په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٧\٢٠١٢

دیندار دۆسکی (وەزیری کۆچی عێراقی) بە شاندی فیدرسیۆنی راگەیاند:

''رێکەوتین لەسەر ئەوەی کە رێکنەکەوین''!

 


راپۆرتی هەڵسوران و کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی فیدراسیۆن و وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراقی سەبارەت بە کێشەکانی پەنابەران لە هۆڵەندە.

هەر لە دوای کێشەی پەنابەرانی تیراپل لە ولاتی هۆلەندە لە ناوەڕاستی مانگی مەی ٢٠١٢ کە پەنابەران بۆ ناڕەزایەتی دەربرین بەرامبەر بەزۆر ناردنەوەیان، وە بەهۆی ناساندنیان وەک کەسی ناقانونی و بێبەشکردنیان لە هەموو پێداویستیە سەرەتایەکانی ژیان، لەجێگەی نیشتەجێبوون، خۆراک و داودەرمان... ، ئەو کارە ی حکومەتی هۆڵەندە لەدرێژەی سیاسەتی دژی پەنابەریدا چووە پێش بۆ ئەوە بوو پەنابەران ناچار بکەن بگەرینەوە بۆ ولاتی خۆیان، کە لەناو ئه‌وانه‌دا پەنابەرانی عیراق و کوردستان، وە سۆمالی وە ئەفغانی وە ئێرانی تیا بوون ، پەنابەران هەستان بە هەڵدانی چادر وە مانەوەیان لەوێدا، سەرباری تەحەموولکردنی ساردو سەرما لەناو خێمه‌کاندا کە مندال وە ژنی دووگیانیشی تیابوو. پەنابەران پێیان وابوو، دەبێ هەر لە جیێگای خۆیاندا مان بگرن، تا ویژدانی هەموو مرۆڤه‌کان بجوڵێنن، تا رێکخراوه‌ مرۆیی و پارته‌کانی کە لەگەل یاسای بەزۆر ناردنەوە دا نین بێنە وەڵام و هەڵویست بەرامبەر وەزیری کۆچ وکۆچبەری هۆلندەی (خیرت لیرس) وەرگرن.


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی هەر لە سەرەتای دەرچوونی بریاری بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران، بەمەبەستی فریاکەوتنی پەنابەرانو کێشەکانیان لە ئاستی سەراسەری ووڵاتانی ئەوروپا و عیراق و کوردستاندا کەمپەینێکی یەک مانگی راگەیاند. تا ئەو کاته‌ ئایندەو چارەنووسی ئەو پەنابەرانه‌ بەسترابوو بە سەردانی وەزیری کۆچو کۆچبەرانی عیراقی بۆ هۆڵەندە. کە سەرئەنجام بەرهەمی ئەو هەوڵانە دیپۆرتی ئەو پەنابەرانە دواخرا و کۆبوونەوەی نێوان هەردوو وەزیری کۆچی هۆڵەندەو عێراق بێ ئاکام مایەوە لەو بارەیەوە گۆشەیەک لەو چالاکیانە لە خوارەوە بخۆێننەوە:


١- فیدراسیۆن کەمپەینێکی یەک مانگی راگەیاند دژ بە ناردنەوەی ١٢٠٠ پەنابەری عێراقیو بەرەسمێت ناسینی مافی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەران کە خۆشبەختانە دەیان کەسایەتی،لایەنی سیاسی،رێکخراوی جەماوەری، مرۆیی،پێشەی،پەرلەمانتاری ئەوروپاو عێراق،یەکیتی کرێکارییو رۆژنامەنووسان بە دانی ئیمزا و ناردنی نامەی فەرمی پشتیوانی خۆیان لە کەمپەینی فیدراسیۆن وخواستە ڕەواکانی پەنابەران دەربڕی.
٢- هەردوو حزبی سوسیال دیمکرات و حزبی کاری هۆڵندی که‌٣٦ ئەندام پەرلەمانیان هەیە لە پەرلەمانی هۆڵندا پشتیوانی و هەڵویستی خۆیان ڕاشکاوانە دژ بە ناردنەوەی پەنابەران دەربری.
٣- هەردووبەریزان ئەندام پەرلەمانی عێراق سەردار عبدولا و سامان فەوزی پشتیوانی و هەوڵەکانی خۆیان خستە گەر بە ئاڕاستەی ڕاکێشانی پشتیوانی لەو کەمپەینەی فیدراسیۆن.
٤- چەتری ئازادی نامەی ئاڕاستەی ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخرا و مەڵبەند و کۆمەڵەی کوردیکان لە بەریتانیا کرد، تا ئاکسیۆنی نارەزایەتی لە پێناو بەرگری لە مافەکانی پەنابەران لە هۆڵەندە سازبکەن.
٥- هەردوو رێکخراوی حزبی کۆمۆنیستی کریکاریی کوردستان و عێراق نامەی ناڕەزایەتیان ئاراستەی باڵوێزخانەکانی هۆڵەندە لە ووڵاتانکرد.
٦- فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراقی لە سویسرا لە گەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراوە پەنابەری و مرۆییەکان پەیوەندیکرد و سەرئەنجام بە ناوی ژمارەیەک رێکخراو گروپی پەنابەری نامەی ناڕەزایەتیان ئاڕاستەی باڵۆیزخانەی هۆڵەندە لە سویسرا کرد.
٧- سکرتێری فیدراسیۆن نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندەکرد، داواییکرد ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران ڕابگرنو ئیقامە بۆ پەنابەران تازەبکەنەوە و مافی نیشتە جێبوونیان بدەنێ و هۆڵەندە نەخەنە ریزی ئەو ووڵاتانەی پپێشیلکاری بەرامبەر بە مافەکانی مرۆڤ ئەنجام ئەدا.
٨-  سکرتێری فیدراسیۆن نامەی ئاراستەی سەرۆک کۆماری عیراقو سەرۆک وەزیرانی عیراق وە هەروەها وەزیری کۆچی عیراقی کرد سەرباری داواکاریو خواستەکانی پەنابەران عێراقی لە هۆڵەندە خستە بەردەم ، داوای کرد ئەو رێکەوتننامانە هەڵبوەشێننەوە کە بە ژیانو ئایندەی پەنابەرانەوە ئەنجامدراوە. ئەو نامەیە لە رێگای ئاڵا تالەبانی ئەندام پەرلەمانی عیراق گەیشتە سەرۆک کۆماری عێراق وە لە رێگای ئامانج عبدوڵا بەرپرسی فیدراسیۆن لە کوردستان گەیشتە نوسینگەی پەرلەمانو لایەنە بەرپرسیارەکان.
٩- لە شاری لەندەن و لاهای ئاکسیۆنی نارەزایەتی بەرپاکرا . کە کۆی نامەی ناڕەزایەتی و ئیمزای پشتیوانیەکان، پەیامی خۆپیشاندەران و داخوازیەکانی پەنابەران ئاڕاستەی سەفیری عێراقی لە لاهای و نۆێنەری سیاسی باڵوێزخانەی هۆڵەندە لە لەندەنکرا.
١٠- دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆن و گۆران رەشید بەرپرسی فیدراسیۆن لە هۆڵەندە، ئەستیرە فەتاح،توانا هەورامی،هیوا جەلال لەگەل سەفیری عێراقی لە باڵویزخانەی عیراقی لە لاهای کۆببونەوە سەرباری گەیاندنی نارەزایەتیەکانی پەنابەران، خواستەکانی پەنابەرانیان خستە روو.
١١- دەشتی جەمال و گۆران رەشید بە ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن لە هۆڵەندە و عێراقو کوردستان لەسەر کەمپەینی فیدراسیۆنو کێشەکانی پەنابەران چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا.
١٢- فیدراسیۆن بە کۆمەڵیک لە گروپو چالاکەوانی مەیدانی بەرگری لەمافەکانی پەنابەران پەیوەندیگرتو رێکەوتن لەسەر کاری هاوبەشو زنجیرەیەک چالاکی جۆراجۆر بەمەبەستی فشارخستە سەر سیاسەتی دژی پەنابەری حکومەتی هۆڵەندە. کە توانرا لە بەردەم پەرلەمانی هۆڵەندەو لە ژمارەیەک لە شارەکانی هۆڵەندە ئاکسیۆنی نارەزایەتی و چالاکی جۆراجۆر ئەنجام بدرێ.
١٣- هەر لە ڕاستای هەوڵەکانی فیدراسیۆن توانرا چەندین جار سکرتیری فیدراسیۆن لەگەل وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی بە رێگەی تەلەفونی بەمەبەستی چارەسەرکردنو گەیشتن بە رێگایەکی کارسازو عەمەلی بۆ کێشەکانی پەنابەران قسەوباس بگۆرنەوەو تا بە ئاکامێک بگەن بە تایبەتی پێش کۆبوونەوەی وەزیری کۆچی عێراقی لەگەڵ وەزیری کۆچی هۆڵەندی.
١٤- ناردنی نامە بۆ دەیان رێکخراوی پەنابەری و مرۆیی، یەکیتی کریکاریی، پەرلەمانتارو و هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بەمەبەستی گرنگی دان بە کێشەکانی پەنابەران لە هۆڵەندەو هاوکاریو پشتیوانیان لە داخوازیەکانی پەنابەران.


سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵ و دانیشتنه‌کانی فیدراسیۆن له‌گه‌ڵ وه‌زیری هیجره‌ی عێراقی:


شاندێکی فیدراسیۆن کە لە لایەن سکرتیری فیدراسیۆنەوە دیاریکرا، پێک هاتبوو لە (گۆران رەشید، جەلال سۆفی، هیوا جەمال، رزگار ساڵح) لەگەڵ بەرێزان وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی دیندار دۆسکی و نوینەری وەزیری دەرەوە و نوینەری باڵوێزخانه‌ی عیراق لە هۆڵەندا کۆبونەوە.


شاندی فیدراسیۆن ئەوەیان بە وەزیری کۆچ و کۆچبەران راگەیاند: ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران کارێکی نا یاسایی و نامرۆییە و دژی هەموو یاساو پێوانە نێودەوڵەتیەکانە و نابێ حکومەتی عیراق دەرگای فرۆکەخانەکانی بکاتەوە بۆئەو پەنابەرانەی کە بەزۆر بنێرێنەوە، نابێت هیچ پرۆتۆکۆڵێک ئیمزابکەن بەژیانو ئایندەی ئەو ١٣٠٠ پەنابەرە ..وە ئەگەر حکومەتی عیراق هاوکاری حکومەتی هۆڵەندە نەکات لە بەزۆر ناردنەوەی پەنابه‌ران، ئه‌وا حکومەتی هۆلەندە ناتوانی پەنابەران بەزۆر سواری فرۆکە بکات و لە به‌غدا دایان بەزینێنێت. پێویستە داوای تازەکردنەوە ئیقامەی (د)ییەکان، ئەوانەی ماوەیەکی زۆرە لە هۆڵەندەن،ئەوانەی نەخۆشن،زمان فیربوون،کار دەکەن، مناڵیان هەیە مافی پێبدرێت..ئەوانەی زیندانن ئازاد بکرێن، لە وەڵامدا وەزیری کۆچ بە شاندی فیدراسیۆنی راگەیاند : حکومەتەکانی ئەوروپا دەتوانن بەبی وەرگرتنی ڕەزامەندی حکومەتی عێراق پەنابەر ڕەوانەی به‌غدا بکەن و ناتوانن بەرەنگاری ببنەوە وە ئەم کارەشیان کردوە.


شاندی فیدراسیۆن بە بەلگەوه‌ به‌ وه‌زیری کۆچ و کۆچبه‌رانی عێراقی ڕاگه‌یاند بەڵی حکومەتی عێراقی دەتوانن رێگەگری بکەن،بەتایبەتی گەر سیاسەتیان هاوکاری نەبێت نمونەی نەرویج ژمارەیەک پەنابەری ناردۆتەوە بۆ به‌غدا و لە کاتی دابەزینیاندا یەکێک لە پەنابەرەکان ناوی لە لیستەکەدا نەبووه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی رازی نەبوون وەری بگرنەوە هەر بە هەمان فرۆکە گیراویانەتەوە، . لەبەشێکیتری کۆبونەوەکەدا دیندار دۆسکی وتی کە وەزیری هۆڵەندا پیی راگەیاندووە کەوا که‌یسی ئەو پەنابەرانە بە هیچ شیوەیەک جاریکی تر سەیر ناکریتەوەو دەبی ئەو پەنابەرانە بگەرێنەوە بۆ ولاتی خۆیان.


شاندی فیدراسیۆن وەڵامی ئەو بەهانانەی حکومەت هۆڵەندەیان بەنایاسای لەقەڵەمدا و... تاکیدیان لەوە کردەوە کە لانی کەم دەبی ئەم شانسە بە پەنابەران بدرێت کە ساڵانێکە ئەو پەنابەر و خێزانیان لێرەیە و ماڵ و مناڵیان پێکەوە ناوە و چونەتە کۆلێژ و خوێندنگاکاندا، بەلام وەزیری کۆچی عێراقی پیی وابوو کە کێشە ئەوپەنابەرانە کیشەی قانونیە و لە دادگا وەلامی نەفیان وەرگرتوە.


هەروەها وتی لەلایەن حکومەتی هۆڵەندەی پیشنیارکراوە کە ئەوکەسەی دەگەریتەوە کارو شوینی نیشتەجێبونی بۆ مسۆگەر دەکەین. برێک پارەشیان بەدەستی دەدرێتێ، هەروا ٥٠ جێگەش بۆ ئەو قوتابیانەی لە خۆیندنی بالا دەخوینن دیاری دەکرێت، تا لە هۆڵەندە خویندنیان تەواو بکەن.


دیندار دۆسکی ئەوەشی ووتوە کە بە وەزیری کۆچی هۆڵەندەی راگەیاندووە، ئامادەی هاوکاریکردنی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران ناکات، وە کێشەی پەنابەران زۆرن و تەنها ئەم ١٣٠٠ کە سە نین. وولاتی عیراق لە ئێستادا ئامادەنیە کە ئەو رێژە زۆرەی پەنابەران وەرگریتەو، هەروەها پیی راگەیاندووە کە هەر لەناو عیراقدا زیاتر لە یەک ملیۆن مرۆڤ لە جێگەی خۆیان لابراون بەهۆی کێشەی نەبونی ئاسایش و شەر تایفی و دینیه‌وه‌.. ئەوەشی راگەیاند کە ئەوە تەنها ڕێکەوتنی نێوان ٢ ووەزارەتە نە ک ٢ وولات بەمانای لە پاش مانگێک یەکێک لە وەزیرەکان بۆی هەیە پەشیمان بیتەوە وە بریارەکە جیبەجی نەکرێت.


لە کۆتایی کۆبونەوەکەماندا فیدراسیۆنی پەنابەران چەند داوایەکی خستە بەردەم دیندار دۆسکی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە بریاربوو رۆژی دواتر کە ٢٠ -٦ جاریکی تر لە گەل خیرت رایس وەزیری کۆچی هۆڵەندە کۆببێتەوە، بەدواچوونی چەند داوایەک بکات لەوانە:


چارەسەرکردنی کێشەی ئەوکەسانەی کە نەخۆشی خراپ یان دریژ ماوەیان هەیە.


چارەسەرکردنی کێشەی ئەو پەنابەرانەی کە تا ئێستا لە زینداندان.


چارەسەرکردنی کێشەی ئەو خێزانانەی کە مندالیان پییە و مندالیان لێرە لەدایک بووە وە زمان کوردی یا عەرەنی نازانن بنوسن و بخوێنن. ئەوەی کە خۆی بە هیچ شیوەیەک نایەوێت بگەرێتەوە نەگەرێندرێتەوە.- ئەوانەی کە وەلامی ( د ) یان هەبووە ئێستا لییان سەندونەتەوە پپیان بدرێتەوە.


ئەوکەسانەی کە سالی ١٩٩٧لە هۆلەندان و خێزان و منداڵیان هەیە وە هەندیکیان هاوسەرەکانیان رەگەزنامەی هۆلەندییان هەیە نەگەرێندرێنەوە.


دوای کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری کۆچی هۆڵەندی جارێکیتر لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەران شاندی فیدراسیۆن کۆبووە:


بۆ جاری دووەم شاندی فیدراسیۆن بۆ بەدوادا چوونی داواکارییەکان سەبارەت بە کێشەی پەنابەران ،شەوی ٢١ ی حوزیران له‌گه‌ڵ بەرێز وەزیری کۆج دیندار دۆسکی دا کۆبۆوە تابزانرێت لەدوا کۆبونەوەیاندا لەگەل وەزیری کۆچی هۆڵەندی بەچ بریاریک گەیشتون.


هەرلەسەرەتای دیدارەکەدا وەزیری کۆچی عێراقی بە شاندی فیدراسیۆنی ڕاگەیاند:، کە هەروەک مەسەلە عەرەبییەکە دەڵی "اتفقنا علی ان لا نتفق" واتا رێکەوتین لەسەر ئەوەی کە رێکنەکەوین! بە ئاشکرا و بە نهێنی لەسەر هیچ رێکنەکەوتین.


لە دانیشتەنەکەدا لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق شاندی فیدراسیۆن جەختیان لەوە کردوە کە دەبێت هەموو هەوڵێک بخرێتە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەرانی هۆڵەندەو وڵاتانیتری ئەوروپا.


لە کۆتاییدا وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی بەڵێنیدا: و هەرکەس بە ویستی خۆی دەگەڕێتەوە دەتوانین کارئاسانی بۆ بکەیین هەندی ئیمتیازی بۆ وەرگریین، بەڵام ئێستا لەڕاستیدا بەهیچ بریارێک نەگەیشتین بریارە وەزیری هۆلەندە لە مانگی ٩ سیپتیمبر بێت بۆ عێراق وە لەگەڵ پەرلەمانی عێراق وە وە جارێکی تر لە گەل ئێمە کۆببنەوە بۆ ئەوەی جاریکی تر لەو کیشەیە بکۆڵێنەوە.
 

١١\٧\٢٠١٢

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

___________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk ،00447856032991

www.federationifir.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک