٢٨\٩\٢٠١٨
دواڕۆژی کار.*

هەڵۆ محەمەد
راپۆرتی کۆتایی « فۆڕمی ئابووریی جیھانی»، کە ئەمڕۆ ١٧.٩.٢٠١٨ ، بڵاو
بکرایەوە باس لەوە دەکات، تاساڵی ٢٠٢٥، واتە ٧ ساڵی تر، جیھانی
کارکردنمان گۆڕانی گەورە و ڕادیکالی بەسەردا دێت، لەڕێگای خستنەکاری
زیاتری ڕۆبۆتەوە، و مرۆڤی زۆر بێ کار دەبن. لەم ڕێگایەوە ملیۆنەھا کار،
نامێنێ. بە واتایەکی تر ئەمە ھەنگاوێکە بۆ لەکارخستنی مرۆڤ و ڕۆڵی لە
بواری کارکردن دا، کە تائێستا ھەڵسوڕێنەر و بزوێنەری دەورانی کارکردن و
ئابوورییە.
لەئێستادا ٪٧١ کارکردن لە ڕێگای مرۆڤەوە بەڕێوەدەچێت. بەم شێوازە
بڕوات تا ٢٠٢٥ ڕێژەکە دادەبەزێ بۆ ٪٤٨. ئەو ٪٥٢ تری لە لایەن
رۆبۆتەوە ڕادەپەڕێندرێت. بەم پێیە بێت تا ساڵی ٢٠٢٥،٧٥ ملیۆن شوێنی
کارکردن نامێنێ بۆ مرۆڤ و ئامێری زیرەک جێگای دەگرێتەوە.
ھەمان توێژینەوە باس لەوە دەکات، لە ٥ ساڵی داھاتوودا ١٣٣ ملیۆن شوێنی
کاری نوێ ساز دەدرێ کە خەڵکی ڕاھێندراوی تایبەت و پسۆڕی گەرەکە بۆ
بوارەکانی شیکاری داتاکان، زانستکاران، گەشەپێدەرانی بەرنامە نەرمەکان
/ سۆڤتوێر، شارەزا و پسپۆڕانی بواری سۆسیال میدیاو بازرگانی ئەلەکترۆنی.
بە پێچەوانەشەوە لە بوارەکانی ھاتووچۆ و بەڕێوەبردنی مارکتینگدا
بەڕەوپێشبەری ھەڵسوڕێنەر و ئامۆژگاریکەری مشتەریی زیاد دەکات. لە
بەرامبەردا نووسینگەی کارکردن و ھەژمارکردنی کار نامێنێ.
بۆ ئەم توێژینەوەیە پرسیار لە ٣٠٠ بەڕێوەبەری کار و بەرپرس و خاوەن
کارخانە کراوە کە نوێنەرایەتی ١٥ ملیۆن کارمەند و کرێکار دەکەن لە ٢٠
وڵاتی پیشەسازیی و تازەپێشکەوتوودا. لەتەک شرۆڤەی تەواوی کارەکەدا ١٢
پرۆفیلی بەشی تایبەتی و ٢٩ پرۆفیلی وڵات و ناوچەشی لە خۆ گرتووە.
پرسیار ئەوەیە دیگتالیزەکردن و ئۆتۆماتیکردنی شوێنی کارکردن چەند زیانی
ھەیە؟ ئەمەش ساڵانێکە مشتومڕی لەسەر ھەیە. چەند گۆڕانکاری بەھێز و
ڕادیکال لە کۆمەڵگا و کارکردن دا دەکات.
٪٥٠ خاوەن کارخانەکان باوەڕیان وایە تا ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی کرێکاریان
کەمدەکاتەوە. ٪٣٨ بە پێچەوانەوە ژمارەی خستنەکاری مرۆڤ زیاد بکەن و
٪٢٨ ھەردووکیان ئۆتۆماتیکردن و کارمەند زیاد بکەن.
بەمەدا دەردەکەوێ کە داخوازی لەسەر تەکنەلۆژیا تا بێت زیاتر دەبێت لەو
ڕاپرسییەی ساڵی ٢٠١٦ ئەنجام دراوە. ٪٨٥ کارخانەکانی ئەڵمانی ھەتا ٥
ساڵی داھاتوو ئۆتۆماتیکردنیان دەوێ٪٨٣ کەسی شارەزا و ڕاھێنراویان
دەوێت. خاوەن کارخانە و بەڵێندەرەکانی ئەڵمانیا پلانیان داناوە و
دەیانەوێ تەکنەلۆژیای زیاتر بخڕێتە کارەوە. ٪٩١ دەیانەوێ تا ٢٠٢٢
سیستەمی گەورەی شیرۆڤەی داتا بەکاربھێنێ و بێتە پێشەنگی وڵاتانی جیھان
و پێش چین، یابان، ئەمەریکا و ھیندستان بکەوێتەوە. بەکارھێنانی زۆری
تەکنەلۆژی لە ئەڵمانیا ٪٨٤ دەیانەوێ بە (ئەپپ مارکێت) و ٪٧٩،
گەشەپێدانی مەکینەی / ئامێری ئینتەلەگێنز / زیرەکەوە بێت. لەم بوارەدا
فیلیپین و سەنگاپوور و رووسیا لە پێشەوەن.بەڵێندەرە ئەڵمانەکام کەمتر
پلانیان بۆ تەکنەلۆژی زیندوەریی ٪٣٠ و رۆبۆتی شێوە مرۆڤ ٪٢٨ و ڕۆبۆتی
ژێر ئاو ٪٢٢.
بێگومان پەرەسەندی خێڕای تەکنەلۆژی ھەروەھا پێویستی بە مرۆڤ کە
مەکینەکان کار پێ بکات و گەشەیان پێ بدات.
توێژینەوەکە لەسەر ئاستی جیھان دەڵێ لە ٥ ساڵی داھاتوودا ٪٤٢،
داواکاریی کاردکردن گۆڕانی بەسەردا دێت.لەتەک مەرجە ڕۆتینییەکانی
کارکردنەوە، دەبێت کارمەند و کرێکارێک لە ئایندەدا، بەرنامە
پرۆگرامکردن و کارپێکردنی رۆبۆتیش بزانێ و سەری لێ دەرکات. لە ھەندێ
کایەدا گۆڕانەکە گەورە و لە ھەندێکی تردا بچووک دەبێت. بۆئەوەی
بەڵێندەر و خاوەن کارخانەکان، لەسەردەمی ھاوچەرخی دینامیکی مەکینە و
ئامڕازەکان دا، جیاواز و توانای کێبەرکێیان بمێنێ، دەبێت لە سامانی
مرۆییان وەبەرھەمھێنان بکەن. دەنا ھێز و توانای شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی
لەدەست دەدەن. ئەمە قسەی سەعدییە زاھیدیە، بەڕێوەبەری ناوەندی ئابووری
نوێ و کۆمەڵگای فۆڕمی ئابووریی جیھانییە.
بۆ ئەمەش ٣ ستراتیژی ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەگێڕن:
- دامەزراندنی کارمەندی نوێ بە توانا و لێزانی لە تەکنیکی دا.
- سەرلەبەر ئۆتۆماتیکردنی ڕەوتی کارکردن و پەرەپێدانی
- کرێکار و کارمەندە کۆنەکان ڕاھێنانی نوێیان پێ بکرێت.
_____________________________________________________
*
سەرنجێکی کورت:
ئەم بابەتە ئەمڕۆ لە گۆڤاری دێر شپیگلی
ئەڵامانیدا بڵاوکراوەتەوە. بەگرنگم زانی پوختەکەی پێشکەش بە خوێنەری
کورد بکەم، تاوەکو سەرنجێک لەو گۆڕانە بنجی و خێرا و ڕادیکالەی
گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و بازاڕی کارکردن و داخوازییەکانی خوێندن و
فێربوون و سیستەمی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم ڕەوتە، دیاری بکرێت. ڕەنگە
جارێ وڵاتی ئێمە بەدوور بێت لەم شۆڕشە گەورە، کە ساڵانێکە مشتوومڕێکی
گەورەی لەسەر دەکرێت. ئایا ئەم گەشە و پەرەسەندنە بە چاکە یاخود خراپەی
مرۆڤ دەشکێتەوە. لەڕاستیدا وەک ھەر دیاردەیەک ئەم گۆڕانەش دوو ڕووی
ھەیە. بە باوەڕی بەشێکی زۆری چاوردێڕ و ڕەخنەگرانی ئەم کایەیە، گرنگ
ئەوەیە پەرەسەندنەکە لە ڕووی تەندروستییەوە زیانی بۆ مرۆڤ نەبێت،یاخود
کەم بێت. دەنا مرۆڤایەتی بەناچارییش بێت،کەوتۆتە سەر سکەی ئەم ھەڵمەت و
شاڵاوەی بازە گەورەکانیبەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیادا و تازە مەحاڵە خۆ لێ
لادان و پاشەکشەکردن لێی.
سەرچاوە:
www.spiegel.de/wirtschaft/soziales/studie-weltwirtschaftsforum-maschinen-verrichten-bald-mehr-arbeit-als-menschen-a-1228108.html
١٧\٩\٢٠١٧
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|