په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دیاردەى هاوردنى کرێکارى بیانى زەروورەتە یان چاولێکەرى
گەڕان بەدواى نان یان چەوسانەوە؟!


راپۆرت / محەمەدى مشیر


رەنگە یەکێ لە کارەساتە ئابوورییە هەرە مەزنەکانى هەر وڵاتێک ئەوە بێت کە دەسەڵاتدار و کارگوزارانى نەزانن چۆن سامانى گشتى ئەو وڵاتە بپارێزن یان بە هۆى نەشارەزایى لە بوارى بەڕێوەبردن و پلاندانانى ئابووریدا سامان و دارایى نیشتمانێک بەفیڕۆبدەن یان زیانى پێبگەیەنن. سەرمایەى نەختینە یەکێکە لە سەرچاوە هەرەگرنگەکانى ئابووری هەر وڵاتێک کە پێویستە لە رێگەى پلانى ئابوورى وردو زانستیدا رێگە و شێوازەکانى چۆنیەتى خەرجکردن و بەکارهێنانى لە پێناو گەشەپێدانى ئابوورى وڵات و بەختەوەرى مرۆڤەکانى دیاریبکرێت نەک ڕەمەکیانە لە بەرژەوەندى مشتێک سەرمایەدار و کۆمپانیادا وەگەڕبخرێت. لە لاپەڕە 3 ى ژمارە 774ى رێگاى کوردستان دا راپۆرتێک لەمەڕ دیاردەى هاوردنى کرێکارى بیانی لە لایەن کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەتەوە بڵاوکرایەوە کە تێیدا پتر لە تەوەرێکى گرتبووەخۆ، لەوانەش ماوەى گرێبەستى نێوان کرێکارانى بیانى و کۆمپانیاکان و جۆرى ئەو خزمەتگوزارییانەى پێشکەش بە کرێکاران دەکرێن و جیاوازى فراوانى نێوان رێژەى ئەو کرێیەى بە کرێکار دەدرێ لە گەڵ بەهاى راستەقینەى گرێبەستەکان کە راشکاوانە پەردە لە رووى ئەو چەوسانەوەیە لادەدەن کە کرێکارانى بیانى دووچارى دەبن. لە کۆى تەوەرەکانى ئەم راپۆرتەدا رەنگە کۆمەڵێک پرسیار خۆیان بسەپێنن لەوانەش:


 

ئایا هاوردنى کرێکارى بیانى زەروورەتە یان چاولێکەرى؟! ئایا بڕى راستەقینەى ئەو پارەیەى کۆمپانیاکە وەریدەگرێت بدرێت بە هەر کرێکارێکى کوردستانى ئامادەنابێ هەمان کار ئەنجام بدات کە کرێکارە بیانییەکە پێى هەڵدەستێ؟ ئایا لایەنى پەیوەندیدار لە حکومەتى هەرێم سەرنجى ئەوە نادات کە هاوردنى کرێکارى بیانى بەو شێوە رەمەکییەى ئێستا زیان بە سامانى گشتى گەلى کوردستان دەگەیەنێت؟ ئایا لە کوردستاندا کرێکارى هاوپیشەمان نییە تا هەمان ئەو خزمەتگوزارییانە پێشکەش بکات؟ ئایا بازاڕى کارى کوردستان پێویستى بە هاوردنى کرێکارى کەرتەکانى خزمەتگوزارى هەیە یان تەکنیکى؟ ئایا ئەو کۆمپانیانەى بێ مۆڵەت کرێکارى بیانییان هێناوەتە کوردستان سزاى یاسایى دراون؟ ئایا ئەو دیاردەیە ناکەوێتە خانەى دیاردەى قێزەوەنى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە؟ ئایا بەرفراوانبوونى ئەو دیاردەیە کاریگەرى خراپى نابێت لە سەر دۆخى سیاسى ئێستاى کوردستان و ئەزموونەکەى؟


بە پێى راپۆرتەکەى هەفتەى رابردووى رێگاى کوردستان وەڵامى ئەو پرسیارانە و چەندى دیکەش رۆشنن و چەند راستیەک دەسەلمێنن کە دەکرێ بەم شێوەى خوارەوە بیانخەینەڕوو:


یەکەم : دیاردەى هاوردنى کرێکارى بیانى چاولێکەرییەکى ڕەمەکییانەى سەقەتە نەوەکو پێویستیەکى ئابوورى.


دووەم: بڕى ئەو پارەیەى کۆمپانیا بە پێى گرێبەستەکان لە جیاتى کرێى هەر کرێکارێکى بیانى وەریدەگرێت لە لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم بدرێتە هەر کرێکارێکى کوردستانى زۆر باشتر هەمان ئەو کارانە ئەنجام دەدات کە کرێکارى بیانى لە کەرتە خزمەتگوزارییەکاندا ئەنجامى دەدەن، دواتر سەرمایەى نەختینەى کوردستانیش دەگەڕێتەوە نێو بازاڕەکانى ناوخۆ و دەیانبووژێنێتەوە نەوەکو بچێتە بازاڕەکانى دەرەوە.


سێیەم: بە پێى ئەو زانیارییانەى لە راپۆرتەکەدا خرابوونەڕوو هەندێ کۆمپانیا مانگانە بڕى 600 دۆلار لە برى کارى هەر کرێکارێکى بیانى وەردەگرێت کەچى تەنها 200 دۆلار دەداتە کرێکارەکە و باقى پارەکەش گوایە لەبرى کرێى نیشتەجێکردن و خواردن و سووتەمەنى و خەرجى تەندروستى لە لایەن کۆمپانیاکەوە گلدەدرێتەوە.


چوارەم: جۆرى گرێبەستەکان ئەوە رووندەکەنەوە کە بەفیڕۆدانێکى ئاشکراى سەرمایەى نیشتمانى لە ئارادایە و لە بەرامبەریشدا تەنها کۆمپانیاکان سوودمەندن.


پێنجەم: هاوردنى کرێکارى بیانى کێبڕکێ لە گەڵ کرێکارانى ناوخۆ دروست دەکات، کە دەرەنجام دەستى کارى هەرزان (کرێکارى بیانى) ململانێکە دەباتەوە و ژمارەیەکى زۆرترى کرێکارى کوردستانیش دەچنە رێزى بێکارانەوە.کە ئەمەش کۆمەڵى قەیرانى دیکەى کۆمەڵایەتى و بژێوى لێدەکەوێتەوە.


شەشەم: بە پێى راپۆرتى ناوبراو کۆمپانیاکان خۆیان لە کۆمەڵێک لایەنى یاسایى و مۆڕاڵى دەدزنەوە و هەندێکیشیان تەنانەت لە ناردنەوەى کرێکارەکانیش بۆ ئەو شوێنەى کە لێیهاتوون بەرپرس نین، ئەمەش هۆکارێکە بۆ دروستبوون و قوتبوونەوەى هەندێ کێشەى پەیوەست بە ئاسایش و نیشتەجێکردن .

 


سەربارى هەموو ئەو خاڵانەى لە سەرەوەدا ئاماژەیان بۆکرا دواى سەردانى شوێنى کۆمەڵێک لەو کرێکارە بەنگلادیشیانەى لە رێگەى کۆمپانیاى( جەنائن)ەوە هاتوونەتە کوردستان و لە گەڕەکى (س) نیشتەجێکراون بە دیارکەوت کە ئەو شوێنەى ئەوانى تێدا دەژى شیاوى ژیانى مرۆڤ نییە و کەمترین مەرجى تەندروستیشى تێدا بەدیناکرێت، بە جۆرێک کە نزیکەى 28 کرێکار لەوێدا ژیان بەسەر دەبەن و لە جیاتى رایەخ بەتانییەیان فەرشکردووە، ئەمە جگە لەوەى کە کارێکى دژە مرۆڤانەیە هاوکات ئەوپەڕى دڵڕەقى کۆمپانیاکانیش نیشاندەدات کە چۆن بۆ هەرچى زیاترى قازانجى خۆیان بەم شێوەیە رەفتار لە گەڵ کرێکارەکاندا دەکەن و لە جیاتى دابینکردنى ئەو جۆرە خزمەتگوزاریانەش مانگانە بڕى 400 دۆلار لە هەر یەکێکیان دەگێڕنەوە. هەر لەو شوێنەدا کە بۆنى گەنیوى سروشتى دڕندانەى سەرمایەدارى لێدێت، نایەکسانى و نەبوونى دادپەروەرى کۆمەڵایەتى دوو جەستەى سارد و هێز لەبەربڕاون و کەسێ نییە فریایان کەوێ و بپرسێ ئاخۆ ئەم رەوتە تەماوی و ناسروشتییەى کرێکارانى بیانى کەى کۆتایى پێدێت و چ لایەنێکى پەیوەندیدار لە حکومەتى هەرێمدا بەر لەم دیاردە دزێوە دەگرێت؟

چەند بەڵگەنامەیەک کێشەى نێوان کرێکارانى بیانى و کۆمپانیاکان ئاشکرا دەکەن:

بە پێى هەندێ بەڵگەنامە کە وێنەیان بەردەستى (رێگاى کوردستان) کەوتووە هەندێ کرێکارى بیانى بۆ دابینکردنى مافەکانیان سکاڵایان بۆ وەزارەتى مافى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان بەرزکردۆتەوە، لە دەقى سکاڵاکان رۆشندەبێتەوە کە کرێکارى بیانى وەک هەر کاڵایەکى دیکەى بازاڕ لە لایەن کۆمپانیا تایبەتەکانەوە کڕین و فرۆشتنیان پێدەکرێت و هەندێ لەوانیش بەرامبەر بە 200 دۆلارى مانگانە لەلایەن کۆمپانیاى بکڕەوە رۆژانە 15 تا 18 کاتژمێر کاریان پێدەکرێت ،هەندێکى دیکەش بەرامبەر بە مانگانەى 150 دۆلار،رۆژانە 12 کاتژمێر کاردەکەن،بەشێکیشیان لە وادەى خۆى کرێیان نادرێتێ یان کۆمپانیاکە لەدانى مافەکانیان خۆپارێزى دەکا، کە ئەمەش پێشلکردنى ئاشکراى یاسا نیشتمانى و نێودەوڵەتییەکانى کارە کە ماوەى کارى بە 8 کاتژمێر لە رۆژێکدا تەرخانکردووە. هەروەک لە سکاڵاکانیاندا هاتووە دەرەنجامى ئەو جۆرە رەفتارەى کۆمپانیاکان ناچاربوون سکاڵا لە دژى خاوەن کۆمپانیاکان بەرزکەنەوە بەڵکو لە رێگەى دادگاى کارەوە بەشێوەیەکى یاسایى چارەسەرى کێشەکانیان بکەن و بڕواننە داواکانیان.
بەپێى بەڵگەنامەکان ئەمە لایەکى کێشەکەیە، لایەکەى دى ئەوەیە کە خاوەن کۆمپانیاکانیش دواى ئاگادارکردنەوەیان لە لایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمەوە گلەیى زۆریان لەو کرێکارە بیانیانە هەبووە کە سکاڵایان تۆمارکردووە،ئەوان لەو باوەڕەدان کە مافى کرێکارەکانیان زیادتر لە بڕى گرێبەستەکانیان داوە و تەنانەت یەکێکیان لەکاتى بەدواداچوونى کێشەکەدا گوتویەتى:" سلفەم پێداون تا لە وڵاتى خۆیان خانوو بکڕن کە هیچ خاوەن کارێک ئەم جۆرە یارمەتییەى کرێکارى نەداوە". یەکێکى دیکەیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانى راگەیاندووە کە" دوو بەقەد ئەو گرێبەستەى لە گەڵیانى مۆرکردووە پارەیان پێدەدات"، سەربارى ئەمانەش زۆربەى ئەو خاوەن کۆمپانیانەى پەیوەندیان بە سکاڵاکانەوە هەبووە لەڕووى رەوشتەکییەوە گلەییان لە کرێکارەکان هەبووە و رایانگەیاندووە کە کارى ناڕەوشتەکى و دزیان کردووە.