دیموکراسیی.
دارا ئه‌حمه‌د
دیموکراسیی وه‌ک چه‌مک و کارکردێکی باوی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریی بریتییه له هزر و بزووتنی رێوشوێنێکی ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ران هه‌ر له بۆرژوا مشه‌خۆر و باڵاکانڕا تا ده‌گاته هوورده بۆرژوای دووفاق که هه‌ر که‌سه‌و له‌نێو ئه‌و ده‌سته‌به‌ندییه چینایه‌تییه به‌پێی پێکهاته چینایه‌تییه‌که‌ی و پله چه‌وسێنه‌رییه‌که‌ی و جۆری رۆڵبینینی له ژیان به‌شێک له ئه‌رک و مافه دیموکراسییه‌کانی به‌رده‌که‌وێ.
هه‌رچه‌نده دیموکراسیی وه‌ک واتای پڕاوپڕی ده‌سته‌واژه‌که ''ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل'' ده‌گه‌یه‌نێ به‌ڵام هه‌ر چینه و به گوێره‌ی تێڕوانین و به‌رژه‌وه‌ندییه چینایه‌تییه‌کانی خۆی پێناسه‌ی گه‌ل ده‌کا و لای هه‌مووانیش له گفتاردا زۆربه‌ی هه‌ره زۆری کۆمه‌ل ده‌گرێته‌وه، هه‌روه‌ک ئاشکراشه به‌پێی تێڕوانینی بۆرژواکانیش که‌سێک نییه دان به‌وه‌دا نه‌نێ که کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان زۆربه‌ی گه‌ل پێکده‌هێنن.. که‌چی ئه‌و زۆربه‌ی گه‌له له سه‌رجه‌می ئه‌و مافه دیموکراسییانه بێبه‌شن که ده‌سه‌ڵاتی خاوه‌ن دیموکراسیی ته‌نیا به قسه به ره‌وای ده‌زانن، دیاره ئه‌وه‌ش شتێکی سه‌یروسه‌مه‌ره نییه چونکه ئه‌وه رژێمه ئابوورییه‌که‌یه جۆری ده‌سه‌ڵاتی رامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی دیار ده‌که‌ن.. هه‌ره‌وه‌ک رژێمی ئابووریی ئیستاش ئابووریی سه‌رمایه‌دارییه که له‌سه‌ر بنچینه‌ی هه‌بوونی خاوه‌نداریێتیی تایبه‌تیی و به‌رهه‌م له پێناوی قازانج و بازاری ئازاد سه‌رچاوه‌ی گرتووه، که‌واته رژێمه رامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌شی له‌سه‌ر چه‌وسانه‌وه‌ی کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان به‌ڕێوه ده‌چێ.. به‌وجۆره دیموکراسییش که رێوشوێنێکی ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌رانه‌ی سه‌رمایه‌دارییه ناتوانێ له راژه‌ی چینه چه‌وساوه‌کان دابێ، هه‌ر به هه‌مان شێوه‌ش ئه‌و ئازادیی و سه‌ربه‌ستییه‌ی که له چوارچێوه‌ی دیموکراسیی بانگه‌شه‌ی بۆده‌کرێ ته‌نیا ئازادیی ره‌های بۆرژوا هه‌ره باڵاکانه و هوورده هوورده‌ش بۆ خواره‌وه کاڵ ده‌بێته‌وه و تاده‌گاته لای کرێکارن به ته‌واویی ده‌پووکێته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر جاروبارێکیش هه‌ندێک ده‌رفه‌تی دیموکراسییان بۆ چینه چه‌وساوه‌کان ره‌خساندبێ ئه‌وا له ده‌روونپاکی بۆرژواکان نه‌بووه و نییه به‌ڵکه ئه‌نجامی گه‌شه‌کردن و بوژانه‌وه‌ی باره ئابوورییه‌که‌یان پێویستی به‌و هه‌ناسه‌دان و ده‌رفه‌تدانه هه‌بووه که هاوکاتیش له لایه‌ک سه‌رنجی رای گشتیی پێ‌ڕاده‌کێشن به‌وه‌ی که رژێمێکه هه‌رده‌م له گه‌شه‌سه‌ندن و گۆڕان و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چووندایه و نامرێ و له‌لایه‌کیدیش ده‌یانه‌وێ پاڵه‌په‌ستۆی سه‌رشانی خۆیان که له ئه‌نجامی تێکۆشانی چینه چه‌وساوه‌کان دروست ده‌بێ پێ سووک بکه‌ن و سه‌ره‌نجام سه‌ر له بزاڤی کۆمۆنیستیی و هه‌ر بزاڤێکی پێشکه‌وتووخوازانه که بۆ ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک کۆشش ده‌که‌ن بشێوێنن و سه‌رکوتی بکه‌ن به‌وه‌ش مه‌رگی رژێمه‌که‌یان هه‌ندێک دوورتر بخه‌نه‌وه.
بزاڤی کۆمۆنیستیی رابردوو به‌و پێیه‌ی که دیموکراسیی واتای ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل ده‌گه‌یه‌نێ پێی وابووه ده‌کرێ دیموکراسی - که خه‌سڵه‌ت و رێکخه‌ری قۆناغی سه‌رمایه‌دارییه - به جۆرێکی شۆڕشگێڕانه شێوه خه‌باتێک و ئامانجێکی تاکتیکیی بێ بۆ گه‌یشتن به ئامانجه سۆسیالیستییه‌کان؛ واته به هه‌ڵسوکه‌وتپێکردن و گرتنه‌به‌ری رێچکه‌ی دیموکراسیی ده‌تواندرێ پێبه‌پێ ئازادییه رامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بسه‌پێندرێن و مافه گشتییه‌کانی هاوڵاتییان وه‌ده‌ستبهێندرێن که تێیدا کرێکاران له هه‌موو چینێکیدی سوودمه‌ندتر ده‌بن و به پتر ره‌وتپێگرتنی دیموکراسییش ژێرخانی کۆمه‌ڵ ده‌بوژێته‌وه و باری کۆمه‌ڵایه‌تییش پێشکه‌وتنێکی مرۆڤپه‌روه‌رانه و شارستانییانه به‌خۆوه ده‌گرێ.. له‌و ناوه‌شدا ده‌رفه‌تی خه‌باتی چینایه‌تیی و بڵاوبوونه‌وه و به‌رخوردی هزری کۆمۆنیستیی پتر فه‌راهه‌م ده‌بێ و ده‌تواندرێ ئه‌و قۆناغه زووتر تێپه‌ڕێندرێ و به مه‌رگی سه‌رمایه‌داریی ته‌واو بێ.
که‌چی مێژوو رێک پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ڵماند و نه‌ک هه‌ر ئه‌و پلان و ئامانجه نه‌خشه‌بۆدارێژراوانه نه‌هاتنه دی به‌لکه سه‌رمایه‌داریی زۆر سوودیشی له‌و تێڕوانین و هه‌ڵسوکه‌وتانه وه‌رگرت که به شێوه‌ی جۆراوجۆر په‌یڕه‌و کران، کۆمۆنیسته‌کانیش به‌و هۆیه‌وه وایان‌لێهات ئاگایان له کاره ره‌سه‌ن بنچنه‌نه‌ییه‌کانی خۆیان ببڕی که خه‌باتی چینایه‌تیی و قووڵکردنه‌وه‌ی هزری کۆمۆنیستییه.. ته‌نانه‌ت له‌ژێر ناوی دیموکراسیی شۆڕشگێر له‌باتی بۆرژواکان هه‌ڵسان به جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه سه‌رمایه‌دارییه‌کان ، بۆیه دیموکراسییش وه‌ک خۆی ره‌سه‌نایه‌تییه‌که‌ی خۆی نه‌دۆڕاند و ئه‌و به‌رگه شۆڕشگێڕییه‌ی له‌به‌ری‌کرابوو جیڕبه‌جیڕی کرد و به چڕوچاوی بزاڤی کۆمۆنیستیی دادایه‌وه.
هزری نوێی کۆمۆنیستیی پێی‌وایه هیچ دیارده‌یه‌کی به‌زۆرداسه‌پاوی چه‌وسێنه‌ران به‌سه‌ر کۆمه‌ڵ که راسته‌وخۆ بۆ راژه‌کردنی خۆیان و سه‌قامگیرکردنی رژێمه‌که‌یان ده‌یهێننه ئارا ناتونێ ببێته دیارده‌یه‌کی گشتگیر و وه‌ک رێوشوێنێکی رامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رله‌به‌ری چینه‌کانی کۆمه‌ڵ پێکه‌وه بگرێته‌وه و له‌یه‌کیان‌گرێ‌بدا، دیموکراسییش یه‌کێکه له‌و چه‌مکانه‌ی که رژێمی چه‌وسێه‌نه‌ر له کۆنه‌وه به‌رهه‌می هێناوه و هه‌رده‌م گه‌ره‌کی بووه وه‌ک ژێده‌ر و فریادڕه‌سێکی سه‌ره‌وه‌ی چینه‌کان بیخاته ڕوو، سه‌رمایه‌دارییش که دوا قۆناغی ئه‌و رژێمه‌یه به هه‌ندێک ده‌ستکاریی و گونجاندنی کردوویه‌تی به شێوه‌ی رێکخستنی خۆی بۆ ده‌سه‌ڵاته سه‌رکوتگه‌ر و چه‌وسێنه‌ره‌که‌ی.
هه‌ر بۆیه ناکرێ و و ناشێ کۆمۆنیسته‌کانیش بیکه‌نه چه‌مک و کارکردی چینه چه‌وساوه‌کان و به‌رگێکی شۆڕشگێڕیی له‌به‌ربکه‌ن و به هه‌ندێک پرپره‌ی وه‌ک ( ده‌نگی زۆربه و ئه‌رک و پێداویستییه‌کانی سه‌رده‌م و و تێپه‌ڕاندنی قۆناغ و ده‌رفه‌ت ره‌خساندن و ...هتد) تیفتیفه‌ی بده‌ن و ئارایشتی بکه‌ن، چونکه ئه‌گه‌ر دیموکراسییه‌ک له باشترین باریدا کاتێک که سه‌رمایه‌داریی دووچاری قه‌یرانی ئابووریی ده‌بێته‌وه و گه‌شه‌کردن و قازانجه‌کانی ده‌که‌ونه مه‌ترسی ده‌رفه‌تی جێبه‌جێکردنی نه‌درێ و به ئاگر و ئاسن رێی لێ‌بگیردرێ.. یان دیموکراسییه‌ک سه‌روبنی زمانی ئازادیی و مافی مرۆڤ و یه‌کسانیی و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تیی بێ که‌چی نه‌توانێ ده‌زگاکانی کار و ژیانی رامیاری کۆمه‌ڵایه‌تیی له راژه‌ی چینه نه‌داره‌کان بخاته ژێر رکێفی هه‌ڵبژاردنێکی ئازادی دوور له ساخته و فرتوفێڵی به‌ناو یاسا‌و رێساکانی داروده‌سته‌ی ده‌سه‌ڵات، یان نه‌توانێ مافی خۆهه‌ڵبژاردن بۆ هه‌موو که‌سێک مسۆگه‌ر بکا به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاسته مادییه‌که‌ی له‌به‌رچاو بگیردرێ و کار له خۆهه‌ڵبژاردنه‌که‌ی بکا.. یان تا ئێستا نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانیبێ کۆتایی به چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان بهێنێ به‌ڵکه نه‌یتوانیبێ سووکایه‌تیی‌پێکردن و هێرشی دڕندانه‌ی پیاوسالاریی و نێرسالارییشیان له‌سه‌ر بوه‌ستێنێ.. یان ئه‌گه‌ر بۆ په‌یداکردنی بازاڕ و هه‌ندێک مه‌رامی پاوانخوازانه‌ی رامیاریی نه‌بێ هه‌میشه گه‌مه‌یه‌کی گاڵته‌جاڕییانه‌ی به کێشه چاره‌نووسازه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌کان کردبێ.. له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌مووشیان ئه‌گه‌ر دیموکراسییه‌ک تا ئێستا نه‌یتوانیبێ تاکه هه‌نگاوێکی بۆ له‌ناوبردنی خاوه‌نداریێتیی تایبه‌تیی نابێ و ئه‌گه‌ر له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی خه‌باتی چینایه‌تیی‌و هزری کۆمۆنیستیی نه‌بووبێ هه‌رگیز رووی خۆی بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیی وه‌رنه‌گێڕابێ...ئه‌دی که‌واته ئه‌و دیموکراسییه به چ پێوانه و پێوه‌رێک و به چ جۆر و شێوه‌یه‌ک سوودی لێده‌بیندرێ و بۆچی بخرێته چوارچێوه و به‌رنامه‌ی کاری کۆمۆنیستیی !؟
ئیدی به پشتبه‌ستن به‌و راستییانه‌ی سه‌ره‌وه هزری نوێی کۆمۆنیستیی - که هه‌رده‌م ده‌توانێ به رێباز و لۆژیکێکی زانستییانه به‌خۆیدابچێته‌وه و کار و به‌رخورده‌کانی خۆشی له‌ته‌ک کێشه‌کانی کۆمه‌ڵ هه‌ڵبسه‌نگێنێ - چیدی ناتوانێ به هیچ جۆر و شێوه‌یه‌ک ئه‌رکه دیموکراسییه‌کان به کاری خۆی بزانێ و دیموکراسییش وه‌ک به‌نجێکی بزاوته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به کرۆک و ناوه‌رۆک و ته‌نانه‌ت به‌رگه شۆڕشگێڕییه‌که‌شیه‌وه ره‌ت ده‌کاته‌وه.. به‌ڵام ئه‌وه‌ش هه‌رگیز ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که کاتێک سه‌رمایه‌داریی به‌ناچاریی به ناوی دیموکراسیی ده‌رفه‌تی ئه‌وه ده‌دا هێزه ره‌سه‌ن و کاریگه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵ به ئازادیی بجولێنه‌وه و بتوانن ئه‌رکه هه‌مه‌ڵایه‌نه چینایه‌تییه‌کانی خۆیان راپه‌ڕێنن.. ئه‌و ده‌رفه‌ته سوودی لێوه‌رنه‌گیردرێ به‌و بیانووه‌ی که هه‌ر ده‌رفه‌تێک بورژواکان بیده‌ن یا هه‌ر که‌ناڵێک له‌به‌رده‌ستی ئه‌واندا بێ کۆمۆنیسته‌کان ناتوانن که‌لکی لێوه‌ربگرن، به‌ڵکه پێویسته له گچکه‌ترین کڵاورۆژنه و تیلمه ئاسۆیه‌کی رۆشنی نێو شه‌وه‌زه‌نگ و تاریکستانی سه‌رمایه‌داریی سوود وه‌ربگیردرێ به‌ڵام به مه‌رجێک ده‌ره‌نجامه‌کان به‌قه‌د به‌ژنی قوربانییه‌کان بن و به به‌راوردکردنێکی زانستییانه و پێوانه‌یه‌کی چینایه‌تییانه بزاڤه‌که هه‌رده‌م به‌ره‌و پێشه‌وه ته‌کان بدا و له‌هیچ بار و ده‌مێکیشدا نه‌وه‌ستێ و هه‌ر به‌ره‌و قووڵبوونه‌وه‌ی پتر و سه‌قامگیریی بچێ.
٢٠\٥\٢٠٠٩ dara@emrro.com
|