په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٤\٢٠١٤

دیوە شاردراوەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک،؛

هیچ شتێک بێ بەرانبەر نییە و ناشبێ؟


ستار محەمەد قادر   


ئێستا لەهەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و دوو سەد هەزار کەس بەشدار بووی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیەن، بەڕاستی رووداوێکی زۆر سەیرە، ئەگەر لەڕووی سەرمایەگووزاری بازرگانێکیشەوە لەم رووداوە بنواڕین، سەیرو سەمەرەتر دەیبینین، گریمان تاکەکان ئازادن و بەکارهێنانی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیەش پەیوەندی بەخودی خۆیانەوە هەیە، بەڵام ئەوەی لێرەدا شایانی قسە لەسەر کردنە، دەبێت بپرسین ئەو ژمارە زۆرە لەبەشدار بووان چۆن و بۆچی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیە بەکاردەهێنن؟ بۆ ئەوەی سوود بەیەکتری بگەیەنن یان تەنها بۆ کات کووشتن و رابواردن بەکاریدەهێنن؟


بەداخەوە ئەوەی لەسەر رووبەری ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیە دەیبینین و دەیخوێنینەوە، بووە بەشوێنی لایک کردن و بڵاو کردنەوەی وێنەو گێڕانەوەی نوکتە، نەک را گۆڕینەوەو سەرنج و تێبینی لە پێناو دەوڵەمەندکردنی ژێر خانی فیکریی و هۆشیارییمان، ئەوە جگە لەو کەسانەی کە شەو و رۆژ سەرقاڵی شتی ترن، یان ئەوانەی وا رەگەزی خۆیان دەگۆڕن و بەم و بەوەوە رادەبوێرن، لە کاتێکدا دەبوایە هەر تاکێک لەئێمە بەر لەوەی وەکو چاو لێکەری دەس بۆ ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیە ببات، شارەزایی و هۆشیاریەکی تەواوی دەربارەی فەیسبووک هەبێت، چونکە کورد لەچوار چێوەی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیەوە خۆی بە دونیا دەناسێنێت، ئەوە بۆ هەمووان ئاشکرا دەکات کە خەون و ئەندێشەی ئەم میللەتە چەن بچووکەو ئاستی رۆشنبیریی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵی تا چ ئەندازەیەک نزم و روو لە شکستە، بەڕاستی زۆر ئەوە بەلامەوە سەیرە، میللەتێک کتێب نەخوێنێتەوەو بێ بەها تەماشای بکات، دەبێت چی وای لێ بکات بەم تۆڕە کۆمەڵایەتیە سەرسام ببێت؟


ئەوە زۆر شتێکی ئاساییە کاتێک دەبینم خەڵکانی دوور لە دونیای نووسین و خوێندنەوە خۆیان لە خوێندنەوە بەدوور دەگرن و تەنها بەشوێن گەیشتن بە مەرامەکانی خۆیانەوە سەرقاڵ دەبن، لێ ئەوەی ئاسایی نیە، ئەوانەی وا بنووسن و بە نووسیار ناو دەبرێن و پێگەیان هەیەو نانی نووسیاران دەخۆن، ناخوێننەوەو لەئاستی ئەو وتارو نووسینانەدا کوێرن و هێندە بێ توانان تەنانەت ناتوانن بۆ نووسینێک کۆمۆێنتێکی زۆر نەفەس کورتیش بنووسن، هەموو ئەمانە لە بێ ئاگایی ئێمەوە سەرچاوە دەگرن، کورد ئەگەر خەونێکی هەبێت، دەبێت کۆششی بۆ بکاو شەو بخاتە سەر رۆژو ماندوو نەناسانە رەنجی بۆ بدات، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بە بڕیاری تاکە سەرکردەیەک ناگات بە ئەنجام، ئەگەر ئیرادەی میللەتێک لە پشتیەوە نەبێت، دیمۆکراتی و پاراستنی مافی مرۆڤ قسەی پڕو پووچ و بێ مانان، ئەگەر میللەت داکۆکیکاریان نەبێت، سەروەری یاسا هیچ نیە، جگە لە درۆیەکی گەورە، ئەگەر میللەت شورای نەبێت، پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بەرجەستە نابێت، ئەگەر میللەت بڕوای پێی نەبێت، کووشتنی هەڵبژاردن و کورت کردنەوەی تەنها بۆ هەڵبژاردنی مەرامی سیاسەتبازەکان، جگە لە کووشتنی هەڵبژاردن و مژاری هەڵبژاردن، هیچ واتایەکی دیکە نابەخشێت، من تا ئەندازەیەک چاودێری ماڵپەرە عارەبیەکان دەکەم، وتاری وا هەیە، ئەگەر بریتی بێت لە لاپەڕەیەک، بایی دە لاپەڕە کۆمێنتی لەسەر دەنووسرێت، ئەمە لە کاتێکدا ئێمەی کورد ئەوە بووە بەشتێکی باو لەنێو ماندا، گاڵتە بە عەقڵی ئەوان دەکەین و بە چاوێکی زۆر سووک لێیان دەنواڕین!


دەبێت هەموان باش ئەو راستیە بزانن، باجی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیە، تەنها لەو پارەیەدا نیە کە ئێمە لە پێناو پڕ کردنەوەی هێڵەکانمان خەرجی دەکەین، بەڵکو لەڕێی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتیەوە خوێندنەوەی درووست بۆ بۆ رەوشی سیاسیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و شکۆمەندی مرۆڤ و دیمۆکراتی و ئاستی هۆشیاریی تاک بە تاکی ئەم میللەتە دەکرێت، ئەگەر ئێمە میللەتێکی هۆشیارین، دەبێ هۆشیاریی ئەوەمان تێدا بێت، لەپێش چاوی دونیا خۆمان لەوە زیاتر ریسواو ریسوا تر نەکەین؟ دەبێت وەکو دەریا لە هەموو شتێک بنواڕین، بەر لەوەی داوای فریاد رەسێک بکەین، با شارەزاریی ئەوەمان هەبێت، مرۆڤ تا مەلەوانزانێکی باش نەبێت، ناتوانێت سواری ملی شەپۆڵەکان ببێت؟
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک