دیالۆگى نێوان ژن
و مێردى کورد.
حەمەى ئەحمەد رەسوڵ*
(١)
لە کۆمەڵگاى کوردیدا ،دۆزى کۆمەڵایەتى بە کێشە و ئاریشەیەکى زۆرو
زەوەندا تێدەپەڕێت ، چ جاى باسەکە بێتە سەر خێزان بە گشتى و پەیوەندى
نێوان نێرو مێ بە تایبەتى .. ئەم فایلە پڕە ئیشکالییەت و قەیران ،
چونکە کەناڵە گرنگەکانى پێکهاتە و بونیادى کۆمەڵگا بەشداى تێدا دەکەن
.. لەوانەش دابونەریتێکی سوننەتى کە ڕێسایەکى نەنوسراو و یاسایەکى
هەتیوە وبۆتە کەلتوورێک و وەکو فۆلکلۆر وایە ، کەس نازانێت کێ دروستکەر
و بنیاتنەریێتى و هەموو کەسێکیش داکۆکى لێدەکات و وەکو چاوى خۆى
دەیپارێزێت ..!!!!
کەس نازانێت هۆى چییە ئەم هەموو زەبرو زەنگ و توندوتیژییە بەرانبەر بە
ڕەگەزى مێ لە ئارادا بێت و جەهەندەم و مەنجەنیقێکى بێمانا خراوەبێتە
سەر گازەرای پشت بۆ کوشت و کوشتارى کچ و ژن ،ژنکوشتن و زەلیلکردن و بە
پەراوێزکردن و ئیفلیجکردن ، بۆتە حەڵاڵترین و ڕەواترین و باشترین
کردەوە و کردارێک کە ڕەگەزى نێرى حەیتە و سالار و عەنتەر پێی هەڵسێت بە
مەبەستى گەڕاندنەوەى شەرەف و ئاکار و حورمەتى خێڵ و هۆز.....؟؟!!
کۆمەڵگاى کوردى داخراوە بەسەر نەریتو نۆرمى چەقبەستوودا کە دەرئەنجام
ئەو هاوکێشە ناهاوتایەى سازاندووە کە :-
نێر سەنتەرە و مێ پەراوێز ، نێر بۆتە بکەر و مێ بۆتە وەرگر و پاسیف ،
ئەم ڕەوشەش ئەو ئەتمۆسفیر و کەشەى وەبەرهێناوە کە ڕۆڵی نیوەناچڵ و
تەریک و لاوەکى ببەخشێتە ڕەگەزى مێ..بەمەش کۆمەڵگا کۆستى کەوتووە و خۆى
ئیفلیج بووە .. کاتێک لێنینى مەزنە ڕابەرى مارکسیزم و سیاسەتمەدارى
گەورەى روسیا وتوویە :ژن نیوەى جەستەى کۆمەڵە / بەو واتایە دێت کە
ئەگەر سەربەست و ئازاد نەبوو ، کە ئەگەر کاریگەر و کارلێکەر و کارگەر
نەبوو بێگومان ئەو جەستەیە ، نیوە دەبێت و نیوەش چی پێدەکرێت ..؟؟
خێزان بەیەک لەت و بەیەک تاى تەرازوو چۆن چۆنى دادەمەزرێت و پێکدێت
..؟؟ کەواتە کۆمەڵگا بەبێ ڕۆڵى کاریگەرى ژن ، هیچ بایەخ و کەڵکێکى
ئەوتۆی نابێت ..کۆمەڵگا بەبێ هاوشانى و هاوتایی و هاوبیرى و هاوتەبایی
و جێگە و پێگەى ژن ، چ هێز و چ وزەیەکى دەبێت ..؟؟
ئا لێرەوەیە بێهێزى و بێتوانایی و بێئیرادەیی و
نەزۆکى کۆمەڵگاى کوردیمان ....!
ئێمە تازە بە تازە لەم دەموەخت و سەروەختەى جیهانگیرى و پۆست
مۆدێرنیتەدا بۆمان ئاشکرا دەبێت کە ، کۆمەڵگاى کوردى ناتوانێت هاوشان
لەگەڵ سیسمتى نوێی تەکنۆلۆژیا و تەکنۆترۆن و سەتەلایت و ئینتەرنێت و
هێرش بەرەو بۆشایی ئاسمان و مەریخ و هەسارەکانى دیکەدا ، یەک شەقاو
لەگەڵ ئەوروپا و ئەمەریکادا ناتواین هەنگاو بنێین .... چونکە بەکوردى
پەتى ئێمە زۆر دواکەوتووین !
بە قەولى دکتۆری گەورەى عێراقى : عەلى وەردى : ئێمە لە بەربەرییەت و
بیاباندا دەژین و کەچی داواى بە مەدەنیبوون دەکەین ....! ئێستا ئێمەش
لە هەمان بەزم و ڕەزمدا دەگوزەرێین و لەگەڵ ساڵانى شەست و حەفتاکانى
سەروەختى عەلى وەردیدا زۆرمان نەبڕیوە لە گۆڕان و وەرچەرخان ....!
با بێینەوە سەر باسی نێر و مێی کورد ، کە وەکو ئاگر و بەنزین لێکتر
نزیکن .. لە دیدگاى هەر نێرێکى کوردا ، ڕۆحێکى جووداخواز و جوودایی
ڕەگەزیی لە هزر و لە بیرکردنەوە و لە ڕەفتارى نێرى کوردا ئامادەیە ..
بەڵام ئەفسوس زۆرینەى ئەو زەمینسازییە و ئەو خوڵقاندن و سازاندنەش ،
ژنى کورد ، دایکى کورد دروستکەرییەتى .. بەداخەوە ئەوە ڕاستییەکى زۆر
جەرگبڕە کە هەموو دایکێک خۆى ئەو ڕەنگە دەڕێژێت و ئەو ڕۆحییەتە لاى
نێرى مێردى یان نێرى کوڕی خۆى دەچێنێت کە پێویستە کوڕ زاڵ بێت و کچیش
چەماوە ، مێرد سەنتەر بێت و خۆیشی پەراوێز .. ئەگەر نا ئەو مێیە سزا
دەدرێت و شاربەدەر دەکرێت ..!! کەچی پیاو و ژنى کورد ڕچەشکێن و سنوور
بەزێن و وەرچەرخێنەر نەبوون .. تا بتوانن لە مێژوودا ئەو ڕۆڵە گرنگە
تۆمار بکەن وهاوشێوەى ژان دارک و ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ و سپینۆزا و ئەندێرا
گاندى و قاسم ئەمین بتوانن ئازادى و سەربەستى بۆ مرۆڤى کورد دەستەبەر
بکەن و لە ڕەگەزپەرستى قووتاریبکەن ....!!
(٢)
بەڵام تەوەری گرنگى ئێمە ، لە ئێستاوە دەتوانین لەسەری بدوێین و بزانین
ئاخۆ بۆچی مینبەرى گفتوگۆى نێوان ژن و مێرد
، یان نێر و مێی کورد نەسازاوە ...!؟
کۆمەڵگاى کوردى بە گشتى زەمینەى بۆ گفتوگۆو ئاخاوتن و دیالۆگی نێوان
تاکەکانى نەسازاندووە ..هەموو شتێک بڕیوە و بڕاوەتەوە .. هەموو شتێک
بەر لە دروسیبوونى مرۆڤى کورد تەواو خەمڵیوە و پێویست بە گفتوگۆو
قسەلەسەرکردن ناکات ..مرۆڤـــــ موسەییرە نەک موخەییر ، بەواتاى ئەوەى
کە مرۆڤ دەستەویەخە و لاوازە بەرانبەر بە سروشت و کۆمەڵگاکەى ..
ناتوانێت دەستکارى هیچ بکات و بیگۆڕێت .. تاکێکى بێئیرادەو بێهێزە ..
نێر کۆیلەى دابونەریت و نۆرمى کۆمەڵایەتییە .. ژنیش سێبەرى ئەو
کۆیلەیەیە کە پێی دەڵێن نێر .. پیاوى کورد خۆى چەوساوە و زەلیلى دەست
سروشتى کردگار و خوڵقاوى دونیا و کۆمەڵگایە ، ئیدى چۆن و بە چ میتۆدێک
دەتوانێت لەگەڵ مێی سێبەردا ئاخاوتن بسازێنێت .. !!
(٣)
سەردەمانێکی زۆر ئەم سیستمى پێکەوە ژیانەی نێوان نێرو مێ ، نێوان ژن و
مێرد لە ئارادا بووە .. بەڵام ساڵانێکە و بەهۆى باهۆزى جیهانگیرى و
مۆدێرنیتەوە ، ژنیش چووە دەرەوەى چوارچێوەى ماڵ و شانبەشانى پیاو کەوتە
کارکردن و چووە بەر خوێندن ..ژنیش کەوتە قسە و ئاخاوتن ... ژنیش لە
بوارى نیشتمانپەروەری و سیاسەتدا تێکۆشا و خەباتیکرد ، ئەمەش قۆناغێکى
زۆر گرنگبوو بۆ ژنى کورد و ئازادبوونى ، بەڵام لە ڕاستیدا هێشتا
سەرەتایە و کۆت و بەندەکان ، کۆسپەکان ، ئاستەنگە کەلتوورى و ئاینى و
کۆمەڵایەتییەکان زۆر کاریگەرترن لەو گۆڕانە ئابوورییە خاوو سستەى کە
ئەم دەڤەرەى گرتۆتەوە ....لە ڕاستیدا قەیرانى سیاسی و شەڕەوشۆڕ و
هەلومەرجى سیاسی و گۆڕانکارییەکانى بەسەر ئەم هەرێمەدا هاتوون ، کێشەى
دەستوورى و یاسایی و ئیدارە و بەڕێوەبردنى فەراهەمکردووە .. کە ئەوانە
ناڕاستەوخۆ و بە هێمنى لە پێکهاتە و بونیادى کەسێتى تاکى کوردا
دەمێننەوە .... !!
تاکى کورد (بە پیاو و ژنییەوە) کەمتر ئامادەیە گفتوگۆ سازبدات ..تاکى
کورد بە شێوەیەکى گشتى تاکێکى ڕەمەکی – غەریزییە : بەو مانایەى کەمتر
ڕەگەز و کەرەستەکانى مەدەنییەت و شارستانییەتى تیادا ئامادەیە .. ژن و
مێرد پێش هەموو شتێک پێویستیان بە کەشوهەواى دیمۆکراسی و مەدەنیی هەیە
.. چونکە ئەم دوو چەمکە خوڵقێنەرى تاک و تاکگەرایین .. ماف و ڕێزى تاک
لە نێو کۆمەڵى مەدەنى و دیمۆکراسیدا پارێزراوە .. جوودایی ڕەگەزیی لەو
دوو تەرزە کۆمەڵگایەدا سڕدراونەتەوە و بێهێز و پەراوێزکراون و خراونەتە
نێو مۆزەخانەوە .. نێر و مێ دوو بونەوەرى تەواوکەرى یەکترین و
هەردووکیان هاوسەنگ و هاوتان و مافیان هاوبەشە و هاووڵاتى پلە یەکن ..
!!
(۴)
هێشتاکە زۆرى ماوە پردى ئاخاوتن و گفتوگۆى نێوان ئەم دوو ڕەگەزە جوودا
و ناهاوتایە پێک بێت ، لە واقیعدا هەنووکە ڕەوشی خێزانى کورد لەوپەڕی
تەنگژەدایە .... چونکە پێوەرە سەرەکییەکانى پێکەوە ژیان تێکچووە ..
بونەوەرى کورد تاکێکى ڕەمەکى و غەریزییە زیاتر لەوەى کە مەعریفى و
مەدەنیی بێت ..
خۆشەویستى و کۆڵەکەکانى لە داهێزران و لە هەرەسدان .. ڕق و کینە
بەرەبەرکانێی دەکەن ، ڕۆمانسییەت لە ئاوابووندایە .. پیاسە و ڕۆیشتن و
فڕینى دوورى دەم دەریا و نێو ئامێزى چیا سەرکەشەکانی ئەم دوو مەخلووقە
جوانە ( واتا نێر و مێ ، یان ژن و مێرد ) لەم گووزەرەدا بەدیناکرێن ..تریفەى
چەمکى خۆبەخشین و قوربانى و دڵسۆزى و ئەشق و موحیببەت کوژاونەتەوە ..
ئەم ڕۆژگارە زۆر تاڵ و ترشە ..ڕۆژگارى بەرزبوونەوەى ئاپارتمان و بینا
ناشرینەکانە بە ڕووى ئاسماندا بۆیە ئاسمانیش لێڵە و تەپوتۆز دونیاى
تەنییوە...!! هەتا ئەو ئاپارتمانە نەگریسانە بچن بەگژ هەورەکاندا ،
ژیان و ماناکانى واتاى خۆیان لەدەست دەدەن .. جیاوازى نێوان مرۆڤەکان
زیاتر دەبێت ..!!!!
بەڵام دواى ئەم قۆناغە گۆڕان ڕوودەدات و پێوەرە سەرەکییەکان دەگەڕێنەوە
... ئەوروپاش ئەم قۆناغە نەگریسەى دیووە .. ئەودەمەش : خۆشەویستى و
لێکبووردن و کەلتوورى پێکەوە ژیان چیدیکە لە تەنگژەدا نابن ..
بەرژەوەندى جێ بە هەموو شتێک لەق ناکات .. شەڕانگێزى و تووڕەیی شوێنى
گفتوگۆ و ئاخاوتن ناگرنەوە .. جیاوازى نێوان ژن و پیاو بەو شێوەیە
پڕووکێنەر نابێت .. تاکى کورد ئەوەندە غەریزى و هەڕەمەکى و کاڵفام
ناگوزەرێت .. کە تواناى گۆڕان و سنوور بەزاندنى نەبێت .. کە تواناى
زەمینە سازى بۆ ئاخاوتن و گفتۆگۆ نەبێت .. کە تواناى ئەوەى نەبێت ببێتە
مرۆڤێکى مەدەنى و شارستانیی ..!!
لە ئەوروپای دێرینیشدا ئەو دەمەى کە تەنیا قەشەکان و ئاغاکان
قسەیاندەکرد ، ئاخاوتن و دیالۆگى نێوان نێر و مێ ، نێوان گەورەو بچووک
، نێوان باوک و کوڕ ، نێوان دایک و کچ هەر ئاوەها لە قەیران و تەنگژەدا
پەنگى خواردبۆوە ، بەڵام شۆڕشی زانستى و مەعریفى و تەکنۆلۆژى ئەو
ڕەوشەى قڵپکردەوە و ئەو وەرچەرخانەى دروستکرد ، کە بۆ مرۆڤایەتى بووە
بە وانە و لابۆر ......!
* حەمەى
ئەحمەد رەسوڵ: توێژەرى کۆمەڵایەتى
|