوە! لەبەر ئەوە ناکرێت بەڕاستی
و ڕادیکاڵانە و لێبڕاوییەوە دژی بەدەسەڵاتگەییشتن و کارەکانی (ھیتلەر)
و (مورسی) بیت و دژی سیستەمێک نەبێت، کە دەسەڵاتی سەرووخەڵکیی پارت و
سەرۆکەکان مسۆگەر دەکات و زەمینە بۆ بەدەسەڵاتگەییشتنیان سازدەکات !
وەک ھەموومان دەزانین ئیخوانەکان و (مورسی) بەپێی یاساکانی دێمۆکراسی
پارلمانی ھەڵبژێردراون و بە دەسەڵات گەییشتوون و ھەر بڕیار و
پەسەندکردێکیش لە ماوەی یەک ساڵی ڕابوردووا پێیھەستابن، بەپێی مافێک
کردوویانە، کە یاسای دەنگدان و نوێنەرایەتی بۆرجوازیی پێبەخشیون و
ڕەوایەتی پێداون. ھەروەک چۆن پارلەمانتارانی گشت دەوڵەتە دێمۆکراتەکانی
ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا و کەنەدا بەپێی ھەمان دێمۆکراسی و یاسا
ڕەوایەتی بە بڕیارەکان لەمەڕ ناردنی سوپا بۆ سەر وڵاتانی دیکە،
کەمکردنەوەی کرێی ساتکار و درێژکردنەوەی ماوەی کاری کرێکاران و
درێژکردنەوەی ماوەی کار تا خانەنشینی و تایبەتیکردنەوەی کەرتە گشتی و
خزمەتگوزارییەکان و کەمکردنەوەی باج لەسەر سەرمایە و خاوەنکارەکان و
بڕیاری جەنگ و ئابڵۆقەی ئابووریی و بڕیاری سیخوڕیی بەسەر ژیان
وپەیوەندییە تایبەتییەکانی تاک و زۆر شتی دیکە دەدەن و ڕەوایەتییان
پێدەبەخشن!
ئایا ھیچ جیاوازییەک لەنێوان ناڕەوایەتی بەرامبەر بڕیاری ئیخوانەکان لە
ڕێی پارلەمانەوە بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادییە کەسییەکان و سەپاندنی
بەرنامە پارتییەکەیان و بڕیار و پەسەندکردنی پارلەمانتارە ئەوروپی و
ئەمەریکییەکان لەو بارانەدا کە ڕیزمکردوون، ھەیە ؟ ئەی ئەگەر لە
ئەمەریکا یا وڵاتێکی ئەوروپی سوپا ھێرش بکاتە پارلەمان و زنجیر بکاتە
سەرۆک و ئەندامەکانی و بە تەقە وەڵامی ناڕەزایەتییان، بداتەوە، ئەوانەی
کودەتاکەی میسر بە شۆرش دەزانن، ھەر ئەم ھەڵوێستەی ئێستایان دەبێت؟
من گومانم لەوە ھەیە، چونکە لە دەمی ڕاپەڕینی ٢٠١١ جەماوەری میسر دا،
لە ولایەتی (Madison، Wisconsin)*
ئەمەریکا، جەماوەری خۆپیشاندەران [نەک سوپا] کوتایانە سەر پارلەمان و
داگیریانکرد، کەچی نووسەرانی نیئۆلیبراڵ و خۆ بە سۆشیالیستزانەکانی
کوردستان، نەک بە شۆڕش و شۆڕشگێڕییان نەزانی و پشتیوانییان لێنەکرد و
ھەلھەلەیان بۆ لێنەدا، بەڵکو ژێراوژێر بە دیاردەی ناشارستانیشیان چواند
و قێزەونیان نیشاندا !
لێرەدا پرسیار ئەوەیە، لە تێڕوانینی خۆ بە سۆشیالیستزاناندا [ کە
کەوتوونەتە سوکایەتی و گاڵتەکردن بە تێڕوانینی ئەوانەی کە دژ
دەسەڵاتداریی ئیخوانەکان و کودەتای سەربازیین و ئەوەی لە میسر ڕوویدا،
بە کودەتا دەزانن] شۆڕش و شۆڕشگێڕییەتی چیین و چ پێوەرێکیان بۆ
دەستنیشانکردنیان ھەیە ؟
من لە ڕیزکردنی واژەکانی شۆڕش و شۆڕشگێرییدا، کاریکاتۆری شەیدایی بۆ
دیکتاتۆریی دەبینم، دیکتاتۆریی سکیولاریستە پڕۆ- ئەوروپییەکان، ھەڵپەی
دەسەڵات و ناوبانگ و ھەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ سەروەرانی سکیولار دەبینم!
من ئەوە دەبینم کە نووسەری کورد، ھیچ گرفتێکی لەتەک سەروەریی مرۆڤ
بەسەر مرۆڤەوە نییە، تەنیا جۆری پۆشاک و ئاخاوتنی سەروەرانی، دیاریکەری
ھەڵبژێر و خواستە تاکە کەسییەکانییەتی!
لە بەرامبەر ئەوانەی کە پاگەندەی ئەوە دەکەن، کە دژایەتی و بە
کودەتازانینی ڕووداوەکەی ٠٣ی جولای ٢٠١٣ دەچێتە گیرفانی ھێزە
ئیسلامییەکانەوە، با ئاوای دابنێین، کە ئەم پاگەندە پووچ و دێماگۆگییە
ڕاستە، ئەی ئایا بە شۆڕشزانینی ئەو کودەتا بێپەردەیە و لایەنگریی و
ھەلھەلەلێدان بۆ سوپا، کە بەرزترین ئامرازی سەرکوتتی جەماوەرە، دەچێتە
گیرفانی کام بەرەوە؟ ئایا دەکرێت بۆ ئەوەی دیکتاتۆریی ئیخوانەکان لە
نێوبچێت، مل بە دیکتاتۆریی سوپا و ڕۆڵ و دیکتاتۆریی پشتپەردەی سنودووقی
دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیھانی بدەین؟ ئەمە کامە پێوەریی شۆڕشگێڕییە،
وەھا ڕەوایەتییەک بەو بڕیاردانە دەدات ؟
کەسی سۆشیالیستخواز و ئازادیخواز، کەسی تاک مۆڕاڵ، تاک پێوەر و یەکڕووە،
ناتوانێت بڕیارێکی پارلەمانتارانی بۆرجوازی [ھەرێمی کوردستان] بۆ
درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی بۆرجوازییەک بە کودەتا و ھێرشی سوپای
بۆرجوازی بۆ سەر نوێنەرێکی بۆرجوازی بە شۆڕش ھەژماربکات !
لە ھەمووی پارادۆکستر، ئەوەیە، کە لایەنگرانی کودەتای سەربازیی،
ئەوانەی کە بە شۆڕشی دەزانن، وەک پاگەندە قسە لەسەر شۆڕشی کۆمەڵایەتی و
گۆڕانی کۆمەڵایەتی دەکەن، ھاوکاتیش ھیچ لارییەکیان لە دیمۆکراسی
نوێنەرایەتی (بۆرجوازی) وەک بنەمایەک بۆ ڕێکخستنی بەڕێوەبەرایەتی
کۆمەڵگە نییە.
ئەوەی ڕۆژی ٠٣ی جولای ٢٠١٣ ڕوویدا، کۆمەلێک پرسیار لەبەردەمماندا
قوتدەکاتەوە؛ ئەوەی لەو ڕۆژەدا ڕوویدا کودەتای سەربازییە و دیوی
شاراوەی دیـۆکراسی پارلەمانییە یا دژی بنەماکانی ئەو دێمۆکراسییەیە؟
ئەگەر دژی بنەماکانی دێمۆکراسییە، چۆنە ھەموو دەوڵەتە دێمۆکراتەکانی
دونیا و ھەموو ئیدئۆلۆگەکانی دیـۆکراسی پارلەمانی و ھەموو ناوەندە
پاگەندەکەرەکانی دیـۆکراسی پارلەمانی لە بەرامبەریدا بێدەنگەیان
ھەڵنژاردووە؟ ئایا وەھا بێدەنگەکردنێک، بۆ تەبایی و وێکھاتنەوەی کودەتا
و بنەماکانی دیـۆکراسی پارلەمانی دەگەڕێتەوە یا بۆ زاڵی بەرژەوەندی
دەستە شاراوەکانی پشتپەردەی ئەو کودەتایە دەگەڕێتەوە؟ ئەی سیستەمێک کە
ئەوە بنەماکانی بن و ئەو ھەمووە لوان و تەباییە بۆ ھێزی سەرووخەڵکی
بڕەخسێنێت، چ پێویستی بە دەنگی خەڵکی بێدەسەڵات و پرسە گورگانەی چوار
ساڵ جارێک ھەیە؟ ئایا پاش وەڵامدانەوەی گشت ئەو پرسیارانە، ھێشتا
دێمۆکراسی پارلەمانی باشترین سیستەمی بەرێوەبردن و ڕێکخستنی کۆمەڵگە و
کاروبارەکانییەتی ؟ ئەگەر کودەتای سەربازیی کایەیەکی دروستی سیستەمی
پارلەمانییە، ئیدی چ پێویست بە میکانیزمی ھەڵبژاردن و چاوەڕوانمانەوەی
چوار ساڵ جارێک ھەیە، ئایا باشتر نییە، لەبری چاوەڕوانمانەوەی چوار ساڵ
جارێک، ھەموو جارێک کە خەڵک ناڕازی بوو، یەکسەرە سوپا بکوتێتە سەر
سەرانی میرایەتی و لەبری خەڵکی تاقمێکی دیکە بکاتە کەڵەگا؟ ئەگەر ئەو
کودەتایە ڕەوا بوو و نەدەکرا، بواربدەن میرایەتی ئیخوانەکان ماوەی
یاسایی خۆیان تەواوبکەن یا جەماوەر بە ڕاپەڕین ڕایانبماڵێت، ئەی ئەگەر
ئەوە ڕەوایە، ئەی کودەتای کۆمونیستەکانی ڕوسیە لە ھاوینی ١٩٩٠دا بەسەر
میرایەتی یەلتسن و دارەودەستەکەیدا، بۆ ناڕەوابوو؟
ئەمە پارادۆکس و گاڵتەجاریی دێمۆکراسییەکە، کە نووسەرانی کورد لە
بەیانییەوە تا ئێوارە بە باڵایدا ھەڵدەدەن و داخوازی سەروەربوونی دەکەن
و لە ھەرێمەکەی خۆشیاندا سەروەربوونی و پەیڕەوکردنی بنەما سەرەکییەکەی
(ڕەوایی پەسەندکردن و بڕیاردانی زۆرینە بەرامبەر کەمینە)، بە کودەتا
دەزانن! ئەو تێڕوانین و ھەڵسەنگاندنە بانێکە و دوو ھەوا، ئەوە دەبڵ
مۆڕالییە، ئەوە بیرکردنەوەی وردەبۆرجوازیانەیە لەژێر دێوجامەی
ئازادیخوازیی و سۆشیالیستبووندا! پاگەندەکەرانی وەھا تێڕوانینێک یا
پێویستە وەڵام بەم پرسیار و سەرنجانە بدەنەوە و بە بەڵگەوە و نموونەوە
لایەنگریی ئێمەی دژەدەسەڵات، بۆ ئیسلامییەکان بسەلمێنن، یا با بە
وەڵامی توند و ڕەخنەی ڕادیکاڵ لە ھەڵوێست و بیرکردنەوەی شەرمنۆکانەیان
وەرسنەبن !
گرفتی گەورەی بە شۆڕشزانینی کودەتا ئەوەیە، کە جیاوازی و ناتەبایی
ھێزەکان، لە جنێو و ھەرای لایەنگرانی یا شەڕەچەقۆی ئەندامانی پارتەوە
بخوێنرێتەوە، بۆ نموونە کودەتای ٠٣ی جونی سوپا و ھەڕەشەی ڕیشدرێژە
دەبەنگەکانی ئیخوان. ئەگەر بەو جۆرە ڕواڵەتییانە لە شتەکان بڕوانین،
بەدڵنیاییەوە باکگراوندی چینایەتیی لایەنەکانی کێشمەکێشەکە نابینرێت.
میرایەتی ئیخوان لە پاش وەلانانی موبارەک و میرایەتی پارتەکەی، تەنیا
ئەڵتەرناتیڤێکی لەبەردەستابووی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیھانی
و دەوڵەتی ئەمەریکا و دەوڵە دێمۆکراتەتانی ئەوروپا بوو، تاوەکو
سەرمایەگوزارییەکانیان بپارێزێت و سوود و مانەوەیان مسۆگەربکات.
باشترین بەڵگەش ھێنانەوەی (ئەلبەرادەی) بوو، کە کەس ھینی بە کڵاوی
نەپێوا و ھەموو پارتەکانی دیکەش بە چەپ و نیئۆلیبڕاڵەوە، وەک لە
ھەڵبژاردنەکاندا دیتمان، بۆ فەرمانڕەوایی تەنیا سفری پاش فاریزەبوون.
بەڵام کاتێک کە لە یەک ساڵی ڕابوردوودا نیشانەکانی خرۆشانەوەی جەماوەر
لە ٣٠ی جونیدا زەقبوون، بۆیە بە ناچاریی و بە سوودوەرگرتن لە
ئەزموونەکانی پێشووتر، سەرەتا "بەرەی یاخیبوون/تمرد" وەک دێوجامەیەکی
سەرنجڕاکێش، ھەڵدەستن بە کۆکردنەوەی واژۆی خەڵک و پاشان زەمینەسازیی بۆ
خۆتێھەڵقورتاندن و ڕەوایەتیدان بە کودەتای سەربازیی دەستەبەر دەکەن و
لە کورتماوەدا خۆشباوەڕیی و کەمھوشیاریی خەڵک فریودەدەن!
بۆئەوەی لە ئەزموونگیرییەکانی زلھێزەکان و دەوڵەت لە ڕاپەڕینەکانی
وڵاتانی باکووری ئەفەریکا تێبگەین، پێویستە بگەڕێینەوە سەر ڕووداوەکانی
دوو ساڵی ڕابوردوو. کاتێک کە لە تونس، دەوڵەت و پاڵپشتە خۆراواییەکانی
خافڵگیردەبن، سوپا ناتوانێت ڕۆلێکی ڕزگارکەرانەی دەوڵەت بگێرێت، ناچار
ئیسلامییەکان بەھێزدەکرێن. کاتێک لە میسر کوشتوبڕی پۆلیس و "بەڵتەجی"یەکان
بە کوشتن و گرتن و بڕینیش لە سەرکوتی ڕاپەڕیندا ناتوانا و ناکام
دەمێنێتەوە، سوپا وەک ناوبژیکەر و ئارامکەرەوەی خەڵک دەرکەوێت، بەڵام
دیسانەوە لەبەر بێتوانایی لە ڕاستەوخۆ ڕزگارکردنی دەوڵەتدا و
لانەکردنەوەی خەلک نە (ئەلبەرادەی)، ناچار پەنا بۆ زاقکردنەوەی
ئیسلامییەکان لە ھەڵبژاردندا دەبەن. لە لیبیا، بە سوودوەگرتن لە
ئەزموونەکانی تونس و میسر، ناڕەزایەتییەکان دەگۆڕن بە جەنگی میلیشیایی
و لە بەحرەین و سعودیە و یەمەن و ئوردن و جەزائیر ڕاپەڕین سەرکوتدەکرێن
و لە سوریە خراپتر لە لیبیا و ... تد، ھەر بۆیە لە میسر سوپا لە
پیلانێکی پێشتر ئامادەکراودا، ھەروەک چۆن سیخوڕان و پیاوانی دەزگەی
زانیاریی لە ساڵیادی "١٧ی شوبات"دا بەخۆدەکەون، لە میسریش سوپا و "بەرەی
یاخیبوون/ تمرد" دروشمەکانی خەڵک بەرزدەکەنەوە، تاوەکو بتوانن کۆنترۆڵی
ناڕەزایەتی خەڵک بکەن. ئەمە کڕۆک و ھۆکاری شۆڕەسواریی سوپایە.
بەداخەوە، لایەنگرانی کودەتای سەربازی و بە شۆڕشچوێنەرانی، تەواو
دێماگۆگیانە ڕەخنەگرتن لەو کودەتایە دەخەنە ڕیزی لایەنگریی لە
ئیسلامییەکان، ئەمە ھەمان پاگەندەیە، کە دەزگە سیخوڕییەکان و
جەنەڕاڵەکانی سوپای میسر و دەزگە و ناوەندە جیھانلوشەکان و دەوڵەتانی
کەنداوی عەرەبی، لە دژی دەنگە ناڕازاییە ئازادیخوازەکان بەکاریدەبەن،
ئەمە ھەمان لێکدانەوە و پاگەندەیە، کە ئیخوانەکان لە دێسەمبەری ٢٠١٢ و
ئەپڕیلی ٢٠١٣دا ئازادیخوازانی میسر بە لایەنگری لە ئیسرائیل،
تاوانباردەکەن!
جارێکی دیکە، بە کورتی و بەپوختی، بە بۆچوونی من، ئەوەی لە ٠٣ی جولای
٢٠١٣ لە میسر ڕوویدا، کودەتای سەربازیی بێپەردە بوو، ھەم بەپێی بنەما و
پاگەندەکانی دێمۆکراسی پارلەمانی، کە پاگەندەی سڤیلییبوونی دەسەڵاتەکەی
دەکات و ھەم وەک ھەوڵێک بۆ سواربوونی شەپۆلی ناڕەزایەتییە ڕادیکاڵەکان
و سەندنەوەی بڕیاردان لە شەقام. بەڵام بەداخەوە ھەرچەندە کەسانی دژە
یاسای جەنڕاڵەکان "بڵێن نێرە"، کەچی لایەنگرانی کودەتاچییانی شۆڕشگێ، "دەڵین
بیدۆشە"!
____________________________
*
ئەگەر خوێنەرانی ھێژا خوازیاربن، دەتوانن لە ڕێگەی ئەم بەستەرانەی
خوارەوە، بگەرێنەوە سەر ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی کە پارلمانی ھەرێمیی
ھەرێمێکی دەوڵەتی ئەمەریکای داگیرکرد و نووسەران و میدیای ھەرێمی
کوردستان وەک نەعامە لە ئاستیدا سەریان بەناوگەڵیاندا کرد و خەریکی
چینەی بەرژەوەندییە پارتیی و دەستەبژێرییەکانیان بوون ....
https://www.commondreams.org/view/2011/02/21-11
http://t0.gstatic.com/images?q=tbn:ANd9GcT94bd06vuBFd59Hi7PXbEQtpIE9eioIzMuydXo2C8wXTdyN5QL
http://www.youtube.com/watch?v=0XlUsoM4ruQ
http://www.youtube.com/watch?v=HFRadCGY_ao
ماڵپهڕی ههژێن
|