په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٥\٢٠١١

دوای مانگێک بێدەنگیی، مەلا بەختیار چۆن بیر دەکاتەوە؟

- مەلا بەختیار لەگەڵ شەرابە سیحرییەکەی نەوشیروان مستەفا هەڵوێستی گۆڕا -


راپۆرتی: شوان سدیق و فەیسەڵ خەلیل


ئه‌ندامێکی مه‌کته‌بی راگه‌یاندنی یه‌کێتی: پێویسته‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ نێوان هه‌ڵوێستی مه‌حمود سه‌نگاوی و مه‌لا به‌ختیاردا یه‌کێک هه‌ڵبژێرێ.
وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان: هه‌ڵوێستی مه‌لا به‌ختیار باش و مه‌سئولانه‌یه.

دوای مانگێک بێدەنگی، مەلا بەختیار ئەو نەیارە سەرسەختەی بزووتنەوەی گۆڕان، بێدەنگی شکاند و وتارێکی لە رۆژنامەی چاودێر نووسی، هەرچەندە ئەو هۆکاری بێدەنگبوونەکەی بۆ سەفەرێک دەگەڕێنێتەوە، جیا لەوەی گومان دەکرێت بێدەنگیەکەی بەهۆی سەفەرەوە بێت، چاودێرانی سیاسیش تێبینی نەرمی نواندنێک لە نوسین و هەڵوێستی مەلا بەختیار دەکەن، کەسانێکیش پێیانوایە کە مەلا بەختیار دوای بینینی نەوشیروان مستەفا هەڵوێستی لەبارەی ئۆپۆزسیۆن گۆڕاوە.


مەلا بەختیار سکرتێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەر لە دوو مانگ بەوە ناسرابوو، کە هەڵوێستی توندی لەبەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان و سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن هەیە، ئەگەر بەر لەوەی باسی دەرەوەی یەکێتی بکرێت، لەناو یەکێتیدا مەلا بەختیار بەوە ناسراوە، کە لەخەتی تاڵەبانییە و پشتگیرییەکی تەواوی لەلایەن تاڵەبانیەوە لێدەکرێت و هەر لەلای تاڵەبانیشەوە دەسەڵاتی مەلا بەختیار فراوان کراوە، تا ئەو رادەیەی کە پێشتر بەر لەوەی گۆڕان دروست بێ، فراوانی دەسەڵاتی مەلا بەختیار جێگای رەخنە بووە، بەتایبەتیش رەخنەی ئەوەی لێگیراوە، کە مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتیییەکانی بۆ خۆی بەکارهێناوە و بۆ بەرژەوەندی خۆی و تاڵەبانی تەدەخولێکی راستەوخۆی لەو رێکخراوانەدا کردووە، کە سەر بە مەکتەبەکەی ئەوبوون، لەدەرەوەی یەکێتیش مەلا بەختیار ململانێی راگەیاندنی لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان هەبوو، دوای ئەوانیش شەڕی راگەیاندن و نووسینی لەگەڵ نووسەرانی گۆڤاری رەهەند هەبوو، دوای دروستبوونی رەوتی ریفۆرم لەناو یەکێتی و لەگەڵ دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنیش لە راگەیاندن مەلا بەختیار وەک کەسی یەکەمی داکۆکیکار لەیەکێتی دەردەکەوت.


چاودێرێکی سیاسی لەبارەی مەلابەختیارەوە گوتی "لە هەموو مشتومڕەکانی مەلا بەختیار لەگەڵ ئیسلامییەکان و لەگەڵ رەهەندییەکان، پێشتریش لەگەڵ پارتی و کەسانی ناو پارتی، کەسێکی توندڕەو بووە لەقسەکردن، خۆی بە لێزان و رۆشنبیر زانیوە، بەڵام لە زۆر مشتومڕدا توندڕەوییەکەی زیانی پێگەیاندووە". ماوەی مانگێک زیاترە مەلا بەختیار هیچ لێدوان و وتارێکی نەنووسیوە، ئەو چاودێرە سیاسیە باسی لە هۆکارەکانی بێدەنگبوونی مەلا بەختیار کرد و گوتی "ماوەی مانگێکە مەلا بەختیار بێدەنگە، چەند رۆژێک لەمەوبەر وتارێکی لەچاودێر نووسیوە، وەک خۆی باسی دەکات هۆکاری بێدەنگبوونەکەی سەفەری دەرەوە بوو، بەڵام دەکرێت گومان لەوە بکرێت، کە بێدەنگبوونەکەی چەند هۆکارێکی سیاسی هەبووە، هەوڵ دەدەم هۆکارەکان روون بکەمەوە، لەوانەیە هەموویان رۆڵیان هەبێت، لەوانەیە یەک هۆکار بەس بێت بۆ ئەو هەڵوێستەی مەلا بەختیار. یەکێک لەو هۆکارانەی کە وا دەکات گومانی لێبکرێت ئەوەیە کە مەلا بەختیار دوای ئەوەی سەردانی نەوشیروانی کرد بێدەنگ بوو، هەندێکجار بەو حاڵەتانە دەگوترێت، کە شەرابی سیحری تێدا خوراوەتەوە، رەنگە مەلا بەختیاریش لەسەردانەکەی خۆیدا شەرابی سیحری نەوشیروانی خواردبێتەوە، هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە رەنگە پارتی و یەکێتی دەورە سیاسییەکان دابەش بکەن، لە مەوبەر فازڵ میرانی جەختی لەسەر گفتوگۆ دەکردەوە، ئێستایش مەلابەختیار بە هەمان شێوە جەخت لەسەر گفتوگۆ دەکاتەوە، لەلایەکی تر ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەردوولا جگە لەسکرتێری مەکتەبەکان توندتر تەعامول لەگەڵ وەزعەکان دەکەن، بۆیە رەنگە پارتی و یەکێتی خەت بۆ گفتوگۆ بکەنەوە و لەلایەکی تریش جەخت لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن و بەکورتی ئەگەر سیاسەت بە پێناسە کۆنەکەی هونەری مومکینات بێت، ئەوا ئەوان لەگەڵ هەموو ئیحتمالەکان مومکینێک دروست دەکەن. دەکرێ مەلا بەختیار لە کۆی رووداوەکان و ئەنجامەکان دڵگران بێت، لەبەر دوو هۆ، یەکێکیان پەیوەندی بەو هاوبەندییەی نێوان مەلا بەختیار و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری تاڵەبانییەوە هەیە، ئەو دووانە جگە لە خزمایەتی، کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە دژایەتی بەرهەم ساڵح بکەن، بەرهەم ساڵحیش کەمی بەوان نەکرد، لە ئاشکراکردنی گەندەڵی بەرپرسانی شارەوانی، کە هەندێکیان نزیکی مەلا بەختیار بوون، هەروەها لە بڕینی منحەی دەزگا ئیعلامییەکانی یەکێتی کە هێرۆ سەرپەرشتی دەکردن، بۆیە ئەو دووانە رووداوەکانی ئەم دواییەیان بە هەل زانی بۆ ئەوەی بەرهەم لە سەرۆکایەتی حکومەت لابدەن، هەر بۆیەش دوای رووداوەکان یەکسەر چوونە ماڵی نەوشیروان مستەفا، بەڵام کە ئاراستەی دیکەی ناو یەکێتی زاڵ بوو، کە داوای مانەوەی بەرهەم ساڵحی کرد، مەلا بەختیار کشایەوە. هۆیەکەی تریان پەیوەندی بەو لێدوانانەی مەلا بەختیارەوە هەبوو، کە باسی لە دیموکراسیەت و کراوەیی یەکێتی دەکرد بۆ قبوڵکردنی رەخنە و ناڕەزایی، تەنانەت لە جیاتی تاڵەبانیش وەڵامی ژمارەیەک رۆشنبیری دایەوە و دڵنیای کردن کە یەکێتی توندوتیژی بەکار ناهێنێ بۆ کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان، بەڵام دواتر هەر یەکێتی بوو بەهێز خۆپیشاندەرانی بڵاوە پێکرد و رێبین هەردی یەکێک بوو لەو رۆشنبیرانەی کە مەلا بەختیار بەناوی مام جەلالەوە دڵنیایی پێدابوو، لەلایەن یەکێتی دەستگیر کراو ئازاری جەستەیی درا. ئەمانە هۆکار گەڵێکن بۆئەوەی مەلا بەختیار لەو دۆخە نیگەران بێت".


ئەو چاودێرە سیاسیە پێیوایە دوا وتاری مەلا بەختیار کە نەرمی نواندنە لەبەرامبەر ئۆپۆزسیۆن، پێچەوانەی مێژووی ئەو کەسایەتییەیە ئەو چاودێرە گوتی "کاتی خۆی مەلا بەختیار بە کتێبێک وەڵامی سەید کاکەی دابووەوە، بەناوی یاخیبوون لە مێژوو، ئەگەر سەیری دوا وتاری مەلا بەختیار بکەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە مەلابەختیار هەمان دەستەواژەکەی خۆی بەسەر دەچەسپێت و بەو وتارە لە مێژووی خۆی یاخی بووە، ئێستا لەبەرامبەر ئۆپۆزسیۆن و رووداوەکانیش نەرمی دەنوێنێت".


ئەو وتارەی کە ئەو چاودێرە باسی دەکات بەناوی"ئارامیی‌ سیاسی‌ دوای‌ نائارامی" نوسراوە و رۆژی دووەمی ئەم مانگە لە رۆژنامەی چاودێر بڵاوکراوەتەوە و مەلا بەختیار بەو شێوەیە دەست پێدەکات و دەنوسێ "مانگێکە من، سەروتاری‌ "چاودێر"م نەنوسیووە. لەکوردستانی‌ نوێی‌ ئۆرگانیشماندا، هیچم بڵاو نەکردۆتەوە. لەو مانگەدا (کە من بیست رۆژی‌ لەوڵات نەبووم) روداوەکانی‌ کوردستان، دەرهەق ئێستا ئاڵوگۆڕی‌ بەسەرداهات. ئەم ئاڵوگۆڕەش، بیروڕای‌ جیاوازیان لەسەرە. لەپەسەندکردنەوە، بۆ رەتکردنەوە. لەبێباکی سەرکەوتنەوە، بۆ هەستی‌ شکست و کاردانەوە. هەڵبەتە زۆریشن ئەوانەی‌ نە بێباکن ‌و نە لەروانگەی‌ سەرکەوتنەوە بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن، هەلومەرجەکە هەڵدەسەنگێنن ‌و بابەتیانەش، سەرەنجامی‌ سیاسی‌ ساغ دەکەنەوە". هەر لە وتارەکەیشدا مەلا بەختیار داوای لێکۆڵینەوەی جددی دەکات و دەڵێ "هەقوایە لێکۆڵینەوە لەهەموو لایەک بکرێ‌ ‌و یاسا بەهەموو مانایەکەوە سەروەربێ‌، یاسایەکیش یاسای راستەقینەیە، یاسای حکومەت‌ و ئۆپۆزسیۆن‌ و یاسای یەکسانی‌ هاوڵاتیان بێ‌". لەکۆتایی وتارەکەشی مەلا بەختیار جەخت لەسەر راگرتنی شەڕی راگەیاندن دەکاتەوە و دەڵێ "جەماوەر چاوەڕوانی‌ دوا بڕیار و هەڵوێستی‌ بەرپرسیارانەیە. بەدڵنیاییەوە چارەسەری‌ سیاسی‌، لەشەڕە راگەیاندن باشترە و شەڕە راگەیاندنیش ناتوانی‌ دادی‌ هیچ لایەکمان بدات، بەڵکو ئازارمان دەدات. هێزی‌ ئازای‌ بەرپرسیاریش، ئەو هێزەیە، باشتر بۆ گەلەکەمان دەیسەلمێنێ‌، کە لەگەڵ چارەسەری‌ راستەقینەیە، دوور لەتاکتیک ‌و مانۆڕی‌ سیاسی‌. چارەسەرێک، نە تفەنگی‌ سەرکەوتوو، نە ئاڵای‌ سپی‌ سەرنەکەوتوو، لەژووری‌ رێکەوتندا، ببینرێ‌".


لەبارەی ئەو نەرمی نواندنەی مەلا بەختیارەوە، دکتۆر دلێر ئەحمەد مامۆستای زانکۆی سلێمانی و چاودێری سیاسی لەلێدوانێکی بۆ (سڤیل) گوتی "من پێموایە مەلا بەختیار پیاوێکی تێگەیشتووە لەبارودۆخەکە، رەنگە نە لەبەرژەوەندی خۆی و نە لە بەرژەوەندی حزبەکەی بێت توندڕەوەی بکات، لەبەرئەوە پێموایە هەڵوێستی هەر سیاسەتمەدارێکی کورد بەرانبەر هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان فیعلەن دەبێ هەڵوێستێکی نەرمیان هەبێت، ئەو نەرمییەش جۆرێک لەعەقڵانییەتەوە سەرچاوە دەگرێت".


دکتۆر دلێر پێیوایە ئەو نەرمی نواندنە کارێکی ئیجابیە، بۆیە خوازیاری بەردەوامبوونی ئەو نەرمیەیە لە هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ئەو گوتی "هەموو هەڕەشە و زمان زبرییەک جگە لە خزمەتکردنی داگیرکەران و لەبەرژەوەندی هیچ کەسی تردا نییە، من پێموانییە لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا بەتەنیا مەلا بەختیار نەرمی نواندبێت، بەڵکو دەیان کەسی وەکو مەلا بەختیار لەناو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا هەر نەرمن و هەروەها پێویستیشە ئەو نەرمییە هەر بەردەوام بێت و بەتەنیا لەلایەن یەکێتییەکانەوە نەبێت، بەڵکو هەموو سەرکردایەتی کورد نەرم بێت".


دکتۆر دلێر ئەوە بەدوور دەزانێ نەرمی نواندنی مەلا بەختیار لەدوای بینینی نەوشیروانەوە بێت، بۆیە گوتی "من تەسەور دەکەم ئەو نەرمییە لە پەرۆشی بۆ تەبایی لەنێو ریزەکانی گەلی کورد سەرچاوە دەگرێت، واشی دەبینم کاک مەلا بەختیار پیاوێکی بەتەجروبەیە، لەچەند ساڵی رابردووشدا رەنگە زۆر رووداوی بینیبێت، ئەو دەشزانێت هەموو شتێک لەئاخر و ئۆخریدا هەر بە گفتوگۆی سیاسی چارەسەر دەکرێت، ئینجا تەشهیر و زمانی زبریش لەبەرژەوەندی کەسدا نییە، بۆیە پێموایە مەلا بەختیار هەر لەو روانگەیەوە نەرمی دەنوێنێت".


ئەنوەر حوسێن بازگر ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی لەلێدوانێکی بۆ (سڤیل) گوتی "پێموایە کاک بەختیار لەئێستدا بێدەنگ نییە، چونکە لەدوای رووداوەکانی 17ی شوبات ئۆپۆزسیۆن بارودۆخی کوردستانی بە شکڵێک نائارام کرد، یەکێتی یان بەڕێز کاک مەلا بەختیار وەکو بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و کەسایەتییەکی سیاسی ویستی رۆڵێکی ئیجابی ببینێت، ویستی لەڕێگای دیموکراسی و لەڕێگەی حیوار و تەبادولەوە گفتوگۆکان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بەرێتە پێشەوە".


لەبارەی سەردانەکەی مەلا بەختیاریشەوە بۆ لای نەوشیروان مستەفا بازگر گوتی "هەر ئەوکاتە بەرێز مەلا بەختیار و جەنابی هێرۆخان و کاک حاکم قادر مەکتەبی سیاسی بەگشتی پەیامی جیاواز جیاوازیان خستەڕوو لەگەڵ خۆپیشاندەر و ئۆپۆزسیۆندا دانیشتن و چوونە گردەکەش، هەرچەندە خەڵکێک پێی وابوو کارێکی باش نەبوو، بەڵام بە قەناعەتی ئێمە کارێکی باش بوو، کە کاک بەختیار و یەکێتی نیشتمانی دەستپێشخەریانکرد، دیارە ئەوەش بەتەنیا بۆچوونی کاک بەختیار نەبووە، بەڵکو بۆچوونی یەکێتی نیشتمانی بووە بەگشتی".


ئەنوەر لێکنزیکبوونەوەیەک لەنێوان هەڵوێستی فازل میرانی و مەلا بەختیار دەبینێ، کە جەختیان لەسەر گفتوگۆ کردۆتەوە، ئەنوەر گوتی "ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەویش پێویستە ئۆپۆزسیۆن لە هەردوو هەڵوێستەکەی کاک بەختیار و کاک فازڵ میرانی تێبگەن، کە هەڵوێستێکی دیموکراتی و گفتوگۆ بووە و پێوستیشە لەهەڵوێستی کاک مەحمود سەنگاوی تێبگەن، بۆیە پێویستە لەو هەڵوێستانە یەکێکیان هەڵبژێرن".


حەمە تۆفیق رەحیم گوتەبێژی رەسمی بزووتنەوەی گۆڕان، دوا هەڵوێستی مەلا بەختیار بە باش و مەسئولانە وەسف دەکات و دەڵێ "ئەو هەڵوێستەی مەلا بەختیار پێموایە هەڵوێستێکی باش و مەسئولانەیە". حەمە تۆفیق رەحیم ئەوە رەتدەکاتەوە کە گۆڕانی هەڵوێستی مەلا بەختیار بەهۆی دانیشتنەکانی نەوشیروانەوە بێت و بۆیە دەڵێ "پێموایە مەلا بەختیار پێشتریش هەڵوێستی هەر وابووە".

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک