١٣\١١\٢٠٢١
دیسان جارێکیتر
کۆچ و رەو!
دیسان
جارێکیتر کۆچ و رەو گەنج و پیر و مندالانی کوردیان تووشی برسێتی و
سەرماوسۆلە و نەهامەتیی کرد.
بە داخەوە ئێستا بە هەزاران پەنابەری کورد لە سنووری بێلاڕووسیا و
پۆلۆنیا گیریان خواردووە و بە بێ چارەسەر لە ناو دارستانەکان ماونەتەوە.
ئەو بارودۆخە ناهەموارە مەترسیی و دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ ئەو پەنابەرانە
دروستکردوە و دروستدەکا، بەتایبەتیی ژن و منداڵەکان.
وتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند کە دەسەلاتدارانی بێلاڕوسیا و
تورکیا و رووسیا بەوە تاوانبار دەکەن کە پەنابەران وەك گوشارێکی سیاسی
لە دژی ولاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەکاردەهێنن، بەڵام ئامانج و خواستی
ئەو وڵاتانە هەرچیەک بێ رەوایی نادا بەو هەڵسوکەوتانەی پۆلیسی
بێلاڕووسیا و پۆلۆنیا بەرانبەر پەنابەرانی دەکەن لەو سنوورانە.
رەوایی نادا بە هێشتنەوەو برسییکردن و رەقکردنەوەی پەنابەران لە ناو
دارستانەکان و لە چۆلەوانییەکاندا، بۆیە ئێمە وەك ناوەندی کاری ئازادیی
دەربڕین سەرکۆنەی ئەو هەڵسوکەوتانە دەکەین، دژی ئەو ڕەفتارە
ناشیرینانەین کە بەرانبەری پەنابەران دەکرێن. ئەو رەفتارانە
بەپێشێلکاریی دادەنێین دژی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی.
داوا لە یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و کەسایەتییە
دەستڕۆیشتووەکان و هەموو رایەدارانی جیهان دەکەین، فریای پەنابەران
بکەون بە مەبەستی رزگارکردنیان لەو نەهامەتییە و هەرچی زووە چارەسەرێکی
گونجاو بدۆزنەوە بۆ کێشەی ئەو پەنابەرانە.
ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین
١٠\١١\٢٠٢١
rojnamen@yahoo.com
|