په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٩\٢٠٢٥

دیواری سایکۆلۆژی.


هاوڕێ نەهرۆ        

 
کۆمەڵگا پڕو تەژی یە لە دیوارەکانی سایکۆلۆژی، وەک ئاشکرایە دیوارە سایکۆلۆژییەکان بنج و بنەمای زانستی یی هەیە، لەرووی زانستی فیزیاوی یەوە دیواری سایکۆلۆژی بریتی یە لە شەپۆلی کهروموگناتیسی لە گەردوون دا، وەک زانست سەڵماندویەتی حەوت جۆرو بەشی شەپۆلی موگناتیسی هەیە، لەوانە شەپۆلی ڕادیویی کە درێژایی شەپۆلی بەرفراوانە فرینکوینسی یی نزمە، ئیدی هەڵدەکشێ لەگەڵ شەپۆلی مایکروڤ و شەپۆلی لە ژێرەوەی قرمزی هەروا شەپۆلەکانی مەودای ئاسایی بینینی چاو دواتر شەپۆلی تیشکی سەرەوەی وەنەوشەیی لەگەڵ شەپۆلی ئێکس و شەپۆلی گاما. شایانی باسە درێژایی شەپۆلی تیشکی بینینی ئاسایی چاو لە ٣٨٠ تاوەکو ٧٨٠ نانو میترە، وەک ئاشکرایە چاو لەسەرەوەی ئەو ژمارەیە یان لە خوارەوەی ئەو ژمارەیە نابینی، منداڵ کە لە دایک ئەبێ وەک نووسەرێکی نەرویجی بە نێوی یوستین گاردەر دەڵێ، ئاژەڵ ئاژەڵی دەبێ بەڵام مرۆڤ مرۆڤی نابێ، لێرەدا مەبەستی لە واتای مرۆڤ، مروڤی هوشیارە، مرۆڤێک ئاگایی و فریکوینسی یی لەسەرەوە بێت، بێگومان لە پڕێکدا ئاگایی نایەتەکایەوە، دەماو دەست فریکوینسی ناچێتە سەرەوە.

منداڵ کە لە دایک دەبێ ناوی خۆی و یادەوەریی دەنرێ ئیدی دەکەوێتە نێو گێژاوی شەپۆلی موگناتیسی جۆراوجورەوە، دەبێ هەر لەسەرەتای تەمەنەوە کێش مەکێش بکا چ لە رووی فێربوونی زمانی دایکەوە بگرە تا ئاشنا بوون بە وانەکانی خوێندن لە قوتابخانە، لێرەدا دەبێ بڵێن هەر لەسەرەتای تەمەنەوە پروسەی ژیان، جەنگ و خەبات و تێکۆشانە لە پێناوی ئەوەی لە کاروانی مەعریفە و زانست دوا نەکەوێ، دەبێ نەوەکانی ئێستا سوپاسی بێ پایانی دەسەڵاتی زانست بکەن لە قوتابخانە مەبەست سوپاسی نەوەکانی پێشوو بکەن لە بواری دانان و ڕێکخستنی زانست و مەعریفە، وەک دیارە شەونخونی زۆریان کردووە لە پێناو دانانی میتۆدی وانەکانی خوێندن بە پێ ئاستی تەمەن و هەمەجۆری وانەکان کە بەردی بناغەن بۆ ئایندەی کەسایەتی مرۆڤ.

لێرەدا ئەوە بیر خەینەوە کە زانست دەسەڵاتە، مناڵ کەچووە قوتابخانە ساڵ لە دوای ساڵ دەبێتە خاوەنی دەسەڵاتی مەعریفی، ئەم دەسەڵاتە رێگا خوشکەرە بۆ بڕینی دیوارە سایکۆلۆژیەکان، شایانی باسە دیوارە سایکۆلۆژیەکان زەمەن و شوێنیان هەیە، هەر یەکەیەکی شوێن و زەمەن (احداثیات) ی خۆی هەیە لە دیوی شاراوەی گەردوون کە لە مەودای چاو بەدەرە ئەو (احداثیات) انە بوونی هەیە هەر گوندو شارو کڵیساو مزگەوتێک (احداثیات)ی خۆی هەیە لە بارەی شوێن و زەمەنەوە، یادەوەرییەکانی ئەو دەڤەرە چەشنی توپەڵی میش هەنگ کە چۆن دەئاڵێن بە بنە دارێکەوە ئاوا یادەوەرییەکانی شوێنێکی دیاریکراو گەڕەکێکی دیاریکراو دەئاڵێن بەو (احداثیات) یانەوە کەوەک خاچێکی موگناتیسی وایە لە گەردوون دا. نهێنی گردبوونی یادەوەرییەکانی گەڕەکێکی دیاریکراو یان گوندێکی دیاریکراو بریتی یە لە فاکتەری فیزیاوی و کیمیاوی، نهێنی بایلۆژی و سایکۆلۆژی و سوسیولۆژی یە، ئەم یادەوەرییانە لە نێو کایەی زەمەن دا لە نزیک یەک و لە پاڵ یەکەوە پەیڕەوی لە پروسەی ژیان و زندگی دەکەن. لێرەدا دەگەڕێنەوە سەر مەعریفە کە دەسەڵاتە هەروا دیوارە سایکۆلۆژیەکانیش دەسەڵاتن، شەپۆلی کهروموگناتیسین، دەبێ مروڤ هەر لە مناڵی یەوە پەیتا، پەیتا ئەو ڕایەڵە ئاشکراو نهێنی یانە ببڕێ، باجی وەدەست هێنانی مەعریفە بۆ بڕینی دیوارە سایکۆلۆژیەکان تەمەنی مرۆڤە، مرۆڤ هەتا زیاتر لە رووی تەمەنەوە هەڵکشێ زیاتر مەودای نهێنیەکان لە بەرچاوی فراوانتر ئەبێ، رۆژ لە دوای رۆژ وەک دەرکەوتنی پشتی ماسی لە رووبارەکان ئاوا سیمبولەکانی زانین و زانیاری لە نێو کاسەی یادەوەریی بە کۆمەڵ شەپۆل دەدەن و لەهەمان کاتدا بە پێ کات و شوێن لە یادەوەریی تاک دا بەرجەستە ئەبێ، هەر وەک ئەمیبا چۆن شکڵ و شێوەی خۆی ئەگۆڕێ ئەوا یادەوەریی بە کومەڵ هەر جارەو زانیاری و زانست ئەداتە یەکی لە یادەوەرییەکانی کە خەریتەکەی بەشێوەی نادیار لە نێو گەردوون دایە، هەر جارەو یادەوەرییەکی دیاریکراو ئەکاتە زمانحاڵی خۆی بەڵام مرۆڤ هەتاکو فێری مەلەوانی ئەبێ لە نێو دەریای زانستی گەردوون زۆری پێ ئەچێ، دەبێ زۆر ڕایەڵ و دیواری سایکۆلۆژی ببڕی، دەبێ بزانین کە نووسین دەسەڵاتە، مناڵ کە نێوی لێ دەنێن، ناسنامەی بۆ دەرئەکەن بە واتای شوناسی دیاری ئەکەن، زانینی زمانی دایک بەروونی و زمانەکانی دیکە باشترین چەک و شمشیرە بۆ بڕینی دیوارە سایکۆلۆژیەکان، قوتابخانە باشترین ئامرازی زانستی یە بۆ هەرەس پێهێنانی دیوارە سایکۆلۆژیەکان. مناڵ لەسەرەتای تەمەن بە ئاراستەی لە شوناسی تاکەوە بۆ شوناسی بە کۆمەڵ هەنگاو هەڵدێنێ، سەرەتای تەمەن، دیوارە سایکۆلۆژیەکان، بازنە سایکۆلۆژیەکان زۆرو بێ شومارن، بێگومان مرۆڤ لە سەرەتا دا لە بەرانبەر شوناسی بە کۆمەڵ دایە وەک شوناسی ئاینی، شوناسی نەتەوایەتی، شوناسی نێرو مێ هەروا لە بەرانبەر دام و دەزگای سوپا دایە کە لە دوای هەژدە ساڵی بەرەو سەرەوە یادەوەرییەکان تێکەڵ دەکەن، یادەوەرییەکان پەروەردە دەکەن، بەهای ئازایەتی و دەست بڵاوی ونیشتمان دوستی لە نێو یادەوەرییەکاندا دەچێنن، لێرەدا دەتوانین بڵێن دەزگاکان وەک قوتابخانەو سوپاو دواتر پارتە سیاسیەکان پەیامی یەکتر تەواو دەکەن، دەستاو دەست بە یادەوەریی مرۆڤەکان دەکەن وەک ئەمانەتی مرۆیی هەتا پێیان دەگەیەنن. لەڕاستی دا ئەرکی هەر یەک لەو دەزگایانە پەروەردە کردنی یادەوەریی ئینسانە هەتا بتوانێ دیوارە سایکۆلۆژیەکان بروخێنێ.

سەرەتای تەمەن دیوارە سایکۆلۆژیەکان چەشنی بەستەڵەکی چیاکانی کوێستان بەستوویەتی تا وەکو لە بەرانبەر تیشکی خۆری گەرمی ئاگایی پەیتا پەیتا دەتوێتەوە. لەڕاستی دا سیاسەتی ڕژێمی پێشووی ئیراق کە خۆی لە سیاسەتی (تهجیرو تعریب و تبعیث) بەرجەستە ئەبوو، ئەم سیاسەتە ئەگەر هەڵسەنگاندنی بێلایەنەی بۆ بکرێ ئەوە دیوێکی نەگێتڤە و توانەوەی شوناسی میللەتی کوردە بەڵام بە دێوێکی دیکە پۆزەتیڤ بوو لە ڕاستی دا ئەو پروسانە هەرەس پێهێنانی دیوارە سایکۆلۆژیەکان بوو، بەشارستانی کردنی کۆمەڵگا بوو، ڕاگوستنەکە لە گوندەوە بوو بەرەو شار یان بە عەرەب کردن یان بە بەعسی کردن پێگەیاندنی یادەوەریی کەسایەتی مرۆڤ بوو، دوور لە سیاسەت و رق و کینە، پەروەردەی بەعس لە ساڵانی سەرەتا دا، پەروەردەیەکی مۆدرین بوو، پارتی بەعس ئەو سەردەمە لە لایەن دەسەڵاتی جیهانی یەوە دانی پیا نرا بوو، دەسەڵاتێکی ئورگانیکی و دەزگایی بوو هەر کەس بۆ خۆی نەبوو وێڕای کەم کوڕییەکانیان کە بێ شومارن!

بڕینی دیوارە سایکۆلۆژیەکان بۆ ئەوەیە تاوەکو ئینسان بگاتە ئاستی ئاگایی ئەستاندار، ئاگایی سوپەر پاوەر، ئاگایی فریکوینسی باڵا، بێگومان سروشت و گەردوون ئاوەزو ئەقڵی هەیە وەکو (دیشلی) گەورەو بچوک، دەبێ مرۆڤ هەوڵ بدا (دیشلی) یەکانی خۆی بگونجێنێ لەگەڵ (دیشلی) یەکانی ماشینە گەورەکەی گەردوون و سروشت کە وەک ئامێرێکی ئەوتۆماتیکی گەورە ئیش دەکا، پشت بەستوو بە کۆمەڵی یاسای زانستی و لۆژیکی. کاتێ مرۆڤ لە رووی ئاگاییەوە، فریکوینسی هوشیاریی سەرکەوت ( بە فارسی دەبێتە ارتعاشات ذهنی ) درک بە تێکڕای نهێنیەکانی گەردوون و سروشت دەکا، بەو پێیە ترپەی دڵی لەگەڵ ترپەی دڵە گەورەکەی گەردوون ڕێک دەخا و دەگونجێنێ ئیدی ئەو دەمە دیوارە سایکۆلۆژیەکان وەک شێرە بەفرینەی بەرهەتاو هەرەس دەهێنێ لەم کات و ساتەدا مرۆڤ بە ئاسودەیی هەنگاو هەڵدەهێنێ و خۆی لە نێو شوناسی هەمەجۆرەی بە کۆمەڵ ئەدۆزێتەوە، کە بە زمانی دڵ لەگەڵ دەوروبەردا قسە دەکا، ئیدی چاویلکەی خوشەویستی و میهرەبانی لە چاو دەکا بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ سەیری ژینگەو کۆمەڵگا بە گشتی دەکا ! لەم ساتەوەختەدا ئینسان دەبێتە ناوەندی گەردوون، بەشیوەیەکی ئاسۆیی و ستوونی لەگەڵ (احداثیات)ی زەمەن شوێن دا یەکانگیرە، هەروەک شاعیر و موتەسەوف جەلال دین رومی دەڵێت، ئەگەر رۆشنایی لە دەورو بەرت نەبوو، ئەگەر هەموو مۆمەکان کوژابوونەوە، دەوروبەرت تێکڕا تاریکی بوو ئیدی بڕوانە ناخی خۆت لەوانەیە رۆشنایی مۆمەکە لە ناخی خۆت دایە یان خۆت لە ناخی خۆت بە هوشیاری خۆت مۆمێک پێ بکە!

بەڵێ بۆ ناوەندگەرایی ئینسان لە فەلەکی گەردوون دا، هەر وەک ئەفلاتۆن لە کۆمارەکەی باسی دەکا بە دیوێک تێکڕای مرۆڤەکان دەبێ شاعیر بن، کرێکار، جووتیار، بازرگان، سەرباز، پاسەوان، دەبێ تێکڕا ئاشنای جوانی و ئیستاتیکای ژیان بن چجا شیوعییەک یان کۆمونیستێک دەبێ لە هەموو خەڵک زیاتر ئاشنای جوانناسی بن، یادەوەرییان ئاوێتە بێت لەگەڵ ڕیتم و ئاوازی شیعر، دەبێ تێکڕای مرۆڤەکان هەر یەکەو شارەزای نوتەی موسیقا بێت کە زمان و روحی گەردوونە، شاڕەزایی ژەنینی ئامێرێک بێت و ببێتە خاوەن کەسایەتییەکی ئەنتەرناسیوناڵی لە هەمان کات دا میللەت و نەتەوەو زمان و کەلتووری خۆی خۆش بوێت.


١٣\٩\٢٠٢٥ - ئۆسلۆ

ماڵپەڕی هاوڕێ نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک