٢٢\٤\٢٠١٢
دیسان ئەنفال.

جەلال
محەمەد
٢٤ ساڵ دەرباز دەبێت بەسەر ئەنفالدا، ئەو ئەنفالەی کە هیچ شتێکی
نەپاراست. هەڵبەت ئەنفالی بەعسیەکان یەکەم ئەنفال نە بوو بەسەر
کورداندا هاتبێت بەڵکو لە کاتی داگیرکراوی کوردستانەوە دیاردەی ئەنفال
بۆتە تەوقی عەزازیل و لە گەردنی کورد ئاڵاوە . ئەگەر ئەنفالی بەعسیەکان
بە پاکتاوی جەستەیی و زیندەبەچاڵی کوردانی باشوور کۆتایی هاتبێت ئەوا
ئەنفالی تورکە فاشستەکان خەون بە کوشتنی ئیرادەی هەموو کوردان دەبینێت
و تەواوی زیندانەکانی بە ئازادیخوازان و مێرمنداڵان پڕ کردووە ، ئەمە
جگە لە دۆزینەوەی سەدان گۆڕی بە کۆمەڵ تەنها لەماوەی ئەم دوو ساڵەی
ڕابردوودا.
دزێوترین و قێزەونترین ئەنفالی تورک هەوڵدانە بۆ ئازاردانی ڕۆحیەتی
کوردان بە لەتوپەت کردنی تەرمی گەریلا و تەجاوزکردن بە منداڵانی
زیندانیکراو و بێ هەواڵ هێشتنەوەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە زیندانی
تاکە کەسیدا.
بە بڕیاری کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجەی ئەوروپا ناسراو بە ( سیپیتی )
دەبێت حەفتانە پارێزەران سەردانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان بکەن ، لێ بەڵێ
ئەوە نۆ مانگ دەرباز بوو و هیچ هەواڵێک لە بەڕێزیان نییە و تەنانەت
پەرێزەرەکانیش لە کونجی زیندان قایم کراون . ئەم کردەوە چەپەڵەی
تورکەکان بێ وەڵام نەما و هەر زوو کوردان کەوتنە خۆ و بەشێوەیەکی زۆر
مەدەنیانە هەم کردەوەی دەوڵەتی تورک و هەم بێ دەنگی ناوەندە
نێودەوڵەتیەکانیان شەرمەزار کرد .
یەکێک لەو دیاردە مەدەنیانە بریتی بوو لە مانگرتن لە خواردنی زیاتر لە
٢٠٠٠ زیندانی ناو زیندانەکانی تورکیا و ١٥ چالاکوان لە ستراسبۆرگی
فەڕەنسا ، هەرچی زیندانییەکانە زیاتر لە دوو مانگە لە سەر پەیمانەکەی
خۆیان بەردەوامن و چالاکوانانی ستراسبۆرگیش ٥١ ڕۆژی تێپەڕاند و کات لە
دوای کاتیش ڕەوشی مانگران خراپتر دەبێت .
ڕەوشی خراپی مانگرتوان و دڕندایەتی دەوڵەتی تورک بوویە هۆی ئەوەی
کوردان لە هەموو جیهانەوە بکەونە خۆیان و پشتگیری لە مانگرتوان بکەن .
یەکێک لەو شوێنانەش شاری هەولێری دێرین بوو کە ژمارەیەک لە
ئازادیخوازان کەوتنە گرەوی مانگرتن لە خواردن ، بەڵام لە چارەڕەشی
کورداندا دەسەڵاتدارانی هەولێر لە مەلیک مەلیکتر و لە داگیرکەر
دڕندەترن . ئەگەر ناوەندە نێو دەوڵەتیەکان لە بەرامبەر چالاکی کورداندا
تەنها بێ دەنگیان هەڵبژاردبێت ئەوا بنەماڵەی بارزانی هەر زوو بە دەنگ
هاتن ، بەڵام چ بە دەنگ هاتنێک ؟
ئەو بە دەنگ هاتنەی کە بەعس ئاسا ئەنفالیان دووبارە کردەوە و کەوتنە
پەلاماردانی چالاکوانان ، ئەگەر بەعس لە ژێر لمی بیابانەکاندا جێگەیەکی
بۆ کوردان دەدیتەوە ئەوا پارتەکەی بارزانی ئەو جێگەیەشی بە چالاکوانان
ڕەوا نەبینی و لە چۆڵەوانی و بەر سەرمادا و باراندا بێ ماڵ و لانەی
کردن .
ئەم دیاردە دزێوەی بنەماڵە و کابینەکەی نێچیرڤان بارزانی هەمان دیاردەی
ساڵی ١٩٩٢م بیر دێنێتەوە کە یەکەمین بڕیاری یەکەم پەڕلەمان بریتیبوو لە
شەڕکردن لە بەرامبەر ئازادیخوازانی نەتەوەکەمان و چاوساخیکردن بۆ تورکە
فاشستەکان .
ئەم دیاردە دزێوەی پارتەکەی بارزانی هەمان بۆنە تایبەتیەکانی
بەعسیەکانم بیر دێنێتەوە کە لە هەر بۆنەیەکی تایبەتدا کۆمەڵکوژییەکی
کوردانیان ئەنجام دەدا ، بارزانیش لە یادی ٢٤ ساڵەی ئەنفالدا ئەنفال
دەژێنێتەوە .
ئەم دیاردە چەپەڵەی پارتەکەی بارزانی هەمان دیاردەی کۆکوژیەکانی شاری
شنۆ و هەورامان و کۆمەڵکوژیەکەی ١٩٩٧ی هەولێری دێرینم بیر دێنێتەوە .
بۆچی هێرشکردنە سەر مانگرتوان ؟
بنەماڵەی بارزانی زۆر دیاردەی ناشیرین و دزێویان تێکەڵ بە فەرهەنگی
کوردان کرد ، وەک کورد بە کەمزانین و خۆ بەستنەوە بە داگیرکەران و کورد
کوشتن ، بەڵام لە هەموو دیاردەکان دزێوتر ئاشبەتاڵ و دژە شۆڕشییە .
هەر کاتێک باس لە ئاشبەتاڵ دەکرێت بارزانیت دێتە بەرچاو ، هەر کاتێکیش
باس لە دژە شۆڕشی و شۆڕش تێکدان دەکرێت یەکسەر پە نجەی شایەتومان بۆ
ئیدریس بارزانی درێژ دەکرێت . هێرشکردنە سەر چالاکوانانی هەولێریش لە
چوارچێوەی ئەم دوو دیاردەیەدا خوول دەخوات بەم جۆرە :-
١- چۆڵکردنی شاری هەولێر لە چالاکوانان بۆ دووبارە کردنەوەی ئاشبەتاڵە
، چونکە لە کاتی ئاشبەتاڵەکەی بارزانیدا سەرانی بنەماڵە تەواوی
کوردستانیان چۆڵ کرد و ڕێگەشیان بە هیچ چالاکوانێکی دیکە نەدا لە
مەیدانەکەدا بمێنێتەوە . لە دیدی بارزانییەوە ئەگەر شاری هەولێریش بە
چالاکوانان چۆڵ بکرێت ئەوا مانگرتوان ناچار بە ئاشبەتاڵ دەبن و هەمان
دیاردەی ئاشبەتاڵ دووبارە دەبێتەوە .
٢- لە کاتی شەڕە کوردکوژیەکاندا ، ئیدریس بارزانی دەیگوت " ئەگەر
شۆڕشمان پێ نەکرێت خۆ شۆڕشمان پێ تێک دەدرێت " ، ڕۆژگار ئەوەی
سەلماندووە کە بنەماڵەی بارزانی نەک هەر شۆڕشیان پێ نەکراوە بەڵکو
هۆکاری بە کۆیلەهێشتنەوەی کوردان و لاوازکردنی شۆڕشی کوردان بوون .
هێرشکردنە سەر چالاکوانانی هەولێریش دووبارەکردنەوەی دیاردەی دژە شۆڕشییە
، چونکە ئەو چالاکیە مەدەنییە خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکە و قبوڵنەکردنیشی
جگە لە دژە شۆڕشی هیچ شتێکی دیکە نییە.
بۆ زانیاری زیاتر کرتە لەسەر ئەم لیبکانەی خوارەوە بکە:
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=12326
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=12322
http://www.pcdk.org/kurdi/page.php?sid=12323
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|