٣\١١\٢٠٢٢
درۆی منداڵان.

محەمەد بەرزی
منداڵ کاتێک گەورە دەبێت فێری درۆ دەبێت . جا هەرچەندە درۆکردن لە نێو
منداڵاندا کارێکی ئاساییە ، بەڵام دایک و باوک بە درۆ زۆر بێزار و
دڵگران دەبن. ئەم دۆخەش ڕووبەڕووی زوربەی هەرە زۆری دایکان و باوکان
دەبێتەوە . بێگومان پێویستە دایک و باوک هۆکارە باوەکانی درۆی منداڵ
بزانن ، دوای ئەوە دەتوانن چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە . نابێت درۆی
منداڵ پشتگویێ بخرێت ، تا نەبێت بە بەشێک لە کەسایەتییان ، زۆریش
ئەستەم و دژوارە لە گەورەییدا بتوانرێت چارەسەری بۆ بکرێت . بە گشتی
منداڵان بە چەندین هۆکاری جیاواز درۆ دەکەن، وەک:
١- دەربازبوون لە سزا. ئەو منداڵانەی لە سزا دەترسن ، پەنا بۆ درۆ
دەبەن ، چونکە منداڵ نایەوێت دان بە شتێکدا بنێت ، کە تووشی ئازاریی
جەستەیی ، یان زارەکی دەکات.
٢- درۆدەکەن تا شتێک بە دەستبهێنن ، یان تووشی کێشە نەبن ، یان خۆیان
لە شتێک ڕزگار بکەن.
٣- داپۆشینی هەڵە بۆ دروستنەبوونی کێشە .
٤- هەڵخەڵەتاندنی کەسانی گەورەتر لە خۆیان، کە حەزیان لە چارەیان نییە.
٥- پێیان وایە ئەگەر ڕاستی بڵێن ، باوەڕیان پێناکرێت.
٦- ترسان لە کاردانەوەی گەورەکان.
٧- بێ بیرکردنەوە قسەکانیان دەکەن.
٨- پێیان وایە درۆی دایک و باوک کارێکی چاکە و چاو لەوان دەکەن.
٩- درۆ دەکەن تا سەرنجی دەورووبەر بە لای خۆیاندا ڕابکێشن.
١٠- لەوانەیە بزانن درۆکردن هەڵەیە ، بەڵام پاڵنەری بەهێزتریان هەیە بۆ
گەیشتن بە ئامانجێکی تر.
ئەوەی شایانی باسە ئەرکی دایک و باوکانە منداڵەکانییان فێری ڕاستگۆیی
بکەن . توێژینەوەکان پێمان دەڵێن : ( تووڕەبوون و چاوسورکردنەوە و
هەڕەشە و هاتوهاوار بەسەر منداڵدا ، ئارەزووی شاردنەوەی ڕاستییەکانی لا
زیاتر دەکات ، چونکە هۆکاری سەرەکی درۆ ترسە ، هەر بۆیە زۆر گرنگە لەو
هەڵسوکەوتانە دووربکەوینەوە و بە هێمنی و ئارامی لە منداڵان نزیک
ببینەوە و کەشێکی هێمن و ئارامیان بۆ دروستبکەین ، تا بتوانن
ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن ، چونکە تا ترس هەبێت درۆکانیش تەواو نابن .
بێگومان هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی درۆ و هاندانی منداڵیش بۆ ڕاستگۆیی
بریتیین لە:
١- لە هۆکاری درۆکردنی منداڵەکەت تێبگە:
یەکەم شت پێویستە دایک و باوک ئەوە بزانن ، کە درۆکردن بەشێکە لە
گەشەکردنێکی ئاسایی لە منداڵاندا . کاتێکیش منداڵ درۆدەکات ، ئەوا
پێویستە بیربکەیتەوە ، تا بزانی ئامانجی منداڵەکەت چییە . پاشان
درۆکانی پۆڵێن بکە ، ئەمەش ئاسانکاریت بۆ دەکات چۆن بەرامبەر هەر
درۆیەک هەلسوکەوت بکەیت . بۆ نموونە مامەڵەکردن لەگەڵ درۆی منداڵدا بە
هۆی خەیاڵ ، یان تێنەگەیشتنێکی هەڵەوە ، جیاوازە لە مامەڵەکردنی
منداڵێک ، کە درۆ بۆ گەیشتن بە ئامانجێک ، یان بۆ گزیی و تۆڵە
سەندنەوەوە دەیکات.
٢- تەمەنی منداڵەکەت لەبەرچاو بگرە:
لە ڕاستیدا منداڵی بچووک لەو ڕاستییە ناگەن ، کە درۆکردن کارێکی خراپە
، چونکە تا گەورە نەبن ، بەشی پێشەوەی مێشکیان بە تەواوی گەشە ناکات و
ناتوانن لەو خووە زۆر خراپەی درۆ بگەن . هەر بۆیە پێش ئەوەی کاردانەوەی
خراپت هەبێت . ، پێویستە تەمەنی منداڵەکەت لەبەر چاو بگریت.
٣- کێشەکانی منداڵەکەت چارەسەر بکە:
بزانە منداڵەکەت چی بەسەردا هاتووە ، تووشی کێشەی جەستەیی ، دەروونی ،
یان سۆزداری بووە و لە چ بارودۆخێکدایە ، تا بە پێی توانا یارمەتی
بدەیت و کێشەکانی بۆ چارەسەر بکەیت.
٤- لەگەڵ منداڵەکەتدا سنگفراوان و بەخشندە و لێبوردە بە:
ئەرکی تۆی گەورەیە پەیوەندییەکی توند و تۆڵی دۆستانە لەگەڵ منداڵەکەتدا
دروست بکەیت . گفتوگۆی لەگەڵدا بکە و بۆی دربخە ، کە باوەڕی زۆرت
پێیەتی ، تا هەست بە ئارامی و ئاسایش بکات و ڕێزت لێبگرێت و گویێ لە
ئامۆژگارییەکانت بگرێت و بە دڵییەوە بنووسێت . توێژینەوەکان ئەوەیان
دەرخستووە ، ئەو منداڵە گەورانەی ئەو جۆرە پەیوەندییە باشانەیان لەگەڵ
دایک و باوکیاندا هەیە ، پەنا بۆ درۆ نابەن ، یان زۆر کەم درۆ دەکەن ،
چونکە نایانەوێت متمانە و پەیوەندییە باشەکانی ئەوان لە دەست بدەن .
بێگومان لە ناو ئەو خێزانانەی شەڕ و ئاژاوە و هاتوهاوار و دایک و باوکی
توند و تووڕە هەیە ، هەمیشە منداڵەکانیان بێزار و بێ تاقەتن و لە
ترساندا پەنا بۆ درۆ دەبەن.
٥- لە سزادانی منداڵەکەت خۆت بە دوور بگرە:
کاتێک منداڵەکەت درۆیەک دەکات و پاشان ڕاستییەکان دەڵێت ، ئەوا لێی
خۆشبە ، یان سزاکەی کەمبکەرەوە ، تا لەسەر وتنی ڕاستییەکان ڕابێت .
ئەگەر منداڵەکەت ڕاستی وت و هێشتا سزا درا ، ئەوا هیچ سودێک لە
ڕاستگۆیی نابینێت و بەردەوام پەنا بۆ درۆ دەبات ، تا لە سزادان ڕزگاری
بێت . پاشان پێویستە دایک و باوک لە کاتی لێپرسینەوەدا پارێزگاری لە
ئارامی خۆیان بکەن و نەرم و نیان و لەسەرخۆبن و هانی منداڵەکەیان بدەن
سەرلەنوێ چیرۆکەکەیان بە ڕاستگۆیی بۆ بگێڕێتەوە.
٦- بۆ منداڵەکەت نموونەیەکی باش بە:
لەبەردەمی منداڵەکەتدا خۆت بە دووربگرە لە فێڵ و درۆکردن ، ئەوان لە
تۆوە فێری فێڵ و درۆ دەبن . پاشان بەهیچ جۆرێک داوایان لێ مەکە درۆت بۆ
بکەن . نابێت دایک و باوک هەتا درۆی بچووکی سپیش لەگەڵ منداڵەکانیاندا
بکەن ، نابێت هەرگیزیش منداڵەکانیان بـە درۆزن ناوبەرن.
٧- بەڵێنەکانت بۆ منداڵەکەت بەرەسەر:
منداڵ لە پاکانە و بیانوی دایک و باوک ناگات . کاتێک بەڵێنەکانییان بۆ
نابەنەسەر ، لەم کاتەدا منداڵ دایک و باوکی بە درۆزن دەزانێ.
٨- بە یەکسانی هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵەکانتاندا بکەن:
بە یەک چاو سەیری منداڵەکانت بکە و جیاوازییان لە نێوانیاندا مەکە ،
ئەگەر چیش یەکێکیان لەوی تریان تەمەڵ و سەرکێش و بزێو تربێت . چونکە
منداڵی پشتگویێ خراو ، هەست بە کەمی و ناڕەزایی دەکات و پەنا بۆ درۆ
دەبات ، تا ئەو جیاوازییانە نەهێڵێت و پێویستییەکانی بە دەستبهێنێت ،
هەر بۆیە گرنگە یەکسانی نێوان منداڵەکانتان بپارێزن.
٩- منداڵەکەت فێری بەرپرسیارێتی بکە:
پێویستە منداڵ لە پاداشت و لێپرسراوێتی ئاگاداربکرێتەوە . کاتێک
منداڵێک درۆ ، یان کارێکی خراپ دەکات ، پێویستە پاداشت و لێپرسراوێتی
بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ڕابگیرێت . ئەم سزایەش منداڵی گەورە دەگرێتەوە ،
کە بەردەوام درۆ دەکات . بەمەش منداڵەکە تووشی خەم و ئازار دەبێت ،
بەڵام دەبێت بزانیت ئەوە ئەنجامی درۆکردنە و تەنها بە وتنی ڕاستییەکان
دەتوانێت پاداشت و لێپرسراوێتی دایک و باوکی سەرلەنوێ وەربگرێتەوە.
١٠- بیرکردنەوە لە هۆکارەکانی دەرەوە: لەوانەیە کەسێک منداڵەکەتی فێری
درۆی کردبێت ، یان چاوی لە هەڵسوکەوتی کەسێکی تر کردبێت . یان لە
خزمەکانییەوە فێری درۆ بووبێت ، زۆر گرنگە منداڵەکەت لەگەڵ منداڵی
ڕاستگۆدا تێکەڵ و هاوڕیێ بێ ، چونکە هاوڕیێ کاریگەریی گەورەیان لەسەر
منداڵەکانمان هەیە ، هەر بۆیە گرنگە هاوڕێکانییان بە چاکی بناسین و لە
هاوڕێی خراپ و درۆزن دووریان بخەینەوە.
١١- بە گشتی ئەو منداڵانەی ڕاستگۆن، زوو ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن .
هەست بە نیگەرانی ناکەن و لە ڕوخساریاندا ئارامی هەیە ، بەڵام کاتێک
منداڵ درۆ دەکات ، چەند نیشانەیەکی لێ دەردەکەوێت وەک : ماوەی نێوان
پرسیار و وەڵامەکەی درێژە ، تۆنی دەنگی بەرزترە لە دەنگی ئاسایی ،
بابەتەکە دەگۆڕێت بۆ بابەتێکی تر ، بێ دەنگ نابێت و وتەکانی تێکەڵ
دەکات ، جووڵەی چاوەکانی بە ئاشکرا دیارن و شێواوی و دڵەڕاوکێ بە
ڕوخسارییەوە دیارە . لێرەدا پێویستە دایک و باوک هەڵویست وەربگرن .
چونکە لەوانەیە کێشەی نەفسی هەبێت ، جا یان بە شێوەیەکی سروشتی گەشەی
نەکردووە ، یان تووشی کارەساتێک بووە ، یان هاوڕیی نییە و هەست بە
تەنهایی دەکات . بۆیە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی پەنا ببرێتە بەر پزیشکی
پسپۆڕ.
١٢- منداڵانی ساوای پێش خوێندنگا ( ٢ بۆ ٤ ) ساڵ، تازە زمانییان گرتووە
، هێشتا نازانن ڕاستییەکان لە کوێوە دەستپێدەکات و لە کوێشدا کۆتایییان
دێت . لە مانای درۆ ناگەن و نازانن بۆچی خراپە . جا چونکە منداڵی ساوا
زۆر بچووکن ، ناکرێت سزا بدرێن. باشتر وایە دایک و باوک لە ڕێگای
ئامۆژگاری و خوێندنەوەی گۆڤار و کتێبی بە سودی منداڵانەوە فێری
ڕاستگۆیییان بکەن . بۆ منداڵی سەروو ٤ ساڵیش ، پێویستە هەموو دەرفەتێک
بەکاربێت و بۆیان ڕوونبکرێتەوە ، کە درۆ چییە و بۆچی ڕەفتارێکی زۆر
خراپە .
__________________________________________________
تێبینی: بۆ ئەم
بابەتە سوود لە چەند سەرچاوەیەکی ئینگلیزی وەرگیراوە.
mkbarzy@hotmail.com
|