١٠\٦\٢٠١٥ دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم لە شیعری ''قانع''دا.
لەو سەردەمانەدا، بە ھۆی دواکەوتوویی کۆمەڵگەو نەبوونی ھوشیاری کۆمەڵایەتی تاکەکان و کرانەوەی ھزری و نەبوونی ھیچ نێوەندێکی خوێندن و پەروەردە، شاعیرانی کورد لە پاڵ ئەزموونی نووسینی شیعرەوە، ڕۆڵی ھوشیارکردنەوەی کۆمەلگاو ھەوڵدان بۆ ڕۆشنبیربوون و ھوشیاربوونەوەی تاکەکانیشیان بینیوە. بەو پێیەی ھەموو دیاردە کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییە دواکەوتووەکانی سەردەمی خۆیان، لە شیعردا بەرجەستە کردوە.لەو ڕوانگەیەوە یە کێ لە گوتارە سەرەکییەکانی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، باسکردنە لە دیاردەکانی ژیان. بەتایبەتیش ئەوانەی دەبنە بەر بەست لە بەرەو پێشەوە چوون و گەشەکردنی کۆمەلگە. بابەتەکانی ئەو سەردەمە لە شیعری کوردیدا، بابەتی کۆمەڵایەتین بە شێوەیەکی سەرەکی. ھەموو ئەو بابەت و دیاردانەش، لە پەراوێزی ژیانی ئەو کاتەوە نیشاندراون. واتە چ دیاردەیەک بوونی ھەبێت، ئەوە ڕەنگیداوەتەوە. بۆنموونە: لەبەر ئەوەی نەخوێندەواری، لەو کاتەدا دیار دەیەکی بڵاو بوەو خوێندن وەک ئێستا نەبووە، شاعیرانی ئەو قۆناغە زۆربەیان لە شیعرەکانیاندا، باس لە خوێندن و خوێندەواری و قوتابخانە دەکەن. بە شیعر ھانی کۆمەڵگە دەدەن، مناڵەکانیان بەرنە بەر خوێندن و خوێندەواریان بە ڕێگە چارەی دەیان پەتای کۆمەڵایەتی و ھزری سەردەم زانیوە.یاخود ھەژاری و ڕەنگدانەوەی جیاوازی چینایەتی و ستەمەکانی ئاغاو زاڵبوونی ھزری دەرەبەگایەتی و چەندین پرس و بابەتی دیکەی کۆمەڵایەتی، لە روخسارە ھەرە دیارەکانی شیعری کوردین، لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا. کەواتە لە پەراوێزی خوێنەوەی گوتار و ناوەڕۆکی ئەو شیعرانە،دەشێ لە دیاردەکانی ئەو سەردەمەوە، ڕادەی ھوشیاری کۆمەڵگەو پێشکەوتنی ھزری مرۆڤەکان بگەین. چونکە بێگومان دەقی ئەدەبی، ئەگەر بەرھەمی ھزر و بیرکردنەوەی شاعیر و دنیابینی ئەو بێت بۆ ژیان و دەور وبەر، ئەوا نابێ ئەوەمان بیر بچێت، کە دواجار شاعیریش لە ژێر کاریگەریەتی واقیعی سەردەم دایەو ھەموو ڕووداوەکان، ڕەنگدانەوەیان دەبێت بە سەر ھزریەوە. دواجاریش ھەر ئەو ڕەنگدانەوەیە، لە گوتار و ناوەڕۆکی شیعرەکاندا، بەرجەستە دەبێت. بێگومان ڕەنگدانەوەی ئاکارە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم لە شیعری شاعیرانی ئێمەدا، ھەر تەنھا بابەت و ناوەڕۆکێکی شیعری نییە، بەڵکو پە یامێکیشە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە ھوشیار بێتەوەو دیاردە دواکەوتووەکانی سەردەم جێبێڵێت. بەمەبەستی پێشکەوتنی زیاتر و کرانەوەی زیاتری کۆمەلگە.
کەواتە ئەو دیدە ڕەخنەییەی شاعیرانی کورد، بەرامبەر بە ژیان و دەور وبەر و کۆمەڵگە لە سەردەمی خۆیاندا ھەیانبووە، دەشێ بە سەرەتاکانی کارکردن بۆ بونیادنانی ھوشیاریەکی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی دابنێین لای تاکی کورد. وەک چۆن بەر لەو قۆناعەی شیعری کوردیش ھەستی پێدەکەین. شاعیر کەسێکی دابڕاو نەبووە لە کۆمەڵگەو واقیعی ژیانی سەردەم، بە ڵکو کەوتۆتە ژێر کاریگەریەتیان و ھەوڵیداوە بە شیعر، ڕەخنەی نەریتە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگەو، ئەقڵی داخراوی تاکەکان بکات. بەمەبەستی ھوشیار کردنەوە بەرەو ژیانێکی پێشکەوتووتر وباشتر. بۆنموونە: بە شێکی زۆر لە شیعرەکانی(قانع) ڕەنگدانەوەی ململانێی چینایەتی ژیانی پاڵەو کرێکاران و ستەمی ئاغاو دەرەبەگەکانە. چونکە سەردەمی شاعیر، ئەو ئاکارە کۆمەڵایەتییە بوونی ھەبووە. واتە ئاغاو دەرەبەگەکان، ستەمیان لە جووتیار و چینی چەو ساوەو ھەژاران دەکرد.
ئەو شیعرانەی قانع، لە ژێر کاریگەریەتی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە نووسیوینی، دوو ئامانجی سەرەکییان ھەیە. یەکەمیان، ڕەخنە گرتن و بەرپەرچدانەوەی ئەو ئەقڵە کوێخاو دەرە بە گیەی کە بڕوای بە چەوسانەوەی مرۆڤ و جیاوازی چینایەتی ھەیە، دووەمیان، ھوشیارکردنەوەی تاکەکانە لە ڕەفتار و ئەقڵی خێڵەکیانەی ئەو چەوسێنەرانە،تاکو داوای ژیانێکی باشتر و مافە ڕەواکانی خۆیان بکەن. بێگومان، پەیامی کۆمەڵایەتی وئاکاری کۆمەڵایەتی سەردەم، یە کێکە لەو بابەتانەی ھەمیشە، ڕەنگدانەوەی لە دووتوێی گوتاری شیعری کوردی ھەبووە. بە تایبەتیش لەو قۆناغانەی کە تیایدا کۆمەڵگای کوردی لە ڕووی ھزری و فەرھەنگییەوە، ھوشیار نەبۆتەوە. ئیدی لە دەرەنجامی کرانەوەی زیاتر و پێشکەوتنەکانی زیاتری ژیان، ئەو گوتارە، لە ناوەڕۆکی شیعری کوردی تاڕادەیەکی زۆر، کاڵدەبێتەوە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، کە ئیدی پەیام و گوتاری ئەو شیعرانە، تەنھا بۆ سەردەمی خۆیانە. بە پێچەوانەوە ڕەنگە لە ئێستادا، بە شێک لەو ئاکارە کۆمەڵایەتیانەی شاعیرانی ئێمە ڕەخنەیان لێگرتووە(بۆنموونە وەک نەبوونی یەکسانی نێوان نێر و مێ ). تا کو ئێستاش بوونیان مابێت، بەڵام بە شێوەیەکی تر. واتە گەرچی ڕەخنەگرتنی شاعیرانی ئێمە، بۆ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی سەردەم پەیوەستە بەو زەمەن وشوێنەی شاعیر تیایدا ژیاوە. بەڵام زۆر جار لە نێوان ئەو ڕەخنە کردنەو ئاکارە کۆمەڵایەتیەکانی سەردەم، پەیوەستبوونێک ھەیە. بۆیە شاعیرێک کاتێ باسی چەوساوەیی ڕەگەزی مێ دەکات، ئەوا نابێ ئەوەمان بیر بچێت،کە ئێستاش لە کۆمەلگەی کوردیدا، ڕەگەزی مێ بەبەراورد لە گەڵ ڕەگەزەکەی تر، لە زۆرماف بێبەشەو چەوساوەیە. لێرەوەش ئەو پەیامە کۆمەڵایەتیەی شیعر ھەڵگریەتی ھەر تەنھا پەیوەست نییە بە قۆناغێک و زەمەنێک بەڵکو دەشێ گوزارشت بێت لە ئاکارێکی کۆمەڵایەتی سەردەم، کە ئێستاش بوونی ھەبێت. لەوڕوانگەیەوە.
قانع یە کێکە لە شاعیرە دیارەکانی ئێمە،کە ھەوڵًیداوە لە دنیابینی شیعریانەی خۆی،ڕەخنەی ئاکارو دیاردە نەشیاوەکانی کۆمەلگە بکات، بە تایبەتیش لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە.قانع بە دیدگایەکی ڕەخنەیی بۆ ژیان و دەوروبەر، لە بە شێکی شیعرەکانیدا، ڕەخنەی ھەموو ئەو نۆڕمە کۆمەڵایەتیانە دەکات، کەوەک بەربەستێکن لە بەردەم پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگا.ھەژاری و ھەوڵدان و بۆ یەکسانی نێوان مرۆڤەکان و ڕەخنە گرتنی جیاوازی چینایەتی و نەخوێندەواری وپەروەردەو نەبوونی زانست و زانیاری و چەندین بابەتی دیکەش،بەشێکن لەو ئاکارە کۆمەڵایەتیەی سەردەم، کە لە شیعری شاعیرانی ئێمەدا، بوونیان ھەیە. بێگومان خودی ئەو دیاردانە، لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو کاتدا، ھەبوونە. بۆیەشە کاریگەریەتیان لە دنیابینی شاعیرانی ئێمە داناوەو، دواتریش وەک گوتارێک لە شیعرەکانیاندا، ڕەنگیداوەتەوە.لەم ڕوانگەیەوە، قانع یەکێکە لەو شاعیرانەی، کەلە بەشێکی شیعرەکانیدا، ھەوڵی ڕەخنە کردن و نیشاندانی بە شێک لەو دیاردە کۆمەڵایەتیانەی داوە. بۆنموونە: لە کۆپڵە شیعرێکدا دەڵێت:
کەواتە چەوسانەوەی مێ، لە سەردەمی شاعیردا، بە شێک بووە لە ئاکاری کۆمەڵایەتی سەردەم. ناشێ شاعیر باس لە دیاردەیەک بکات، کە بوونی نەبووە. بە پێچەوانەوە، ھەموو ئەو دیاردانەی شاعیرانی ئێمە ڕەخنەیان کردوون، لە بنەڕەتدا بوونیان ھەبووە. بۆیەشە لە شیعرەکانیاندا ڕەنگیداوەتەوە. وەک ئەوەی قانع لە ڕێگەی ئەو شیعرەی خۆیەوە، چەوسانەوەی ژن وڕوانینی کۆمەڵگە، بۆ شوناسنامەی ژن وەک مرۆڤێک باسدەکات. بەمەش ئاماژە بە سەردەمێک دەکات کە یەکێک لە ئاکارە کۆمەڵایەتییەکانی، چەوسانەوەی ڕەگەزی مێ بوو. یەکێکی دیکە لەو چەمکانەی، کە لە شیعری قانع دا،زۆرتر لە جارێک دووبارە دەبێتەوە، دیاردەی نۆکەری و خۆ بەکەم زانین وبێگانە پەرستی وسەردانەواندنە بۆ دوژمنان. شاعیر لە چەند شیعرێکی خۆیدا، ڕەخنەی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییەی سەردەم دەکات و مرۆڤی کورد ھوشیار دەکاتەوە لەوەی نەبێتە نۆکەر و کەوا سوری بەرلەشکری دوژمنان. قانع لە ڕێی ئەو شیعرانەوە، پەیامێکی سیاسی و ھوشیاری نەتەوەیی دەداتە تاکەکان، تا بێگانە پەرستی نەکەن و سەربەرزانەو شکۆمەندانە لە ژیان بژین. تەنانەت نەفرەت لە ھەموو ئەوانەش دەکات، کە ھەڵگری ئەو جۆرە خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەن.ھەروەک لە دێڕە شیعرێکدا دەڵێت:
شاعیر ھەرتەنھا ڕەخنە ناگرێت، بە ڵکو ھەوڵی نەمانی ئەو دیاردانەش دەدات. کاتێ سەد ھەزار نەفرەت بۆ نۆکەرەکان دەنێرێت، مرۆڤەکانی دیکەش ھوشیار دەکاتەوە، لەوەی ھەرکەسێک نۆکەری بکات، دەکەوێتە بەر نەفرەتی مێژوو نەتەوە. بۆیە دەبێ مرۆڤەکان سەبەرزانەو شکۆمەندانە بژین و ناسنامەو شوناسی خۆیان بپارێزن، نەک خزمەتی ئەغیار بکەن و بکەونە دوای بێگانەو دوژمنانی کورد. ئەو پەیامە کۆمەڵایەتییەی لە بەشێکی شیعرەکانی قانع دەکەوێتە بەرچاو،ڕەنگدانەوەی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانەیە، کە لە سەردەمی شاعیر بوونیان ھەبووە. ڕەخنەکردنی ئەو دیاردانە لە شیعردا، گوتاری شیعری لە گوتارێکی ئەدەبی،ھاوکات دەکاتە گوتارێکی کۆمەڵایەتیش، کە ڕەخنەی دیاردەکانی ژیان بە شیعر دەکات.
لێرەوەش شیعر بە تەنیا بۆ خوێنەر، چێژو
جوانی و ئستاتیکای فۆڕم و بابەتی ناوەڕۆک نییە، بەڵکو کەرستەیەکیشە بۆ
ڕەخنە کردنی ژیان.بە ئامانجی پێشەوتن و کرانەوەی زیاتری ژیان.زۆربەی
شاعیرانی ئێمە، قانعیش وەک یە کێک لەو شاعیرانە، لە سەردەمی خۆیاندا،
واقیعی کۆمەلایەتی و پەروەردەیی کۆمەلگایان بینیوەو شرۆڤە کردوە. ئەوان
ھەرتەنھا بە چاوی شاعیرێک، دیاردەکانی ژیانیان نەبینیوە، بەڵکو وەک
کەسێکیش، کە ڕۆلێکی ھوشیار کردنەوە دەبینێت. ئەو شیعرانەی لە ناوەڕۆکدا
ھەڵگری بابەتێکی کۆمەڵایەتین، ڕەنگە لە ئاستی فۆڕم و ناوەڕۆکدا، تێکستی
زۆر بە ھێز نەبن. بەڵام پەیامێکی گەورەی کۆمەڵایەتییان ھەیە، کە تیایدا
خەوشەکانی ژیان و دیاردە نێگەتیڤەکانی کۆمەلگە، دەخەنە ژێر ڕەخنەوە. بە
ئامانجی ڕاستکردنەوەیان. لێرەوەش شیعر ھەر تەنھا، ڕۆڵێکی ئەدەبیانەی
نییە، کە ماناو چێژو جوانی بێت، بەلکو ئەرکی ھوشیارکردنەوەی تاکەکانیشە،
لە دیاردەکانی سەردەم. بۆیە بابەت و ناوەڕۆکی شیعری کوردی لەو
قۆناغانەدا، پەیامێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەییە. کە بێگومان شیعرەکانی
قانع، بە شێکن لەو پە یامە. وەک چۆن لە زۆربەی شیعرەکانی تریشیدا، باس
لە جیاوازی چینایەتی و دەوڵەمەندی و ھەژاری دەکات و باس لە ژیانێکی
دادپەروەرانە دەکات. ژیانێک کە مرۆڤەکان وەک یەک و ھاوشێوەی یە کتری
تیادا بژین ئەمەش یەکێکە لەو دیدگا مرۆڤدۆستییانەی، کە شیعری قانعی
پێدەناسرێتەوە...
|