٦\٨\٢٠٢٤
دیوار
.
ئاواز سامان
ئەو ئاوێنانەی
وردوخاشبوون
ئەو دەرگایانەی کلیلی قفلەکانیان ونبوو
ئەو چیڕۆکانەی تەواونەکران و
ڕەشەبا پەڕەکانی ڕفاندن
ئەوانەی سێبەریان دزی و
لە ژێر درەختێکیان ناشت
هەوری بەبارانیان
هەڵبڕیی بۆ بیابان
هەر لەوێش بەهاریان کوشت.
ئەو دەنگانەی نەبیستران و
خەمیان هەڵدا ماڵانەوە و
تژیانکردن لە بۆنی مەرگ،
لە چاوی بە خوێن ڕژاوی
سەر تەلبەند و قەفەزەکان،
هاوارمان گوناهێکی گەورە بوو
بە دەست ئازارەوە
چی ماوە بۆ قسەکردن؟
قەسیدەیەک
بیرەوەورییەک
یا ئەو دیوارانەی تەمەنێک ئێمەیان
خستە تاریکییەوە
بە فریای یەک نەگەیشتین
ماڵئاوایمان لە خاک کرد
دیواری کۆلانەکان دوورانەوە.
ماڵپەڕی
ئاواز سامان
|