١٧\٣\٢٠١٥
دیسان (کۆمەڵ) و
(کومەڵگا).
هەژێن
لەوانەیە لە ساڵانی ڕابوردوودا ئەم بابەتەم زۆر وروژاندبێت، لەبەرئەوە
لەوانەیە بۆ هەندێك لە خوێنەران وەرسکەر بەرچاوبکەوێت. بەڵام
ڕاستییەکەی ئەم
بابەتە
وروژاندنی زۆرتری دەوێت، کە بەداخەوە ئەوەندەی لێدوانەکان بۆ
لێکدانەوەی جیاوازی و پەیوەندی واژەکانی (کۆمەڵگا) و کۆمەڵگە)
تەرخاندەکرێن، هێندە و تەنانەت هیچ کات بۆ جیاوازی و جیاکردنەوەی
واژەکانی (کۆمەڵ) و ( کۆمەڵگە) تەرخانناکرێن.
(کومەڵگا / کۆمەڵگە) واتە شوێنێك کە کۆمەلێك بوونەوەری لەسەر یا تێدا
دەژین، واتە شوێنی کۆوەبوون و کۆمەڵبوونی بوونەوەرەکان، لێرەدا مەبەست
لە مرۆڤەکانە.
(کۆمەڵگا) کە بە ڕەچەڵەك واژەی (کومەڵگا)ی هۆرامییە و وەك ئەم واژانەی
دیکە ئاماژەیە بۆ شوێنی شتێك : دەگا / ئاتەشگا/ ئایەرگا / دەگاگا /
خانەگا/ ئارامگا / لادەگا / هاڵاوگا / ئاساوگا / سۆروگا/ ...تد، بە
پێچەوانەی خوێندنەوەی نووسەرانی سۆرانیزمان یا کوردی-سۆرانی، کە
پاگەندەی (پەهلو/فارسی)یبوونی پاشگری (گا) وەك ئاماژەی جێگە، ئەم
پاشگرە هۆرامییە و زمانی هۆرامی ئەگەر لە پەهلو کۆنترنەبێت، ئەوا
دەستەخوشکی پەهلو و دمڵی و (زازاکی)یە وەك زمانە کۆنەکانی ئەم دەڤەرە.
لێرەدا ناچمە سەر هۆکاری نەبینین ئەو ڕاستییە و نادیدەگرتنی ڕەچەڵەکە
هۆرامییەکەی ئەو پاشگرە شوێنییە و بۆ بابەتێکی دیکەی هەڵدەگرم، کە
تایبەت بێت بە ئامادەیی و خۆدەربڕینی شۆڤێنیزم لە زمان و کایە
کولتوورییەکاندا.
ئەگەر سەرنجبدەین تەواوی دەزگە میدیاییە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان و
زۆرینەی نووسەران و ئەوانەش کە کراونەتە کەڵەگای ڕۆشنبیریی کوردی "کەڵە
ڕۆشنبیران"، لەجیاتی واژەی (کۆمەڵ) واژەی (کۆمەڵگا / کۆمەڵگە )
بەکاردەبەن و بەخۆشم ڕۆژگارێك لەژێر هەژموونی ئەو نەزانییەدا بەهەڵە
بەکارمبردووە، بەڵام چەند ساڵێکە لە نووسینەکانمدا هەوڵی ڕاستکردنەوە و
بژارکردنی دەدەم.
لێرەدا بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم پرسە، پێویستە پرسیارێك ئاراستەبکەین و
خۆبەخۆ دەبێت ئەم پرسیارە لە خوێندنەوەی هەر دەقێکی کوردیدا [لە هەموو
زمانە کوردییەکاندا]، ئەگەر (کۆمەڵگا / کۆمەڵگە) بەواتای (کۆمەڵ)
بەکارببرێت، ئەی بە شوێنی ژیان و کۆبوونی مرۆڤەکان چی دەگوترێت و
دەتوانین چی بەکاربەرین، ئایا دەتوانین بنووسین (کۆمەڵگاگا /
کۆمەڵگەگە)؟
ئەی واژەی (کۆمەڵ) بە چ واتایەك دێت و دەتوانین بۆچی بەکاربەرین؟
تکایە بۆ تێگەییشتن و ڕۆشنبوونەوەی زیاتری مەبەستەکە، سەرنجی ئەم چەند
نموونەیە بدەن:
- کۆمەڵگا/کۆمەڵگەی ئێمە لە بواری ڕۆشنبیریی و زانستدا دواکەوتووە.
- چۆن دەتوانی ئەم کۆمەڵگایە/ کۆمەڵگەیە بەرەوپێش بەرین؟
- کولتوور و ڕۆشنبیری و زمانی ئەم کۆمەڵگایە/کۆمەڵگەیە دەوڵەمەندە.
- پشێوی لە کۆمەڵگاکانی/کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناویندا بەردەوامە.
- ئاوەدانکردنەوەی کۆمەڵگاکەمان/ کۆمەڵگەکەمان ئەرکی هەموومانە!
پرسیار:
- کۆمەڵگا/ کۆمەڵگە دواکەوتوودەبێت یا کۆمەڵ؟
- کۆمەڵگا/ کۆمەڵگە پێشدەکەوێت یا کۆمەڵ؟
- کولتوور و ڕۆشنبیری و زمان تایبەتمەندیی (کۆمەڵگا/ کۆمەڵگە)ن یا
تایبەتمەندیی کۆمەڵ؟
- ئەوە (کۆمەڵگا/ کۆمەڵگە) تووشی بشێویی دەبن یا کۆمەڵ؟
- ئەگەر کۆمەڵگا/ کۆمەڵگە بەواتای کۆمەڵی مرۆڤەکان بێت، چۆن
ئاوەداندەکرێتەوە؟
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە نووسەران و ڕۆشنبیران و ڕامیاران چی دیکە
زمان و ئاخاوتنی خەڵك تێکنەدەن و جیاوازی نێوان مرۆڤ و شوێنەکەی بکەن؟
١٥\٣\٢٠١٥
ماڵپهڕی ههژێن
|