په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٦\٢٠١١

    دنیا دەبارێ

    ژیان سەر ئاو دەکەوێ.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

دنیا دەبارێ
من کز کز وەک با هەڵدەکەم
لەپاڵ قەڵا سێبەرى مێژووى دەنووسمەوە
بەڵام دەمێکە خەون نابینم
خەو ئەوەندە چڕبۆتەوە
خۆر بە باخچەى دڵم ناگا
لە ئاوەوە دادەگیرسێم لە بارانەوە
رۆژ لە باخچەى دڵم کوژاوەتەوە
کوژانەوە واتە بەستنى ژێیەکانى ژیان لەسەر ریتمى بێدەنگى
هێلانەى دەنگ لەسەر منارەى مزگەوت
لەو مەملەکەتە مێشەکانیش سەرى خۆیان ناخورێنن
مرۆڤ رۆژ رۆژ تەمەنى کورت دەبێتەوە
ژیان رۆژ رۆژ دەمامک زیاد دەکات
پشیلەکان وەک مێوان لە دەرگا دەدەن
خێزانەکەم دەڵێ بەیانیان پەنیرى کوردى خۆشترە نەک دەنگى فەیروز
دووبارە ئێواران بەرەو ماڵ دەبمەوە
ساتمە لە بێدەنگى دەکەم
سەر بەرز دەکەمەو کۆترێک لە خەیاڵم سپى دەچێتەوە
بێ ئەوەى بەخۆم بزانم چەپڵە لێدەدەم
یان دەکەومە نێو چاڵێکەوە
چاڵ نییە لە هەڵمەتى ئۆتۆمبێل دەترسم
ئەوەى فڕى کۆتر نەبوو باڵەخانە بوو
بەیانیان چاى ناخۆمەوە لە گلاسێک ئاو و سێوێک بترازێ
چەند کۆپلە شیعرێک لە رەنگى سپێدە دەگرم
کات دەکەوێتە سەر دوو پێچکە
بەرە بەرە دڵم تەنگتر دەبێ
خەڵک خاو خاو دەڕۆن بە پەلە دەمامک دەگۆڕن
من بە پەلە ریشم دەتاشم وەک ئەوەى وەرزش بکەم
بۆ رۆژێکى نوێ
یەکێک دەڵێ گرفتى من نییە
من دڵم لە قەفەزەى سینە دەردەپەڕێ
شەو دەیبا
هاوسەرەکەم دەڵێ بەو بەیانییە خەونێکى ناخۆشم بینى
تۆ ژنت دێنا
کچەکەم گسک لە قسەکانمان دەدا
کوڕەکان خەریکى کۆکردنەوەى هیچن
من دەڵێم خۆزگە مردبام
ئەو دەڵێ ژیان هەروا تێدەپەڕێ چەشنى ژیان
بێ گوێدانە سەرەتا و کۆتایى
دنیا دەخەمڵێ
من لە دڵى خۆم ویستم بڵێم ژیان لەلاى من پەشمەکە
لەسەر لێوان دەتوێتەوە
بەڵام ئەو قسەیەم لەپڕ لێکەوتە نێو خەیاڵ
دنیا دەبارێ
مەرگ کز کز لە نەخۆشخانە دێتەوە
بەڵام مەرج نییە شایەدى
توانەوەى دوا کڵوە بەفرى زستان بین
ژیان وەک کاروانى کۆچەرییان
سەر ئاو دەکەوێ
بەڵام مەرج نییە بەدڵى من و تۆ سەر رێ بکەوێ!

نیسانى ٢٠١١
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک