په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١١\٢٠١٩

دیوارەکەی بەرلین.

هەڵۆ محەمەد      

نازیزیم، جەنگ، دیوار، شەڕی سارد، ھەڵاتن بەرەو ئازادی و داڕمانی دیوار، لە پانۆڕامایەکی کورتدا.

ساڵی ١٩٨٤ لە دەروازەیەکی بەنێو دیوارەکەدا تێدەپەڕی، گەشتمە شاری بەرلین و پاشانیش خرامە ماڵێکیشەوە، ڕێک لەبەردەم دیوارەکەدا. ئیدی لەو ڕۆژەوە من ئاشنایەتیم لەتەک ئەم دیوارە ناڕەسەن و دروستکراوە و قێزەونەدا ھەیە. بە تێکڕای ژیانی ھزری و سیاسیشم لەدژی ئەم جۆرە دیاردانە وەستاومەتەوە.

ڕاستە لە کاتێکدا ئێمە باس لە ڕووخانی دیواری بەرلین، ھێشتا لە جیھاندا گەلێ دیواری تری ھاوشێوەی ھەر ھەیە. لێ لەکەس شاراوە نییە، کە دیواری بەرلین وەک سیاسەت و مێژوو، شوێنەوار و ئاکامی دووەم جەنگی جیھانی، تایبەتمەندی ئەڵمانی و ئەوروپی و جیھانی خۆی ھەبوو.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە، لەساڵی ١٩٩٥ نووسیومە و لە خوێندکاری کورد،ژمارە ٢٠/١٩٩٥ بڵاوکردۆتەوە. لە ئێستادا بابەتەکەم دەوڵەمەند کردووە بە کۆمەڵێ زانیاری نوێ و گۆڕانکاری تازە.

شاری بەرلین لە ساڵی ١٢٣٧ز دروستکراوە. ڕووبەرەکەی ٨٨٣ کم و یەکێکە لە شارە ھەرە گرنگ و بەناوبانگەکانی جیھان. مێژوویەکی گەرەورە و پڕ لە ڕووداو و بەسەرھاتی ھەیە و مەڵبەندی زانین و و زانیاری و زانستگەی کۆنە و گەلێ لە ھەڵکەوتووانی گەورەی ئەڵمان زانا و فەیلەسووف و کەسایەتی دیکە لێرە گەورە بوون و پەروەردە بون و ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە.

لە ئاکامی تێکشکانی ئەڵمانیای ھیتلەریی لە دووەم شەڕی جیھانی دا، تەلبەندێکی دڕکاوی بەرلین و ئەڵمانیا و بگرە ئەوروپا و جیھانی کردە دوو بەشەوە. بەشی رۆژئاوای بەرلین ،لەلایەن ھێزە ھاوپەیمانەکانەوە - ئەمەریکا، بەریتانیای مەزن، فەرەنسا-ەوە سەرپەرشتی دەکرا و بە ناڕاستەوخۆ لە ژێر بارێکی نائاساییدا، سەر بە حکومەتی ئەڵمانیای فیدڕاڵی BRD لە شاری Bonnبۆنی پایتەخت بوو. بەشە ڕۆژھەڵاتەکەی سەر بە کۆماری ئەڵمانیای دیموکراتیDDR بوو، کە ھەر ئەو بەشە بوو، خودی بەرلینی ڕۆژھەڵات پایتەختی بوو. بەشی ڕۆژئاوا ٤٨٠کم بوو،کە دەکاتە ٥٤% ڕووبەری ئەڵمانیا و دانیشتوانەکەی ٢,٢٠٠٠٠٠ ملیۆن بوو بەشی ڕۆژھەڵاتی ٤٠٣ کم بوو، کە دەکاتە ٤٦% ی ڕووبەری ئەڵمانیا و دانیشتوانەکەی ١٠٠٧٠٠٠ ملیۆن بوو. ئێستا دانیشتوانی بەرلین ٣,٧٠٠٠٠٠ ملیۆنە.


دوای کۆتایی جەنگ و ڕووخانی ھیتلەر و نازیزم، بەپێی کۆنفرانسی مالتا، بەرلین کرایە٤ بەشەوە. لەبەشی ڕۆژھەڵاتی سەر بە شوورەوی لە ١.١٢.١٩٤٦ دا پۆلیسی سەرسنوور دروست کراو تا دەھات ئالۆزی لەسەر نوورەکان سەری ھەڵدەدا. لە ١٩٤٥-١٩٦١ نزیکەی ٣,٥ ملیۆن خەڵک بۆ بەشی ڕۆژئاوای بەرلین و ئەڵمانیا ھەڵاتن. لەمانە ٢,٦ ملیۆنی لە ئەڵمانیای ڕۆھەڵاتەوە و ئەویتری لە وڵاتانی پۆلۆنیا و چیکەوە بوون. زۆرینەی ھەڵاتووەکانیش گەنج بوون، بۆیە کێشە ھێزی کار و بەتاڵ مانەوەی شوێنەکانی کار لەبەشە ڕۆژھەڵاتەکەدا بووە دیاردە، لە ئامارێکدا ئاماژە بە ٤٥ ھەزار شوێنی پڕنەکراوەی کار لە DDR دەکرێت. ئەمەش جێی نیگەرانی گەورە بوو.

ھاتووجۆ لەنێوان ھەردوو بەرلین دا، بە مۆڵەت و فەرمی بوو. تاکە دەروازەش بۆ ھاتوچۆ بە ئوتومبێل لە دەروازەی بەناوبانگیChaeckpoint Charlie ، سەربازی ئەمەریکی و ڕووسی بەتانکەکانیانەوە بەرامبەر بەیەکتر وەستابوون.

درێژی ھەموو دیوارەکە ١٦٧,٨ کم لەسەر سنووری بەرلینی رۆژئاوا. نزیکە٤٥,١ کم بەر بەرلینی رۆژھەڵات دەکەوت . ١١٢,٧ کم ئەڵمانیای لە رۆژھەڵات / پۆتستدام . ٦٣,٨کم ھەڵچنراو، ٣٢ کم بەدارستانکراوە، ٢٢,٦٥ کم دەشتودەری بەڕەڵای کراوە، ٣٧,٩٥ کم ی سنوورەکە کەوتووە ناو ئاوەوە- واتە رووبارو چەمەکان کەدوایی بە پەرژینی کارەبایی سنوورکێشکران، بۆ ئەوەی کەس لێیان نەپەڕێتەوە - ، ٢٦٧,٣ کم بە ڕووەک و گژوگیا لەسەر سنوور بە ڕووی بەرلینی ڕۆژئاودا و ٢٩٧,٦٤ کم بە ڕووی DDR دا. دیوارەکە بەرزییەکەی ٤ م بوو. بە ٣٠٠ قوللەی چاودێر دەکرا، لەگەڵ دەیان ڕەوە سەگی ھاری دڕندەی مەشق پێکراو و ئامێری ھۆشداریی/ شەیپوور و دەزگای ئەلەتریکی ڕووناککەرەوە و ڕاکێت و ڕادار و تانک و کێڵگەی مینڕێژکراو. بەکورتی ھەرچی شێوازی ڕیگری و چاودێری و خۆپارێزی ھەبوو، بەشە ڕۆژھەڵاتییەکە، بەکاری دەھێنا، بۆ مانەوەی خۆیی و گوایە پاراستینی ڕژێمە سۆسیالیستییەکەی. دەکرێ بڵێین بەردەوام داھێنانیان دەکرد، لە دۆزینەوەی ئامڕاز و ئامێری چەوساندنەوەی خەڵکەکەی خۆیان دا.

١ـ دیواری کۆنکرێتی بە بۆریی یاخود بێ بۆری.٢ـ پەرژین یاخود تەلبەند.٣ـ شوێنی کۆنتڕۆڵ،٤ـ ئامێری ڕوناککەرەوە. ٥ـ چاڵ و سەنگەری ئوتۆمبێل حەشاردان. ٦ـ ھێڵی پێشەوەی سنووری دەستنیشانکردنی پۆستەکان.٧ـ توولە ڕێگای ھات و چۆ.٨ـ شوێنی بەڕێوەبردنی سەگ.٩ـ ئامێریی شەیپوور لێدەر/ ئینزار. ١٠ـ بورج و قوولەی چاودێریی.١١ـ چەپەری کۆنتاکت.

ھەر ئەم ھەموو ھەوڵانە و ناساندنی دیوارەکە بە: دیواری پاراستنی ئەنتی فاشیست، لەلایەن DDR ەوە، بۆ ڕێگرتن بوو لە ھەڵاتنی خەڵکەکە و پاراستنی دەسەڵاتە سەپاوەکەی خۆیاندا بوو، بەڵام دانیشتوانەکە نەیاندەویست لەو دەوڵەتە پۆلیسییەدا بمێننەوە و بژین. چونکە بێبەش بوون لە ئازادی و قوربانیشیان بە ھەر شت دا، بۆ یەکگرتنەوە و ئازادی.

.سەرباری ئەو بارودۆخە سەخت و فرە دەزگای چاودێریی و ڕاوەدونانە، ھێشتا بەھەزاران ھەڵاتن و بەسەدان ھەزاریتریش لە خەونی ھەڵاتن دا بوون .(دیارە دوای داڕمانی DDRھیچ لە کاربەدەستە حکومییەکان لە وەزیر و دیبلۆماتکار و بەڕێوەبەر و مامۆستاش بەتایبەت ئەوانە سەر بە Stasi بوون ، لە پلە و پۆستەکانیان دا نەھێڵدران. لەم بۆنەی ٣٠ ساڵەی یادی ڕووخانی دیوارەکەدا، چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستایەک کرا، کە بەھۆی ڕووخانی دیوەرەکەوە زیان بە پۆستەکەی کەوتووە. لێیان پرسی گەر دیوارەکە نەڕووخایە و ھەتا ئێستا بمایە چیت دەکرد؟ وتی: ھەر ھەوڵی ھەڵاتنم دەدا). ھاوڵاتییەکی تر وتی: "من باوەڕ ناکەم جارێکی تر دیوارێکی تر دروست بێتەوە".

کێشە و ململانێی ئاڵۆز و سەخت لە نێوان ھەردوو بەشی ئەڵمانیا BRDڕۆژئاوا و DDRڕۆژھەڵات و ھەردوو بەرەی جیھانی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات لەسەر ئەم دیوارە ھەبوو. چونکە دیواری ناوبراو ئەڵمانیا جیھانی کرد بووە دوو بلۆکی جیاوازی دژ بەیەک لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابووری و ئایدۆلۆژیی و گەلێ ڕەھەندی ترەوە. بەئەندازەیەکی ئەوتۆ ، دیوارەکە بووە سیمبۆڵیێکی جیاوازییەکانی جیھان ، بۆ ھەموو قورسایی سیاسەتی جیھانی، کە لەسەردەمی شەڕی سارد دا لێرەدا مۆڵی خوارد بوو. کە وەک تەرازوو و سەکۆیەک بۆ کێشانی ڕووداوەکان و دەنگ ھەڵبڕینی ڕاگەیاندنەکان وەکار دەبرا.


بەم دابەشبوونەکە ١٩٣ شەقام و کۆڵان لێک دابڕان ، کە لەوانە ٦٢ یان بۆ ناو بەرلین دەھاتن و ئەوانی دیکە بۆ ناو ئەڵمانیا دەچوون. پاشان تەنھا چەند ڕێگایەکی کەم و دەستنیشانکراو وەک خاڵی پشکنین نەبێت، ھیچ ڕێگایەک بۆ ھاتووچۆ کردن نەمایەوە . ماوەیەکی زۆر حکومەتی خرۆشۆڤ گەمارۆی لەسەر بەشە رۆژئاواکە ڕاگەیاند و ھێزە ھاوپەیمانەکانی بەسەرکردایەتی ئەمەریکا، دابینی گوزەرانی خەڵکیان لە شمەک و کەلوپەلی پێویست و خواردن لە ڕێگای پردی ئاسمانییەوە کرد. واتە بە فرۆکە ئەو پێداویستیانەیان بۆ بەرلینی رۆژئاوا دەھێنا. بەتێکڕا ٢,١ملیۆن تەن شمەک و پێداویستی تر ھێنرایە بەرلینەوە بەڕێگای ٢٧٧,٥٦٩گەشت و کاروانەوە لەلایەن ئەمەریکا١٨٩,٩٦٣ و بەریتانیا ٨٧,٦٠٦ ، کە لە ڕۆژێک دا ١٣٩٠ گەشتیان ئەنجام دەدا.

لەساڵی ١٩٥٢ وە ھێڵی تەلەفون لەنێوان ھەردوو بەشەکەی بەرلیندا نەما. تا لە ساڵی ١٩٧١ دا، لە ٤٠٠٠ ھەزار ھێڵی تەلەفون تەنھا ١٠ ھێڵی کەوتەوە کارکردن. ئەویش تەلەفون لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژھەڵاتی بەرلین ، ھەژماری تەلەفونی دەرەکی بۆ دەکرا. زۆر شارۆچکە و گوند ھێڵی تەلەفونیان نەبوو. ھاوڵاتییەکی ئاسایی گەر پۆست و دەسەڵاتێکی حیزبی نەبوایە، بێبەش دەبوو لە زۆر ئیمتیاز. بۆ نموونە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێک دەبوو نزیکەی ١٥ ساڵ چاوەڕێ بکات.

لە بەشی ڕۆژئاواوە، بێ ھێچ کۆسپ و ڕێگڕییەک دەچووینە لای دیوارەکە و ھەر کەس ناوی خۆی دەنووسی یاخود دروشمێکی دەنووسی دژ بەو دیو یاخود داوای ئازادی دەکرد.ـ بەندە گەلێ جار کە میوانم دەھات و دەمبردن بۆسەیری دیوارەکە، وێنەی ئاڵا و نەخشەی کوردستانیشم بەپێی گونجان لەسەر دیوارەکە دروست دەکرد. بەئاواتەوەم پارچەیەکی ئەو بەشەی دیوارەکەم دەستکەوێتەوە.

دوای ھەڵاتنی بەردەوامی خەڵکی بەشە ڕۆژھەڵاتییەکە بۆ ڕۆژئاوا، تانە و نەنگییەکی گەورە ھاتە سەرشانی حکومەتەکەیW.Ulbricht و ناوزڕاندنی بلۆکی شۆسیالیزم. ئیدی بەپێی نەخشەیەکی ھاوبەشی مارشاڵی ڕووسی Iwan.S.Kanjew ی قارەمانی دووەم جەنگی جیھانی و ناسراو بەداگیرکەری شارەکانی پراگ و درێسن و ڤاڵتەر ئۆلبریشی سەرۆککۆماری ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات بیر لە ھەڵچنینی دیواری بەرلین کرایەوە و پرۆتۆکۆلێک مۆر کرا. ئەرکی بەجێگەیاندنی ئەم پرۆژەیە درا بە Erich Honiker، کە دواتر بووە سەرۆککۆماری DDR. ئەوەبوو شەوی ٣١.٨.١٩٦١ دەست بە دروستکردن دیوارەکە کرا . بۆ بەیانی ھەزاران خێزان لێک دابڕان و ھەزاران سەرگەردان بوون. نەتەوەی ئەڵمان تووشی گرفتارییەکی قوڵ و گران کرا. دیارە ھەر لە یەکەم ڕۆژی کێشانی سنووری دیوارەکەوە، ھەتا دوا ساتەکانی ڕووخانی، دانیشتووانی بەشە ڕۆژھەڵاتییەکە، ھەوڵی خۆقوتارکردنیان دەدا لەدەست ئەو ڕژێم و سیستەمی حوکمە دیکتاتۆرییە.

ھەڵوێستی ڕۆژئاوا بریتی بوو لەگوتەیەکی کەنەدی وتی: دروستکردنی دیوارێکی نەحلەتی زۆر باشرە لە ھەڵگیرساندنی شەڕێک. حکومەتی بەریتانیاش وتی: ئەڵمانیا ڕۆژھەڵات بەم دیوارە شەپۆلی ھەڵاتن ڕادەگرن ،لێ خۆیان لە پشت پەردەیەکی/ دیوارێکی ئاسنینی قورسترەوە گیر دەکەن. کەواتە ئەمەش لەدەرەوە یاسادا نییە.

بەتێکڕا ١٣٦-٢٤٥ کەس لەسەر ئەو دیوارە کوژراون.- ئاماری ساڵی ٢٠٠٩-. یەکەم کوژراو لە ١٩.٨.١٩٦١ دا بوو. واتە پێش ھەڵچنینی دیوارەکە و کاتی تەلبەندەکە. دوا کوژراو لە ٦.٢.١٩٨٩ دا ژن و مێردێک بوون بە باڵۆێک فڕین و لە ٨.٣.١٩٨٩ دا بالۆنەکە کەوتە خوارەوە و بەردوودوا ھەردوو مردن. بچوکترین کوژراو مێردمنداڵێکی ١٦ ساڵییە و گەورەترین کوژراویش پیرێژنێکی ٨٠ ساڵییە. بەتێکڕا ٥٠٧٥ ھەوڵی ھەڵاتن دراوە و سەرکەوتوو بوون. ٥٧٤ ھەڵاتن بووە لە سەربازیی.

بەناوبانگترین ڕێگا بۆ خۆ ڕزگارکردن لەو سیستەمە دیکتاتۆرییە، دروستکردنی تونێلێک بوو بەدرێژایی ١٤٥ م و قوڵی ١٢م و پانی ٧٠م کە ٥٧ کەس توانیان لێوەی ھەڵ بێن. دواتر تونێلەکە ئاشکرا بوو. ئەم تونێلە لەم رۆژانە بە نۆژەنکراوەیی کرایەوە و تۆریست و ھاوڵاتی دەتوانن بیبینن.

لەپاڵ ئەوەدا کە بەرگرییەکی بەھێز لەناوەوەی ھەردوو بەشەکەی ئەڵمانیا بۆ ڕووخاندنی دیوارەکە و یەکگرتنەوەی ھەبوو،بەڵام ڕۆڵی زلھێزە گەرەکانیش لەو پرۆسێسەدا، کەم نەبوو. کاتێ لە ١٢.٦.١٩٨٧ دا Ronald Reagan ڕۆناڵد رێگان ، ھاتە بەرلین. لەبەردەم دیوارەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و داوای لەMichail Gorbatschow گۆرباتشۆڤ کرد: ئەو دیوارە لابەرن و نەمێنێ. ھەر لەم ساتووەختەدا خۆپیشاندانەکانی ناو ئەڵمانیای ڕۆژھەڵات ،تا دەھات زیاتر فراوانتردەبوو. گۆڕانەکانی ئەوروپای ڕۆژھەڵات خێراتر تێدەپەڕین.

خۆپیشاندانەکەی شاری Leipzig لایپزیگ بە ٢٠٠٠٠٠ ھەزار کەسەوە و بڵندکردنەوەی دروشمی:
{{ + بێ زوڵم و زەبر بۆ دیموکراتی و ھەڵبژاردنی ئازاد.+ گۆربی.. گۆربی.. گۆربی- کورتکراوەی ناوی گۆرباتشۆڤ- ە.
+ گەل ئێمەی.+ ئەڵمانیای نیشتمان یەکە}}.

لە بیرەوەری ٤٠ ساڵەی دروستکردنی ئەڵمانیای دیموکراتدا، لە ٦.١٠.١٩٨٩ گۆڕباشۆڤ ھاتە بەرلینی ڕۆژھەڵات و بەئاشکرا، داوای ڕیفۆرمی لە حکومەتی DDR کرد و و پێی وتن: ئەو دیوارە بڕوخێنن و ڕێگەی گەشت کردن ئازاد بکەن. بەڵام ھۆنیکەر، بەپێچەوانەوە ڕایگەیاند، "ئەو دیوارە ھەتا ١٠٠ ساڵی تریش دەمێنێتەوە".ھەڵاتنی ھەزاران خەڵکی ئەڵمانیاو لەدەستچوونی کۆنتڕۆڵ لەلایەن حکومەتەوە، ھۆنیکەر ناچار بوو، بەبیانووی نەخۆشییەوە ڕۆژی ١٨.١٠.١٩٨٩ واز لەھەموو کاروبارێک بھێنێ.

.ئیدی ڕک و پەرۆشی جەماوەر بەری پێ نەگیراو یەکپارچە ھەموو لە شەوی ٩.١١.١٩٨٩ دا ھاتنە سەر دیوارەکە و دەست بە ڕووخاندنی کرا. ڕێگە ئاواڵە بوو بە ئازادی بۆ ھاتووچۆ لەنێوان رۆژھەڵات و ڕۆژئاوای بەرلین دا.


ئەڵمانیا لە ٣.١٠.١٩٩٠ بە فەرمی یەکی گرتەوەو ئەم ڕۆژە بووە جەژنێکی نەتەوەیی یەکگرتنەوە.


دیوارەکەی بەرلین دوای ٢٨ ساڵ و ٢ مانگ و ٢٦ڕۆژ، بە ئاھەنگ و بەزمی سەما و ھەڵپەڕکێ و ھەڵڕشتنی فرمێسکی سەرکەوتن و شادمانی کۆتایی ھات و ئەوشەوە لە بەرلین بوو بە ڕۆژ و پارێزگاری بەرلین وتی : ئەڵمان بەختەوەرترین گەلن لە جیھان دا.ئاخر دوو دەوڵەت و دوو سیستەمی جیاواز و ھەریەکەیان داگیرکراو لەلایەن ھێزی دەرەکییەوە، یەکیان گرتەوە،بە بێ خوێن ڕشتن،بەڕێگای شۆڕشێکی ئاشتیخوازانە. ئەمەش وانە و پرۆسەیەکی ئەوپەڕی ئەقڵانی گەورەی مێژووە.

ئیمڕۆ پارچەی بچووک لە دیوارەکە لە چەشنی مەدالیای ھەمە چەشندا، دروستکراوە . بۆ بیرەوەری دەفرۆشرێت و مۆزەخانەی تایبەتی لەبەرلین لەمەڕ دیوارەکەوە ھەیە. ڕۆژانە بە ھەزاران ھەزار کەس دێنە سەردانی مۆزەخانە و ئەو چەند پارچە ماوەوەی دیوارەکە.

ڕووخانی دیواری بەرلین ڕەوتی سیاسەتی جیھانی گۆڕی و شەڕی ساردی کۆتایی پێھێناو وەرچەرخانێکی لە ستراتیژی نەتەوەکاندا بەرجەستە کرد . بەدوای ئەم ڕووداوەدا چەندین وڵات ئازاد بوون و چەندینیش یەکیان گرتەوە و ژمارە دەوڵەتانی جیھانیش زیادی کرد.

لە وڵاتی ئێمەی دابەشکراو بەسەر ٥ دەوڵەتی جیاجیاداو لەو بەشەی نیمچە ئازادییەک باڵی بەسەردا کێشاوە، وا تازە بەتازە دوودەوڵەتۆکەی حیزبۆکە دروست دەکرێت. ـ ئەمە بۆچوونی ١٩٩٥ و ھەتا ئێستاش بەداخەوە، سیمای دوو پارچە و دوو ڕەنگی بەو بەشەی باشوورەوە دیارە ـ . بە ئاواتی دادڕینی پەڕۆیەک لەم ئەزمنوونە گەورەیە و بەھیوای ھەڵتەکاندنی سنوورە دەستکردەکانی نێو خاکی کوردستان و یەکگرتنەوە و سەربەخۆیی کوردستان و بوونە دەوڵەت.

لە یادی ٣٠ ساڵەی داڕمانی ئەو دیوارە قێزەونەدا، لە ئێستادا، بۆماوەی ھەفتەیەک لەسەر یەک نزیکەی ٢٠٠ چالاکی سیاسی و ھونەری جۆراوجۆر سازکراوە و پێشکەش دەکرێ. بۆ ئەم یادە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆریست لەناوە و دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ سەردان ھاتوونەتە ناو بەرلین.

ئیمڕۆ بەرلین شارێکە زۆر بەخێرایی گەشەی کردووە و شان لە شانی شارە گرنگەکانی وەک لەندەن و پاریس دەدات. بە ملیۆنەھا تۆریست دێنە سەیرانی نزیکەی ١٦٠ مۆزەخانە و شوێنی مێژوویی گرنگ و چەندین زانکۆی بەناوبانک و سەوزایی و ئاوی زۆر. ئەمەش سەرچاوەیەکی دارایی گەلی باشە بۆ ئەڵمانیای زلھێزی تەکنەلۆژیای جیھان. ئەڵمانەکان بە تازەترین شێوە بەرلینی داڕماوی داڕووخاوییان نۆژەن کردۆتەوە و ھەر پرۆژەیەک دەکەن، لە ئەوروپادا بێوێنەیە.کەواتە قسەی بیرمەندە ئەمەریکییەکەی وتی: ئەڵمان بیر لە ئایندە دەکەنەوە و ئێمە بیر لە ڕابوردوویان دەکەینەوە،ڕاستە. ئەڵمان ئایندە ڕۆشن دەرچووە و زاڵیشە بەسەریدا. دەبا ئەوانە لە خەیاڵی ناو کتێبەکاندا، بە شەوارە کەوتوون، ھەر بەدیار چرکەساتەکانی مێژووەوە، بخەون!... ئەوانە پاڵەوانی کارتۆنی مێژوون.

ئەوە ڕاوێژکاری گەورەی ئەڵمانی Helmut Kohl و تیمەکەی بوون، ئەسپی سەرکێشی مێژوویان لغاوکرد و سواری بوون بەرەو یەکگرتنەوە و ئاوەدانی و بوونە ھێز لە جیھان دا. چونکە ھەڵوێستیان ڕوون و باوەڕیان نەلەقیوو بوو، بە پرسی یەکگرتنەوەی نیشتمانەکەیان. بەڵی ئەوان بوون، لەو ھاکێشە سەختەی دژایەتی سەخت و نیگەرانی قووڵ و ترسی بێ ئامانەوە،لە لایەن ھەردوو بەرەی رۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتەوە: لەندەن/ تاتچەر و پاریس/ میتران و واشنتۆن/ بوش و مۆسکۆ/ گۆرباشۆڤ، توانییان یارییەکەی خۆیان بەرنەوە مێژووی سەرکەوتنی نەمریی بنووسنەوە.

ڕاستە تا ئێستا ھەندێ وردە گلەیی و کەموو کوڕی،لە ئاکامی یەکگرتنەوە سەری ھەڵداوە و ڕێژەیەکی کەمی ئەڵمان لەبەشی ڕۆژھەڵات خۆیان بە ھاوڵاتی پلە دوو ھەست پێ دەکەن. یاخودھێشتا پرۆسەی ئینتگراسیۆن بەئاڕاستەی ناوخۆدا،نەگەشتۆتە پلەی کامڵی و گەییوی خۆی،لێ ھەموو گەواھی ئەوەین، ئەڵمانیا لە زۆر بوردا، بێ ڕکەبەر ھەر پێشڕەوێکی بەھێز و گەورەی دەوڵەتانی جیھانە.

لە ھەمووی گرنگتر،ھەتا ئێستا وا بەدیار کەوتوو، کە ئەڵمان پەند و وانەیەکی باشی لە ھەردوو جەنگەکە وەرگرتبێت. ھەر بۆیەکا کەمو زۆر بە پارێز بۆ پرسی شەڕ و ھەراکانی ھەنووکە دێنە پێشەوە.

چی لەمەڕ بەرلین وتراوە:
+ بەرلین دورگەیەکە لە دەریای کۆمەنیزم دا.....کەنەدی.
+ من بەرلینیم....کەنەدی .
+ بەرلین ئەڵقە و پردی پەیوەندی جیھانە..... میتران.
+ دیواری بەرلین سیمبۆڵی دابەشکردنی ئەوروپایەو ھیوادارم ڕۆژێک بێتە سیمبۆڵی یەکگرتنەوە... ئیلیزابێتی دووەم.

ئا لەم چرکەساتەدا،کە ئەڵمان و ھەموو ئازادیخوازانی جیھان یادی ڕووخانی ئەو دیوارە نەگریسە دژ بە مرۆڤایەتییە، دەکەنەوە. دەرفەت و ھەلێکی زێڕین بۆ کوردیش لەتەواوی پارچەکانی کوردستان و بەتایبەت ڕۆژئاوا و باشوور ھاتۆتە پێشێ، سنووری نێوان خۆیان ڕاماڵن و ھەنگاوی گرنگ و حەکیمانە بەرەو سەربەخۆیی بنێنن. ئاخر ھیچ جارێ ھێندەی ئێستا دۆزی کورد، ھێندە بابەتی باسوخواست و کێشەی ناوەندەکانی بڕیاردان لە جیھان و لای دەوڵەتە زلھێزەکان و حکومەت و جەماوەر و ڕای گشتی دەوڵەت و میللەتانی جیھان نەبووە. چانسێ لەمە زێڕینتر و گونجاوتر، ڕەنگە بە سەدەیەکی تریش بۆ کورد ھەڵنەکەوێتەوە.


٩\١١\٢٠١٩ - بەرلین
ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک