په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دۆلارە نەوتییەکانی ئێران بۆ کوێ دەفڕن؟


سالار بابەشێخ  


لە (2)ی جۆزەردانی ساڵی 1376ی هەتاوی (1997ی زایینی)، محەمەد خاتەمی دەوڵەتێکی وەرگرت کە (17.4%) هەڵاوسانی هەبووە، پاش دوو خول لە سەرۆکایەتی ئەو حکومەتە، واتە دوای هەشت ساڵ، ئەو هەڵاوسانە تا ئاستی(10.4%) دادەبەزێنێت. دوای خاتەمی، دەوڵەتی نۆهەم لە ساڵی 2005 دادەمەزرێ و لە سێ ساڵدا ئەحمەدینژاد ئەم هەڵاوسانە بۆ 25.4 بەرزدەکاتەوە!!


ئەگەر بە ناخی هاوکێشەکانی داهاتە نەوتییەکانی ئێراندا خۆمان شۆڕ بکەینەوە، ئەوا بە پێی داتاکانی خۆیان، بەشی داهاتەوە نەوتییەکانی دەوڵەتی هاشمی رەفسەنجانی لە دوای شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1989 کە سەرەتای دەستبەکاربوونی بووە وەک سەرۆک کۆماری ئێران، 27میلیارد $ واتە (22.0%)، ساڵی 1376 (1997ی زایینی)، کە خاتەمی هاتە سەرکار، داهاتی ئێران لە فرۆشی نەوت 172 ملیارد واتە (23.0) بووە، بەڵام ئەحمەدی نەژاد لە یەک خولی سەرۆک کۆماریدا دەوڵەتەکەی (280 میلیارد $ )ی لە فرۆشی نەوتی لە بەردەستدابووە، کە ئەم بڕە پارەیە زیاترە لە ماوەی 16 ساڵی سەرۆک کۆماریی ئێران لە لایەن هەر یەک لە هاشمی و خاتەمی)یەوە.


لە ماوەی 30 ساڵی رابردوو بەرزترین ئاستی داهاتی ساڵانەی ئێران لە فرۆشی نەوت 70 میلیارد$ بووە کە لە بەردەست کابینەکەی (ئەحمەدینژاد)دا بووە. لە حاڵێکدا لە سەردەمی موسەوی 13 و هاشمی 16 و خاتەمی 21 میلیارد دۆلار بووە. بێگومان تەنها رابەری ئایینی کۆماری ئیسلامی و شەخسی ئەحمەدینەژاد دەتوانن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە ئەم پارە خەیاڵییانە چەندی بۆ سارۆخەکانی شەهابی 1و2و3و.... و ناوەندەکانی پیتاندنی ئۆرانیۆم و چەندی بۆ حزبوڵلای لوبنان و فەلەستین و چەندی بۆ سەرکوتی نەیارانیان و چەندی بۆ خزمەتگوارییەکانی گەلانی ئێران دابین کراون؟


گەلانی ئێران بە زۆرینە لە حکومەتی وڵاتەکەیان ناڕازی و بریندارن، جگە لەوەی کە هیچ ئازادییەکی رادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە بوونی نییە، رێژەی ئالوودەبوون بە ماددە سڕکەرەکان لە سنووری 8 ملیۆن کەس تێپەڕیوە و رێژەی لەشفرۆشی و منداڵانی سەرجادە تا ئاستێکی زۆر مەترسیدار بەرزبووەتەوە و هەڕەشە لە تەندروستی کۆمەڵگەی ئێرانی دەکات. لە رووی خوشگوزەرانی خەڵکیشەوە کارێکی وا نەکراوە کە ببێتە بەربەست لە بەردەم هەڵاوسان، بۆیە گرانی تەنگی بە خەڵک چنیوە. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە کاتێک نەوت بە بەرمیلی 8 دۆلار فرۆشراوە تا بەرزبوونەوەی بۆ سنووری 80 دۆلاریش، کاریگەرییەکی لە دابینکردنی بژێوی و ژیانی خەڵکدا نەبووە و توێژی کەمداهاتی ئەم وڵاتە هەتا هاتووە، لە چەرمەسەری زیاتردا ژیاون.

_________________________________
تێبینی: بۆ ئامار و داتاکان سوودم لە ماڵپەڕی بانکی ناوەندی ئێران وەرگرتووە. www.cbi.ir
 

 

8/11/2009