٦\١٠\٢٠١٣ دیموکراسیی هەمیشە سیستەمی کەمینەیەکی چەوسێنەرە!
دیموکراسیی بە پێی واتای وشەکە واتە
دەسەڵاتی گەل، لێ لە رەفتاردا لەوەتەی پەیدابووە و بە درێژایی
مێژووەکەی هەر دەسەڵاتی کەمینەیەکی فرە فرە کەمی نێو چینە مشەخۆر و
کارنەکەر و بەرهەمنەهێنەرکانی گەل و نەوەکانی سەرۆک و مەرۆکەکان بووە و
هەمیشەش وەک (زێروو) خەریکی مژینی خوونی چینە کارکەر و بەرهەمهێنەرەکان
بوونە. چەند بەڵگەی زۆر ئاسان و بەردەستیش لەو بارەوە لە نێو سیستەم و
حکومەتە دیموکراسییەکەی کوردستان ئەوانەن؛ سێ جومگەی هەر کاریگەری
دەسەڵات لەبەردەستی باب و کوڕ و برازا (مەسعود و مەسرور و نێچیرڤان)
دایە، سەرکەوتووترین پاڵێوراوی یەکێتی لەو رۆژانەی بەری: (دەربازی کوڕی
کۆسرەت) بوو، نوێنەری کوردستان لە یەکەک لە کۆنفراسە ئابوورییە هەرە
گەورەکانی جیهان (ئیدریسی ١٧ ساڵەی کوڕی
نێچیروان) بوو، بابۆی بارزانی و هێرۆ و شاناز و قوبادی بنەماڵەی
(تالەبانی - بلە) هەر یەکەیان فیرعونۆکەیەکن،... ئیدی بەرەو خوارێ پێدا
بڕۆ بە دەیانی دیکەی لەو بابەتانە هەن! بەرپرسانی نێو حیزبەکانی دیکەش
ئەگەر خراپتر نەبن هەر هەمان بابەتن چونکە ئەوانیش هەمان بنچینەیان
هەیە و بە هەمان شێوەش دەروێشی دەسەڵاتی دیموکراسیین!
واتە لە کۆی (٢٨٠٣٠٠٠
دوو ملیۆن و هەشت سەت و سێ هەزار) دەنگدەر کە مافی دەنگدانیان هەیە
تەنێ (٥١٩٩٩٣
پێنج سەت و نۆزدە هەزار و نۆ سەت و نۆهەت و سێ) کەس توانیان بە
دەنگەکانیان (١٢ دوازدە**)
پالێوراو هەڵبژێرن کە دەنگی تەواوی خۆیان وەدەستهینا واتە ژمارەی
دەنگەکانی هەر یەکەکیان (١٩٥٢٠ نۆزدە هەزار و
پێنج سەت و بیست) دەنگ و بە سەرەوە بوو، ئەوەش ئەوە دەگەیەنی کە
پەرلەمان نوێنەری تەنێ (٦/١
واتە لە شەش بەش یەک بەش)ی
خەڵکی سێ شارەکەی کوردستانە، چونکە ئەو (٩٩
نۆهەت و نۆ) پالێوراوەی دیکە هیچیان (١٩٥٢٠
نۆزدە هەزار و پێنج سەت و بیست) دەنگیان وەدەست نەهینا.. واتە خەڵک دەنگی پێ
نەدان تا ببنە ئەندام پەرلەمان یان ببنە نوێنەری ئەوان بەڵکە حیزبەکان
بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی گەمە بە دەنگی خەڵک دەکەن و دەنگەکانیان
دەدەن بە کۆمەڵە پالێوراوەک کە خەڵک دەنگی پێ نەدان و نایەنەوێ ببنە
نوێنەریان.. کەچی سیستەمی دیموکراسیی هەر بە تۆبزیی دەیانکاتە ئەندامی
پەرلەمانی ساختە و وەسەر خەڵکی کوردستانیان دەسەپەێنن،
ئەوەش تەنێ یەک تاکە فرتوفێلە لەو هەموو فرتوفێلە زۆروزەبەندەی
دیموکراسیی کە حیزبەکان لە خەڵکی دەکەن. __________________________________
*
هەرچەندە ئەگەر بە
پێوانە و پێوەری (نوێنەری خەڵک) دەرچوون یان دەنگ وەدەستهینانی ئەو (١٢
دوازدە) پالێوراوە هەڵبسەنگێنین ئەوە بە بێ گومان ئەوانیش مافی ئەوەیان
نییە ببنە نوێنەری خەڵک.. چونکە تاکە هۆی بوونە نوێنەری خەڵک ئەوەیە کە
کەسەکە خزمەتگوزارییەکی زۆری بە خەڵک کردبی و لەسەر ئەو بنچینەیە خەڵک
دەنگی پێ بدا و بە نوێنەری بەرژەوەندییە رەوایەکانی خۆیانی بزانن، لێ
ئەو (١٢ دوازدە) کەسە هیچیان ئەوەیان تێدا نییە
بەڵکە حیزبەکان بە سامانی گەل و پارەی بودجە کە
بژێوی ژیانی خەڵکە و
لە لای
حیزبەکان خڕبوویتەوە دەنگ دەکڕن تا ئەوان هەڵبژێرن، بەڵگەش لۆ راستیی
ئەو قسەیە ئەوەیە کە ئەو کەسەی لەو هەڵبژاردنەی دواییدا لە هەمووان پتر
دەنگی هینابوو گوتی: ''ئەگەر دەنگی حیزبەکەم نەبا ئەوە وەک خۆم
(١٪ - لە سەتا یەک)ی ئەو دەنگانەم
نەدەهینا''.. ئیدی ئەوانی دیکەش هەروەها و خراپتریش!!! لێ بە پێی
دیموکراسیی هەر دەبی ئەوها بی.. واتە دەبی چەند سیاسەتبازەکی نێو حیزب
و چەند نەوەیەکی سیاسەتبازەکان - ئەگەر هیچ خزمەتەکی خەڵکیشیان نەکردبی
یان هەر دژی خەڵکیش بن - دەنگی پێویست لە دەنگی کۆیلەکانی نێو حیزبەکان
و خەڵکی بەرژەوەندخوازی دەوروبەریان وەدەستبهینن و بچەنە نێو پەرلەمان
و ''ئاوێ بینن و دەستتان بشۆن''!
٦\١٠\٢٠١٣
|
||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||