٣\١١\٢٠١٣
دوای
پێنج مانگ و نیو
بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی کۆمەڵەی ئۆتیزمی ھەولێر
نهێنیی وازھێناکەی ئاشکرا کرد.
کۆمەڵەی ئۆتیزمی ھەولێر ماوەی یاسایی بەسەرچووە
و شەرعیەتی نەماوە.
بۆ بەرێز: کۆمەڵەی ئۆتیزمی ھەولێر.
بابەت: دەست لەکارکێشانەوە.
ھەر دوای کۆنگرەی دوو لە ١٥/٩/٢٠١١، کێشەوگرفت و کوتلەکاریی لەناو
دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە لەھەولێر سەریھەڵدا، ھەر بۆ ئەو مەبەستە
پرۆژەیەکم دایە کۆمەڵە بۆ چارەسەری کێشەکان و ستراتیژییەتی کارکردن،
بەس بەداخەوە کاریی پێنەکرا، تاوای لێھات کێشەکان قوڵبوونەوە، دوای
چەندین کۆبونەوەو دانیشتن لەگەڵ بەرپرسی بەشی کۆمەڵەکان لەوەزارەتی
ناوخۆ و پارێزگای ھەولێر سەرۆکی پێشوو لادراو سەرۆکی نوێ دانرا،
گەیشتینە رێکەوتنێک، بەڵام بەداخەوە بەھۆی کەمئەزموونی لەکاریی
رێکخراوەیی و پێک ناکۆک و نەگوونجانی ستافی دەستەی کارگێڕی، کێشەکان
ھەر بەر دەوام بوون و لەجیاتی کاریی جدی و ستراتیژی بۆ مناڵەکان خەریکی
کاریی لاوەکی و رواڵەتی بووین. من پێموایە لە ئاست گەورەیی خەمی
مناڵانی ئۆتیزم دا نەبووینە، بۆیە دەست لەکار کێشانەوەی خۆم
رادەیەگەیەنم و لەمڕۆوە چیتر پەیوەندیم بە کۆمەڵەوە نەماوە، لەبەر
ئەوەی:
١- پێموایە کۆمەڵە لەرێڕەوی راستەقینەی خۆی لایداوە، لەلایەک دەستە
پابەندی خاڵ و بڕیارەکانی کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی نابێ، لەلایەکی
تریشەوە لەجیاتی خزمەتکردن و کاریی ستراتیژیی بە کاری لاوەکییەوە
خەریکین و، نەمانتوانیوە پرۆژەی گرنگ لەبواری پەروەردە و تەندروستی
و.... ئامادە بکەین و خولی راھێنان بۆ دایک و باوکان بکەینەوەو تەنسیق
لەگەڵ رێکخراوەکانی بیانی بکەین و، شاندی بیانی بھێنینە ھەرێم،
لەمڕوەوە ھەماھەنگی و راوێژ لەگەڵ لقەکانی کۆمەڵەدا نییە، ئەویش بەھۆی
کەمئەزموونی دەستەی کارگێڕی لەکاریی رێکخراوەیی و قوڵبوونەوەی
ناکۆکییەکان، کە کۆمەڵە و مناڵەکانمان بوونەتە قوربانی ململانێی شەخسی.
بۆیە دڵنیاتان دەکەمەوە کەھەتاسەر ماڵباتی تووشبووانی ئۆتیزم لەم دۆخە
بێدەنگ نابن.
٢- دەستەی کارگێڕی ژمارەیان (٥) کەسە لەگەڵ (٢) یەدەگ، بەھۆی
کێشەناوخۆییەکانەوە، لەکۆی پێنج کەسەکە سێ کەسمان دەستمان
لەکارکێشاوەتەوە، ھەروەھا لەکۆی دوو یەدەگ یەکە کەس دەستی
لەکارکێشاوەتەوە، واتە (٥٠+١) نیوەی زیاتر دەستی لەکارکێشاوتەوە، بۆیە
من پێموایە لەم ساتە وەختەوە کۆمەڵە بە ھەڵوەشاوە ھەژمار دەکرێت و
شەرعییەتی نەماوە، داوا دەکەم کۆنگرەی سێیەمی کۆمەڵە پێشبخرێت، کەخۆی
لە ٢٢/٩/٢٠١٣ی ئەمساڵ کۆتایی دێت و شەرعیەتی نامێنێ.
٣- داوا لەلایەنی پەیوەندیدار دەکەم منحەی ئۆفیسی ھەولێر رابگرێت تا
کۆنگرە دەبەسترێت کە بڕەکەی ٢ ملیۆن دینارە.
٤- من ئەندامی لیژنەی کڕیار بوومە، بەڵام ھەتا ئێستا تۆماریی داراییم
واژوو نەکردووە و وردبینیم تێدا نەکردووە، چونکە ھەستمکردووە خەلەلی
فەننی تێدایە، بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنم کە من بەرپرسیار نیم لەھەر کەم
و کوڕییەک کە لەتۆمارەکانی دارایی دا ھەبێت.
٥- کۆنۆسی کۆبوونەوەی مانگەکانی ٣و٤و٥ لەگەڵ چالاکییەکانی مانگەکانی
تائێستا ئامادە نەکراوون و من واژوو لەسەریان نەکردووە.
٦- داوا لە لقەکانی سلێمانی و دھۆکیی کۆمەڵەی ئۆتیزم دەکەم لەمڕوەوە
ھەڵوێستیان ھەبێت و بێدەنگ نەبن و رێگە نەدرێ کۆمەڵەی ئۆتیزم بەرەو
ئاراستەیەکی نارێک دا ھەنگاو بنێت.
لەگەڵ رێزمدا.
فەرەیدون بێوار
ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی پێشووی راگەیاندنی کۆمەڵەی ئۆتیزمی
کوردستان - ھەولێر
١٢\٥\٢٠١٣
|