په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

دیسانەوە بۆ تەها بەروارى!


بەشدار عه‌لی  


رێک دوو مانگ بوو کابینەى حکومەتەکەت راگەیاندرا بوو،واتە دوو مانگ بوو تۆ لە سوید گەرابویتەوە و بوبویتە وەزیرى وەرزش و لاوان،لەبەر ئەوەى ماوەیەکى زۆر بوو لە ئەوروپا دەژیایت و نزیکایەتیەکت لەگەڵ گەنجانى کوردستان نەبوو و ئاگادارى وەزعیەت و گوزەرانى خەڵکى کوردستان بەتایبەت لاوان نەبوویت و بێئاگابوویت لە گوزەرانێک کە بەدرێژایى نزیکەى دوو دەیە خەون و خولیاکانى گەنجان و لاوانى کرد بە سەراب!،بێخەبەر بوویت لە کۆمەلێک نەخۆشى کە گەنجانى بە کۆمەڵ راپێچى مەرگ دەکرد،بۆیە وەکو گەنجێکى ئەو کوردستانە کە ساکارترین گۆرانکارى و چاکسازیش لە ژیانى لاوان و خەڵک بەبەروپێشچوون دەزانین خەمخۆرییەک بۆ هاوتەمەنانم،نامەیەکم لەرێگاى راگەیاندنەکانەوە ئاراستەکردیت و لە کۆمەڵێک کێشە و گرفت ئاگادارم کردیتەوە،بەڵام بەداخەوە دوایى دوو ساڵ و لەسەروبەندى تەواو بوونى وەزیفەکەت و کۆتاى هاتنى کابینەى حکومەتەکەت دووبارە ئەو نامەیەت بۆ دەنێرمەوە، هەموو شتێکت کرد بەس بەلاى کیشە و گرفتەکانى گەنجان و لاواندا نەچوویت و هەر بەئاگا نەهاتیەوە،تاکە ئیزافەیەکت لەگەڵ خۆت لە ئەوروپاوە هێنات سازکردنى ڤیستیڤاڵى شەکراو خواردنەوە بوو بۆ خۆت و نزیکەکانت !


پێم باشە دیسانەوە چەند شتێکت بیر بهێنمەوە،کاک تەها ئەوکاتى پێمگووتى کێشەى لاوانى کوردستان ئەوە نیە کە لە زمانى بەناو رێکخراوەکانى گەنجان و لاوان دەبیستیت کە مۆڵەتیان لە دەسەڵاتى سیاسى وەرگرتووە،بۆیە ئاگاداربە و گوێیان لێمەگەرە ئەوانە دوژمنى گەنجانن و نوێنەرایەتى گەنجانى کوردستان ناکەن،ئەوان کۆمەڵێک بەچکە کادیرى حیزبن و وەکو بەرپرسانى ترى ئەو وڵاتە ڤایرۆسى گەندەڵى لێیداون و هەڵپەى سامان کۆکردنەوەن،بەڵام لەوان حیزبیتر بیرت کردەوە و بەداخەوە ئەگەر تەمەنى کابینەى حکومەتەکەت 10 ساڵى تریش درێژبیتەوە ئومێدم نیە و ناتوانى داهێنانێکى تر بکەیت.پێمگووتى گەنجان بێزار و سەرگەردانن و بەلێشاو بۆ دەرەوە کۆچ دەکەن،دەست بۆ خۆکوژى و کۆتایهێنان بە ژیانى خۆیان دەبەن،ماددەى کهولى و ئاڵودەبوون بە ئەفوین و کۆکاین بۆتە دیاردە لاى گەنجانى کوردستان،لە خوێندن دادەبڕێن و ئاستى دەرچوون ساڵ لەدوایى ساڵ روو لە لێژییە و ئومێدێکیان بە سبەینێى باشتر نیە،کچان و کوڕانى لاو لە کەلتور و فەرهەنگى دواکەوتوویى زاڵى کۆمەڵگا توڕەن و چارەسەرنەبوونى کێشەکانیان دووچارى نەخۆشى دەروونى کردوون ورۆژانە لە دەشت و دۆڵەکان زیندەبەچاڵ دەکرێن،نەبوونى و بێ پارەى دەستى خستۆتە بیناقاقەى زۆرێک لە گەنجى کوردستان و ناچار بە کەمترین پێداویستییە رۆژانەییەکان کراون،لەملاشەوە مناڵە بەرپرسەکان کە دەستیان بەسەر سامانى خەڵکدا گرتووە و بە ئارەزووى خۆیان یارى پێدەکەن،جا ئەو جیاوازییە هۆکارێکى سەرەکى دارووحانى گەنجانە و بێ هۆنیە گەنجان لە شەقامەکان هاوار دەکەن دەڵێن (هیچ شتێک نیە ئێمە بەم مەملەکەتە ببەستێتەوە،تەنها پێلاِوەکانمان نەبێت)،وەرە هێشتا باشە لەهۆکارى دورست بوونى ئەو کێشانەوە دەست پێبکە... .


تۆ نەهاتى یەک دانە پرۆژە و بەرنامە لەم بوارانە بخەیتە کار(لەگەڵ ئەوەى لە نزیکەوە ئاگادارم چەندین پرۆژە لەم بوارانە لە بەردەستا بوون و پێشکەش بە وەزارەتەکەت کراوە ،بەڵام بە فەرامۆشیت سپاردن)چوویت لە شار و شارۆچکەکان بە تایبەت لە ئیدارەى سلێمانى کۆمەڵێک فەرهەنگخانەت کردووە کە بووە هۆى بێزارى لایەنەکەى بەرامبەرت،چونکە کردتان بە شوێنى کۆبوونەوەى حیزبى و سەرەنجام لەژێر فشارى لایەنى بەرامبەر خەریکە هەموویان دادەخرێن،سەرەنجام دورست بوونى وەزارەتێک بەناویان گەنجان و لاوانى زیاتر توڕە کرد.


بۆیە لێرەدا حەقى خۆمانە بیڵێینەوە،هەموو ئەو دامودەزگا و سەتنەر و رێکخراو و پرۆژە و بەرنامانەى لەچواچێوەى دەسەڵاتى سیاسى لە کوردستان بەرێوە دەچێت،ناتوانێ ببێتە جێگاى ئومێدى خەڵکى کوردستان و ئوزقاڵێک گەنجان و لاوانى کوردستان دڵخۆش ناکات،چونکە لە پشتەوەى هەموو ئەمانە عەقڵیەتێکى دۆگما و نا ٍعەقڵانى تەسکى حیزبایەتى بوونى هەیە،بەکردەوە و دەسەڵاتیش بینیومانە لە کارنامەى ئەو حیزبانە شوێنێک بۆ ئازادى تاک و پێداویستیەکانى خەڵک و کەمکردنەوەى کێشە و گرفتەکان بوونى نیە.کاک تەها تۆش تازە بچۆوە ئەوروپا باشترین جۆرى شامپانیا نۆش بکە و رەخنە لە دەووروبەرەکەش بگرە!!

 


Bashdar_net@yahoo.com