|
١٣\٧\٢٠٢٦
دیاردەی قێزەونی
تیرۆری کەسایەتی و سووکایەتی پێکردن.

فەریق مەحموود
مەترسیدارترین ئاست ئەگەرهەر وڵات و هەرێم و ناوچەیەك بیگاتێ، ئەو
کاتەیە کە دەسەڵات مافی تاکە کەسی هاوڵاتییەکان بە قێزەونترین شێوە
پێشێل بکات و ڕەواج بە کارەکەی خۆی بدات و بە شێوەیەکی فەرمی رەوایی پێ
بدات و بگرە بودجەیەکی زەبەلاحی داهاتی هاوڵاتیانی بۆ خەرج بکات،
هەزاران ئامێری پێشکەوتوی گرانبەهاو کامێرای سیخوڕیکردن و ماشێنی
دوامۆدێل و بەکارهێنانی چینێکی زۆرو جۆراوجۆری خەڵك لە پێناو بە ئەنجام
گەیاندنی ئەو کارە نامرۆڤانەو نایاساییانەدا تەرخان بکات. ئەمەش تەنیا
لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا پەرە دەسەنێت، کە ئاستی خەڵك لەو ڕادەیەدا
نییە کە لە پیلانەکە تێ بگەن و هۆکارەکان بخوێننەوە نەك بەرەنجامەکان،
دەستە ڕاستەقینەکانی پشت ئەو کارە ناشرین و نایاسیی و پڕوپاگەندەو
تۆهمەت و سیناریۆیانە کەشف بکەن.
پوختەی ئەو هەوڵە تاریك و مەترسیدارانە بریتییە لە دروستکردن و
زەقکردنەوەو هۆنینەوەی بوختان و چیرۆکی قێزەون کە کۆمەڵگا ڕقی لێ
دەبێتەوە دژی کەسانێکی دەرەوەی دەسەڵات، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵی
دۆزینەوەی خاڵی لاوازی کەسایەتی لەو کەسانەدا دەدەن هاوڕایان نین یان
نایانەوێت دەربکەون نەکو زیان لە بەرژەوەندی و مانەوەی زۆرەملێ و
ستەمکارانەی خۆیان بدات، بۆ ئەم مەبەستە سوپایەك لە سیخوڕ و سەدان
کامێرای چاودێری و دەیان هۆکاری جۆراوجۆر بەکار دەهێنن، ئیتر یان بۆ
دروستکردنی بوختان و چیرۆكی هەڵبەستراو یان بۆ تێهەڵکێشکردنی ڕاستی بە
درۆ، پارچەپارچەکردن و لێکدانی وێنەو دەنگ و یان تەنانەت درستکردنی
نووسراو و بەڵگەنامەی ساختە، لە کاتێکدا دەبوو حوکمەت کە دیوی
یاساپارێزی هەموو وڵاتێکە ڕێگر بووایە لە نەکردنی ئەو کارە نەشیاوانە،
لە کاتێکدا ئەوان بەم کارانە کەسایەتی تاکی کورد تیرۆر دەکەن، زۆر
ئازان و شاگەشکە دەبن بەمە وەکو ئەوەی هەر چوار پارچەی کوردستانیان
یەکگرتبێت و دەوڵەتێکی یەکگرتوویان بۆ کورد دامەزراندبێت تەماشا دەکەن.
ئەوانەی دەبنە ئامرازی ئەم کارە ناشرینانە دەبێت دڵنیا بن کە بەشداری
تاوانن و ئەو پارەیەی لەو پێناوەدا وەری دەگرن وەکو چڵکی سەگ وایەو
دەبێتە دەردو بەڵا بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان،ئەوانەی ئەو فرمانەنەش
دەردەکەن هەرگیز وەکو بەرپرسیارێتی پێگەی خۆیان بەکارناهێنن، هەر
لەبنەڕەتیشەوە بە مافی ڕەواو لێهاتوویی و شایستەدارێتی نەگەیشتوونەتە
ئەو پلەو پایەیە، بەڵکو هەر لەسەر ستەم و پاکتاوکردنی نەیاران و
تەنانەت شۆڕشگێڕە راستەقینەکانی کورد لەسەرەتاوە دەستیان بەکارکردووەو
ئێستاش گەشتوونەتە ئەو قۆناغەی کە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای سەردەم
بەکاربهێنن بۆ درێژەدان بەو کارە ناڕەوایانەی کە ئەوانەی دەرەوەی خۆیان
بەو جۆرە ناشرینانە پاکتاو بکەن ، چ لە رووی ماددی یان مەعنەویەوە.
خەمەکە لەوێدایە کە میللەت زۆر بە ئاسانی ئەم سیناریۆیانەی بەسەردا
تێپەڕ دەبێت، لە بری ئەوەی وەکو تاکێکی هۆشیار بەرپەچی ئەو کارە
نایاسایی و شێوازە نامرۆڤایانە ببنەوە، یەکسەر باوەڕ بە پیلانی دەسەڵات
دەکەن و ئەگەر بزانن یان نەزانن، ئەوا بەمە دەچنە سەنگەری دەسەڵاتی
خۆسەپێنی مافیایی کە هیچ ئەرزشێك نە بۆ ئاکار، بە بۆ مافی مرۆڤ، نە بۆ
داب و نەرێتی کوردەواری دانانێت و هەموو میللەت و ئەوانەی لە ڕیزی
حیزبدا نین بە دوژمن تەماشا دەکەن و هەموو ناحەقییەك بەرامبەریان بۆ
خۆیان بە ڕەوا دەبینن. ئەمە ئەوپەڕی سادیزمە لە قۆناغە باڵاکاندا، کە
دەروونناسان ئەو کەسانە بە نەخۆش لە قەلەم دەدەن و دەبێت چارەەسەر
بکرێن، نەك بڕوایان پێ بکرێت و ستایش بکرێن و چەپڵەیان بۆ لێ بدرێت و
سێڵفییان لەگەڵدا بگیرێت.
دەبوو میللەت بپرسێت چۆن و کێ ئەو وێنانەی تۆمار کردووە دژی کەسی
بەئامانج گیراو، بۆ چ مەبەستێك ئەو بابەتە دەهروژێنرێت؟ ئایا کارو خەمی
خەڵك لە بازدان بەسەر ئەو هەموو قەیرانەوە، بۆ سەر ژیانی تایبەتی کەسێك
چڕ دەکرێتەوە؟ وەك ئەوەی سەرانی دەسەڵات زۆر شەریف بن و خەڵك نەزانێت
لە ڤێللاو کۆشك و باخەکانیاندا خەریکی چیین؟ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرەی
ناڕازیی هەرگیز ئەو لاوازییەی خاڵی کەسێتی ئەوان بەکارناهێنێت بۆ
سوکایەتییپێکردنیان، بەڵکو جوامێرانە پەنجە دەخەنە سەر ئەو خاڵانەی کە
بەرەنجامی حوکمی نادادپەروەرو ستەمکارانەیەو چۆن کاریگەریی لە تێکدانی
سەقامگیریی ڕامیاریی و ئابووری و کۆنمەڵایەتیی و داهاتووی نەوەکاندا
بووەو چۆن هەرێم لە قەیرانی کوشندەی یەك لە دوای یەکەوە دەگلێنن و ڕۆژ
بە ڕۆژ ژیانی تاکەکان دەبێتە پارچەیەك تاڵاوی ئازار، ناحەقی و
سوکایەتییکردن و بێکاریی و گرانی ... تەنگ بە میللەت هەڵدەچنێت و
لەولاشەوە چینێکی دابەستەیان بەرداوەتە گیانی خەڵك بۆ سەرکوتکردنیان و
سوکایەتی پێکردنیان و سیخوڕی و جاودێرییکردنیان، میللەتی ڕەش و ڕووتیش
هەستی بێزاربوونینان نەك لە ناسنەمەی کورد بوون، بەڵکو لە مرۆڤبوونی
خۆیان ناشارنەوە کە بەو جۆرە ژیانی پڕ ڕەزاڵەت و دواکەوتوویی بەسەر
دەبەن کە لە بچوکترین مافی ژیان و مرۆڤبوون بێ بەش کراون و لەولاشەوە
چاو بەستیان لێ دەکرێت بۆ بینینی جوانییەکان بە ناشیرین و بینینی
ناشرینییەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێن بە جوانیی، ئاوها کولتوری نەزانین و
سوکایەتی پەرەی پێ دەدرێت و وا لە خەڵك دەگەیەنرێت ئەمە کارێکی ڕاستەو
دەسەڵات دەستۆشی لێ دەکات دەبێت هاولاتیش کۆپی دەسەڵات بکاتەوەو بە
عەقڵی ئەوان بیربکاتەوە، کورد گوتەنی: شەڕ لە بەتاڵی باشترە.
دەبوو ئەوانەی لەو دەزگا سیخوڕیی وسێکتەرە داپڵۆسێنەرانەشدا ئەو کارە
قێزەونانەیان پێ ئەنجام دەدرێت ، کەمێك بیر لە داهاتووی ئەو کارانە
بکەنەوەو هەڵنەخەڵەتێن بەوەی ئێستا دەسەڵات بۆ کارە ترسناکەکان
بەکاریان دەهێنێت و پشتیوانی دارایی و مەعنەویان دەکەن، سبەی هیچ باکی
نییە پاکتاویان بکات و نهێنی کارەکانیان هەڵبماڵێت و خۆی لێیان بێ بەری
بکات، دەبوو بیر بکەنەوە ئەو کارەی دەیکەن دژی گیانی کوردایەتی و
مرۆڤبوونەو هیچ ویژدان و یاساو نەرێتێکی ڕەسەن و ئایینك ڕەوایەتی پێ
نادات، دەبوو بە مشتێ پارەی دزراوی میللەت خۆیان و ویژدانیان نەفرۆشن و
بڕیاری وازهێنانیان لەو کارە بەدانە بهێنایەو بیانزانیایە ئەوە
گەورەترین تاوانە کە دەرحەق تاکی کورد ئەنجام دەدرێت و ڕێ خۆش دەکات بۆ
تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگاو چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکان.
|