په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١\٢٠١٦

دوای نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە راپەرینی باشوور گەڕانەوەیەک بۆ مێژوو.

عەلی حسێن کەریمی  


هەروەک هەموو کوردێک دەزانێت پەیماننامەی لۆزان بوە هۆی ماڵوێرانی کورد و دابەش بونی بەسەر هەریەکە لە تورکیا وئێران و سوریا وعێراق . دابەشکاری بوە ئەو ژەهرەی کە تا ئێستاش لە هەناوی ئەو ناوچەیە زۆر چالاکە کە پێی دەگوترێت کوردستان . هە رچەندە رابردوو ناگۆردرێت بەڵام دەتوانرێت داهاتو بەهەمان رێچکە دا گوزەر نەکات و دەسپێکێکی نوێ بنیاتبنرێ.


دەستپێکردنی رێرەوی داهاتویەکی گەشەدار لە لایەن کۆمەڵگاوە بناغەی بۆ دادەنرێ.


پەیماننامەی سایکس بیکۆ و لۆزان لەسەر زاری هەر کوردێکن ،ئەوا نزیکەی سەدەیەک بەسەر ئەم پەیماننامانەدا راگوزەر دەکات ، هەتا ئەمرۆش کورد دەڵێن قوربانی دەستی ئەم پەیماننامە دابەشکاریەین.


قسەکە لەسەر ئەوە نیە کە کورد شؤرشی کردوە و قوربانی داوە کارەسات تەنها ئەوە نیە کە شۆڕشەکانی کورد کۆتاییان هاتوە بەڵکو لە گەڵ شۆڕش و بەرخودانیش جۆرێک لە بێ هێزی و کارەساتباری بە سەر خودی تاکەکان هێناوە ، لەگەڵ تێپەرینی کات ماناو مەدلولی شۆڕش و بەرخودان لە لایەن کوردەوە گۆراوە . ئەو تارمایەی کە بەسەر هزری کوردا هاتوە زۆر جار ترسێنەرە زۆر جاریش بێ هیوا کەرە . کۆی ئەمانە بەرهەمهێنەری ژێرخانێکی لەرزۆکن.


چەندەها وتار و شیکردنەوە و پەرتوک لە بارەی هەریەک لەو پەیمانامانە نوسراوە . قسەکە لە لە خودی ئەوپەیماننامانە نیە کە نزیکەی لە سەدەیەکە مۆرکراون بەڵام ئاا سیحری ئەو پەیماننامانە چین کە تا ئەمرۆ نەتوانراوە کاڵ بکرێنەوە لە لایەن کوردەوە.


داعش کە هێزێکی تیرۆریستی ئیسلامگەرایە توانی لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێر دوای خۆ راگەیاندنیان توایان کۆتایی بەم سنورانە بهێنن ، کە بەناوی عێراق و سوریا کێشرا بون . بەڵام کورد کە خوێنێکی زۆری ڕشتوە لە هەر شۆرش و راپەرینێکدا ، نەتوانراوە گەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت ئەم سنورانە کاڵ بکرێنەوە ، تەنانەت ئەمە بوەتە پاشگر بۆ هەر رێکخرا و پارتێکی سیاسی کە لە هەر پارچەیەکەوە هاتوە . بالێرەوە قسە دوبارەکان نەڵێینەوە کە نوسەر و لێکۆڵەرەوانی مێژوو وتویانە . با باکگراوەندی ئەم تراجدیایانە بنوسینەوەو لێی ورد بینەوە کە بوەتە هۆکار کە بۆ ئەوەی کە کورد وەک ژمارە لە گۆرەپانی سیاسی ناوچەکە و جیهانیش بە تەواوی ون ببێ . هۆکاری ئەم ون بونە بوەتە هۆکار بۆ ون بونی ئیرادەی تاکی کوردیش بە شێوەیەکی کاریگەر . هەروەها بوەتە هۆکارێک بۆ دیسترۆکی مۆراڵی تاکی کورد بە شێوەیەکی تراجیدی . گەر لەو شوێنەوە دەست پێ بکەین پێی دەگوترێت لایەنە بەهێزەکانی کورد دەکرێت هەر یەکێکیان چەندەها لایەنی نێگەتیڤش خۆی تێدا مەڵاس دابێ .زۆربەی روداوەکانی کورد بە دۆران کۆتای هاتوە بەڵام پاڵەوانێکی دروست کردوە لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا . گەر سەلاحەدینی ئەیوبی و سەعید نەورەسی و قازی محمد و شێخ محمود ، کۆی ئەمانە ترجدیایان لە پاش بەجێمابێ بەڵام وەک پاڵەوان ناسێنراون و سەیر دەکرێن بەبێ ئەوەی خەونەکانیان بەدیهاتبێ . ئەم دوانەی یەکەم کە دوو کەسایەتی دینین لەلای دیندارەکانی کورد وەک پاڵەوان سەیر دەکرێن بەڵام خودی پاڵەوانیەتیەکەیان بوەتە هۆی جۆرێک لە کارەسات.


قسە لەسەر خودی لایەنە کۆمەڵایەتیەکە نیە کە وێنەی لایەن و تاکەکان بشێوێنێ . نوسینەوەی رۆژەکانی مێژو گرنگە بەڵام لە مە گرنگتر ئەوەیە کە ئایا چۆن لەم مێژوە دەروانرێت ؟ مێژوو نوسانی کورد هەمو کات وتویانە دوژمنان شۆڕشەکانی کوردیان کۆتای پێ هێناوە بەڵام زۆر جار ئەوە لە بیر دەکەین بەشێوەیەکی روون خاڵە لاوازەکانی کورد شیکار بکەین . هیچ لایەن و هێزێک نیە کە کۆمەڵێک ئاکار و کرداری نابەجێی ئەنجام نەدابێ کە بوبێتە هۆی ئەوەی کە سەرتایی تێکشکانەکانی هێزە کوردیەکان.


لایەنی سوز و بەرنامەیەکی دور لە فێندمێنتاڵیزمی بەهێز کە لە لایەنەکانی کورد نەبوەتە بنچینە ، جاش و لایەنگرانی بێگانە لە هیچ شۆرش و بەرخودانێکی کورد دانیە کە لایەنێکی بەهێزی روداوەکان نەبوبێ . بەشێوەیەکی گشتی خوێندنەوە بۆ مێژوی کورد وەک خوێندنەوەی رۆمانێکە کە کاراکتەری جیاواز بە هەمان بار و دۆخدا تێپەر بونە . مێژوی کورد مێژویەکی سارد و سڕە ، خەمناکە بێ تەجروبەیە کە لە هەموو لایەنەکانەوە کە تەنها چەند کەسێک ویستویانە قازانج بەدەست بهێنن.

ڕوداوەکانی باشوور لە دوای راپەرین لە دەمی نوسەرانی بێگانەوە.


ڕاپەرینی باشوور کە لە ساڵی ١٩٩١ لە رانیە دەستی پێکرد، بوە هۆکار بۆ ئازادبونی باشووری کوردستان. دوای نەوەت ویەک مێژوویەکی پڕ لە مشت ومڕ (controversial) دا تێپەریوە . هەر لە دوای راپەرین شەری براکوژی دەستی پێکردوە لە دوای ئەمەشەوە چەندان قەیرانی تر سەریان هەڵداوە ، ئەوەتە ئەمرۆ قەیرانگەلێکی ترسناک لە ئارادان کە شایەنی لێورد بونەوەو خوێندنەوەیەکی قوڵن . خەون و خەیاڵی کۆی کۆمەڵگای کوردی لەم بەشدا کۆمەڵێک داخوازی (demand)ی هەڵگرتبو . دەکرێ لە داهاتودا ئەم شیکارە بکەین کە زۆرێک لە داخوازیەکان لە حەدی خۆیان تێپەریبون یاخود نا هێز و لایەنەکانی باشوور بوەتە هۆکار بۆ ئەوەی کە جۆرێک لە تاکگەرایی و پاشاگەردانی دروست ببێ . هەچەندە مێژووی یەکتر کوشتن ویەکتر لە ناوبردن لەسەر دەسەڵات لەناو کوردا لایەنێکی بەرچاو و دیارە.


بەڵام لە دوای راپەرین ئەمە لە ناو گشت لایەنەکاندا خۆی نمایش کرد ، واتا هەموویان بەشێوەیەک لەم کارەسا (entanglement) تێوەگلان . ئەمە بوە هۆی ئەوەی هێزە هەرێمیەکان بێنە ناو گۆرەپانەکە بۆ ئەوەی زیاتر رەوشی باشوور بەرەو ئاڵۆزی قەیرانی زیاتر ببەن.


هەروەها زۆرێک لە چالاکوان و رۆژنامەنوسانی ئەوروپی و ئەمریکیش بێنە کوردستان بۆ ئەوەی زانیاری وسەرنج لە بارەی یەکەم هەرێمی کوردی ئازاد دەست بخەن . زۆرێک لەوان لە رۆژنامەو گۆڤارەکانی زمانەکی خۆیان لە بارەی کوردیان نوسیوە وە هەروەهازۆریشیان پەرتوکێک یان زیاتریان لە بارەی کورد و بارودۆخی کورد نوسیوە.


تیزە زۆنهێڵ (Teresa thornhill) یەکێکە لە ونوسەرانەی گەشتی کوردستانی کردوە لە دوایراپەرینی باشووری کوردستان ، پەرتوکێکی لە ژێرناوی (sweet tea with cardamom) نوسیوە ، کە باس لە گەشتەکەی دەکات لە دوای ئازادی چۆن کوردەکان چۆن خەونی ئازادی پراکتیز دەکەن.


نوسەری ئەم پەرتوکە دەڵێت بەهۆی هاوسەری پێشوی کە عەرەبێکی عێراقی بوە زانیاری لە بارەی کوردەوە پەیدا کردوە . نوسەر دەڵێت ئەمە خەونێکی لە مێژینەی من بوە کە رۆژێک بێت دیدار لەگەڵ ئافرەتی کورد بکەم ، لە شێوەو ژیانیان شارەزابم.


زۆر جار تێگەیشتن لە شێوەی بیرکردنەوەی بێگانەیەک کە چۆن لە کوردستان دەروانێ دەکرێ بۆ دانیشتوای کورد قورس بێت . چونکە کە کورد ئەو میللەتەیە ناوبانگێکی زۆری نیە نەبوە لە رابردودا لەسەر ئاستی جیهان ،کە ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە خاوەنی دەوڵەتی خۆی نەبوە . بۆ ئەوروپیەک دەکرێ شتێکی ناوازە بوبێت کە میللەتێکی رۆژهەڵاتی ناوەراست تازە بە ئازادی شاد بوە ، گەشتیاران چیرۆکی خۆیان دەگێرنەوە لە بارەی گەشتەکەیان ، لە هەمان کاتدا بۆ کورد گرنگە لە بارەی خۆیەوە بزانێت لە دەمی بێگانەکانەوە.


هەرچەندە ئەم پەرتوکە دوو لایەنی گرینگی هەیە . یەکەم ئەوەیە کەسێک کە لە ناو باروۆخەکە نەژیاوە وەک تاکێکی کۆمەڵگای کوردی ، بارودۆخەکە دەگێرێتەوە . دووەم گرنگە بزانین نوسەرە بیانیەکان چۆن چۆنی باسی هەڵوێست و ئیرادەی کورد دەکەن ، ئەمەش گرینگی خۆی هەیە.


زۆر جار ئێمەی کورد وا راهاتوین کە خەڵکی بێگانە تاوانبار بکەین لەوەی کە تێیدا دەژین . دەکرێ بپرسین سەدەیەک لە ژێر دەستەی و چەوسانەوە ، نەبونی کیانێکی سەربەخۆ ، دەکرێت بپرسین ئایا ئەمە هەمووی بەدەستی بێگانەو دوژمنەوە بوە ؟ بۆچی نەکراوە کەکورد ببێتە لایەنێکی بەهێزی ناوچەکە . زۆر جار پێویستە لە دە می ئەو کەسانەوە بزانین کە کورد نین و بێلایەنانە خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکەن . باشە بۆ دەبێت ئەوە لە بیر بکەین کە کورد بون بوەتە ئازارێکی نەبراوە کە قسەیەکی باوی عەبدوڵا ئۆج ئالان هەیە کە دەڵێت (کورد بون قورسە بەڵام راکردن لێی نامەردیە). بەرزنرخاندن (appreciate)، ئەو وشەیەیە کە کورد دەبێت بە کۆی ماناکانیەوە شیکاری بکات و لێی ورد بێتەوە . ملدان بەو هێزەی کە وەتە بربرەی پشتی نیشتیمان ئەرکە . دەبێت لەوەش تێبگەین کە زاڵ بونی سۆز و عاتیفە واقیعی سەرکەوتن دەگۆرێت بە شکست .هەروەکو کورد بەردەوام بەشێوەیەکی سۆزاوی بیری کردۆتەوە .(تریزە) ئەو گەشتیارەی سەردانی کوردستانی کردوە لە کاتێکی زۆر ناسکدا بۆ سەرەتای ساڵی ١٩٩٣ دەگەرێتەوە . کۆمەڵێک روداوی کارەساتاوی لە دەمی قوربانیانی دەستی حکومەتی بەعس دەگێرێتەوە کە پیشانی دەدا کە چۆن چۆنی ئازار دراون تەنها لەبەرئەوەی کە کورد بوون ، چیرۆکی ئەو ئافرەتانە دەگێرێتەوە کە بونەتە قوربانی . کە چۆن ئازار دراون لاقە کراون (rape) کراون کە لەبەر ئەوەی کە کورد بوون . نوسەر دوای ئەوەی دەگاتە باشوور سەردانی بنکەیەکی ژنان دەکات لە سلێمانی ، لەوێ چاوی دەکەوێ بە ئافرەتێک ، ئەم ئافرەتە چیرۆکی کارەساتباری خۆی بۆ دەگێرێتەوە . قوربانیەکە لەوێوە دەست پێدەکات ، کاتێک چەند چەکێکی مێردەکەی کە پێشمەرگە بوە لە ماڵەوە حەشاردابو . (ساهات ) کەناوی قوربانیەکەیە دەڵێت سەبازانی دەوڵەتی بەعسی عەرەبی هاتنە ماڵەکەم و دواتر چەند چەکێکیان دۆزیەوە ، دوات منیان دەستگیر کرد. لە زیندان بەشێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە ئەشکەنجەدرام ، تەنانەت لە جیاتی خواردن پیساییان دەرخوارداوم لەجیاتی ئاو میزیان داومەتێ ، سەرەرای هەموو ئەمانە چەندان جار لاقەکراوە .نوسەر دەڵێ ئەم ئافرەتە پێیگوتم هەموو ئەمانە تەنها لەبەر ئەوەی کە کورد بوم . تەنانەت دوای ئازاد بونیشی کارەساتەکانی ژیانی ئەم ئافرەتە کۆتایی نەهاتوە . نوسەر بەردەوام بو لە گێرانەوەی چیرۆکی ئەم ئافرەتە ، دەڵێت دوای ئەوەی کە گەراوەتەوە ماڵەوە لای مێردەکەی، مێردەکەشی ئازاری داوەولێی تورە بوە کە لەبەر ئەوەی لاقە کراوە . چیرۆکی ئەم ئافرەتە دوو جار قوربانیە نمونەیەک لە هەزارەهای ناو کۆمەڵگایی کوردی . ئەوەی شایەنی رەخنە لێگرتنە ئەوەیە کە لە کۆمەڵگایی کوردیدا زۆرجار نازانین کێ قوربانیە ، قوربانی جارێکی تر دەبێتەوە قوربانی.


نوسەری ئەم پەرتوکە خەڵکی بەریتانیایە . دەڵێت : کاتێک چومەتە کوردستان لەێ سەردانی چەند شوێنێکم کرد یەکێک لەو شوێنانە قوشتەپە بوە . قوشتەپە ئەو شوێنەیە کە بێوەژنەکانی بارزانیەکانی تێدا نیشتەجێ کراون کە مێردەکانیان بەر شاڵاوی ئەنفال و زیندەبەچالکردن بوبونەوە لە لایەن بەعسەوە . لەم پەرتوکەدا کۆمەڵێک چیرۆکی غەمهێنەر بونیان هەیە . هەموومان دەزانین کارەساتی ئەنفال چەند گەورەیە ، بەڵام ئەوەی لە دوای ئەم کارەساتە رویداوە زۆر غەمناکترە.


وسەر دەڵێت دیدارم لە گەڵ ئافرەتێک ئەنجامدا کە تەمەنی نزیکەی شەست ساڵ بو ، نوسەر دەڵێت ترسێکی زۆر گەورە دایگرتبوم کاتێک لەم ئافرەتە نزیک بومەوە . چونکە ئەو ئافرەتە کچەکەی خۆی کوشتبو، چیرۆکی کوشتنی کچەکەی لەوێوە دەستپێکردبو کاتێک کچەکەی لە کارگەیەک لە شاری هەولێر کاری دەکرد، ژیانی ئێمە لەسەر کاری ئەو بو دەڵێت دوای نزیکەی ساڵێک ئیشکردنی رۆژێک کچەکەم وتی دەمەوێت شتێکت پێدەڵێم . ژنە مێرد ئەنفالکراوەکە دەڵێت کچەکەم وتی دایکە لە کەرگە ە بەرێوبەرەکەمان تەحەدای لێکردم نەک جارێک چەندان جار . دایکەکە دەڵێت دەبوایە کۆتایم بە ژیانی کچەکەم بهێنایە چونکە بۆ ئەوەی شەرەفی مێردەکەم و بنەماڵەکەم بپارێزم ، بە تایبەت کە ئێمە بارزانین . ئێمە عەشیرەتێکین شەرەف و کەسایەتی گەورەکەمان بەلاوە گرنگە ، بۆیە پەشیمان نیم لەوەی کە کچەکەمم کوشتوە.


لە ڕاستیدا ئەوەی شایەنی وتنە ، ئەوەیە ئێمەی کورد هەموو کات دەڵێین کورد خاوەنی کلتور و دابو نەریتێکی ئینسان دۆستە. ئایا ئەمە ڕاستە یاخود کورد تا ئێستا لە زمانی تاوانبار و تاوان لێکراو تێدەگا . یانی کەسێک کە تەحدای لێ بکرێت بۆ دەبێت وەک قوربانی نەبینرێت بۆ دەبێت ئەمە وەک رەمز و کەرامەت سەیری ئافرەت بکرێت.

کێن ئەوانەی کە وەک گورگ پەلاماری ئافرەت دەدەن لە کۆمەڵگایکوردیدا ؟ نوسەری ئەم پەتوکە دەڵێت ترسێکی زۆرم لێ نیشتبو کاتێک لە گەڵئافرەتێکدەدوامکە شانازی بە کوشتنی کچەکەیەوە دەکرد و وەک پارێزگارییەک بۆ شەرەف کەرامەتی کەس و کارەکەی وێنای دەکرد. دسکێ بە وردی لە سەرئەوە بدوێین لە داهاتودا کێن ئەوانەی پیرۆزییەت وەک رەمزێکی کۆمەڵایەتی سەیر دەکەن و ئامادەن باجی هەموو شتێک بدەن تەنها بۆ ئەوەی نرخی کۆمەڵایەتیان لە دەست نەدەن . ناوچە خێڵەکیەکانی ئێمە زیاتر کەوتونەتە بەر ئەو تەوژمە تراجدیایە ، ئێمە ناوی دەنێین تراجدیا لەبەر ئەوەی لەچاوی ئێمە و مانان تراجدیایە . لە ناوبردنی مێینە مێژوویەکی دورو بەردرێژی هەیە لە کۆمەڵگای ئێمەدا . نوسەری ئەم پەرتوکە دەڵێت وێنەیەکی کارەساتاوی ئم ناوچەیەی داپۆشیبو . لەگەڵ ئەمەشدا لەم سەردەمەدا واتا نەوەت و یەک بە دواوە هۆکارەکانی پەیوەندی کورد بە دنیای دەرەوە زۆر قورس بو ئەمەش هۆکارێکی تربو بۆ ئەوەی کە کورد زیاتر لە چوارچێوەیەکی خێڵەکیدا تێنەپەرێ . دواجار شیکاریەک کە هەناوی ناوەوەی ئەم کۆمەڵگایە شیکار دەکات زۆر پێویستە.

یەکێکی تر لەو ئافرەتە گەشتیارانە دوای راپەرین سەردانی باشووری کوردستانی کردوە و پەرتوکێکی لەو بارەیەوە نوسیوە ، ئەویش (شێر لەیزەر)ە (sherl lazer) پەرتوکێکی بە ناوی (Kurdistan after gulf war, Martyrs ,traitors and patriots) نوسیوە .

کاتێک کارەساتەکان زۆر جار لە گێرانەوەی کەسێکی بێگانە دەبیستی زیاتر تێدەگەی وە دەزانی جیاوازی واقیعەکان چین . نوسەری ئەم پەرتوکە زیاتر باسی ئەو بارودۆخە دەکات کە لە دوای راپەرین هاتۆتە ئاراوە ، باسی خەونی تاکەکانی کورد دەکات کە لە دوای راپەرین بە دوای چیدا گەراون و ئامانجیان چی بوە . لە بەشێکی تری پەرتوکەکەدا باسی ئەو بارودۆخەی سەردەمی بەعس دەکات . چیرۆکی ئەو ئافرەتانە دەگێرێتەوە کە لە لا ەن دەسەڵاتدارانی بەعسەوە زیندان و ئازار و لاقە کراون . نوسەر چیرۆکی ئافرەتێک دەگێرێتەوە بە ناوی ئامینە ، ئامینە لە بنەماڵەیەکی دینداری عەشایەر لە دایک بوە ، بۆ خوێندن لە بەشی دەرمانسازی دەچێتە سلێمانی لەسەردەمی حکومەتی بەعس . دوای ماوەیەک لە لایەن موخابەراتی بەعسەوە دەگیرێت . لە سلێمانی و کەرکوک و ئەبوغرێب زیندانی دەکرێت . ئامینە چیرۆکی ئازاردان و هێرشە درندانەکەی لەلایەن سەرانی بەعسەوە دەگێرێتەوە.

ئامینە دەڵێت کاتێک بردمیان بۆ ئەبوغرێب لەوێ هەموجارێک دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر لە هۆشخۆم دەچوم ، دوای ئەوە لەلایەن ئەفسەرانی رژێمی بەعسی عەرەبی لاقە دەکران . ئامینە دەڵێت: ''لە زیندانەکە منداڵ و ژن و پیاوی بەتەمەنی تێدا بوو، زۆربەیان عامیلە بوبون بەهۆی هێرشی لاقەکردنی سەرانی زیندانەکە.''.

نوسەر بەدرێژی باسی لایەنەکانی باشووری کوردستان دەکات قسە لە سەر باکوری کوردستانیش دەکات بەڵام چیرۆکە تراجدیاکانی زیندانەکان روداوگەلێکی ناوازەن هەروەها کەمن ئەو نوسەرە کوردانەی کە بەشێوەیەکی راستەقینە و رەها چیرۆکی ئافرەتە کوردەکانیان نوسیوتەوە.

لە کاتێکدا ئەم ئافرەتانە زۆریان نەوێراون باسی چیرۆکی تراجدیای خۆیان بکەن بۆ نوسەرانی کورد چونکە دواتر هەموو کۆمەڵگا وەک سۆزانیەک وێنایان دەکات . چیرۆکی مێینەکانی کورد بەشێوەیەکی زۆر نهێنی ماونەتەوە کە ئەمە بوەتە هۆکار کە بەشێکی تراجدیای مێژووی کورد ون ببێ . ئەمانە تەنها نمونەی ئەو کارەساتانەن کە بەدرێژای مێژوو لە گشت بەشەکانی کوردستان دووبارە بونەتەوە.

بەڵام نەوەی نوێی باشوور خەریکە لە ئەدمسفێیەکی دوورویدا مێژو و ئیرادە ون دەکات .هەمو کاتێک ئێمە پێمان وایە ئێمە لە واقیعێکی تەواو جیاوازدا دەژین .ئەمرۆ باشوور حکومەتی خۆجێی هەیە ئیدی کۆتایی موعاناتەکانی ژیانە . دەبێت ئەوە بزانین کارەساتە نەوەیەک کە نەزانێ شوێنگەی جوگرافیاکەی کوێیە .

دوای بیست و چوار ساڵ لەسەر خاکە ئازادەکەی باشوور هەمان روداو رودەدەنەوە.


دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە ئازادی باشوور جارێکی تر ئەو روداو و چیرۆکانەمان گوێ لێ بۆوە کە پێمان وابو ئەم دۆخە کۆتایی هاتوە لە باشوور . لە سەرەتا ئەوە بڵێین گرنگ نیە کێ ئەم کارە یاخود ئەوهێرشە نا مرۆڤانەی ئەنجامداوە . پرسیارێک بالە خۆمانی بکەین بۆچی دوای ئەم هەمو ساڵە لە ئازادی ، ئیرادەیەک نیە بەرگری لە هەرێمێک بکات ، یاخود ئەو هێزانەی خۆیان بەخاوەنی سەروەریەکانی وڵات دەزانی نەیانتوانی هێزێکی کاریگەر ، بەرگریکار دروست بکەن . چەند شارێک بەبێ بەرگری بدەنە دەست هێزێکی بەربەری . دەکرێت بپرسین ئیرادەی هێزی بەرخودانی کورد لە کوێیە ؟ یاخود ئەمەش بوەتە قوربانی بەشکاریەکانی هێز و لایەنە سیاسیەکان.

ریسکی گەورە ئەوەیە کە وەک عێراق ،کوردستانیش توشی دابەشکاری بوە . لەدەستدانی موسڵ و ناوچە سونیەکان ،هەروەک لایەنە سونیەکان دەڵێن بەهۆی دابەشکاری مەزهەبیەوە بوە . بەڵام لەکوردستان لە ئەنجامی دابەشکاری حزبی و ئامانجی سیاسیەوە بوە . دوای ئەم هەمو ساڵە لە ئازادی جارێکی تر دەبێت بەدوای چیرۆکی ئەو کەسانەدا بگەرێین کە بونەتە قوربانی دەستی داگیر کەر .دەکرێ ئەم جارە زۆر تراجدیا تر وێنای بکەین . ئەوەی جێگای داخە لایەنە سیاسیەکانی باشووریەکتر تاوانبار دەکەن لەسەر ئەوەی کە کێ هۆکاری داروخانەکە بوە . بەڵام ئەمە تەنها وابەستە نیە بەو چرکە ساتەی کە هێرشەکەی تێدا ئەنجامدراوە ، بەڵکو ئەمە گرێدراوی زیاتر لە بیست ساڵە . لە وڵاتێکی پر خێر و بێردا نەتوانی هێزێکی کاریگەر و ستاندارد لە چەک و بەرگری ئامادە بکەی دەبێت کێ بەرپرسیار بێت ؟ دابەشکاری ناوچەی و تەنانەت تاکەکان رەنگیش ئەمە دەرخەری هێزێکی تاسەر ئێسقان ئەنانی (egoism)ە.


هێزێک کە بروای وابێت کە من نەبم ئیدی نابێت کەسی تر هەبێت . ئەمە جگە لەوەی کارەسات دروست دەکات لە ئەنجامدا کلتورێکی قەرەجانی و سوڵکەرانی و بێ ئیرادەکردنی تاکیش بەرهەم دەهێنێت.

 

 

سکۆتلەند
alihusainkarimi1986@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک