په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٥\٢٠١٨

درەنگ بەڵام پێویست.
- توێژینگەی کوردستانناسی لەبەردەم چەند پرسێکی ھەستیاردا -

هۆمەر        


بەرپابوون و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە و فێستیڤاڵی جۆربەجۆر، یەکێکە لە پێوەر و فاکتەرە سەرەکییەکان بۆ پیشاندانی ڕادەی پێشکەوتوویی و گەشەی چاندیی و ئاستی باڵای ڕۆشنبیریی لە وڵاتێکدا. گەلێک ڕوون و خویایە ئەم گرینگەیش لە بن نسێی بوونی سەقام و ئاسایش لە کۆمەڵگەدا مسۆگەر و دەستەبەر دەبێت. نە خاسما بۆ ئێمەی کورد کە تازە ھەلی سازبوون و بەرپایی ئەم چەشنە ڕێوڕەسم و جڤینانە دەڕەخسێت،پرسەکە سەد ھێندە بایەخی زێتر دەبێت و بەڕێوەچوونی ھەر چەشنە کۆڕ و جڤینێکی چاندیی-زانستیی لە نێو پانتایی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەکەی ئێمەدا،بێ سێ و دوو بویەر و ڕووداوێکی شادیھێن و دڵخۆشکەرە و ئاسۆیەکی ڕووناک دەخاتە بەردەممان.

ڕۆژی ٢٥ی گوڵانی ٢٧١٧(١٥ی مانگی مای ٢٠١٧)لە ھۆڵی"مەولەوی"ی زانستگەی کوردستاندا کۆبوونەوەیەک لە ژێر ناونیشانی:" ڕێوڕەسمیبەرزبوونەوەی ناوەندی لێکۆڵینەوەیی کوردستانناسی بۆ توێژینگەی کوردستانناسی"بەڕێوە چوو کە گەلێک کەسایەتیی زانستیی و زانستوەری کورد تێیدا وتار و بابەتیان پێشکەش کرد کە ھەر کامە و لە جێی خۆدا گرینگ بوو و پێویستە ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت.

پڕۆفیسۆرغوڵامحسێنکەریمییدۆستان،دوکتۆرئومێدقادرزادە(سەرۆکیتوێژینگە)،محەممەد عەلی سوڵتانی،قوتبەدین سادقی،ماجید مەردۆخ ڕۆحانیو،بەختیار سەججادی ھەر یەکە و لە گۆشە نیگایەکەوە ئاوڕیان لە بایەخ و گرینگیی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر چاند و فەرھەنگی کوردیی دایەوە و باس لە لاوازبوونی سامانی کورد لەم بوارەدا کرا.

ڕاستیت گەرەکە وتاری چەندێک لەو بەڕێزانە زێترپشتئەستوور بوو بە ڕوانگە و بۆچوونی خۆرھەڵاتناسان وەک بەڵگەیەکی زانستیی لەسەر کورد و تێڕوانینی وان بەرانبەر دیرۆک و ...کورد کە ئەمە بە لای منەوە لە سەنگ و قورسایی لێدوان و ئاخاوتنەکەی ئەوانی کەم دەکردەوە.چونکە زۆر جار نووسینی خۆرھەڵاتناسان لەگەڵ واقیع و ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کورد و ئینسان و مرۆی کورددا یەک ناگرێتەوە و قازانج و بەرژەوەندی دەوڵەتەکانیان چلۆنی ویستبێت، بە ھەمان شێوە گوزارشتیان لە کورد و مێژوو و فەرھەنگەکەی کردووە. ھەڵبەت ئەوەیشمان لە بیر نەچێت کەمیش نین ژماری ئەو جۆرە نووسەرانە کە بە ویژدانەوە لەسەر کوردیان نووسیوە و خزمەتیان بە کورد کردووە و دواتریش بوونەتە دۆستی کورد و لە زۆر قۆناخی ھەستیاریشدا داکۆکییان لە کورد و دۆزی ڕەوای ئەم میللەتە کردووە. لە لایەکی دیکەوە بەختەوەرانە لە ئێستادا کەم نین ژماری ئەو نووسەر،بنکە و ناوەندە کوردییانەی کە ھەر یەکە و لەسەر لایەن و ڕەھەندێکی کۆمەڵگەی کوردی توێژینەوەی زانستیی دەکەن و پێویستە ئەم پرسە بەھەند وەربگیردرێت و لە پێناو پێشخستن و پەرەپێدانیدا ھەموو ڕووناکبیر و ناوەندە زانستگەییەکان یارمەتیدەر بن. بۆیە ئیدی لێرە بەدواوە ھەوڵ و بەرھەمی خۆرھەڵاتناسان بۆ ئێمەی کورد، تاکە ژێدەر و سەرچاوە نابێتو پێویستە ئێمەی کورد،بۆ خۆ مێژوو و... خۆمان بنووسینەوە.

زمانناس و مامۆستای زانستگە،غوڵامحسێن کەریمیی دۆستان،لە بەشێکی وتار و ئاخاوتنەکەیدا کەوتە باس لەسەر تێنەگەییشتنی کوردێکی مێردینی لە کوردێکی کرماشانی و،ئەم پرسەی بەستەوە بە پرسی زمانەوانییەوە کە ڕاستیت دەوێت ئەمە فڕی بەسەر ڕاستییەوە نییە و پێویستە بە شێوەی وردتر، توێژینەوەی لەسەر بکرێت و ھەموو ھۆ و ھەگەرەکان لێک بدرێنەوە و بچیتە بنج و بناوانی کێشەکە و تاوتوێی ھۆکارەکانی ئەم ئارێشەیە بکرێت کە بەشێک لە سەرچاوەی گرفتەکە،زێتر مەودای جۆگرافیایی و پرسی سنوور و دابڕانە تا پرسی زمانەوانی؛ ھەر وەک چلۆن بەشداربوویەکی دیکەی ئەم جڤینە،ئیشارەتی دایە پرسی کۆچ پێدانی زۆرەملیی کوردان بۆ خۆراسان بە مەبەستی توانەوە لە نێو زمان و کولتووری باڵادەستدا.

خاڵێکی جێ سەرنجی بابەتەکەی ھەر ئەم بەڕێزە کە لە کۆتاییدا ئاماژەی پێدا،پێویستیی چێبوون و دروستبوونی زمانێکی پێوەر یان ستاندەرد و فەرمیی بۆ کوردە کە کورد لەم پەرتەوازەیییە دەرباز دەکات کە دیارە ئەمەیش یەکەم،بە کیان و دەسەڵات دەکرێت و دووەمیش،پێویستیی بە ئاستێکی باڵای وشیاریی نەتەوەیی ھەیە کە ئەرچی ھەست بە گەشە و بەرەو پێشڤەچوونێکی بەرچاو لەم بوارەدا دەکرێت،لێ،بۆ نھای کورد گەلێک چەتوون و زەحمەت دەنوێنێت و پلان و بەرنامەی ورد و تۆکمەی گەرەکە و بە بێ داکۆکی ڕووناکبیران و میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی، سووک و سانا ناچێتە سەر. ئەرچی لە مێژە بە شێوەی نافەرمییش بێت، کوردیی نێوەڕاست لێرە و لەوێ توانای باڵای خۆی لەم پێوەندییەدا سەلماندووە و کتێبخانەی کوردی خاوەنی پاشخانێکی بەھێزی ھزریی و سامانێکی زەنگین لەم بوارەدایە و نیوەی ڕێگەکەی بڕیوە.لە لایەکی دیکەوە سەرھەڵدانی ئەقڵییەتی شارچێتییانە، شێوەزارچێتییانە و...لە نێو کورددا ئارێشەکە چەند ھێندەی دی ئاڵۆزتر دەکات و ئەم گرفتە بەداخەوە ھەنووکە لە لایەن خەڵکانێکی ھەلپەرست و نانیشتمانپەروەرەوە یاریی پێ دەکرێت و وەک چەکێک بۆ دروستکردنی چەند بەرەکی لە بەینی کورددا دەکار دەگیردرێت کە بە دڵنیاییەوە لە داھاتوودا چ دەسکەوتی ئەرێنی نابێت و زێتر خۆڵ دەکاتە چاوی گەلەوە و گێرەشێوێنی چێ دەکات. ھەر بۆیە گەرەک بە ھەر ھەمووان(ڕووناکبیران ،ناوەندە زانستییەکان و نیشتمانپەروەران)بەرەنگاری ئەم چەشنە ھەوڵە نانەتەوەییانە ببنەوە و ڕۆشنگەری زێتر بکەن و جەماوەر بەرانبەر خەسار و پەتاکانی ئەم جۆرە کردە نەزۆکانە،وشیار بکەنەوە. ھەر لێرەدا پێویستە ئاماژە بەم خاڵە ھەستیارە بدەم کە پەیڕەوکردنی زمانێکی یەکگرتوو و فەرمی،لە پەنا بایەخ و گرینگیدان بە دیالێکت و زاراوە زەنگینەکانی زمانی کوردی،چەند قۆناخێک دۆزی کورد زێتر پێش دەخات و پرسەکە لە قازانج و بەرژەوەندی خودی کورد دەشکێتەوە.

یەکێکی دی لەو تەوەرانەی کە لەم جڤینە بەرفرەوانەدا خرایە بەر باس و،پێویستە ئاوڕی ھەرەقەتی لێ بدرێتەوە،ڕووی لە ئاخاوتنەکەی بەڕێز "ماجید مەردۆخ ڕۆحانی"یە کە لای لە گرینگیی پرسی توێژینەوە و کەند و لەندەکانی بەردەم و خەسار و...لەم بوارەدا کردەوە و تیشکی خستە سەر گەلێک کۆسپ و لەمپەر. بەڵام ھەر لە وتار و ئاخاوتنەکەی ئەم بەڕێزەدا مخابن جۆرە زمانێکی ئاغەواتیانە خۆی دەنواند کە نووسخەی بۆ ھەمووان دەپێچا و خۆی بە کۆڵەکە و تەوەر بۆ چارەسەریی گشت کێشەکان دادەنا. کەس حاشا و نکۆڵیی لە ھەوڵ و خەبات و ماندووبوونی ئەم بەڕێزە لە پێناو گەشەپێدان بە ڕووبەری فەرھەنگیی کورددا ناکات و نەک جارێ، بگرە سەد جار جێی دەستخۆشیی و سوپاس و پێزانینە و کورد پێویستی بە نەک تەنێ ماجیدێک، بگرە گەلێک ماجید ھەیە و ئەم بەڕێزە ھەر لێرەوە پێویستە بۆ خۆی ڕێخۆشکەر بێت نەک کۆسپ و لەمپەر دابنێت و گەرەک دەستبەرداری پرسی قۆرخ و قۆرخکاریی و شەرت و مەرج دانان بێت و گرێکە سەد ھێندەی دی ئاڵۆزتر نەکات. ئەزموونی شکستخواردووی دەیان "گەورە نووسەر"!،کە سەردەمانێک خۆیان بە ئەستووندەک بۆ ھەر ھەموو پرسێکی ڕووبەری فەرھەنگیی کورد دادەنا،ھەمان ڕاستییمان لا دەسەلمێنێت. ڕاستە سەدان مرۆی تا سەر ئێسقان گەلپەروەری وەک پیرەمێرد، تۆفیق وەھبی، مەستوورە ئەردەڵان،مەسعوود محەممەد،شێخ محەممەد خاڵ،مەلا عەبدولکەریم موددەڕیس ،حەسەن قزڵجی،عەلائەدین سەججادی،مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی،ھەژار،ھێمن، جەمال نەبەز و...،ھەر یەکە و لە بوار و بەستێنێکدا سەرچاوەی خزمەت بوونە و خۆبەخشانە و بە بێ ھیچ جۆرە چاوەڕوانییەک،ژیان و تەمەنیان بە میللەتەکەیانبەخشیوە،لێ،بۆ ھەنووکە و لە سەردەمی ئێستادا کورد پێویستی بە خەباتێکی چڕ و پڕتری فەرھەنگی ھەیە کە ڕوون و خویایە ئەم خەباتەیش کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە خۆی لە بازنەی تاکەکەس قوتار بکات و پەلوپۆی بۆ نێو ھەر ھەموو کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی شۆڕ بکاتەوە.

ئەمە ڕاستییەکی ڕوونە کە بازاڕی کتێب و چاپی پەڕتووک بە زمانیکوردی بێ سەر و بەرییەکی زۆری پێوە دیارە کە بەشێکی کێشەکە بەرۆکی خودی پەخشکار و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە دەگرێتەوە کە نابێت ھەڕەمەکییانە و گۆترە،ھەموو بەرھەم و پەڕتووکێک بڵاو بکەنەوە کە بە داخەوە لەبەر نەبوونی ستافێکی کارامە و لێزان لە نێو بەشێکی زۆری ئەم دەزگایانەدا ئارێشەکە ھەر لێرەوە سەر ھەڵدەدات و پتر زەق دەبێتەوە. ڕەنگە بکرێت بڵێین لە ماوەی نزیک بە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا بە ناوی بەرھەم و کتێبی کوردییەوە،سەدان بەرھەمی لاواز لە باری زمان و ناوەڕۆکەوە ،کەوتوونەتە نێو کتێبخانەی کوردییەوە کە نەک خوێنەریان نییە بگرە لەسەر ڕەفە و تاقچەی کتێبخانە و دەزگاکانی چاپ،تەنێ ھەر تۆز و گەردیان لێ دەنیشێت. ئەمە ڕاستە کورد لەبەر گەلێک ھۆکار کە ھەمووان باشتر لە یەکدی ئاگاداری ئەو پرسانەین،نەیتوانیوە خاوەنی ناوەندێکی زانستیی بۆ توێژینەوە لەسەر خودی خۆی بێت، بەڵام ئێستا کە ھەلەکە ڕەخساوە و بنکە و ناوەندێکی ئەوتۆ چێ بووە،با لە جیاتی تیر و کەوکێشان بۆ یەکدی،یارمەتیدەری ئەو گەنج و توێژەرە تازەکارانەی بین کە ڕوویان لەم مەیدانە کردووە و گەرەکیانە لێرەوە سەرەتایەک بۆ توێژینەوەی کوردی بنووسنەوە. کورد گوتەنی: " کەس لە پڕێک نەبووە بە کوڕێک"؛ با بە دڵێکی فرەوانەوە بەرەو پیری ئەم جۆرە کەسانە بچین و دەرکەیان لەسەر گاڵە نەدەین. ئەگینا کۆمەڵگە بەرەو ھەمان ئاقار ڕێنمون دەکەین کە سبەی، دوو سبەی بە سەدان و ھەزاران پەڕتووکی لاواز و نەزۆک دەکەونە نێو کتێبخانەی کوردییەوە کە بە سەدان گەنج لە خشتە دەبەن.

داخستنی دەرکەی ڕەخنە و سنووردارکردنەوە و پێشگرتن بە دەربڕینی ئازادانەی بیر و ڕا، یەک لە پەتا کوشندەکان بە حاڵی ئەم توێژینگەیە دەبێت و با ھەر لە ئێستاوە پردەکانی دواوەمان نەڕووخێنین. گوێبیستی قسەی تەنانەت نەیاری خۆیشمان بین و تەنێ ھەر خۆمان بڕیاردەر نەبین و لە جیھانی فرەدەنگی ئەمڕۆدا دەنگ و بۆچوونە جیاوازەکانیش ببیستین.

بارھێنانی توێژێکی تایبەت بۆ توێژینەوە لەسەر ڕەھەند و بوارە جۆربەجۆرەکانی زانستیی، یەک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم توێژینگەیە دەبێت کە دەتوانێت بەشێکی کەلێنەکان پڕ بکاتەوە و دەلاقە و ڕۆچنەیەکی نوێ لە ڕووی کورد بکاتەوە کە توێژی زانستوەر و پێشڕەوی کورد بۆ خۆی، مێژوو، جوگرافیا، ئەدەب و ھونەری خۆی بنووسێتەوە.

پاراستنی لایەنی سەربەخۆیی لەم توێژینگەیەشدا گەلێک گرینگ دەبێت و پێش دەگرێت بە تاکڕەویی لەم سەنتەرە زانستییەدا و یەکێکە لە خاڵە ھەرە گرینگەکان و ھەرگیز نابێت پشتگوێ بخرێت. بە درێژایی مێژوو،ڕووبەری چاندیی کورد بەدەست ئەم ئارێشەوە ناڵان بووە و لەم سۆنگەیشەوە زیانی فرەی وێکەوتووە. بە دەیان بە ناو نووسەر،شاعیر و وەرگێڕ،چونکە سەر بە فڵانە ماڵبات،عەشیرەت و...بوونە، بە بێ تاوتوێ،پێداچوونەوە و خوێندنەوەی ورد بۆ بەرھەمەکانیان،کتێبەکەیان لە چاپ دراوە کەچی نەک خوێنەریان نەبووە،بگرە ھیچیشیان بە سامانی ڕۆشنبیریی کوردی نەبەخشیوە و ھەلیشیان لە دەست زۆر خامە و پێنووسی وریا و بەبڕشت بەڵام پەراوێزخراو و دەستکورت دەرخستووە،ھەر بۆیە ئەم بنکەیە نابێت ھەڵەکانی ڕابردوو پاتە بکاتەوە و پێویستە بە شێوەی یەکسان و بە یەک چاو،سەیری ھەموو تاکێکی وشیاری کۆمەڵگەی کوردی بکات تا بتوانێت متمانەی توێژی پێشڕەوی کۆمەڵگە دەست بخات.

توێژەر و زمانەوان،بەختیار سەججادی،یەکێکی دی لەو کەسایەتییە زانستییانەی بەشداربووی ڕێوڕەسم و جڤینەکە بوو کە کەوتە باس لەسەر سەنگی ئەدەب و تۆرەی کوردیی و ئاوڕی لە دەوڵەمەندیی سامانی ئەدەبیی ھەر کامە لە دیالێکت و زاراوەکانی زمانی کوردیی دایەوە کە گەر توێژینەوەی زانستیی وردی لەسەر بکرێت،سەنگ و قورسایی زێتر دەردەکەوێت.

محەممەد عەلی سوڵتانی، مامۆستای مێژوو، ئاوڕی لە چەند پرسێکی گرینگ سەبارەت بە بایەخی لێکۆڵینەوە لەسەر دیرۆکی کورد دایەوە و ئیشارەتی بە چەند سیمایەکی بە ناو زانستیی کورد دایەوە کە بە لای منەوە نەک بەو جۆرەی ئەم بەڕێزە گەورەی کردنەوە،ھیچیان بە ڕووبەری چاندیی کورد نەبەخشیوە،بگرە لە زۆر شوێندا ڕێخۆشکەر بوونە بۆ پێی سووک دانان لەسەر خودی کورد و ھەڵوێستی نزمیان لە ھەمبەر کورد و دۆزەکەیدا ھەبووە. خودی من وەک خوێندکاری یەک لەو بە ناو کەسایەتییە زانستییانە (دوکتۆر حیشمەتوڵڵا تەبیبی)،لە ناوەڕاستی شەشتەکانی ھەتاویی(ناوەڕاستی ھەشتاکان)دا،ئەم بەڕێزە نەک توانای ئاخاوتنی بە خودی دیالێکتی کەڵھوڕییەکەی خۆی نەبوو و بە نزم سەیری دەکرد،بگرە دژایەتی ئاشکرای پرسە کوردییەکانیشی دەکرد و بە شایەتی سەدان خوێندکاری کوردی کۆلیژی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی زانستگەی تاران،بۆ جارێکیش ھەڵوێستێکی کوردانەمان لەم بەڕێزە بەرچاو نەکەوت. دەرخواردانی بڕێک قسەی کۆنی خۆرھەڵاتناسان لەسەر زمان و...کوردی،لە ئێستادا کوا دەبێتە توێژینەوە و دەسکەوت و قازانجی بۆ بواری لێکۆڵینەوەی کوردی لە کوێدا دەبێت؟!ڕاستە وەک مێتۆد ڕەنگە سوودمەند بن بەڵام بە ڕاستی زۆر جار چەواشەکەریش دەبن.

دوکتۆر قوتبەدین سادقی، مامۆستای بواری شانۆیش کەوتە باس لەسەر پێویستی کاری زانستییکردن و توێژینەوە لە ھەموو لق و بوارە زانستییەکاندا و خۆ پەڕگرتن لە ھەست و نەستی ڕووکەش و ڕواڵەتییانە. ھەروەھا ئاوڕی لە بایەخی لێکۆڵینەوە لەسەر ئوستوورە کوردییەکان دایەوە و کۆنەکرانەوە و پۆلێنبەندیی نەکرانی مێژوو، ئەدەب و ئوستوورە کوردییەکانی بە یەک لە خەسارەکان لەم پێوەندییەدا لە قەڵەم دا و ئیشارەتی بەو پرسەیش دا کە پێویستە بە دوور لە دەمارگرژیی،دووی لێکۆڵینەوە بکەوین و ئەقڵییەت، بە تەوەر دابنرێت.‌

لە بەشێکی تریڕێوڕەسمەکەدا،سەرۆکی زانستگەی کوردستان ھاوڕێی مامۆستایانی دیکە پەردەیان لەڕووی کۆمەڵە بەرھەمێکی لێکۆڵینەوەیی توێژینگەی کوردستانناسی لە ساڵی ١٣٩٥ی ھەتاوییھەر وەک، پەندی پیران و فەرموودەی ژیان،لەڕۆمانەوە تا میللەت(بە فارسی)، مێرگوڵانی ژین،تاڤگەی ئەوین،زەردەی دەم کەل،مەندەی زەمانە،خوێندنەوە و ڕێنووسی کوردی،پیشە کۆنەکانی شاری سنە(ئاسنگەری،مسگەری)،عێلات و عەشیرەتەکانی کوردستان(بە فارسی)،فەرھەنگی گەڕووس،بینا کۆنەکانی سنە(بە فارسی)ھەڵدایەوە و بینای نوێی توێژینگەی کوردستانناسیشکرایەوە. لە کۆتاییشداڕێز نرا لە سەیید تایەر حسێنی، جەلال جەلالی زادە، بارام نەسروڵڵاھی زادە، ماجید مەردۆخڕۆحانی، غوڵامحسێن کەریمیی دۆستان، عەبدوڵڵا سەلیمی، فەردین ئەخلاقیان، ڕەحمەت سادقی،بەختیار سەججادی، نەجمەدین جەبباری و ئومێد قادرزادە.

جێی ئاماژەپێدانە ناوەندی توێژینەوەی کوردستانناسی ساڵی ١٣٧٩ی ھەتاویی(٢٠٠٠)لەسەر ڕەزا‌مەندیی بەشی توێژینەوەی وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنۆلۆژیای ئێران، گرووپی توێژینەوەیی زمانناسیی و تۆرەی کوردی دامەزرا و چالاکیی فەرمیی خۆی دەست پێ کرد. دواتر دوو لقی توێژینەوەیی "لێکۆڵینەوە لەسەر مێژوو و فەرھەنگی کوردستان" و لێکۆڵینەوەی ستراتژیک و پەرەپێدانی کوردستان" ھاتنە ئاراوە و ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٤ی ھەتاویی(٢٠١٦)،مۆڵەت بۆ توێژینگەی کوردستانناسی دەرچوو. ئەم توێژینگەیە بەری ڕەنجی ١٦ساڵەی تێکۆشان و کار و چالاکیی مامۆستایانی بواری فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی دێتە ئەژمار و پێویستە ڕێز لە خزمەتی ئەم بەڕێزانە بنرێت و ھەمووان قەدرزانی خەباتەکەیان بین.ئەم توێژینگەیە ھەروەھا تا ئێستا چەندین کۆڕی یادکردنەوە و کۆبوونەوەی بەڕێوە بردووە و کۆمەڵە بەرھەمێکی باشیشی لە چاپ داوە و نھایش خاوەنی گۆڤارێکی توێژینەوەیی لەسەر تۆرە و ئەدەبی کوردیییە.

نووسەری ئەم دێڕانە ھیواخوازە ڕوانگە و بۆچوون و ڕەخنە و پێشنیازەکانی لە لایەن بەرپرس و بەڕێوەبەرانی توێژینگەی کوردستانناسییەوە بەھەند وەربگیردرێنو بۆ دادێی ئەم توێژینگەیە سوودبەخش بن. جێی خۆیەتی ئیشارەتێک بەم خاڵەیش بدرێت کە ئەم کورتە نووسینە بڕیار بوو ھەر دوا بە دوای بەڕێوەچوونی کۆڕ و ڕێوڕەسمەکە بڵاو بکرێتەوە لێ،لەبەر سەرقاڵبوونی نووسەر بە ھەندێک پرسەوە،مخابن بۆ ئێستا دوا کەوت.
 

 

h_noryawi@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک