٣\٦\٢٠١٣
دیسان داخستنی سنوورەکانی
رۆژئاوای کوردستان.

جەلال محەمەد
لە ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی
عێراق ھەوڵی لە باربردنی دەستکەوتەکانی
رۆژئاوای کوردستانیاندا، جارێک
لە ڕێگەی دانیشتنی نھێنی لەگەڵ داود ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا و
جارێک لە ڕێگەی بانگێشتکردنی چەندین لایەنی گوماناوی بۆ شاری ھەولێر بە
ناونیشانی "کۆنفرانس بۆ کوردانی
رۆژئاوای کوردستان" ، جارێک لە ڕێگەی
کۆمەک کردنی ئیخوانالموسلمین بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار و جارێک بەهەوڵدان بۆ زڕاندن و ناشیرینکردنی ئازادیخوازانی
رۆژئاوای کوردستان ، تا
کار گەیشتە ئەوەی لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٢دا دەروازەی سنووریان بە ڕووی
رۆژئاوای کوردستاندا داخست و گەمارۆیەکی ئابووری دوور لە ھەموو
بەھایەکی مرۆڤایەتییان بەسەر ئەو پارچەیەی کوردستاندا داسەپاند ، ھەر
پاش داسەپاندنی گەمارۆی ئابووری ھێزەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی سوریاش
ھێرشێکی زاڵمانەیان کردە سەر شاری سەرێکانی و لە ھیچ کردەوەیەکی قێزەون
نەسڵەمینەوە.
سەرسوڕمان ئەوەیە ، لە کاتێکدا کە لایەنگرانی بارزانی کە بە گوتەی
خۆیان ھەموو ھەوڵێکیان بۆ پاراستنی کوردانی
رۆژئاوا و دەستکەوتەکانیەتی
، کەچی ھەر لەگەڵ دەستپێکردنی ھێرشی چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی سوریا
بۆ سەر ڕۆژئاوی کوردستان یان ھەڵھاتنە تورکیا یاخود کەوتنە
ھاوکاریکردنی ئارتەشی بە ناو ئازاد لەژێر ناوی چەندین کەتیبەی
جۆراوجۆردا.
ڕۆژی ٢٥ ئەم مانگەش ٧٥ کەس بە شێوەیەکی نایاسایی سنووری
رۆژئاوای
کوردستانیان دەرباز کرد و لە لایەن ھێزەکانی ئاسایشی
رۆژئاوای
کوردستانەوە دەستبەسەر کران و خرانە ژێر لێکۆڵینەوە ، پاش لێکۆڵینەوە
ئاشکرا بوو کە ئەو کەسانە لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە
و بۆ مەبەستی دژایەتیکردنی دەستکەوتەکانی
رۆژئاوای کوردستان و
ئاژاوەنانەوە ئاودیو کراون.
پاش دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە یەکسەر بۆ جارێکی دیکە ھێزەکانی پارتی
دیموکراتی کوردستانی عێراق سنوورەکانیان بە ڕووی
رۆژئاوای کوردستاندا
داخست و سەرۆکی ھەرێمیش ھاتە زمان و بە شێوەیەکی سەرسوڕھێنەرانە کەوتە
ھەڕەشەکردن و گوتی "ئێمە ڕێگە نادەین ھێزێک دەست بەسەر خۆرئاوای
کوردستاندا بگرێت" ، لە ناوەڕۆکی ئەم گوتەیەوە دەردەکەوێت کە ھەم ئەو
کەسانە خولی پەروەردەیان پێ بینراوە تاکو لە بەرامبەر ھێزەکانی
رۆژئاوای کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەلدا بەکاریان بھێنن و ھەم
پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش وەکالەتی پێدراوە لە لایەن
داگیرکەرانەوە بۆ لەباربردنی دەستکەوتەکانی
رۆژئاوای کوردستان.
لەگەڵ ھەڕەشەکردنەکەی بارزانیدا ، یەکسەر چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی
سوریا و جەبھە النەسرەش ھێرشی سەر کوردانی
رۆژئاوای کوردستانیان کرد لە
ھەرێمەکانی عەفرین و کۆبانی و تەل تەمر و سەرێکانی ، ھاوکات لەگەڵ
ھێرشی چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"دا ھێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی
عێراقیش گەمارۆی سەر
رۆژئاوایان توندتر کرد و ھێزەکانیان لەسەر سنوور
جێگیر کرد (واتە ھێرشی ئارتەشی ئازاد و فشارەکانی بارزانی لە یەک
کاتدا بوون).
ھاوکات بوونی ھێرشەکانی ئارتەشی ئازاد و فشارەکانی بارزانی بەڵگە
نەویستە بۆ ھاوئاھەنگی بنەماڵەی بارزانی و چەکدارە سەلەفیەکان دژ بە
کوردان و ناردنەوەی ئەو ٧٥ کەسەش ھەر بۆ ھەمان مەبەست بووە.
میلیشیاگەریی:
زیاتر لە ٢٢ ساڵە بەشێک لە باشووری کوردستان بە ڕووخسار لەژێر دەسەڵاتی
داگیرکەردا نەماوە ، بەڵام لە نەمانی داگیرکەریشدا بە دەیان ھەزار کورد
کوژران و سەدان ھەزاریش کۆچبەری وڵاتان بوون بەھۆی دیاردەی میلیشیاگەری
و بوونی دوو ھێزی چەکدارەوە . لێ بەڵێ ، بارزانی دەخوازێت ھەمان
دیاردەی میلیشیاگەری لە ڕۆژئاوی کوردستانیش ساز بکات و تەڕ و وشک بە
یەکەوە لەناو
بەرێ.
بە باوەڕی من ئەم کردەوە قێزەونانەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق
لەسەر داخوازی کۆماری ئیسلامی ئێرانە ، چونکە ئێران دەخوازێت بە تیرێک
دوو نیشانە بپێکێت ، گومان لەوەدا نییە کە تیرەکەی کۆماری ئیسلامی
ئێران بنەماڵەی بارزانییە و نیشانەکانیش ڕەوشی گەلی کوردە لە ھەردوو
پارچەی ژێر چەپۆکی تورکیا و سوریادا ، بەم شێوەیە:
١- ڕەوشی گەلی کورد لە باکووردا :- لە نەورۆزی ئەم ساڵدا ، پەیامی
ئاشتی لە نێوان تورکیا و کوردانی باکووردا درا بە گوێی ھەموو جیھاندا و
پەیامەکەش پێشوازییەکی گەرمی لێکرا لەلایەن کوردستانی و جیھانیەوە ،
ئەوەی کە زۆر نیگەران بوو لەو پەیامە کۆماری ئیسلامی ئێران بوو ، چونکە
ئێران دەیویست ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت تاکو زیاتر دەست لە
ناوچەکە وەربدات ، ھەر بۆیەش ئێران ھەموو ھەوڵێک دەدات تاکو ئاشتی لە
تورکیا و باکوری کوردستاندا پێش
نەکەوێ.
٢- ڕەوشی گەلی کورد لە خۆرئاوای کوردستاندا :- کوردان بە شێوەیەکی
دوور لە توند و تیژی زۆربەی
رۆژئاوای کوردستانیان ئازاد کرد ، ئەم
ئازادکردنەش ھەم بوویە فشارێک بۆ سەر ڕژێمەکەی ئەسەد و ھەم
کاریگەرییەکی زۆریشی کردۆتە سەر کوردانی جیھان بەگشتی و کوردانی
ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ، لەبەرئەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش
دەخوازێت لە ڕێی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە ھەم فشاری کوردان
لەسەر ڕژێمەکەی ئەسەد نەھێڵێت و ھەم کاریگەریەکانی شۆڕشی
رۆژئاوای
کوردستانیش لەسەر کوردانی ڕۆژھەڵات کەم بکاتەوە.
واتە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت لە ڕێگەی ماڵی بارزانییەوە ھەم
پێڤاژۆی ئاشتی باکوری کوردستان تێک بدات و ھەم دەستکەوتەکانی
رۆژئاوای
کوردستان لە بار بەرێت و ھەم تەمەنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدیش درێژتر
بکات . چونکە لە ڕابردووشدا کۆماری ئیسلامی ئێران ھەمان تیری ئاڕاستەی
جەرگی کوردان کرد بە ئامادەکردنی "قیادە مۆقەتە" و ھاندانیان دژ بە
کوردانی ڕۆژھەڵات و تارومارکردنی ھەموو دەستکەوتەکانی ئەو بەشەی
کوردستان.
ھەڵبەت ئەو کات ماڵی بارزانی شانۆگەرییەکی سەرکەوتوویان ساز کرد بۆ
شەڕکردنی کوردانی ڕۆژھەڵات ، ئەو شانۆگەرییەش دەرھێنانی تەرمی مەلا
مستەفا بوو لەلایەن خودی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە و
ساخکردنەوەی بەسەر کوردانی ڕۆژھەڵاتدا تاکو بیکەنە بیانوویەک بۆ
داسەپاندنی ئەو شەڕە ناڕەوایە . ئێستاش ھەمان بنەماڵە دەیانەوێت
شانۆگەرییەکی ھاوشێوە ساز بکەن بۆ شەڕکردنی کوردانی
رۆژئاوای کوردستان
، ئەو شانۆگەریەش جارێک لە ڕێی چەند پارتێکی کارتۆنی دژ بە پارتی
یەکێتی دیموکراتی"پەیەدە" و جارێک لە ڕێگەی ھاوکاریکردنی
ئیخوانالموسلمین و جەبھە النەسرە بۆ وێرانکردنی شارەکانی ڕۆژئاوی
کوردستان و جارێک لە ڕێگەی ھەوڵدان بۆ سازکردنی میلیشیاگەری لەو
پارچەیەدا و ئێستاش لە ڕێگەی ئاودیوکردنی ژمارەیەک کوردی بەکرێگیراو بۆ
ئاژاوەگێڕی و برسیکردنی کوردانی
رۆژئاوا و داخستنی سنوورەکان
بەسەریاندا.
چەندین پرسیار لە سەرۆکی ھەرێم:
١- سەرۆکی ھەرێم چ بەشێکی ھەیە لە
رۆژئاوای کوردستاندا تاکو بەو شێوەیە
ھەڵوێست وەربگرێت و ھەوڵی ئاژاوەگێڕی بدات؟
٢- بۆچی سەرۆکی ھەرێم دەست لە کاروباری خۆرئاوای کوردستان وەردەدات لە
کاتێکدا باشووری کوردستان بەدەست سەدان قەیرانەوە دەناڵێنێت؟
٣- بۆچی سەرۆکی ھەرێم لە سەرەتادا ھەوڵ نادات گرفتی زیاتر لە نیوەی
باشووری کوردستان چارەسەر بکات کە بە داگیرکراوی ماوەتەوە و ناوی ناوچە
"جێ ناکۆکی لەسەرەکان''یان لێناوە؟
٤- ئەی بۆچی سەرۆکی ھەرێم خۆی و بنەماڵەکەی بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر و
دھۆکدا داسەپاندووە و لە پێناوی ئەو خۆ داسەپاندنەشدا شەڕی بێ ئەمانی
دژ بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان جاڕدا و پەلکێشی تەواوی داگیرکەرانی
کوردستانی کرد و تاکو ئێستاش دیلەکانی شەڕی ناوخۆی ئازاد نەکردووە؟
٥- بۆچی سەرۆکی ھەرێم نیگەرانە لە ئازادکردنی
رۆژئاوای کوردستان و لەو
پێناوەدا بۆتە ھاوکاری ئیخوانالموسلمین و چەتەکانی ئارتەشی "ئازاد"ی
سوریا دژ بە کوردان؟
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|