په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١\٢٠١١

دیسانەوە ژن!


رێبوار رەزا چوچانی


یەکێک لە خەسڵەتەکانی کۆمەڵگەی زیندوو، دەنگ هەڵبرێنە، چونکە لە پشت هەموو دەنگ هەڵبڕینێکەوە، تووڕەییەک بوونی هەیە، لە پشت هەر توڕە بوونێکیشەوە کۆمەڵێک پاڵنەر هەن، کە ئەمانە هەموو پێکەوە دەبنە هۆی دەنگ هەڵبڕینی مرۆڤ بە رووی ئەو شتانەی کە بە دڵی نین و دەیسەپێنن بەسەریدا.


لە کوردستان بەهۆی دەستبەرداگرتنی شکۆی مرۆڤ و بێنرخ بوونی مرۆڤ و سەرگێژکردنی مرۆڤ بە کۆمەڵێک شتی بێماناوە، زۆرجار مرۆڤی کوردی نازانێت بۆ دەنگ هەڵدەبڕێت، چونکە گوزارشتەکانی زۆر جار ئامانجەکە ناپێکێت، مرۆڤی کوردی لە ناخییەوە هەست دەکات قەزییەیەکی هەیە، بەڵام بەهۆی سەرگێژبوونی بە کۆمەڵێک شتی ترەوە، وەک هەویەیی ئینسانی و ماف و ژیان، نازانێت قەزییەکەی چییە و دەبێت بۆچی تێبکۆشێت، هۆکاری ئەم دۆخەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەرداشە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە زەمەنێکە لەم کۆمەڵگەیەدا هەڵدەسوڕێن، بۆ بێنرخ کردنی مرۆڤ و هەر رۆژە و بەجۆرێک بیر لە دیلکردنی مرۆڤ و لە ژێرپێنانی کەرامەتی ئینسانی ئینسانەکانی دەکرێتەوە، ئەمانەش پێکەوە بونەتە هۆکار بۆ ونبوونی ئەو کێشە سەرەکییەی کە دەروونی مرۆڤەکانی داغان کردووە.


لە کوردستان جموجوڵێکی ژنانە هەست پێدەکرێت، ئەم جموجوڵە ئەگەرچی لەسەرێکەوە ئامرازێکە بۆ دەنگ هەڵبڕینی رەگەزێک، بەڕووی کۆمەڵێک ناعەدالەتی، کە ئەو ناعەدالەتییانەش تەنها لەبەرانبەر ئەواندا پێڕەو ناکرێت، بەڵکە کۆی کۆمەڵگە گرفتاری ناعەدالەتییە، بەڵام لەسەرێکی تریشەوە جێگای دڵخۆشی نیە، چونکە بەشێکی زۆری هەڵسوڕێنەرانی ئەم جموجوڵە خاوەنی دنیابینییەک نین، کە کێشەکانی ژنان لە دیدێکی هیۆمانستییەوە ببینن و هەر لەو دیدەوە کار بکەن بۆ ئەوەی رۆڵییان هەبێت لە بەرەو باشتر بردنی دۆخی مرۆڤ، نەک بە تەنها یەکێک لە رەگەزەکان، بە جۆرێک ئەم جموجوڵە کۆپی کراوی هەموو جموجوڵەکانی تری کۆمەڵگەی کوردییە، کە زۆربەی هەرە زۆری جموجوڵەکانی ئەم کۆمەڵگەیە، بێئامانجی پێوە دیارە و دواجاریش بە زیان کۆتایی پێدێت، چونکە لە بنەڕەتەوە بەشێک لەوانەی کە هەڵسوڕێنەری ئەو جموجوڵەن نازانن چییان دەوێت و لە پێناو چی تێدەکۆشن، لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بدەن رێگایەکی تر بدۆزنەوە بۆ ئەوەی حورمەتی ئینسان لەسەرووی هەموو شتێکەوە بێت و بە دیدێکی هیۆمانستیانەوە لە کێشەکان بڕوانن و لەو کاتەشدا توندوتیژییەکان کەم دەبنەوە، بەڵام هەوڵەکییان بۆ ئەوەیە دژایەتی و نەفی رەگەزی بەرانبەر بکەن، ئەرک دەگۆڕنەوە بە دژایەتی، باشە دەگۆڕنەوە بە خۆشی، جددیەت دەگۆڕنەوە بە بە کۆمەڵێک شتی تەرفیهی، کە زۆرجار لە شکۆی ئینسان دەدەن، لە هەمووی سەیرتر، هەر بەشێک لەو کەسانەی کە بۆ کێشەی ژنان تێدەکۆشن، خۆیان دژایەتی خودی ژنان دەکەن و دەیانەوێت ئازادییە تاکییەکانییان لە ژێر پێ بنێن و سوکایەتی بەوانە بکەن، کە وەک ئەوان بیر ناکانەوە و وەک ئەوان ناپۆشن، ئەم ئاراستەیەشییان بیرکردنەوەکانییان بارگاوییە بە جەهل، لە هەمووی سەیرتر بەشێک لە کەسانی ناو ئەو جموجوڵە لە جیاتی ئەوەی هەوڵ بدەن، بۆ زیندوو کردنەوەی ئەو رایەڵانەی کە هەردوو رەگەز پێکەوە گرێ‌ دەدەنەوە، بەڵام هەوڵی پچڕانی ئەو رایەڵانە دەدەن، کە بڕوای من سەرچاوەی هەموو توندوتیژییەکانی کۆمەڵگەی ئێمە، نەمانی ئەو رایەڵانەیە، چونکە کاتێک مرۆڤ پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ مرۆڤ و سروشت و ژیان و دەوروبەر نەما، دەبێتە مرۆڤێک مەرگ دۆستی زاڵ دەبێت بەسەریدا و لەو کاتەدا ئەوەی بیری لێدەکاتەوە، کۆمەڵێک خاڵن کە بارگاوین بە مەرگ و ماناکانی ژیان دۆستی ون دەکات، بۆیە ئەوەی لە کوردستان روو دەدات، نەمانی ئەو رایەڵانەیە، کە تێیدا مرۆڤ دەبێت باجە قورسەکەی بدات.


هەڵە دەکەین ئەگەر کێشەی ژن و ئەو توندوتیژیانەی دەرهەق بە ژن دەکرێن، لە دەرەوەی ئەو سیستەمە کەلتوورییەوە ببینین، کە نرخ بۆ ئازادییەکانی کۆی مرۆڤ دانانێت لە کوردستان بە هەردوو رەگەزەکەیەوە، هەڵە دەکەین ئەگەر پێمانوابێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تەنها ژنە رووبەڕووی توندوتیژی و چەوساندنەوە و زەوتکردنی ئازادییە تاکەکانی دەبێتەوە، چونکە شێوەی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بەشێوەیەکە، هەمیشە لە ناو دنیایەک کێشەی دەروونیدا لە ژیان دەڕوانن و بەشێکی زۆری هەوڵەکانییان دەچێتە خانەی بێماناکردنی ژیانەوە، لێرەشدا ناکرێت ئەو ئەو کۆدانەی لە ناو بیرکردنەوەی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، لە دەرەوەی کاریگەرییەکانی ئاین و ناسیۆنالیزم و خێڵ و عەشیرەت و خێزان و تێکڕای ئەو سنوورە دەستکردانەی تر ببینین، کە مرۆڤ بۆ شێوەی بەڕێوەبردنی ژیان دایدەڕێژێت و ئەم داڕشتنەش تێگەشتنە خێڵەکییان زاڵە بەسەریدا، کە تاک هیچ مانایەکی نیە و گردبوونەوە مێگەلییەکان دەتوانن بڕیار لەسەر ژیان و مانەوە و قەدەر و چارەنووسی مرۆڤەکان بدەن، هەر ئەم سنووردار کردنەی ژیانە کوشتن ئاسان دەکات و بەها لە مرۆڤ دەسێنێتەوە و هەر ئەو هۆکارانەشە وەک ماشێنێک دەچەرخێت، بۆ زیادکردنی ئەو بێڕێزییانەی دەرهەق بە مرۆڤ دەکرێت، کە ناکرێت ئەو بێڕێزییانەش تەنها لە کوشتندا کۆ بکرێنەوە، چونکە بێڕێزییەکانی مرۆڤ لەوە سەرچاوە دەگرن، کە سەرمایە بەشەرییەکەی لێدەسەنرێتەوە و وەک کاڵایەک بەهای بۆ دادەنرێت، ئەمەش وا دەکات کە مەرگدۆستی زاڵ بێت بەسەر بیرکردنەوەی بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکانی و لەوکاتەشدا مەرگدۆستی وادەکات، هەموو ئەو شتە جوانانەی کە مرۆڤ بیری لێدەکاتەوە بۆ مانادارکردنی ژیان لە ناوی ببات و ژیاندۆستی لەناو کۆمەڵگەیەکی کەلاوە ئاسادا بنێژرێت.


هەڵە دەکەین ئەگەر توندوتیژی دەرهەق بە ژن، لە دەرەوەی ئەو توندوتیژیانەوە ببینین کە لە کۆمەڵگە ئێمەدا روویان داوە و هەمیشە بەرهەم دەهێنرێنەوە، کە بە پلەی یەکەم دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەکان لێی بەرپرسن، چونکە ئەو هێزانە بەهۆی ململانێی ناشەریفی رابردوویانەوە، پەروەردەی تاکییان پەراوێزخست و حکومەت و دەسەڵاتەکەیان نەیتوانی ئەو بابەتە بە جددی وەربگرن، ئێستاش خەمی کورسی زیادی پەرلەمان و زیاتر کردنی دەنگەکانییان وای لێکردوون، بیر لەوە نەکەنەوە، کە ئایا کێشەکە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت و کام رێگە باشترینە بۆ ئەوەی حورمەت بۆ ئینسان بگەڕێتەوە، چونکە ئەوەی ئەسڵی کێشەکەیە، ئەو هەوڵە بووە کە لە ماوەکانی رابردووەوە تا ئێستا، کاری لەسەر کراوە بۆ بێنرخ کردنی مرۆڤ.


راستە لە کوردستان تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ژنان کوژراون، کە بە هەموو پێودانگێک بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە بەردەستدان، رێژەی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی ترسناکدایە و ئامارەکان پێمان دەڵێن، ئێمە لە هەناوی خەتەرناکییەکدا ژیان دەگوزەرێنین، کە هەموو ئەم دۆخە بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆی هێزە سیاسییەکانی کورد و دەسەڵاتی کوردیدایە، چونکە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، هێزە سیاسییەکان لە دوای راپەڕینی ساڵی (1991)ەوە کارییان نەکردووە بۆ رەوینەوەی توندوتیژییەکان، بەڵکە هەموو هەوڵێکییان بۆ وێنا کردنەوەی توندوتیژییەکان بووە، ململانێکانیان لە فۆڕمێکدا بووە، کە هەمیشە توندوتیژی بەرهەم بهێنێتەوە، ئەم توندیژیەش گواستراوەتەوە ناو خێزانەکان و بیرکردنەوەی بەشێک لە تاکەکانی و ئەو کارەساتانە بەرهەم دەهێنن کە هەموومان رۆژانە دەبینین و دەیبستین.


ئەم توندوتیژییەش بۆتە بەشێک لە بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد، چونکە مرۆڤی کورد مرۆڤی دوای جەنگەکانە و جەنگەکانیش لە رووی دەروونییەوە بەرەو وێرانبوونی بردوون، مرۆڤی کورد گەورەبووی ناو کۆمەڵگەیەکە کە هەمیشە تارماییەکانی شەڕی بەسەرەوە بووە، لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەشدا ماشێنی رووداوەکان بەجۆرێک دەچەرخێن، کە کار دەکات بۆ ئەوەی مرۆڤ هیچ نرخێکی نەبێت و مرۆڤ بە هەردوو رەگەزەکەیەوە وەک کاڵایەک سەیر بکرێت، هەر ئەمەش وایکردووە ژن وەک کاڵایەک سەیر بکرێت و بکڕدرێت و بفرۆشرێت، کە خودی "چالاکوان"ەکانی ژنانیش ئەم بازرگانیانەیان بە ژنانەوە کردووە.


ئەو جموجوڵەی ژنان نەیتوانیووە دەستنیشانی هۆکارە بنەڕەتییەکانی توندوتیژی بکات، کە لە پشت هەر توندوتیژیەکەوە پاڵنەرێک هەیە، بە بڕوای من پاڵنەرەکانی توندوتیژی لە کوردستان کە بەشێکە لە کۆمەڵگە شەرقییەکان، نەبوونی هوشیارییە لە بارەی سەرمایە رەمزییەکانی مرۆڤەوە، چونکە تا ئێستا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نەتوانراوە تێگەشتنێکی گشتی درووست بکرێت، کە مرۆڤ سەرمایەیەکی گەورەیە و لە سەرووی هەموو شتەکانی ترەوەیە، هەر لێرەشەوەیە کوشتنی مرۆڤ خەریکە وەک شتێکی نۆرماڵی لێدێت.


نەک ئەو تێگەشتنە سەقەتەی کە پێیانوایە پاڵنەری هەموو توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لەسەر شەرەفە، لە کاتێکدا زۆرجار ئەو رووداوانەی کە روودەدەن و بە کوشتنی ژنێک دەگاتە لوتکەی دڕندەیی مرۆڤ، هیچ پەیوەندییەکییان بە شەرەفەوە نیە، بۆیە مرۆڤ بۆ گەشتن بە هۆکارەکانی توندوتیژی، دەبێت هەموو ئەو هۆکارانەی کە رۆڵییان هەیە لەو لایەنەوە راڤە بکرێن، نەک تەنها بڕیاردان لەسەر هۆکارێکی دیاری کراو، کە بەشێک لە هەڵسوڕێنەرانی ئەو جموجوڵە ژنانە، تەنها لە روانگەیەکی دیاری کراوی وەک روانگەی نەوال سەعداوی لە کێشەکان دەڕوانن و پێیانوایە شەرەف بنەمای توندوتیژییەکانە دەرهەق بە ژنان، چونکە توندوتیژی بەرانبەر بە مرۆڤ لەو بێنرخ بوونەی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بە درێژایی مێژوو هەتا ئێستا بەشێوەیەکی سیستەماتیکی کاری لەسەر دەکرێت، بۆیە بە بڕوای من کێشەکە لێرەدا هەوڵدان نیە بۆ سڕینەوەی ژن بە ناوی شەرەفەوە، بەڵکە کێشەکە درێژکردنەوەی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ بێبەها کردنی مرۆڤ دەدرێت.


Facebook: rebwar raza chchani
www.nwche.net

rebwarreza1983@yahoo.com