په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٥\٢٠١٤

دنیا باسی بکا، ئێوە نابێ باسی ساختەکاریی بکەن.
- سەبارەت بە ''سوبحانەڵا''یەکەی شاناز ئیبراهیـم ئەحمەد -


حەمە غەفور      

''پارتی لەگەڵ چینیشدا بکەوێتە هەڵبژاردنەوە، هەر دەیباتەوە!''.


وەکو وەڵامێکی کورت بۆ ناوەرۆکی وتارەکەی شاناز ئیبراهیم، بە باشی ئەزانم بەو کۆمێنتەی سەرەوە دەستپێبکەم، کە هاوڕێم، شەماڵ عەلی لە هەڵبژاردنی پێشووی پارلەمانی کوردستاندا نووسیبووی سەبارەت ساختەکارییەکانی نێو گاڵتەجاڕیی هەڵبژاردن لە لایەن هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی حیزبەکەی شاناز خانم- واتە پارتییەوە.

پێموابێت شاناز ئیبراهیم لە لایەک خۆی لە گێلی ئەدات سەبارەت بە گزیی ‌و ساختەکارییەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا، لە لایەکی تریشەوە ئامانجی دەرۆزەی پێگە و پاساودانەوەی ساختەکارییەکانی ئەمجارەی حیزبەکەی خۆشییەتی. دەنا یەکێتی کە هاوپەیمانی ستراتیژی پارتی بووە بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ، و پێکەوە هەمەکارە و نەخشە و پلان داڕێژەری سەپاندنی باڵادەستیی خۆیان بوون، لەم پێناوەشدا هەموو ڕێگاو شێوازێکی فریودان ‌و تۆقاندن‌ و نانبڕین ‌و ساختەکارییان پیادەکردووە، تا توانییان دەسەڵاتی جووتحیزبی ‌و گەندەڵی خۆیان بکەنە (ئەمری واقع) لە کوردستان، ڕەنگە لە هەر کەس باشتر بزانێت پارتی بۆچی هەمیشە دەنگەکانی لە زیادبوون دایە! ئەم نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمانەی شاناز ئیبراهیم لە بارەی ساختەکارییەکانی هەندەرانەوە لەسەر دەنگەکانی پارتی دایئەنێت، پێناچێت دادێکی باری خواری حیزبەکەی شاناز خانم بدات، بەڵام هەر ئەشیکات!

بەڵام واقعییەت ئەوەیە ئێستا پارتی هاوپەیمانێکی شاییستەتر و دڵسۆزتری لەبەردەستدایە، واتە، گۆڕڕان، ئەو تەڵەزمەی لە یەکێتی بۆتەوە و بۆتە کلکە تەوری دەستی دژبەری ئێستا و هاوپەیمانی کۆنی حیزبەکەی شاناز ئیبراهیم، و بەم هەنگاوەشی یەکێتی نیشتمانیی بەرەو ڕووی قەیرانێکی سیاسی ‌و ڕێکخراوەیی کردۆتەوەو جێگای لە ڕیزبەندی هێزەکاندا جووڵاوە بۆ دواوە. بۆیە جێگائامانجی ئەم وتارەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هەر چییەک بێت لە ئێستادا، بخوازێ‌ و نەخوازێ، زیاتر دووپاتکردنەوە و سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کۆمۆنیستەکان ڕایانگەیاندووە، کە هەڵبژاردنێک لە ئارادا نییە، ئەوەی هەیە گاڵتەجاڕێکە و ئەم حیزبانە چوار ساڵ جارێک سازمانی ئەدەن بۆ چەواشەکارییی و وەرگرتنی پەنجەمۆری خەڵکی. چونکە سەرباری هەراوهوریای چاودێریکردن‌ و ڕێگاگرتن لە ساختەکاریی، سەرەڕای پاڕانەوە بۆ بەشداریی خەڵک‌ و دەنگدانیان، لە ئاکامدا بە گزیی و ساختەکاریی پشکەکانی دەسەڵات لە نێوان حیزبەکاندا دابەش ئەکرێتەوە.
_______________________________
لینکی وتارەکەی شاناز ئیبراهیم:

 www.lvinpress.com/drejaWtar.aspx?NusarID=57&Jmare=83
 

١١\٥\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک