په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٠

دز و هەی دز هەی دز!


زانا هەورامی

گەلۆ!


نازانم ئەزانی یان نا، ئەوەندەی دەسەڵًاتدارانی ئێران لە هەڵبژاردنێکی ئازاد دەترسن جنۆکە لە بیسمیللا(بسم‌الله) ناترسێت. هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاریانەوە، لە کاتێکدا کەش و هەوایەکی زۆر گونجاو هەبوو بۆ ئەوان و سەرباری ئەوەی خومەینی خۆی بڕیاری دابوو دەست لە کار و باری هەڵبژاردن وەرنەدات. بەڵام خۆی هاتە مەیدان و وادە و بەڵێنیەکانی خۆی خواردەوە و تەنها پاڵێوراوی هێزە ئازادیخواز و چەپەکانی ئێرانی لە مەیدان بەدەر کرد بە بیانووی ئەوە کە دەنگی نەداوە بە یاسای بنەڕەتی! ئەمەش بوو بە سەرمەشقێک بۆ مەلاکانی دی کە لە ماوەی ئەم 30 ساڵەی رابردوودا، هەڵبژاردن لە مانا بخەن و پیتاندنی دیکتاتۆرییەت لەم وڵاتە سەر بگرێت!

گەلۆ خۆت باش ئەزانیت کە حکومەتی بەعسی رووخاو، بە هێزی دەرەکی رووخا و ئەگینا نەدەڕووخا. ئەوەی ناوی ئۆپۆزیسیۆن بێت لە بەرانبەر بەعسدا هەر نەبوو. لە کورد بەدەر، ئەوانی دی هەر هەموویان دەستکردی وڵاتانی دراوسێ بوون و بە تایبەتیش ئێران، هەندێک تاک و لایەنیش هەبوون کە لە حکومەتی پێشوو دوور کەوتبوونەوە و لە تاڕاوگە وێڵ و سەرگەردان بوون. هەندێک تاک و لایەنیش هەبوون کە خاوەن هیچ پێناسەیەکی نەتەوەیی یان ئایینی نەبوون لە سیخوڕیکردن بۆ ئەم و ئەو بەدەر، کە لە گۆڕەپانی عێراقدا، «ئەحمەد چەلەبی» و «مووەفەق روبەیعی» دیارترینیانن. ئەحمەد چەلەبی بوو کە بە پاڵپشتیکردنی ئێران، زانیاری هەڵەی دا بە ئەمریکا و رۆژئاوای راکێشی جەنگی کەنداو کرد و دواتر دەرکەوت کە ئەم پیاوە چەند درۆزن و مافیایی بووە. هەر ئەم پیاوەشە کە ئێستا وەک سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڕێوەبەر و جێبەجێکاری سیاسەتی ئێرانە بۆ دەستوەردان لە هەڵًبژاردنە چارەنووسسازەکەی عێراق.

گەر لە بیرت بێ گەلۆ،

حکومەت کە بەرەو رووخان چوو، لە ناکاو زۆر تاک و لایەن سەریان هەڵدا و هاتنە مەیدان و لە دەهۆڵی ئوپۆزیسیۆنیان کوتا و خۆیان بۆ دەوڵەتان شیرین کرد! ئەم دیاردەیە لە هەموو پێشهاتە مێژووییەکانی وڵاتاندا هەبووە و شتێکی نامۆ نیە. دواتر وردەوردە جاش و باش لێک جیا دەکرێنەوە و ئەوانەی خاوەن رەگ و ریشە نەبوون، ناڕەسەن بوون، سیس بوون و هەڵوەریون.

گەلۆ باش دەزانیت کە «حەکیم»ەکانی ئەم وڵاتەش، کە خۆیان وەک «ئەنجوومەنی باڵای شۆإڕشی ئیسلامی» دەردەخەن، هەر لە سەرەتاوە «ئۆپۆزیسیۆن» نەبوون و یەکەم سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیان «شاهروودی» بوو کە خۆی یەکێکە لە مەلا ئێرانیەکانی دەسەڵاتدار لەم وڵاتە و پێڕەو و پرۆگرامی ئەنجووومەنەکەشیان، بە ئەمری رۆحۆڵڵا خومەینی، «عەلی خامنەیی» خۆی نووسیویەتی. «سوپای 9ی بەدر»یش بە پاسدارێکی ئێرانی لە دایک بوو بە ناوی «دەقایقی»!

داخەکەم گەلو!

ئێستاکە ئەمجۆرە کەسانە بوونەتە «کاربەدەست» و «دەسەڵاتدار» لە عێراق و هەڕەشە لەم و لەو دەکەن و بە ئاشکرا پێڕەوی سیاسەتەکانی ئێران دەکەن. بۆ نموونە لە کاتێکدا کەس نیە حاشا لە دەستوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق بکات، نوری مالیکی، بە ئاشکرا حاشا لەم راستیە دەکات و دەڵێت «ئێران دەست لە کاروباری عێراق وەرنادات!».

گەلۆ، چاوەکەم، بڕوانە بێًچووە ئەژدیهاکی فۆنتەمێنتالیزمی ئیسلامی چۆن دەهۆڵی دیکتاتۆرییەت ئەژەنێ و لەبیری کردووە کە ئەمریکای خۆی هێنایە سەر کار. لە بیری کردووە کە هەتا دوێنێ لە ریزی هێزی تیرۆریستی قودسی سوپای پاسداراندا بووە و ئاڵقەی ویلایەتی فەقیهی لە گوێدا بووە و ئێستاش بووەتە سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە! ئایا هەق نیە گوێی ئەم پیاوە بگرن و بیخەنە بەردەم دادگاییەکی نێودەوڵەتی. چونکە ئەم پیاوە ئەوەندە لە خۆی بایی بووە کە گوایا «فریشتە»یە و هەمووان دەبێ کڕنۆشی بۆ بەرن!

گەلۆ،

رۆژانی بەر لە هەڵبژاردنەکەی عێراق ئەوەی جێی سەرنجی هەمووان بوو، هەڵوێست و شێوازی مامەڵەکردنی قەوارە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە بوو کە نیگەرانیەکی زۆریشی لێکەوتەوە. نیگەرانیەکە لەسەر ئەگەری ساختەکاری بوو کە بە گوتەی زۆر لایەنی عێًراقی و بیانی، ئێران خۆی ئامادەکردبوو بۆ ئەمکارە. ئەم نیگەرانیەش بە پشت‌بەستن بە هەندێک زانیاری تازە و هەروەها بە ساختەکارییە گەورە و سەرسوڕهێنەرەکەی ئێران هاتە ئاڕا لە هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزێرانی رابردوو لە ئێران.

لەم پرۆژەیەدا، تاکتیکی ئێران و دەست و پێوەندەکانی ئەوە بوو کە نەیارانی خۆیان بە «ساختەکار» تۆمەتبار بکەن و تەنانەت ئەوانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە ویستوویانە پەیوەندی ساز بکەن لەگەڵ ئێران! لە کاتێًکدا لە کەس شاراوە نیە کە «ساختەکاری» بنەمایەکە لە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانی لە عێراق و تۆمەتبارکردنی لایەنەکانی بەرانبەریان، تەنها بۆ ناوزِراندنیانە و کەمکردنەوەی دەنگدەرانیان. وەک ئەو دزەی خۆی دز بوو، هاواری ئەکرد هەی دز هەی دز!

ئەوەی راستی بێت و لە کەس شاراوە نیە، لاوازبوونی بەرەی رژێمی ئێرانە لە چاو هەڵبژاردنەکانی 4 ساڵ لەمەوبەر. هەربۆیە ساختەکاری، مەترسییەکی زۆر گەورەیە و بە هەر ئاقارێکدا بچێت «کارەسات»ە و مانای زۆر دەبەخشێت. چونکە شتەکە گەورەترە لە عێراق و جل و بەرگێًکی دی بە بەری پێشهاتەکاندا دەکات و دەستپێکی قۆناخێکی زۆر مەترسیدارە بە تایبەتی بۆ نەیارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ساختەکاری هەنگاوێکە بۆ نوێکردنەوەی زاڵبوونی دیکتاتۆرییەت بە مەبەستی پاکتاوکردنی نەیاران.

کەوایە گەلو، دەخیلت بم، نەکەی لەم دیاردەیە غافڵ بیت!

 

 

zanahewrami@gmail.com