12تا 14ملیۆن هاووڵاتى هەژار لە عێراقدا هەیە.. بۆ بنیاتنانەوەى ئابوورییەکەى عێراق پێویستى بە 200 ملیار دۆلار هەیە.
ئا/ محەمەدى مشیر
بە چاودێرى لێژنەى ئابوورى و ئاوەدانکردنەوەى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و بە هەماهەنگى لە گەڵ کۆمەڵەى کیندى بۆ ئەندازیارانى عێراق لە بەریتانیا کۆڕێک لە لەندەن سازکرا کە تێدا شارەزایان و پەرلەمانتارانى عێراق گفتوگۆیان لە بارەى کاروبارى یاسایى و وەبەرهێنانى پەیوەست بە یاساى نەوت و گاز کرد. د. حەیدەر ئەلعەبادى سەرۆکى لێژنەى ئابوورى و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانى عێراق لە کۆڕەکەدا باسى لەو هۆکارانە کردووە کە هاندەرن بۆ دەست وبردکردن لە رێکخستنى یاساى نەوت و گرنگترین هۆکار لەوانەش دابەزینى ئاستى بژێوى گەلى عێراقە کە رێژەى هەژارى تیایدا گەیشتۆتە 40 تاکو 50%، واتە نزیکەى 12تا14 ملیۆن کەس مانگانە بەبڕى تەنها 50 هەزار دینار ژیان بەسەر دەبەن، ئەمەش پێویست دەکات کە ئاستى بژێویان لە رێگەى داهاتەکانى نەوتەوە بەرزبکرێتەوەو لە هەمان کاتیشدا پڕۆسەى بنیاتنانەوەى ژێرخانە ئابوورییەکانى وڵات، کە بە هۆى جەنگەکانەوە دووچارى وێرانى و کاولبوون هاتوون، پێویستى بە بڕى پارەى ئەستوور هەیە و تاکە سەرچاوەش بۆ ئەنجامدانى ئەو کارە سامانى نەوتە. عەبادى لە درێژەى قسەکانیدا ئاماژەى بەوە کردووە کە هەموو ئەو هۆکارانە هانمان دەدەن کە یاسایەک داڕێژین سەرچاوە نەوتییەکانمان بە گیانێکى نیشتمانپەروەرانە بۆرێکبخات بێئەوەى بکەوینە ژێر کاریگەرى گەورە کۆمپانیاکان و گوشارى لایەنە نێودەوڵەتییەکان. لە لایەکى دیکەدا د. عەبدولهادى ئەلحەسانى، ئەندامى لێژنەى وزە لە پەرلەمانى عێراقدا لە هەمان کۆڕدا ئاشکراى کردووە کە رژێمى پێشوو گەلێک گرێبەستى نەوتى لە بوارى وەبەرهێناندا مۆرکردووە کە هاوشێوەى ئەو گرێبەستانەن کە یاساى نەوتى نوێ بەیاسان دەکات کەچى هیچ مقۆمقۆیەک لە بارەیانەوە دروست نەبوو هەروەها هیچ ناڕەزایەتییەکیشمان نەبیست لە بارەى ئەو گرێبەستانەى رژێمى پێشوو ئەنجامى دابوون. ناوبراو لە درێژەى وتەکانیدا باسى لەوە کردووە کە عێراق پێویستى بە بڕى 200 ملیار دۆلار هەیە بۆ ئەوەى بتوانێ ئابوورییەکەى بنیات بنێتەوە ئەم بڕە پارەیەش دابین ناکرێت تەنها لە رێگەى زیاترکردنى داهاتەکانى نەوتەوە نەبێت. لە لایەن خۆیەوە د. عەلى حوسێن ، راوێژکار لە وەبەرهێنانى نەوت و گاز، لە کۆڕەکەدا ئاشکراى کرد کە عێراق یەدەگى نەوتى بە نزیکەى 300 ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت و بە وتەى هەندێ لەو شارەزایانەى لە کۆنگرەیەکدا بەشداربوون کە لە بەریتانیا ئەنجامدراوە ناوچەى خۆرئاواى عێراق نزیکەى 400 ملیار سێجا گازى تێدایە بەمەش دەکەوێتە پێشەوەى زۆربەى ئەو وڵاتانەى گاز بەرهەم دەهێنن لەوانەش هەر یەک لە قەتەر و روسیا و ئێران. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا د. عەلى حوسێن ئاماژەى بەوەکرد کە هەندێ لە شارەزایانى نەوت قسە لە سەر تیۆرێک دەکەن کە پێدەگوترێ (بیکۆ)، ئەم تیۆرە ئەوە ئاشکرا دەکات کە نەوتى جیهانى لە ماوەیەکى کورتى داهاتوودا لە کورتى دەداو بەرهەمهێنانى نەوت تەنها لەو وڵاتانەدا چڕدەبێتەوە کە وەکو عێراق رێژەى نەوتى یەدەگى بەرزیان هەیە. لە درێژەى قسەکانیدا راوێژکارى ناوبراو گوتى بازاڕى جیهانى ئێستاى نەوت رۆژانە پێویستى بە 80 ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە و ئەو پێویستییە لە ماوەى داهاتوودا رۆژانە بۆ 120 ملیۆن بەرزدەبێتەوە، بۆیە پێویستە عێراق رۆڵێکى گرنگ بگێڕێ لە تێرکردنى بازاڕ و پڕکردنەوەى ئەو کەلێنەى پێداویستییەکانى بازاڕى نەوتى جیهانى چونکە یەدەگێکى زۆرى هەیەو دەتوانێ رۆژانە 6- 10 ملیۆن بەرمیل بنێرتە دەرەوە. لە لایەکى دیکەوە د. کەمال فیلد، راوێژکارى ئابوورى لە سەرۆکایەتى وەزیران،ئاشکراى کرد کە 95% ى داهاتەکانى عێراق متمانە دەکەنە سەر هاتووەکانى نەوت و کەرتى کشتوکاڵ ناتوانێت پێداویستییە خۆجێییەکان پڕبکاتەوە بۆیە 100% ى بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە دەرەوە دەهێنین، هەروەها روونیکردەوە کە رێژەى بێکارى دەگاتە 18% و بەپێى یاساى ئێستاى وەبەرهێنانى نەوت لە ماوەى 5-10 ساڵى داهاتوو دەتوانین 186 ملیار دۆلار پاشەکەوت بکەین، بەڵام ئەگەر متمانە بکەینە سەر شارەزایى خۆمان ئەوا پێویستیمان بە 20 ساڵى دیکە هەیە بۆ ئەوەى تەنها رێژەى 40% ى ئەو بڕە پارەیە دابین بکەین کە وەبەرهێنانى نەوت دەستەبەرى دەکات. سەرچاوە: المرصد العراقی
|