په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١٠\٢٠١٦

  دووەمین پێشوازیی.

سەباح ره‌نجده‌ر

١
دەستم لە خۆم بەرزکردەوە
چەقۆ لە جۆگەلەی سوور
لە ھەڵم و ھاڵاوی گەرمیدا بریسکەی کوژایەوە
برین بەگەرمیی خۆی دەخرۆشێ و سەد چاوی لێ دەڕوێ
ھەموو شتێک بەدڵخۆشی تەڕبووی بەرباران
بەرەو ئاکام زمانی دەگەڕێ
ئاکامی دۆزینەوەی زەردەخەنەی نەرمی یاریکردن لەناو ڕێگاکان
پرسیار لەبارەی ژیان لە ڕێگای چوونە بەھەشت و دۆزەخەوە
پیاڵە بەدوای یەکدا بەتاڵ دەبن
ئاوازیش بەدوای ئاوازدا دێت
ھەموومان لە خۆشی ڕوونیی شەوانی بەھار دەپرسین
لە کۆچی دواکۆچدا
ڕێگای بەھەشت و دۆزەخ بزر دەبن
ڕەوانبێژی بەھرەمەند واچاکە گەرمە غارت بوەستێنیت و بگەڕێیتەوە
قۆزاخەی گیان وەبەرھاتن و گیاندان و دروود و سەمای جۆراوجۆر
ئەوەی بیستووتە دەیبیستییەوە
ھەریەکەمان دەچینە سەر کانییەکی پاراوە ئاو دەخۆینەوە
ئاو ھەموو ڕەنگێکە ھەموو شەوێک ڕوخساری خۆیمان نیشان دەدا
ھەر نەشمان زانی کامە ڕەنگە
شارە دێرینەکانی سەر ڕێت
لەبن باڵی چۆلەکەیەکی خەواڵوودا پێچراونەتەوە
گەشتیان لەناو ھێلکە شەیتانۆکەدا
ملی بێزاری دەسووڕێنێت و بەفریان ئاوی کەوتووەتە بنی
گیان لە دەست ھێلکە شەیتانۆکە ڕزگاری نابێت
ڕەگی دڵی یارانی ناوچەوان ئاڵوواڵا و تیشکی خۆشحاڵ و خرۆشاو
ئەم زەوی و پەنجەرە و بان و خانووە پیرۆزکە
وا بکە خەونی تۆم بێتەدی و مانگی فرۆشراو بکڕمەوە
بیریش لەو شتانە بکەرەوە
لەبارەیانەوە نەدواوی
ئەستێرەیەک وا دەڕژێ و پێشوازی دەکەم
قورئانی دووەم بۆ من دادەبەزێ
گیانی بەرەو پیرەوە غاردان بەھێز و پاراوە
ھەموو شتێک دەزانێ و ھەموو شتێکیش دەناسێت
خوێنی ئاخۆ چ خۆشیی و لاوانەوەیەکە
لە دەمار و گۆشتی ڕەوانبێژێکی بەھرەمەنددا
بووەتە ڕووداوی ساڵ
دەموچاوی زەوی کردووە بە ڕووتەختی پارێزراو
تا ئاسمان بە شکۆی زەنگوڵە و گۆرانیی گەرمیەوە
ئەمەکی بیرەوەری و نمەکی دارەدارەی منداڵی سەر سینگی لەسەر بخوێنێتەوە
ڕەوانبێژی بەھرەمەند چووەتە بۆنی دڵپڕیی بریقەی ئەڵماس و ڕووناکی سەیر و سەمەرەی ژیانەوە
ئەو شەوەی ئەستێرەی سەربانی ئێمە دایە کزی
من خۆم ڕاگرت تا بۆنی دڵپڕیت لە سییەکانی شمشاڵدا تەواو پێگەیی
بێ ھوودە نەبوو خرۆشانم.


٢

ئەم ڕێیە مردووە و بەتاڵییەکی سارد سەر و زمانی گرتووم
کفنی ڕەوانبێژە بەھرەمەندەکە تەڕ بووە
دەیھێنمە بەر سۆبە و ھەڵیدەخەم
پرچی خۆم و کەسکی نەزر و نیازیش وشک دەکەمەوە
وڵاتم چووەتە کەژاوەی جەژن و جەنگی ئایینەوە
زێرابی ناخی دەروونزۆڵ تەقی
ئەم دەست و ئەو دەستی پیس کرد
ئەم دەست و ئەو دەست
داری پڕ کۆتری لێیە و دڵتەنگن
داری پڕ کۆتر دڵی لەناو دەڕوێ و خورپەی لەسەر دەگیرسێتەوە
جاڵجاڵۆکە بە گەردەنی دەروونزۆڵەوە تەونی چاووڕاوی چنیوە
چاودێری بەرزی و نزمیی کۆتایی ڕۆژەکان دەکەم
ڕێ دەھێنمەوە ماڵی مەحاڵی ھەزار ڕەنگ
بیرم لە کۆشک و تاجی ناو فنجانی قاوەگرەوە و زەردایی دەنووکی پەڕەسێلکە ڕوون دەکەمەوە
لێوی ئاسمانیم بە گزنگی یەزدانی دەکرێتەوە
ڕازی دێوڕەوشت دەشکێت
وڵاتی کەژاوەی جەژن و جەنگی ئایین
گەلێک باریکە ھێڵ لە ڕوخساری خۆی دەبینێت.


٣

ئەسپێکی تۆڕ لە دەشتێکی بێ بەڵادا
داوای ھاوڕێیەتی کەروێشکە خاتوون و تاژیی خۆشڕست دەکات
حەزیشی لەو ژنە کەزی گەرمە کردووە
سەرپشت و گوڵینگەکانی نەخشاندووە
لە دەنگی فڕۆکەش دەترسێت
لە بێدەنگیی کۆڕی ماتەمینیشدا ئەستێرە نیشتووەکانی سەردەستی
لە ھەناسە و چاوی نزیک دەکاتەوە
چ بۆنێکی لێ دێت گیان وەبەرھاتن و گیاندان.


٤

لە ناوەڕاستی تەمەنم
تیشکی ناوەڕاستی ئاسمانیشم لێ دەدات و پشتێنەمە
ھەرچی لە دەروونڕۆشنی ھەمە لە ژیان فێری بوویمە
گوێی لێ دەگرم و گوێڕایەڵیم
تیشک دووربەدوور ناناسرێت ئەی جانەوەری کێوی و باڵندەی ڕەشی جەنگەڵ
دوور لە ماڵ ڕێگا نابڕم
ئەو ماڵ و ڕێگایەی ھەمیشە لە مرۆڤدا پڕ ڕەنگن
گوێم ھەیە و چاو
بولبول و گوڵ ھاوساڵ و ھاوسەروان
ڕۆژیش بە ناچاری ھەڵنایە.


٥

ڕەوانبێژی بەھرەمەند بەرلەوەی مردن بتکاتە ئەفسانە
لە ستایشیدا وتووێژ لەگەڵ خەیاڵ و خوێن بکە و ڕستەیەک بڵێ
شەو پەنجەرە باڵی باڵندەی دڵتەنکن
کاکێشان بەناویدا تێدەپەڕێ و دێتە سەرگوڵی دەممان
چ بۆنێکی لێ دێت گیان وەبەرھاتن و گیاندان
ڕەنگ و ڕووناکی خۆم بەدەستی خۆم بەرزدەکەمەوە
بەرزایییەکان بە گزنگی یەزدانی شکۆفە دەکەن
بۆ درەوشانەوە بە ھێمنی بەسەر قاڵدرمەدا سەردەکەوم
بە ھێمنیش بۆ ئاھەنگتان پێیدا دێمە خوارێ
ڕەنگی درەنگ وەختی بەختەوەریم ناسی
ڕەنگی بەختەوەری لە خوێنێکی نەرم و نیانی گەنم ڕەنگەوە
دادەبەزێتە دڵی نۆبەرەی خێزانێکی دوو پەنجە شەختە لەسەر ناوچەوان کەوتوو
لە ناو و ناوبانگی شەرابێکی خواردووەتەوە
چرا بەناو ڕیشاڵی ھاتوچووی کردووە
ئاڵۆزی ئەفسانە دەکرێتەوە
لە چاوترووکانێکدا زیندوو ھەموو لە دایک دەبنەوە و دەمرن
دەنگی ئاوازیش لەناو قیژە و ھەراوھۆریادا ونە.


٦

ڕێگا چاوەڕوانە دەنگی گۆرانی ڕێبواران دڵی بکوڵێنێت
بیریش لەو ڕێگایانە دەکەمەوە پێیاندا نەڕۆیشتووم و گۆرانیم تێدا نەگوتوون
ئەگەر پێیاندا بڕۆم و گۆرانی تێدا بڵێم
دەبێ بەتەنیا بیانبڕم و ھەوڵی پێوانەیان بدەم
ڕێگا لەژێر پێمدا تەواو نابێت و قسەی دڵم لەناویدا ڕژاندووە
من لەناو ڕێگایەکدا تازە باران تەپوتۆزی مراندووە
لە گەشتی ژیاندام و بێ ئاوێنە پرچم شانە دەکەم
ڕێگا لە ئارامییەکی ڕۆشن ترسێکی بەدڵداھات
یاریم بە ئاگری نیوە و ناتەواو کرد و پاشماوەی خۆڵەمێش دروست نەبوو
ڕێگا دووبارە بمخوێنەوە و ئاوێنەم بدەرەوە دەست
برینەکانم ئاوێنەی بەرخۆرن
بە ئاسانی خاڵ و پیتیان لێکدەدرێن و سێبەری خۆیان دەناسن
ڕێگاکان بەدوای یەکدا تێناپەڕن
دەڕژێنە ناو یەکترەوە و چاووڕاویش لەیەکتر ناکەن
دەستی ملی یار و دەستی ملی گۆزەن
ئەو کاتانە دەڕوانمە شێوەکارێک ڕووتەختی پارێزراوی بەخشیوە
ئەستێرەی کەمدوو و مانگی خۆشڕوو
دەستی خوماریان بۆ ڕەنگ لەسەر گرتنەوەی خۆش کردووە
بە ماڵی مەحاڵی ھەزار ڕەنگت
ڕادەھێننەوە و دەتگەڕێننەوە لای درەختە پێست تەنکەکان
وێنەی ئەو خۆرەی لە ئامێزی ئاسمانی چێشتەنگاودا کێشام
سەمای جۆراوجۆری چێشتەنگاو
کرانەوەی پێڵووی نۆبەرەی خێزانێکی بەختەوەرە
ھێڵی وێنەکێشان درێژدەبێتەوە
تا بنی چیا لەناو ڕووباری ھەناسە خۆشدا
خۆری ھەناسە خۆشی ناو تابلۆیەکەم
تکا دەکەم خۆ لە ئەوینم لا مەدە و گەورە ببەرەوە
خودا ھێشتان دڵی بە ڕووناکی ناوچەوانی مرۆڤ خۆشە
ڕۆژ و حەفتە و مانگ و ساڵ
خەرمانەن و لە ژوورسەرم پاراو و گەورە دەبنەوە و ئاوی ئاگر دەبەخشنەوە
ئەو ڕێگایە نەمردووە بە گەنجینەی نەترووکاوم دەگەیەنێ.


٧

خودایە قوڵفی ھەموو گۆزەی مەیەکانت ماچ دەکەم
بەھرەم بکە سرووش و تەنیا و شکۆمەند خۆم لە ماڵی تۆ ببینمەوە
تا دیاری لە ئاسوودەیی زەوی وەرگرم
شادمانی دەدەم بە ھۆگرانم و بەرەو ڕۆشنایی دەڕۆم
ڕۆشنایی بە تەواوی ھێز و بەھرەی خۆیەوە
لەگەڵم دەبێت و ڕێگای نییە بۆ لەخشتەبردن
لە سەرەتای ژیان دەمناسێت و دەمکات بە ھاوڕێی سۆزی سرووش.


٨

مۆمی ئاگربەدەم
بۆی ھەیە چامەی باڵندەکان من نووسیبم
قەلەڕەشیش کە دڵی منی ناسیوە
ڕێ نایەنێتەوە دان و ئاوی من
باران بەناز و خۆڕسکی و بەخشندەیییەوە دەکەوێتە سەر
بەردەنوێژ و دەموچاوی سروشت تێدا حەسایەوەم
نمەکان ھەر ئەوە نین دەردەکەون
ئەستێرەی بەختن خوێندراونەتەوە
ئەرێ چیمداوە لەو پەنھانییە
مانگ تەرمێکی ڕاکشاوی ناو ئاوی ھەناسە خۆشە
ناشتنی دژوارە و تەماشاکردنیشی دڵبەرە
بۆق خۆی لە ژێر قەوزەدا لوول داوە و بەرغەبابەی لەسەر بەردی کەناردا داناوە.


٩

چاوی شەھوانی ئەستێرەی شوان
بە چرپە و ھاوارەوە گوتی لەگەڵ تۆمە
بڕۆ کەژاوەی جەژن و جەنگی ئایینەوە
پێش تۆ دڵپڕی تر
سەر و زمانیان کەوتووە و ھۆگربوون بە مەحاڵی ھەزار ڕەنگ
مەحاڵ دوا یار و مەشخەڵ و نوێژی ساتی ساکاری بووژانەوەمە
ھەزار ساڵ لە ڕێگا لەگەڵیدا دەمێنمەوە
بە نان و ئاوی قوڵفی گۆزە دەژین
پیتی چامەی باڵندەکانیش چاوی شکۆمەندی ئەوینن
لە کرمی بن زمانی
جانەوەری کێوی و
دێوڕەوشت و
پەیام شڵەژاو و
گۆشتدزی پشیلە
ئاگادارمان دەکەنەوە.


١٠

ئەو ئێوارەیەی ڕێوڕەسمی شکۆدارکردنی
جانەوەری کێوی و دێوڕەوشت و پەیام شڵەژاو و گۆشتدزی پشیلە
تەڕایی پێستی چاوی ئەسپی دوڵدوڵیان ھەڵلووشی
گفتوگۆی ڕێبوار و شەقام خۆڕسک و ڕووتە
بەبێ ئاڵای سپی
ڕێگا لەژێر پێیەکاندا تەواوبوو
کەس پێویستی بە ڕۆیشتن نەما
سوورھەڵگەڕام لە داخان و کزەم لە جەرگەوە ھات
بەو کزە و شەرم و شکانەوەش ژیانم لەبیر نەچووەوە
دەوەستم و پێ لە پێخوست نانێم
تا تیشکی ناوەڕاستی تەمەنم دەگاتە ناوەڕاستی ئاسمان
گەرمایی دەداتە پێستی چاو و ھەوای ژیان خۆش دەبێتەوە
ژیانیش دەبێتە ئارامییەکی بەھەشتییانە
ئاوازی دڵ و ڕەگی دڵی یاران
لە کەنار ئەم زەوی و پەنجەرە و بان و خانووە پیرۆزکراوە پشوویێک دەدەم
مانگم لە نازی یەکشەوە و چواردە پێشاندە و ئەم سووتاوە مەسووتێنەوە
ستوونی پرد لەناو ئاودا ھەمیشە سووتاوە.


حوزەیرانی ٢٠١٤ - ھەولێر
ماڵپه‌ڕی سەباح رەنجدەر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک